عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: کوردستان، هەرێمێک تێیدابڕیاری حیزب تەقلە بەیاسا لێدەدا!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەپێی ماددەی ( 56)لەیاسای ژمارە ( 1 ) ی ساڵی ( 1992)ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا, بەدەق هاتووە کە: [ پەرلەمان شوێنی یەکلاکردنەوەی پرسەچارەنوس سازەکان دەبێت، و هەرئەویش بڕیار لەسەر ڕێککەوتنەکان دەدات، هەروەها پەرلەمان پەیوەندییە یاسایی و دەستورییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد دیاری دەکات]
کەچی لەکۆبونەوەی ڕۆژی سێ شەممەی ( 5- 2 – 2019)ی نێوان وەفدی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەشاری هەولێر، هەردوو حیزب چەند بڕیارێکیانداوەو لەسەرچەند خاڵێک ڕێککەوتون لەوانە؛
1ــ بڕیاڕیانداوە کە( 18)ی شوباتی( 2019 )پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەهەولێر کۆبونەوە ئەنجامبدەن، و هەردوولاو حکومەتی بەغداش ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کەرکوک. ئەمانەو چەند پرسێکی تر، بەڵام بەلای منەوە ئەوەی کە پێویستە ئاماژەی بۆ بکرێت ئەوەیە کەهێشتا لەهەرێمی کوردستاندا هێندەی بڕیارو ڕاسپاردەکانی حیزب زاڵەو لەسەرزەمینی واقیعدا کاری پێدەکرێت چارەکە هێندەی ئەوە یاساکانی پەرلەمانی کوردستان و یاساکارپێکراوەکان لە هەرێم کاریان پێناکرێت، کە ئەوەش جگە لەبێ ڕێزیکردن بەپەرلەمان، بێ هەیبەتکردنی یاساکانیشە کەلەو پەرلەمانەوە دەرچوێنراون.
هەرچەندە من بەگومانم کەبتوانرێت لەو کاتەی دیاریکراوە چ پەرلەمان و چ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش بتوانن کۆبونەوەکانی کەبڕیاریان لێداوە ئەنجامبدرێن، چونکە ئەزمونمان لەگەڵ ئەو جۆرە بڕیارانەی کەلەکۆبونەوەکانەوە دەدرێن هەیە، بەڵام ئەوەی کەمایەی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەر بۆکردنە ئەوەیە، کە چ خێرەو لەکوێی دونیادا هەبوە لەبارەگاکانی مەکتەبی سیاسی دووحیزبدا بڕیار لەسەر کۆبونەوەکردن و نەکردنی پەرلەمان بدرێت کە بەحساب لەئێستادا گەورەترین دامەزراوەی هەرێم و هەڵبژێردراوی خەڵکی کوردستانە.
بەداخەوە بڕیاردان لەسەر دەسپێکردنەوەی کۆبونەوەی پەرلەمان کارێکی تازەنیەو دوای دوو ساڵ لەپەکخستنی پەرلەمان دواجار لەمانگی ئەیلولی (2017) دا هەر لە کۆبونەوەی نێوان هەردوو حیزب بڕیار لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەماندرا، و لەوەش کارەساتتر ئەوەبوو کەکارنامەی یەکەم دانیشتنیش کە ( 15- 09- 2017 )بوو هەر لە بارەگای حیزبەوە دانران.
لێرەدا چەند پرسیارێک دێتە ئاراوە بۆ هەموو حیزبەکان و پێویستیان بەوەڵام دانەوە هەیەو ناکرێت بێ وەڵام بمێننەوەو هەروابەسادەیی لێیان بڕوانرێت لەوانەش:
ـ2ـ یەکێتی و پارتی کەزۆرباس لەسەروەری یاسا دەکەن و هەرخۆشیان یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992)یان دەرچونداوەو دەنگیشیان بۆداوە،
بۆ پشتگوێی دەخەن و بڕیاری نێو بارەگاکانی خۆیانیان لەیاساکارپێکراوەکانی هەرێم لەلا گرنگترو پیرۆزترە؟
3ـ ئەوحیزبانەی بەگشتی و بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی کە لەدانوستاندان بۆبەشداریکردن و نەکردن لەحکومەتدا، لەدوای ئەوەی یەکێتی و پارتی لەسەر هەموو بابەتەکان ڕێککەوتن و تەنانەت ڕۆژیشیان دیاریکرد بۆ دانیشتنی پەرلەمان، پێمان بڵێن مححەلی ئێوە لەئیعرابدا چیەو لەکوێدایە؟
4ــ بۆهەموو پارتەسیاسیەکانی هەرێم کەخاوەنی کورسی پەرلەمانین لەتاکە کورسیەکەوە بۆ زۆرترین کورسی، ئایا پێتان وانیە کەهەموو دامەزراوەکانی هەرێم و لەنێویشیاندا پەرلەمانی کوردستان کەگەورەترین دامەزراوەی یاسادانانە لەهەرێم بونەتە ئامێرێکی خنجیلانە بەدەست حیزبەوەو کەی ویسترا کاری پێدەکرێت و گەر بەپێویستیش نەزانرا ئەوا کڵۆم لەدەرگاکەی دەدرێت یان ڕاست وچەپێک بەسەریدا دەهێنرێت.
بۆیە ئەو ڕووداوو پێشهاتانەی کەلەم هەرێمەی زیاتر لەچارەکە سەدەیەکە کورد خۆی تێیدا حوکمڕانی دەکات، و بەرپرسەکانیشی زوو زوو دەم وەردەدەن لەسەروەری یاساو حوکمڕانی ڕەشید جگەلە گەوجاندنی ڕایگشتی، گەڕانەوەشە بۆدواوە بەهەزاران میل.
وەیەکێک لەسەیرو سەمەرەکانی تری دەسەڵاتدارانی مەملەکەت ئەوەیە کەلێرە بڕیاری حیزب زۆر بەئاسانی بۆڕ بەیاسا لێدەدات، و زۆرجاریش بڕیاری تاکەکەسیش بوڕ بە بڕیاری حیزب و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم لێدەدات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت