زەبەنگ بەهادین: کەشتیەکەی دەسەڵات پۆڵایە و ئەوەی ئێمەش پووش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دۆخێکی ئاڵۆز، لەگەڵ ئەوەشدا بەرێوەبردنێکی هەرزەی بەرۆکی کوردوستانی گرتوە، پەرتەوازەبوونی هێزە سیاسیەکان هەمیشە بە زەرەری کۆمەڵگا کۆتایی پێدێت رێککەوتنیشیان لەسەر بەرژەوەندی تایبەتی هەمان ئەنجامی خراپی هەیە، ئەو هێزانەی ئێستا لە دەسەڵاتدان پارتی دیموکرات و بزوتنەوەی گۆران و یەکێتی نیشتیمانی، سێ هێز ئامانجی سەرەکییان مانەوەی خۆیان و بەهێز کردنی ئابورییانە، بەڵام بەهێزکردنێک لەسەر داهات و قوتی خەڵکی نەک بە ماندوبوون هۆشمەندییان، ئەو بەرەیەش کە خۆی بە ئۆپۆزسێۆن دادەنێت لە یەککگرتو و کۆمەڵ بەهۆی هەڵوێستە پێشینەکانیانەوە هیچ جێگای متمانەی خەڵک نین و ئومێدی باشتریان لێنابینرێت، هەرچی نەوەی نوێیە لە دەرەوەی هیواو ئاواتەکانی خەڵکە وەک هێزێکی بازرگان سەیر دەکرێت کە چاوەرێی پارویەکی گەورەیە تا پەلاماری بدات، هاونیشتیمانیان بێباوەر بوون بەرامبەر هەموو هێزەکان، جۆرێک لە نائومێدی روی کردۆتە خەڵک لە ئێستادا هیچ ئاسۆیەک گەش نابینیت تا هیچ نەبێت وەک چڵە دارێک دەستی پێوە بگرێت.
ئەنجامی حوکمرانی هەڵەی پێشو بەرژەوەنخوازی حوکمرانی ئێستا دۆخەکەی خستۆتە چەقبەستنەوە، وەستانی بەرژەوەندی و خزمەتگوزاری خەڵک لە پاڵ تەریبی بەردەوامبونی زیاتر دەوڵەمەندبوونی حیزبەکان، ئێستا لە جاران زیاتر نەوت دەفرۆشرێت داهاتی خاڵە گومرگیەکان بەردەوامە لە پاڵ داهاتی ناوخۆ، بەڵام گوزەران رۆژ لە دوای رۆژ پاشەکشە دەکات.
ئەرکی حکومەتە مووچە دابین بکات کەرتی تەندروستی گەشە پێبدات و پێداویستیەکانیان فەراهەم بکات نەک بە دابینکردنی ملێۆنێک دۆلار بۆ کەرتی تەندروستی پارێزگایەک بکرێتە مژدانەو هەواڵی دڵخۆشکەر، ئێمە لە سۆماڵ ناژین تا خەڵکەکەی لە بەر نەبوین بناڵێنێت، ژێر خاکی کورودستان هەموی نەوتە ئەمە جگە لە کشتوکاڵ و هەزارەها سەرچاوەی دارایی دی.
کەواتە ئەوەی ئەم حیزبانە دەیکەن گەمەیەکی مەترسیدارە هەڵبەت لە راستیدا بۆ خۆیان نا، چونکە مانەوەی خۆیان پەیوەستە بەو دەوڵەتە زلهێزانەی لە ناوچەکە پشتیان دەگرن، بەڵام بۆ خەڵک مەترسیدارە، خوێندن بەرەو ئیفلیجبون دەچێت کە ئەمە ئەرکی حکومەتە بودجە دابین بکات و کەرتی پەروەردە هەستێنێتەوە، ناکرێت حکومەت بۆ ئاوی دەستنوێژیش داواو لە بەغداد بکات، هەرچی کەرامەتی کوردایەتی بوو دایاننا لە پێناو پارە داواکردن لەبەغداد، لە چ مێژویەکدا کورد شانازی بە عێراقبونەوە کردوە تا ئێستا سەرۆکەکەی بڵێت شانازی بە عێراقبونەوە دەکەین، هەموو ئەم گەمە دۆراوە و مەترسیدارە تەنها بۆ پارە و دەسەڵات هەرچی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتییە لە ناو ئەم سیاسیانە نەماوە، هەرکەسیان لە هەوڵی گیرفانی خۆێدایە، جاران دەیانوت هەموومان لە یەک کەشتیداین بەڵام ئێستا تەواو رونبویەوە کە ئەوان لە کەشتیەکی پۆڵاین و ئێمەش لە کەشتی پوشداین بۆیە ئەم گەمە ترسناکەی ئەوان دەیکەن وە ئەو بێدەنگیەی ئێمەش ئەوا ئەوان نوقم ناکات بەڵکو ئێمە دەخنکێنێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت