بورهان شێخ ڕەئوف: وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوین گەورەترین کڕیارى چەکن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر چاوێکى خێرا بە لیستى کڕیارانى چەکدا بگێڕین لە سەرئاستى جیهان لە دەیەى ڕابردوودا، ئەوا وڵاتانى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین خاوەنى قەبەترین و زەبەلاحترین بوودجەى تەرخانکراون بۆ کڕینى چەک و تەقەمەنى وکەرەسەى جەنگى بە بەراورد لە گەڵ هەموو شوێنێکى ترى ئەم جیهانە پان وبەرینە.
وردتر ڕوونتر وڵاتانى ئەم ناوچە قەیراناویە، ڕۆژهەڵاتى ناوین زیاتر لە 289 ملیار دۆلاریان تەرخانکردووە بۆ پێویستیەکانى بەرگرى بە گوێرە خواستەکانى کڕین و ئەو بۆندانەى ئیمزایان کردووە لە نێوان ساڵەکانى 2010 تاوەکو 2019، تەنانەت بایى 66 ملیار دۆلارى تەنها لە بەریتانیا کڕراوە.
پلەى دووەمیش دواى ڕۆژهەڵاتى ناوین وڵاتانى ئاسیا و ئۆقیانووسى ئارامە، ئەوانیش تێکڕا بایى 208 ملیار دۆلاریان چەک و پێداویستى بەرگرى کڕیووە.
پلەى سێیەمیش وڵاتانى ئەوروپایە ئەوانیش 111 ملیار دۆلار یان تەرخانکردووە بۆ بەرگرى.
لە هەمان کات و لە بەرامبەریشدا وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاو بەریتانیا لە لیستى یەکەمى وڵاتانى فرۆشیارى چەک و کەرەسەى بەرگرین.
با بێینەوە سەر ئەسڵى مەبەست ناوچە وێرانەکەى ڕۆژهەڵاتى ناوینى چەقى ململانێ و ناکۆکیەکان لە دێر زەمانەوە تا بە ئێستا، لە م ناوچەیشدابە دیارى کراوى وڵاتانى عەرەبى لە پێشەوەى لیستى کڕیارانى چەکن نەک لە ناوچەکە بگرە لە سەر ئاستى جیهانیش.
لە نێو وڵاتانى عەرەبى و بگرە جیهانیشدا عەرەبستانى سعوودیە لە پلەى یەکەمدا دێت بۆ تەرخانکردنى بوودجە بۆ کڕینى چەک و کەرەسەى جەنگى و بەرگرى کە بڕى 116 ملیار دۆلارى خەرجکردووەبە گوێرەى پێگەى Middle East Eye بەریتانى ،لە کاتێکدا لە ساڵى ڕابردوودا نەیانتوانى بەر بە هێرشى میلیشیا حووسیەکانى یەمەن بگرن کە پەلامارى ریاز و زۆرێک لە شارەکەنانى وڵاتەکەو کۆمپانیاى زەبەلاحى ئارامکۆیان دا کە بۆ چەند ڕۆژێک پرۆسەى نەوت فرۆشتنیان وەستاند.
وڵاتى هندستانیش بە پلەى دووەم دێت دواى عەرەبستانى سعودیە کە بڕى 60 ملیار دۆلارى خەرجکردووە.
دەوڵەتى قەتەریش کە وڵاتێکى بچکۆلەى کەنداوى عەرەبیە و ڕکابەرى عەرەبستانى سعوودیە دەکات، لە ساڵانى ڕابردوودا ڕۆڵێکى خراپى گێڕا لە ڕوداوەکانى بەهارى عەرەبی، ئەویش بە پلەى سێیەم دێت کە 57 ملیار دۆلارى تەرخانکردووە لە دە ساڵى ڕابردوودا.
بۆیە دەبێژین رۆژهەڵاتى ناوین گەورەترین کڕیارى چەک لە جیهاندا چونکە پێنج وڵاتى ئەم ناوچە لە لیستى دەهەمینى وڵاتانى جیهاندان بۆ کڕین و تەرخانکردنى بوودجە بۆ بەرگرى و چەک و چۆڵ، ئەوانیش ئیماراتى عەرەبى یەکگرتوو میسرو کوەیت چوونەتە پاڵ سعودیە و قەتەر بۆ چەک کڕین، بە جۆرێک ئەبوزەبى 24 ملیاردۆلار و قاهیرە 22 ملیاردۆلارو کوەیت 18 ملیار دۆلار یان تەرخانکردووە لە دەیەى ڕابردوودا.

ئیسرائیلیش لە لیستى دە گەورەترین بازرگانانى چەکە
لە کاتێکدا وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوین لە لیستى یەکەمەکانى کڕین و هاوردەکردنى چەکدان، دەوڵەتى ئیسرائلیش لە لیستى دە گەورەترینى وڵاتانى بازرگانیە بۆ فرۆشتنى و هەناردەکردنى چەک لە ساڵى ڕابردوودا، ئەگەر ئەمریکا لە سەرعەرەشى یەکەم بێت لە سەرئاستى جیهان بۆ فرۆشتنى چەک کە بایى 341 ملیار دۆلار ە و بەریتانیاى مەزن بە پلەى دووەم بێت بایى 125 ملیار دۆلار و دواى ئەویش روسیاى فیدراڵ بایى 98 ملیاردۆلار ى فرۆشتبێت، ئەوا ئیسرائیلیش پلەى حەوتەم داگیردەکات کە بایی 16 ملیاردۆلار ى فرۆشتووە.
لە کۆتاییدا دەکرێت بپرسین کڕین و مۆڵدانى ئەم هەموو چەکە لەم ناوچەدا کە هیچ شەڕێکى وا لە ئاردا نیە و بە تایبەتى عەرەب و ئیسرائیل لە هەموو کات ئێستا زیاتر لە یەک نزیک بوونەتەوە و پەیوەندییەکانیان ئاسایى دەکەنەوە بۆ چییە؟، مەترسى ئێرانیش بە هێزو پێگەى ئەمریکا دەڕەوێتەوە، پێدەچێت ئەم هەموو چەک و تفاقە جەنگیە هەر بۆ پاراستنى کورسیەکانى دەستەڵاتداران بێت و سەرکوتکردنى هەر دەنگێکى ناڕازى!!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت