ڕێبوار ‌حەمە: دوو حکومەتەکە چی ئەکەن.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوای رووخانی ڕژێمی بەعس لەساڵی 2003 ودەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی حکومڕانی و بەشداریکردنی کورد لە پرۆسەی دووبارە بونیادنانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و نوسینەوەی دەستوری هەمیشەیی وچەسپاندنی سیستمی فیدراڵی، هەر ئەوکات لەسەر چەندین پرس و بابەتی دەستوری و سیاسی جیاوازی تێڕوانین لەنێوان هەرسێ پێکهاتەی کورد و شیعەو سونە سەریانهەڵدا، بەتایبەت لەسەر خاک ودابەشکردنی سامان و دەسەڵات، کەدواتر بونە سەرەتای ناکۆکی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بەدرێژایی کابینە یەک لەدوایەکەکانی عێراق و گۆڕانی دەموچاوە سیاسییەکان کێرڤی ناکۆکییەکان بەرزو نزمی کردووە، بەڵام نەگەیشتۆتە چارەسەری یەکجارەکی.
لەگەڵ هاتنە سەرکاری هەر حکومەتێک لەبەغداد، ڕەوتی گفتوگۆو دانوستانەکانی هەرێم و بەغداد گەڕاونەتەوە چوارگۆشەی یەکەم و سەرلەنوێ دانوستانەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەهەڵپەسێردراوەکان دەستیان پێکردۆتەوە، بەڵام تائێستا سەرباری گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و نێوەندگیری زلهێزەکانی جیهان نەیانتوانیوە بگەنە چارەسەرێکی مامناوەند.
لەساڵی 2014 شدا ناکۆکییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغداد گەیشتنە ترۆپک ودۆستەکان بونە نەیاری سەرسەخت و نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی حکومەتی عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و هەرێمی کوردستانی دووچاری قەیرانێکی قوڵی دارایی کرد.
لەسەردەمی کابینەکەی حەیدەر عەبادیش لەدەرئەنجامی ڕیفراندۆم سوپا بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان بەکارهێنراو تەواوی ناوچە جێناکۆکەکان کەلەجەنگی داعشدا لەلایەن پێشمەرگەوە پارێزگاریان لێدەکرا، پەلاماردران و کەوتنە دەست هێزەکانی عێراق.
لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هاتنەسەرکاری دوو حکومەتی نوێ هەردوولا هەوڵ دەدەن لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەدیاریکراوی لەسەر پرسی بودجەو نەوت و پێشمەرگەو ڕەوشی ناوچە جێناکۆکەکان بگەنە ڕێککەوتن و بناغەیەک دابنێن بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان و هەمان ئەزمونی حکومەتەکانی دوای خۆیان دووبارە نەکەنەوە. بەڵام عادل عەبدولمەهدی لەلایەن هێزو لایەنەکانی شیعە لەسەر پرسی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری گوشاری زۆری خراوەتە سەرو ئەگەر فراکسیۆنە گەورەکان پشتیوانی نەکەن ئەستەمە بتوانێت بەردەوام بێت.
سیاسەتی نەرمی عادل عبدولمەهدی بەرامبەر بەکورد دەرفەتێکە لەڕابردوودا نەبووەو دووبارەبوونەوەشی لەداهاتوودا ڕەنگە زەحمەت بێت، بۆیە کورد دەبێت هەوڵی جدی بدات بۆ بەردەوامی ئەم کابینەیەو چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵی، بەپێجەوانەوە ئەگەر نەیارەکانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی بتوانن ئەجێندا سیاسی و حزبییەکانیان بسەپێنن، زەرمەندی گەورە کورد دەبێت، بەدیوێکی دیکەدا ئەگەر عادل عەبدولمەهدی بەدەم داخوازییەکانی کوردەوە نەیەت پشتیوانێکی گەورە لەدەست دەدات و ئایندەی خۆی دەخاتە مەترسییەوە.
کەواتە کوردو عادل عەبدولمەهدی بۆ یەکتر پێویستن و پێکەوەبونیان بۆ هەردوولا بەسودە، بەپێچەوانەشەوە هەردوولا زەرەر دەکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت