دڵشاد مەجید: دادگاکانی ھەولێر و سلێمانی لەبەرژەوەندی گەورە بەرپرسێکی داواکراوی (کوردێکی بەعسی!) بڕیار دەدەن. کەیسی دووەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شێخ جەعفەری کۆنە پارێزگاری سلێمانی و 4 براکەی ، لەڕێگای دادگای ھەولێر نزیکەی 1900 دۆنم زەوی لەسلێمانی وەردەگرنەوە.!
شێخ جەعفەر عبدالکریم بەرزنجی کۆنە پارێزگای سەردەمی بەعس. کاتێ لە ساڵی 1988 لەئەنجامی پرۆسەی ئەنفالەکان. ناوچەی قادر کەرەم کراوە بەناوچەیەکی ( محەرەمە)، زەوی و زارەکانی ئەو بنەماڵەیە دەبێتە ( محەرەمە). حکومەتی بەعسیش بۆ تەعویزکردنی ئەو ئەرزانەی قادر کەرەم، ئەرزی پێنج گوندی نزیک سلێمانی ھەر لە گوندی کەنەکەوە تا شەقامی تاسلوجە. بەبڕیاری ( ھیئة تمیز اصلاح الزراعی ) ساڵی 1990 لەسەر خۆی و ھەر چوار براکەی تاپۆ دەکا. گوندەکان ئەمانەن (تەپەڕەش، کانی چنەی سەرو ، خوارو، کەنەکەوە و ئیسکانە)

بڕی زەویەکانیش بەم شێوەیە لەنێوان خۆی و براکانی دابەش دەکەن.
1- وەھاب سعید عبداکریم 500 دۆنم زەوی..
2- شیخ جەعفەر 500 دۆنم زەوی
3- صلاح الدین سعید 300 دۆنم
4- موعتەسم 300 دۆنم
5- رەئوف 300 دۆنم .
کۆی ڕووبەری زەویەکان نزیکەی 1900دۆنم زەوی دەبێت.

شێخ جەعفەر بەرزنجی تا ڕووخانی ڕژێم لەڕۆژی 9- 4- 2003 لەبەغدا نیشتەجێ دەبێ. ھەردوای ڕووخانی ڕژێم بەکەمتر لە مانگێک لە 30- 4- 2003 ئیدارەی سلێمانی، فەرمانی دەستگیرکردن بەتاوانی کوشتن بە مادەی 406 بۆ شێخ جەعفەر بەرزنجی دەردەکات. لەترسی ئەو فەرمانەش شێخ جەعفەر عیراق جێ دەھێڵی خۆی لەووڵاتی ئوردن داڵدەدا.
بەبڕیاری ئەوکاتەی ئیدارەی سلێمانی بەفەرمانی تاڵەبانی، کەسەرۆکی ھەرێمی ئیدارەی سلێمانی بوو. ئەو زەویانە دەگەڕێنرێتەوە سەر موڵکی گشتی. دائیرەی کشتوکاڵی سلێمانیش زەویەکان بەشێوەی گرێبەست بەسەر نزیکەی 200جوتیار دابەش دەکات. ( دەقی بڕیارەکەی تاڵەبانی بۆ زەویەکانی شێخ جەعفەر بەدەست نەکەوت)
بۆ ئەو مەبەستەش کەسوکارو بنەماڵەی شێخ جەعفەر لە 9- 12- 2015 لەدادگای ھەولێر (داوای گەڕاندنەوەی زەویەکانیان دەکەنەوە). ئەوەبوو دادگاکە زەویەکانی بۆ بنەماڵەی شێخ جەعفەر ی کۆنە پارێزگاری سەردەمی بەعس دەگەڕێنێتەوە. دواتر دوای تانەلێدان لەو بڕیارەی داگای ھەولێر، (دادگای تەمیزی ھەولێر) دووبارە لە 8- 11- 2016 بڕیاری کۆتایی لەبەرژەوەندی بنەماڵەی شێخ جەعفەر دەسەلمێنێتەوە.
بەڵام لە 28- 8- 2017 حکومەتی ھەرێم ( ئیعتراز- تانە) لەدژی بنەماڵەی شێخ جەعفەر تۆمار دەکا، کە ئەو زەویانەیان بەنایاسایی وەرگرتۆتەوە، بەڵام دادگای بەرایی چواری سلێمانی، ئەو ( ئیعترازە- تانەیە) قبوڵ ناکات، دیسانەوە خاوەنداریەتی زەویەکان بۆ بنەماڵەی شێخ جەعفەر دەسەلمێنێتەوە.
ئێنستا بنەماڵەی شێخ جەعفەرو براکانی لەڕێگای ھەندێک ئەندازیار و پارێزەر لەھەوڵی کڕینەوەی زەویەکانن لەجوتیاران لەبەرامبەر بڕێ پارە ( پێیان دەڵێن ئێمە بڕیاری دادگامان پێیە، ھەر وەریدەگرینەوە، باشتر وایە ئەو بڕە پارەیە وەرگرن، لەوەی بەدەست بەتاڵی لێی بێنە دەر).

شایانی باسە
ئەم کەیسەش لەلایەن دادوەری دادگای بەرایی 4 سلێمانی (دادوەر سۆران ئیبراھیم عارف) بەڕێوە دەچێ.
پرسیار/ ئەوەیە. بۆچی دادگاکانی کوردستان دەتوانن بڕیارو یاسایەکی تاڵەبانی ھەڵبوەشێننەوە، بەڵام ناتوانن بڕیاری ڕژێمی پێشووتری بەعس ھەڵبەوشێننەوە؟
دووەم پرسیار/ ئێستا ئەو زەویانەی ناوچەی قادر کەرەم کە ھی بنەماڵەی شێخ جەعفەر بوون، ئێستا بۆتە موڵکی گشتی؟ ئایا ناکرێ ئەو زەویانەی خۆیان پێ بدرێتەوە لەناوچەی قەرەداغ، ئەم زەویانەی سلێمانیش ھەر بە موڵکی گشتی بمنێتەوە؟ یان بنەماڵەی شێخ جەعفەر دەیانەوێ ھەردوو زەویەکە دەست بەسەردابگرن؟
دوا پرسیار/ ئەوەیە بۆ کۆنە بەعسیەکان دەتوانن یاسا لەبەرژەوەندی خۆیان بەکار بھێن و پشتگرییان لێ دەکرێ؟
کەچی خەڵکی زوڵملێکراوی ئەنفال لێکراو ناتوانن بەیاسا تاوانبارانی ئەنفال بەسزا بگەیەنن.؟

بەڵگەنامەکان.
1- نموونەی بڕیاریکی تاڵەبانی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو زەویانە بۆ سەر موڵکی گشتی.
2- فەرمانی دەستگیرکردنی شێخ جەعفەر بەتاوانی کوشتن.
3- دەقی بڕیاری رەتکردنەوەی تانەکەی حکومەت لەلایەن دادگای بەرایی 4 ی سلێمانی لە 28- 8- 2017. کە دوو لاپەڕەیە.

بۆخوێندنەوەی کەیسی یەکەم کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت