لوقمان مصطفی صالح: دیاردەی تاوانی دەست درێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تاوانی قێزەونی دەستدرێژی کردنە سەر کچێکی تەمەن( 7 )ساڵان لە هەولێری پایتەخت، وویژدانی هەموومانی بریندارکرد. سەبارەت بەو کەیسەی لە هەولێر روویداوە، کە چەند تۆمەتبارێک( اغتصابی) كیژۆڵەیەکی تەمەن( 7 )ساڵانیان کردوە و، پاشانیش تۆمەتبارەکان بە کەفالەت ئازاد کراون. وەک باوکی دەڵێت: بەهۆی ئەوەی حیزبێکی دەسەڵاتدار لەپشتیەتی، لە ئێستادا هەرەشەی کوشتن لەسەرخۆم و ئەندامانی خێزانەکەشم هەیە.
ئەگەر لە رووی یاساییەوە لەم کەیسە بڕوانیین ڕاستە خودی مادەی( 393 ) کفالەی تێدایە. بەڵام لەبەر ئەوەی لەم کەیسەدا سێ خاڵی سەرەکی تێدایە، کە دەبێتە هۆی زیادکردنی سزاکەی بە پێی فقرەی 2 بڕگەی ( أ و ج ) تۆمەتباران باری سزایی قورسیان بەسەردا دەسەپێندرێت و، بەڵکو زۆر جار سەردەکێشێت بۆ اعدامیش ( وەک دەزانرێت سزای تاوانێکیش اعدام بێ کفالەی تێدا نیە ) ئەویش هەرسێ خاڵی وەک:
1- تاوان لەسەر کراو اغتصاب کراوە، تەمەنی تاوان لە سەرکراویش لە خوار 18 ساڵەوەیە.
2- رفاندوویانە واتە(خطف) ماددە (421) لەیاسای سزادانی عێراقی( ئەگەر مەبەست لە كردەوەکە بە دەستهێنان يان دەست درێژى كردنەسەر ناموسى تاوانلێكراو يان تولە سەندنەوە لێی يان لە كەسێكى تربو بێت.
3-وە زیاد لە یەک کەسیش تاوانەکەیان ئەنجامداوە، بۆیە (تشدید)ی (عقوبە)یان بۆ دەکرێ و بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێ بە (کفالە)ت ئازادبکرێ، بەڵکو دەبێ تۆمەتبار لە( توقیف )دا بمێنێتەوە تا رۆژی دادگایکردن و دەرچونی حوکم.
یاسای سزادانی عێراقی سزای یاسای دەستدرێژی سێکسی لەگەڵ هەر کەسێک کە تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر بێت جا دەستدرێژی بێت یان بە خواستی خۆی بێت بە تاوان دادەنریت، ئەگەر بە دەستدرێژی بێت بە پێ مادەی 393 لە یاسای سزا دانی عێراقی بەپێی ئاستی دەست درێژیەکە سزاکەی دیاری دەکرێت لە سالێک تا 15 ساڵ و هەتا زیندانی هەتا هەتای و وە لەسێدارەدانیش دەگەرێتەوە، ئەگەر دەستدرێژی کوشتنی لێبکەوێتەوە”. وەسزای رفاندنیش واتە (خطف) ماددە (421) لەیاسای سزادانی عێراقی سزاكەى بريتيە لە بەند كردن، كە لە ماوەى پانزدە سال زياتر نەبێت. ( ئەگەر مەبەست لە كردەوەکە بە دەستهێنان يان دەست درێژى كردنەسەر ناموسى تاوانلێكراو يان تولە سەندنەوە لێی يان لە كەسێكى تربو بێت.
ڕۆڵی یاسا لە تاوانی دەستدرێژی سێکسیدا، ئەگەر تاوانەکە دوای ئەنجام دانی ببێتە کەیسێکی یاسایی، ئەوا یاسا زور بە وردی کاری لەسەر دەکات. ئەوانەی لەو تۆمەتە تۆمەتباردەبن بە کەفالەت ئازاد کردن نایانگرێتەوە، دادگاکان و رێکارە یاساییەکان لە دژیان دەبێت، وە سزای قورسە وردبینیشی تێدا قورسە. زۆرجار ئەو تاوانانە نابیتە ئامار کاری لەسەر بکرێت. بەڵام بەڕێژەیەکی زور لە هەلکشان دایە. زور جار ئەو منداڵانەی ڕوبەڕوی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە لە لایەن خانەوانەدەیان کارەکە پەردە پوش دەبێت لەبەر زاڵ بونی دابو نەریت وە زور جاریش، کە دەبێتە کەیسی یاسایی سوڵحی عەشایەری دەکرێت تەنازول لە مافی تاوان لێکراو دەکریت. بەڵام گرنگی ئەوەیە، کە دەبێتە کەیسی یاسایی و تەنازول بکرێت و نەکرێت تاوانبار هەر سزا دەدریت لە بەر ئەوەی مافی گشتی تیدایە. بۆیە دەبێت لەم کەیسەدا داواکاری گشتی بەڕۆڵی خۆی هەستێ و، هەم ببێتە سکاڵاکار لەلایەک و هەم چاودێر لەسەر بەڕێوەچوونی دادبینیەکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت