بەهرۆز جەعفەر: ئابوریی سەربەخۆ، ڕیفراندۆم، یاسای چاکسازی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرێمی کوردستان دەوڵەتێک بو، لەبەرئەوەی هیچ دامەزراوەیەکی سیاسیی و ئابوریی- نیشتیمانی تیایدا چێ نەکرا، بەمیتۆدی ململانێی حیزبایەتی و تۆخکردنەوەی شەڕی براکوژیی جەلالی و مەلایی ماشێنەکەیان لێ خوڕی. ئەمە ئەنجامەکەیەتی کە قەوارەی کوردستان بە خاک و تاکەوە کەوتۆتە بەر لەناوچون.
لەساڵی 2013 بە نوسین و بە پرۆژەو دیدار لەگەڵ ئابوریی سەربەخۆ بوین!؟. لەکۆتایی شەڕی داعش نزیک ئەبوینەوە، لایەنە بەشداربوەکانی جەنگ هەموو بەرەو ئەوە ئەچوون دەستکەوتی خۆیان بچننەوە لە ساڵی 2017 دا، نە ئەکرا کورد قوربانیدەری یەکەم و لایەنی سەرەکی بەگژاچونەوەی شەڕی دژە تیرۆر بو، هیچ دەستکەوتێکی نەبێت.
ئێمە وێڕای ڕەخنەو تێ بی نیەکانمان لەسەر ڕیفراندۆم ( لە دەرەوەی موزایەدەی حیزبیی و ئایدۆلۆژی) ، وێڕای ئەوەی تا ئەهات دیار ئەکەوت کە ئەگەری کەوتنە ناو گۆمە ئاوەکە زیاترە وەک لە ئەگەری پەڕینەوە، بۆ یەکەمجار بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی چەرموو گەورەترین کۆنفڕانسی زانستیمان بەناوی « ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان؛ دەرفەت و ئاڵنگارییەکان» بەڕێوەبرد.
ئێمە وەهامان ئەبینی و، وەها باسیان ئەکرد کە ئێواران تاریک دادێ وەفدێکی بەریتانی و ئەمریکی و ئیسرائیلی خۆیان ئەکەن بە پیرمام و ماڵی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی و کاکە حەمەدا و ئەوسەری تونێلەکە نیشانی کورد ئەدەن کە سەربەخۆییە. وامان ئەزانی فرانسوا هۆڵاند سوێندی بە گۆری دانیال میتران خواردوە کە وەک پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئاسایش پێداگیر ئەبێ لەسەر بەرگریی کردن لە کورد، وامان ئەزانی لە ئەردەن چێشتەکە گەرمکراوەو چپە چپەکان و جرت و فرتەکان شتێکی گەورەی لە بن دایە. لە هەر حاڵەتێکدا ئیسرائیل فانتۆمی- 14 ی ئامادەیە بەرگری لە کورد ئەکا.
وایان تێگەیاندبوین، کە بەغدا موفلیس بوەو نوێنەرەکانی کورد لە بەغدا سەد دەرسەد ئامادەکراون بۆ هەر ئەگەرێک لەگەڵ سووننەکاندا. هەر ناوخۆی هەرێم ماوەو پێویستە لەناوەوەدا ئیتر هەموو بێدەنگ بن و کاتی چێ کردنی دەوڵەتەکەیە!.
وا دەرنەچوو… ڕیفراندۆم ئەوەی نیشانداین کورد هیچ زەوییەکی بەیاری لە مەیدانی جیهانی و زانستی سەردەمی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا نە کێڵاوە ( کە دیدگاو پرۆژەمان بۆ ئەمە ئەخستە ڕوو سەت بێنەوبەرەیان پێ ئەکردین». نیشانی داین کورد لە بەغدا زۆر لاوازەو یاریکەرێکی ئەوتۆ نییە کە ببێتە مەترسی لە یاریگاکەدا « کە مەترسی و دەرفەت و ئۆپشنەکانی ڕووبەڕووبونەوەمان ئەخستە ڕوو گوێیان نەئەگرت». لەناوخۆشدا لە ڕووی ئابوریی و سەربازیی و کەلتوریی و ئاسایشی میدیاییەوە هەر هیچ گاسنێک بەر ئەم زەوییە ڕەقە نەکەوتوە چ جای تۆوی سەربەخۆیی چێنرابێت « لە 2013 ەوە تا مانگی یەکی 2020 سێ جار خۆبەخشانە پرۆژەی بیناکردنی ئابورییەکی خۆ- ڕاگرمان داوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام دیسان ئاقارەکەی پەراوێزخستن بوە»…
بەڵام ئەلحەقی… بۆ مێژوو… تەحەدداکەی بارزانی لەوەدا جوان بو کە خۆی نەچەماندو… هەموو دونیا گوتی مەیکەو کارەکەی کرد… چونکە هەر لەو ساڵەدا هەرێمی کیوبیک و قوبرسی شیمالی و کەتەلۆنیاش هەمان کێشەی هەرێم و عێراقیان هەبو، هیچیان بە مەرام نەگەیشتن بەهۆی پشت تێکردنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە.
ئەگەر لە ساڵی 2013 ئابوریی سەربەخۆ ( پرۆژەیەکی ڕەوا و بە نیشتیمانی نە کراو) زەمینەسازیی و تەتەڵە بکرایە پێش ڕاگەیاندنی، ئەوە تووشی شکستی ریفراندۆم و ئەو دۆخە ناهەموارەی ئێستای 2020 نەئەبوین.
ئێمە وامان ئەزانی، حکومەتی هەرێم چەند گەورە ئابورییناسێکی وەک یانیس ڤارۆڤاکیس ( وەزیری پێشوتری ئابوری یۆنان و گەورە ئیکۆنۆمیستی جیهان) ی لە دەورە. کەچی دەرکەوت چەند بەڵێندەرێکی نەوتیی- حیزبیی لۆکاڵی زیاتر هیچی تر نەبو!.
کورت و پوخت، دەرەنجامەکان نیشانی داین، کە نەتەوەسازیی وەها ناکرێت. ئەوەتا لە دوای ئابوریی سەربەخۆ تورکیا بە قوڵایی 35 کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی کوردستانەوە، عێراق تەواوی ناوچە دابڕاوەکان ( ناوچە وازلێهینراوەکان) ی داگیرکرد. ئێرانیش هەر لە خانەقینەوە بە هێڵێکی درێژ تا دەڤەری چیخیدارەی برادۆست بنکەی سەربازیی جێگیری داناوە. بەم شێوەیە جوگرافیای کوردستانیان بەرتەسک کردۆتەوە.
نەتەوەسازیی، بە پرۆژە و بیناکردنی ئایندە ئەکرێ نەک بە قسە. سیاسەت چەند بەڕێوەبردنی ئێستایە دوو هێندە زامنکردنی ئایندەیە. ئەگەر پارتی بەتایبەت و ئینجا لایەنەکانی تر، هەڵەی وەک ئەوانەی ڕابردوو دووبارە بکەنەوە ئەمجارەیان ئاقارەکەی تیاچونێکی بێ چەندو چونەو هیچی تر…هەڵەکەش ئەوەیە لە ئاستی ناوخۆ.. عێراق.. دەرەوە کورد هیچی نییە جگە لە هوتاف کێشان و بەیاننامە دەرکردن و چەند برۆکەرێک.
هەڵەیەکی تر، یاسای چاکسازییە کە کابینەی نۆ و پەرلەمانی کوردستان خۆیان پێوە سەرقاڵ کردوە دوو ساڵە. ئەم کابینەیە ئەیتوانی ئەوەندە خاوە خاو نەکات و پێش ئەوەی بگەینە قووڵایی قەیرانەکان مەوداکانی چارەسەر فراوان بکات.
لەگەڵ ئەوەی دڵنیام، تا نەبی بە جاش و پیاوی ئەملاولا!. یان تا بە توندی پەلاماری داروبەردی ئەمانە نەدەیت نە ڕێزت ئەگرن نە گوێت لێ ئەگرن.. بەڵام جارێک نەو هەزار جار دووپاتی ئەکەمەوە ئێمە ستایلی خۆمان بۆ کەس تێک نادەین. ئێمە نابین بە جاش خاوەنی ڕاستەقینەی کوردستانین، بۆکوردستانین.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت