کامەران چروستانی: وانەیەک لە ڕەوشت بۆ مامۆستا هەڵۆ.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سوقرات دەفەرموێت: قسە بکە بۆ ئەوەی بتبینم.
لە وتەی ئەم دانایەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە مرۆڤ لە ڕێگای گفتوگۆ، چۆنێتی دەربڕینی بیرۆکەکانی و شێوازی گەیاندنی ئەو بیرۆکانە وێنەیەک لە کەسایەتیی خۆی نمایش دەکات سەبارەت بەوەی لە چ ئاستێکی ڕۆشنبیری، زانستی، ڕەوشتی و پەروەردەییدایە. لە هەمان سۆنگەوە ناوزەندکردنی بەشێک لە پیاوان و کوڕانی کۆمەڵگای ئیسلامی لەلایەن بەڕێزتانەوە بە (گەواد) تابلۆیەکی قێزەون لە ڕەوشت، هزر، بۆچوون، ڕێزگرتن و ئاکاری بەڕێزت دەردەخات چونکە بەلایەنی کەمەوە ئەگەر ڕێزی ئەو کەسانەش نەگریت کە لە دەرەوەی مزگەوتەکانن، ئەوا پێویست وا بوو کە بە شێوەیەک ڕێز لە کۆمەڵێک لەو پیاوانە بگریت کە لە پشت بەڕێزتەوە نوێژ دەکەن و کە خوشک و کچ و هاوسەرەکانیان بە بێ حیجاب دەچنە دەرەوە!
بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی ئەو کفرە کۆمەڵایەتییەی بەڕێزت ئەنجامت داوە و هەروەها هاریکاریکردنی لە پەیبردن بە هەندێک لەو لایەنانەی، کە لێدوانەکەت لە خۆی دەگرێت، خوازیارم لێرەدا بە کورتی و بە کوردی سەرنجت بۆ هەندێک خاڵ ڕابکێشم:
1- مرۆڤ خاوەنی هەر پلە و پۆستێک بێت، خاوەنی هەر پاشخانێکی زانستی بێت، ئەوا لە ڕێگای گفتوگۆ و قسەکردنییەوە پێشانی دەدات خاوەنی چ ڕەوشت و پەروەردە و ڕێزێکە: دوو لایەن هەن لە ژیانی مرۆڤدا کە مەرج نییە هەردووکیان بە یەک ئاست گەشە بسەنن: گەشەی زانستی و گەشەی کۆمەڵایەتی. ئەوەی لە ژێرخانە زانستییەکەدا کۆدەبێتەوە، مەرج نییە لە بوارە کۆمەڵایەتییەکەدا ڕەنگ بداتەوە و شێوازێکی دروستی گفتوگۆ، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، ڕێز و ئاکاری مرۆڤ بنیات بنێت. هەر بۆیە لەو گۆشەنیگایەوە و لە بوارەدا وەک تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە تێگەیشتنم بۆ بەڕێزیشت هەیە.
2- مزگەوت و ئەوانەی مزگەوت بەڕێوە دەبەن دەتوانن هەمیشە ببن بە قوتابخانەیەک بۆ ڕێزگرتن، ڕەوشت و ئاکاری جوان لە مرۆڤدا، دەشتوانرێت ببێت بە بنکەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ یەکترقبوڵکردن بە شێوەیەک ببێت بەو ڕەشماڵەی، کە هەموو چین، توێژ، ئاراستە و باوەڕەکانی کۆمەڵگا لە خۆ بگرێت. وەلێ ئەوەی بەڕێزت دەرتبڕیوە سنوورە سوورەکانی ڕەوشت و ڕێزی بەزاندووە. من وەک هاووڵاتییەکی کۆمەڵگا هەرگیزا و هەرگیز نامەوێت نە کەسێکی وەک تۆ بەم ئاکارەوە ببیت بە نموونەیەکی بەرزم نە ئەو شێوازەی دەربڕین و ڕەوشتەت ببن بەو ڕێگایەی، کە لە ژیانمدا بیگرمە بەر چونکە لەم وتانەی بەڕێزتەوە، جگە لە بێڕەوشتی و ڕێزنەگرتن من هیچ شتێکی دیکەی تێدا بەدی ناکەم.
3- کەمێک بوار بە خۆت ببەخشە و ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەرەوە، گوێ لە وتە و وتاری مەلاکانی هەفتا و شەست و پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو بگرە، گوێبسیتی قسەکانیان بە و بزانە باسیان لە چی کردووە و پەیامەکانیان چۆن گەیاندووە: بەر لە هەموو شتێک ئەوان خاوەنی ڕەوشتێکی بەرز بوون، ڕێزی هەموو جۆرە بیروباوەڕێکیان گرتووە. خۆ ئەگەر دژ بە دیاردەیەک یان بابەتێکی ناو کۆمەڵگاش بوو بن، ئەوا بە لایەنی کەمەوە بەوپەڕی ڕێزەوە پەیام و دیدی خۆیان گەیاندووە. ئاستەمە لە هەموو ئەو نەوە کۆنەی مامۆستایانی ئیسلام لە مینبەری یەکێکیانەوە گوێت لە وشەیەکی (گەواد) ببوایە! بێگومان ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕەوشت و ڕێزی ئەو کەسانەیە! هیوادارم وانەیەک لەو مامۆستایانە وەربگریت و ببیت بە نموونەی ڕەوشتی بەرزی کۆمەڵگا.
4- بێگومان هەموو تاکێک لەم کۆمەڵگایەدا پێگەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە و پانتاییەک لە ئەرک و بەرپرسیارێتی لەسەر شانە. لە هەمان سۆنگەوە پانتاییەکی هەیە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکان. بێگومان بەڕێزیشتان پێگەیەکی خۆتان هەن لە بواری ئاینیدا و کەسانێکی زۆریش هەن کە وابەستەی وتار و ئاخاوتنەکانتانن. هەر بۆیە وا پێویست دەکات ئاوڕێکی زیاتر و وردتر لەوە بدەیتەوە، کە دەیڵێیت و دەری دەبڕیت، ببیت بە وێنەیەکی بەرز بۆیان، بنیاتنەری ڕەوشت و ڕێزگرتن. بە واتایەکی دیکە درک بەو پانتاییە بکەیت کە لەناو کۆمەڵگادا بەدەستت هێناوە. هاوکات بوونت وەک کەسایەتییەکی ئاینی دیار لەناو کۆمەڵگادا مانای ئەوە نییە، کە مافی ئەوەت هەبێت بە ڕاست و چەپ و بەبێ هیچ سنووردانانێک قسە بکەیت، بەڵکوو بەلایەنی کەمەوە پێویستە لەناو سنووری دابونەریت و ئاکارە کۆمەڵایەتییەکان دەرنەچیت.
وەک تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە ڕێزم بۆ هەڵگری هەموو بیرباوەڕ و بۆچوون و ئاینێک هەیە: لەوپەڕی ڕاستەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ، لە باوەڕدارێکەوە هەتا کەسێکی ئاتێیستە. بە مافی مرۆڤی دەبینم مرۆڤ خۆی ڕێگای باوەڕی ژیانی خۆی دەستنیشان بکات و هەڵبژێرێت. خۆ ئەگەر کەسێکیش هەبێت کە ئەو ئازادییەش بە مافی مرۆڤی نەزانێت، ئەوا هیچ شتێک لە ڕاستی و واقیعی ژیان ناگۆڕێت، کە لە کۆتاییدا مرۆڤ بە ئازادی لەدایک بووە و بەلایەنی کەمەوە لە ناخیدا هەر ئازادە و هەموو ئامانجێک بە زەبری شمشێر نایەتە دی.
بۆ تۆیش: بەڕێزت قسەی خۆت کرد و سوقرات وتەنی خۆت پێشان دا، ئێستاش بە هیوای خوێندنەوەی نێوان دێڕەکانی ئەم نامەیە و پێشاندانی وێنەیەکی بەرز لە ڕێزگرتن و ئاکاری کۆمەڵایەتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت