لوقمان مصطفی صالح: پرسی گێچەڵی سێکسی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە بەر ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە بە قۆناغە ئاساییەکانی گەشەکردنی خۆی تێپەڕ نەبووە و بە شێوەی سستەماتیک نەیبڕیوە، ھەر ئەمەشە وایکردووە تا رادەیەکی زۆر کۆمەڵگەی پیاوسالاری تێدا باڵا دەستبێت، لە کۆمەڵگا بە گشتی و لە بازاڕی کاردا بە تایبەتی ئاستەنگ بۆ کچان و ژنان دروست بکات، پیاوان ھەمیشە وەک بوکەڵە لە رەگەزی بەرامبەری ڕوانیوە، بە جووڵەی دەست و فڕێدانی ووشەی نەشیاو و ھەندێ ئاماژەی چاو و… ھتد. بێ ئەوەی ڕێز بۆ
ھەستی بەرامبەرەکەی دابنێ وەڕستیان دەکەن، ھەوڵ دەدەن لەم رێگە ناتەندروستەوە غەریزە سێکسیە چەپێنراوەکانی خۆیان خاڵیبکەنەوە، بۆیە نابێت ژنان و کچان دەستەوسان دانیشن و بێدەنگی ھەڵبژێرن و خۆیان بە پلە دوو ئاژماربکەن، نابێ پاشەکشێ لە بەدەستهێنانی مافی ئابوری خۆیان بکەن و دەبێ پێداگربن لەسەر مافەکانیان تادەیانگەیەنێتە ئامانجەکانیان، بۆ ئەوەی لەناو کۆمەڵگە و بە تایبەت لە بازاڕی کاردا، پێگەو شوێنی شایستەی خۆیان هەبێت و ئاستەنگەکان تێپەڕێنن دەبێت بە ردەوام بێت لە ھەوڵ و تێکۆشان، بۆ بەرگریکردن لە خۆیان دەتوانن پەنا بۆ یاسا ببەن. هەرچەندە گێچەڵپێکردن له‌ دەزگا تایبەتمەندەکانی هه‌رێمی كوردستاندا لای ھەندێ لە ژنان و کچان بە یەکێک لە جۆرەکانی توندوتیژیی هەژماری دەکەن،گوایەکەمترین کات باس ده‌كرێت و ده‌بیندرێت. له‌به‌ر هۆکاری شه‌رم و ترس لە کۆمەڵگا و کەسوکار، بەشێکی کەمیان ئامادەن لەوبارەیەوە سکاڵا تۆمار بکەن، زۆرجاریش كه‌ سکاڵا تۆمار دەکەن، دەڵێن پۆلیس لەجیاتی دادگا، دەیاندادەتە دەست” سوڵحی عەشایەریی”.
بەڵام مەخابن لەگەڵ ئەوەشدا مەترسیەکە لەوەدایە ھەندێ لەژنان و کچان کە گێچەڵی سیکسیان بەمبەر دەکرێ بەنهێنی لای خۆیان دەی ھێڵنەوە، بەو ھۆکارەی کە باسمان کرد، ئەویش بەهۆکاری ئابڕوچون، قوربانیەکە بێدەنگی هەڵدەبژێرێت، بۆیە بکەری کارەکە کەمتر سزای یاسای وەردەگرێت، بگرە بەبێ سزا دەرباز دەبێت.؟

لە یاسادا چۆن باسی گێچەڵی سێکسی کراوە.؟
لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە/ 111ی ساڵی 1969- دا، کە لە هەرێمی کوردستان-یش کاری پێدەکرێت، لە ماددەکانی (400، 401 ،402 )دا باسی گێچەڵی سێکسیی کراوە و سزا بۆ ئەنجامدەرانی دیارییکراوە، بەپێی یاساکەش “دەستبردن بۆ ژنێک یاخود قسەکردن یان ئیشارەتکردن بۆی، کە کار لە ئابڕووی بکات و لەسەری بکەوێت، بە گێچەڵی سێکسیی هەژمار دەکرێت”.
بەپێی یاساکە، ئەگەر کردەوەیەک بەرامبەر کەسێک ئەنجامدرا، کە کار لە ئابڕووی بکات، ئەوا ئەنجامدەری کردەوەکە بۆ ماوەی سێ مانگ سزادەدرێت، غەرامەکەشی لە 200هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تا ملیۆنێک دینار. ئەگەر هاتوو تاوانبار لەماوەی ساڵێکدا ئەم کارە دووبارە بکاتەوە، ئەوا سزاکەی دەبێت بە دوو هێندە.
ھەروەھا لە یاسای ژمارە 37ی ساڵی 2015ی کاری عێراقی لە ماددەی 111- دا بە ڕوونی باس لەوە کراوە ئەگەر دەست ببرێت بۆ ژنێک یان منداڵێک، کە لەسەری بکەوێت، ژنەکە یان منداڵەکە ڕەزامەند بێت یاخود نا، دەبێت ئەنجامدەری کردەوەکە سزا بدرێت. سزاکەشی نابێت شەش مانگ زیاتر زیندانیی تێبپه‌ڕێنێت و زیاتر لە ملیۆنێک دینار غه‌رامه‌ بکرێت.
پرسی گێچەڵی سێکسی لەهەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە کاری پێدەکرێت و دەتوانرێت بەپێی ئەو یاسایە رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر. ڕێکارە یاساییەکانیش لەسەر بنەمای بونی داوای یاسای دەبێت، وەک ئاماژەمان بۆ کرد کە بەپێی مادەی (402) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969. ئەمەش تەنها لەحاڵەتی بێزارکردن، ئەگەر قسەکردن بێت یاخود دەستبردن و بێزارکردنی جەستەیی بێت، بەڵام ئەگەر کارەکە بچێتە خانەی بەزۆرداری و (لاقەکردن) ئەوا دەچێتە چوارچێوەی ماددە یاساییەکانی 395 و 396 و… هتد، لەحاڵەتی بێزارکردنیش بە ئامێرەکانی پەیوەندی و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان ئەوا بەپێی یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2008ی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرە پەیوەندییەکان ماددەی (2)ی مامەڵە لەگەڵ ئەنجامدەرانی گێچەڵی سێکسی دەکرێت.

بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توند و تیژی دژی ئافرەتان ..
ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردووەتەوە و بەپێی ئامارەکە، 47 حاڵەتی توندوتیژیی سێکسیی هەبووە. ئامارەکە دەستنیشانی نەکردووە، کە ئاخۆ ئەو 47 حاڵەتەی تۆمارکراون گێچەڵپێکردن بوون یان دەستدرێژیی؟ بەڵام هەر ژنێکی کۆمەڵگای کوردیی دەدوێنیت، بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسیی بۆته‌وه‌ و هەندێکیشیان دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتە سەر.

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی جیهانیی 50٪ی ژنان ڕوو بە ڕووی گێچەڵی سێکسیی بوونەتەوە.
– بە وتەی توێژەرانیش لە هەرێمی کوردستانیش ڕێژەی گێچڵپێکردن ئەگەر لە ڕێژە جیهانییەکە زیاتر نەبێت، ئەوا کەمترنیە.
– بەپێی رێککەوتنامەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەتیش ئەو پەیماننامانەی لە بارەی پارێزراوی ژنانەوە هاتون، گێچەڵی سێکسی بەیەکێک لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بەژنان و کچان دادەنرێت، بۆیە بەردەوام راپۆرت لەم بارەوە ئامادە دەکرێت، ئەویش بەئامانجی دانانی یاسای توندو ڕوو بە ڕووبونەوەی.
– بەشێک لەرێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیش پرسی گێچەڵکردنی سێکسی بەمەترسی دەزانن لە سەر کۆمەڵگاو بەپێویستی دەزانن کاری زیاتر بۆ روبەروبونەوەی بکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت