بەهرۆز جەعفەر: یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بۆچی؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە لیبراڵێک بڵێ تۆ بۆچی هەیت؟. ئەڵێ دەرفەت دروست ئەکەم و بایەخ بە تاک ئەدەم و بنەمای فەلسەفەکەم هاریکارییە.
بە ڕیالیستێک بڵێ تۆ کێیت؟. ئەڵێ لە پێناو ( هێز) دا تێدەکۆشم و (دەوڵەت) جێی بایەخی ئێمەیە کە بەرژەوەندییەکانی بەرز ڕابگرین و لە ناکۆکیداین لەگەڵ دەوڵەتانی تر بۆ ئەوەی هێزی خۆمان مسۆگەر بکەین.
بە مارکسیستەکان بڵێ ئێوە چین؟ ئەڵی جەوهەری تێگەیشتن لە ئێمە باسی «چینایەتی» یەو دژی دروستکردنی چینایەتین لە کۆمەڵگەدا.
بە ئیخوانییەک بڵێ ئێوە چۆن دونیا ئەبینن، ژین و دین پێکەوە ئەبەستێتەوەو بۆ قەناعەت پێ هێنان ئەتکا بە کۆڵانەکانی سەید قوتب و حەسەن بەننا دا…
بە ڕژێمی مەلاکانی ئێران بڵێ،،، فەلسەفەی ئایەتوڵڵاکان و ئیمامەت بەنمونە وەرئەگرن بۆ حکومڕانی و کار لەسەر درێژکردنەوەی مەداکانی شیعەگەرێتی ئەکەن لە ناوچەکەدا…
ئیتر سودو زیانی ئەو جیهانبینی یە کە ئەو لایەنانە هەیانە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە هەریەکەیان بونی خۆی ڕاگەیاندوەو بیانویەکی بۆ ئەو (بوون) ەی هەیە. مەسەلەن ئێستا خۆت بکە بە ناوچەیەکی پارتیدا کابرایەک قاتێکی کەتافی لە بەرکردوە و بە خاس یان خراپ ئەڵێ ئێمە کوردایەتی ئەکەین و قسەکەری کورد ئێمەین.
بە سەوزەکانی سویدو ئەڵەمان بڵێ ئێوە کێن و چی پێشکەش ئەکەن؟. باسی پیسبونی گۆی زەوی و خراپبونی کەشوهەواو کونبونی بەرگە هەواو … تادوایی ئەکەن.
فێمێنیستەکان، ئەڵێن ئەم جیهانە خۆ هەر پیاو بەڕێوەی نابات، ئەم هەموو جەنگە هەموی پیاو دروستی ئەکات، هاتوین باسی ژن و مناڵ ئەکەین…تەنانەت داعش دوو هەفتە دوای دروستبونیان سەنتەری « ئاسایشی فیکریی و پیشەسازیی» یان دروستکرد، ئەو هێزە پەڕگیرە کە بە چەندین کیلۆمەتر تونێلی بە ژێر زەوی دا دروست ئەکرد شتێکی هەبو بڕوای پێی بو..

ئەمما بە یەکێتی بڵێ بۆچی هەیت!؟. بۆچی کۆنگرەت کرد؟. ئێوە کێن و ئەتانەوێ چی بکەن؟!.
یەکێتی وێرای ئەو پانتاییەی لە ئازادیی کە خوالێخۆشبو مام جەلال دروستی کرد، یەکێک لە هەرە کێشە سەرەکیەکانی لە دوای ڕاپەرینی 1991 ەوە بریتی یە لەوەی ئەم حیزبە ئایدۆلۆجیایەکی نییە، ڕووئیای نییە، دیدگای نییە…فەلسەفەی حوکمڕانی تۆ چیە؟!. لەوەش ڕوونتر لەسەر چی بنەمایەک ڕەسمی سیاساتی گشتی ئەکەی!؟.. لەوەش ڕوونتری بکەینەوە، ئێستا مەسەلەن ئەگەر من هیچ بەرنامەو ڕووئیایەکم نەبێت، ئەوە هەموو ڕۆژێ تۆ دێی ئەڵێی یەڵڵا با بڕۆین، منیش شوێنی تۆ ئەکەوم. سبەی کەسێکی ترو،،، دوو سبەی ئەویتریش دێ هەتا ئێوارە ئەملاولام پێ ئەکات .. هەر ڕۆژەی لە شوێنێک و لەگەڵ کەسێلێکدا دێمەوە!.
حیزب چۆن بە بێ دیدو تێڕوانین ( بە بێ ڕوئیاو فەلسەو ئایدۆلۆجیەتی کارکردن) ئەبێ!!؟.
ڕۆژێک یەکێتی سۆشیال دیموکراتە، ڕۆژێ سەلەفیەت پەرە پێ ئەدا، ڕۆژێ میراتگری میراتەکەی کاک ئارامن، ڕۆژێ ماو، ڕۆژێ ڕیفراندۆم ئەکەن ڕۆژێ لە دژین، ڕۆژێ باسی دوو ئیدارەیی لە کوردستان و ڕۆژێک یەکخستنەوەی ناو ماڵی کورد، ڕۆژێ لامەرکەزیی، ڕۆژێ لەگەڵ پارتیم .. ڕۆژێ لەگەڵی نیم، ڕۆژێ چاکسازیی ئەکەم، ڕۆژێ قاچاخچێتی ئەکەم.. ڕۆژێ تەریقەتی قادری و تەسەوفم، ڕۆژێ سیکۆلارو مافی چارەی خۆ- نوسین م…!. ڕۆژێ لەگەڵ خۆپیشاندانین، ڕۆژێ تەقەیان لێ ئەکەم. ڕۆژێ لەگەڵ پەکەکەم و هاوسۆزم،، ڕۆژێ ئەڵێم بونەتە بارگرانی بەسەر ناوچەکەوە. ڕۆژێ نوێبونەوە ڕۆژێک ڤیستیڤاڵی خێڵەکان…
لە بەرئەوە پێویست ئەکات یەکێتی بە کۆمەڵگا بڵێ من ئەمەم و ئەمەتان بۆ ئەکەم!. بڵێ ئێمە ئەمە هێڵی بیرکردنەوەمانە، ئەمە ڕوئیای ئێمەیە بۆ ئابوریی، بۆ پرسی کورد، بۆ سامانی مرۆیی و سروشتی، بۆ ڕۆشنگەریی و وەرچەرخانی سیاسی، بۆ خەباتی مەدەنیانە، بۆ ژن، بۆ پرسە هەرێمایەتیەکان، بۆ وەرزش، تەنانەت بۆ دیاردە جیهانی و یۆنیڤێرساڵیەکانی وەکو؛ پیسبون و خراپبونی کەشوهەوا، نا یەکسانی، تیرۆر و … تادوایی. لە هەموو دونیادا حیزب پەیڕەوو پرۆگرامێک ئەنوسێتەوە، ئینجا بە پێی ئەو پەیڕەوو پرۆگرامە هەڵبژاردن ئەکات و سەرکردایەتی هەڵ ئەبژێرن، کەچی یەکێتی سەرکردایەتی هەڵبژاردوە ئینجا پەیڕەوو پرۆگرامی نوسیوەتەوە…!. ئیتر بەم شێوەیەیە کە حیزب ئایدیاو فەلسەفەیەکی نەبو بۆ سیاسەتکردن، هەر ڕۆژەی بەدوای دیاردەیەک ئەکەوێت.
شەڕی میدیایی و سۆشیال میدیاو هاتوچۆی شێخ و مەلا هیچ لایەک ناگەیەنێت بە هیچ کوێ. سەردەمی ئەقڵ و زانست و کرانەوەو ئارگیۆمێنتسازیی و پێکەوەژیان و داهێنان و پیشەسازیی و دوای پیشەسازیشە.
ئینجا ئەگەر وێنەکە گەورەتر بکەین، بۆ هەموو کوردیش ئەمە ڕاستە، جیهان ئاشنایە بەوەی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت هەیە، بەڵام هێشتا نازانن کورد کێن و چییان ئەوێت؟.
تێ بی نی/ ئەزانم زۆرێکتان وەک بارە هێڵکەو دووگ و وەرگرتنی مۆڵەت بۆ هێنانە ناوەوەی کاڵای زۆرو زەوەندو داگیرکردنی موڵکی گشتی بەناوی جیاجیا سەیری هەموو شت ئەکەن. بەڵام خەڵکی دیکەش هەیە وەکو خۆی ڕاستیەکە ئەبینێ و ئەملاولای پێ ناکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت