رەزا شـوان: کریستین هـێڵگە رابەری چیرۆکنوسانی منداڵانی ئیسلەندایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خاتو (کـریستین هـێڵگە گـۆنـاسدوتـێر) بەناوبانگـترین و خۆشەویسترین چـیرۆکـنوسی منـداڵانە لە ئیسلەنـدا. بە رابـەری چـیرۆکنوسانی چـیرۆکی منـداڵان ناسراوە. کـریستین هێڵگە لە (24/ نۆڤـەمبەر/1964) لە شاری (ریكیافـیك) ی پایتەختی ئیسلەنـدا لەدایک بـوە. لە منـداڵـییەوە هـۆگـری خوێنـدنەوە و نوسین بـوە.
کریستین هێڵگە، لە ساڵی (1983) قۆناغی خوێندنی ئامادەیی لە داقوتابخانەی ئامادەیی ریکیافـیک تەواو کرد. لە سـاڵی (1984) دا لە (زانکـۆی به‌رشـلونه‌)ی ئیسپانی و لە (1985) دا لە (زانكۆی ئیسلەنـدا) زمانی ئیسپانی خوێنـد. دواییش لە ساڵی (1987) دا لە (زانکۆی یۆتا) لە (سۆڵت لیک ستی) لە ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا بڕوانامەی بەکالـۆریـۆسی لە (راگەیـانـدن و لە زمـان و ئـەدەبی ئیسـپانی) دا وەرگـرت. لە سـاڵی (1994) یشدا، له ‌قـوتابخـانه‌ی ئیسلەنـدا، بـڕوانـامەی (رابـەر) یی وەرگـرت.
کریستین هێڵگە بێجگە لە نوسین وەکو نووسەرێک، گەلێ کاری تریشی کرد، لەوانەش:
ماوەیەک وەکو رابەرێکی گەشت و گوزار کاری رابەری ئەو تـۆریستانەی دەکرد کە بۆ گەشتکرن دەهاتن بۆ ئیسلەندا. بۆ ماوەیەکیش کاری میوانداری لە ناو فرۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئیسلەنـدادا کرد. ماوەیەکیش پەیـامنێری هەواڵی تەلەفـزیـۆنی ئیسلەنـدا بـو. لە ساڵی (1987-1988) وەکو پێشکەشکارێکی هەواڵ و بەرنامە، لە ئێـزگەی رادیـۆ و تەلەفـزیۆنی ئیسلەندا کاری کرد. بۆ مـاوەی (12) ساڵیش وەکو رۆژنامەنوسێک، بەبێ دابڕان کاری رۆژنامەگەری کرد. بە شێوەیەکی سەرەکی و تایبەتیش لە بەشی نوسینی هەواڵەکـانی رۆژانـەی دەرەوە، لە کەنـاڵی دوی تەلەفـزیۆنی ئیسلەنـدا کـاری دەکـرد.
ماوەیەکیش لە ئەنجومەنەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵەی ژینگە پارێـزی ئیسلەنـدادا کاری کـرد. لە ساڵی (2014 ـ 2018) سـەرۆکی یەکـێتی نوسـەرانی ئیسلەنـدا بـو.
کـریستین لە ساڵی (1997) ەوە تا ئەمـڕو، چـیرۆک و رۆمـان بـۆ منـداڵان دەنـوسێت. یەکەمین چیرۆکی بۆ منداڵان لەژێر ناوی ( بیـنای من زۆر خـۆشـتم دەوێ) لێرەوە و لە میانەی ئەم چیرۆکەوە ناوبانگی دەرکرد. تا ئێستا زیاتر لە چل رۆمان و کورتە چیرۆکی بـۆ منـداڵان نوسـیون و چاپیکـردون و بڵاویکـردونەتەوە. گـەلێ بابـەتی خوێنـدنەوە و پەروەردەیی بۆ پرۆگرامەکانی خوێندنی قوتابخانەکانی ئیسلەنـدا نوسیوە. گەلێ بابەت و سیناریـۆشی بۆ تەلەفـزیۆنەکـان و کورتە فـیلمە سینەماییەکان نوسـیوە.
کریستـین هـێڵگە نوسـەرێکی نـوێخـوازە و هـەردەم هـەوڵی نـوێخـوازی و داهـێنان و ریچکەشکـێنی دەدات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بـۆی ناشـارێتەوە، کە سـودێکی زۆری لە فۆلکلۆر و لە کەلەپوری میللی ئیسلەندا وەرگرتوە و کاریتێکردون و لە چیرۆکەکانی بۆ منـداڵان رەنگـیان داونەتـەوە. زیرەکانە سـودی لە هەقـایەتە میللییەکان وەرگرتـون، کە دەربارەی خێو و دێو و جادو و پاڵەوانی ملهـوڕ و سەرکـێشی و دەعـبای ئەفسانەیین.
کریستین لەم بارەیـەوە دەڵێـت:”ئـەوە رابـردوە کە ئێـستا فـێردەکات کە بـەرەو داهـاتـو هەنـگاو بنێـت. بۆیـە پێـویستە هەمـو چـیرۆکە کۆنەکـان بەسەربکەینەوە و لە ژیـانـدا بیانپارێـزین. بە شێوە و شـێوازێکی نوێ بیانگـێڕینەوە و بیانگەیەنینە نەوە تازەکان”
کریستین هـێڵگە، وەکو چیرۆکنوسێکی بەتوانـا و سەرکەوتـو، وەکو رابەرێـکی بـواری چـیرۆکی منـداڵان، خـۆی سەلمانـد و ناسانـد. کەسایەتی و کارەکتەرەکانی چـیرۆکەکانی هەمیـشە خەیـاڵکەری باشـن. نـاوەڕۆکی بابەتەکـانیشی بە شـێوازێکی زیـرەکـانە و بە زمـانێکی تـەڕ و پـاراو و ناسک و شـیرین داڕشـتون. لایەنی چەڤـەنگیـشی پشتگـوێ نەخستوە. منداڵان و گەورەکان لە خوێندنەوەی چیرۆکەکانی چێژێکی زۆر وەردەگرن.
کریستین دەڵێت:” پەرتـوکی ئەوتۆ دەنوسم، کە بۆ هەمـو کەسانی خـێزان بگونجـێن”
کریستین هێڵگە، لە نوسینێکیدا، کە لە ئینتەرنێتدا بڵاوی کردۆتەوە، دەڵێت:” بازدان لە رۆژنـامەوە بـۆ خەیـاڵ، لە گـێڕانەوەی چـیرۆکی راستیـیەوە بۆ داهـێنانی، قـورس نیـن. چونکە چـیرۆک لە هەمو شوێنێکـدا بە دورمانەوەیە. چـیرۆکەکان بە درێـژایی شـەو و رۆژ بەناو خەڵکیدا گوزەردەکەن. خەڵکی بە بەردەوامی چیرۆک دەگێڕنەوە. ئەم کارەش لە دو کەس زیـاتـری نـاوێـت. چـیرۆکخـوان و گوێگـری دەوێـت”
کریستین هێڵگە هەست بە پێوەرە باڵاکانی چیرۆکی سەرکەوتـو دەکات. کە خوێنـەرانی بە ئامانجکـراو پێویسـتیان پێی هەیە، تا پەیام و رستەکانی سەر لاپەڕەکان سەرنجـیان رابکـێشن. بە پێویستیشی دەزانێت کە دەبێت نـاوەڕۆکی چـیرۆک زینـدو و نایـاب بێـت.
پەرتوکەکانی کریستین، ئامـانجی پـڕکردنەوەی بۆشایی نێـوان نەوەکـانی لەخـۆگـرتـون.
کریستین هـێڵگە هاوسەرگیری کـردوە، سێ کچی هەیە و لە ریکیافیک دەژین. شایەنی باسە، ئەو چیرۆکانەی کە بۆ منداڵان دەیاننوسێت، لە پێشا بـۆ کچەکانی دەیانخوێنێتەوە و دەیەوێـت سەرنـج و را و تێبینییەکـانی کچەکـانی دەربـارەی چـیرۆکەکـانی بـزانێـت.
کریستین هێڵگە، تا ئەمڕۆش، نوسینی هەمە بابەتە بۆ گۆڤـار و رۆژنامەکان دەنـوسێت.
ئەمـانە نـاوی هەنـدێ لە پەرتوکە چاپکـراوەکانین بۆ منـداڵان: بیـنای مـن زۆر خۆشـتم دەوێ، گازێگ لە چەناگەکانی بینا، کیکـۆی نەهـەنگ لە گەشتێکـدا بە دەوری جیهانـدا، ملیونێک بەرد و ترسێک لە دۆڵەکـەدا، مۆی دیدەوان، لەبەر روناکی مانگ، ئیسماعیل.
کریستین هێڵگە لە ساڵی (2011)ەوە تا ئەمڕۆ، ئاگاداری شەڕی ناوخۆی سوریا هەیە، کە بە هـەزاران کەسی بێـتاوان و بێـدەرتـانی سوریا، لە کورد و لە عـەرەب، بـونـە بە قـوربـانی و بـاجی ئەم شـەڕە خوێناوییە دەدەن. بە هەزاران خـێزان، بە تایبەتیش کورد، بە زۆر لە زێـدی خۆیان دەرکران، یا لە ترسان سەری خۆیان هەڵگرتن و ئاوارەبونە و بـونە بە پەنـابەر لە وڵاتـانی ئەوروپا و وڵاتـانی تری جیهـان. بۆ ئەوەی بە ئاسودەیی و بێترس بـژین. تەنانەت چەنـد خـێزانێکی سـوری گەیشتونـەتە ئیسلەنـداش.
کریستین هێڵگە، لە چـیرۆکی “ئیسماعـیل” دا، کە لە ساڵی (2017) دا نوسیـوێتی، کە ئیسماعـیل کارەکتەرێکی مێردمنـداڵی خەیـاڵی هەڵهاتـوی شاری “حەڵـەب”ی سوریایە. بوە بە پەنابەر لە ئیسلەنـدا، کریستین لە میانەی ئیسماعـیلەوە، باس لە کوێـرەوەری و نەهـامەتییەکانی پەنـابەرانی سوریا دەکات. باسیش لە خـێزانێکی پەنـابەری سـوریا لە ئیسلەندا دەکات، کە چـۆن تێکەڵ بە کۆمەڵگایەکی تـازە بوە و چـۆن هەڵدەکات و خۆیان دەگونجێنن و خۆیـان پێکـدەهـێن.
کریستین هـێڵگە دەڵێت:” خۆم نەچومەتە ناو کەمپی پەنابەران، بەڵام ئیسماعیل و کەس و کاری ئیسماعیل لە هەمو گۆشەکانی شەقامەکانی ئەوروپادا دەبیـنم” دەشڵیت:”هـێشتا چـیرۆکی ئیسماعـیل تـەواو نەبـوە و ماوێـتی کە زیـاتری لەسـەر بنـوسـم”
کریستین هـێڵگە، لە ماوەی کارکردن و نوسین بۆ منداڵان، چەنـدین رێزلێنان و خەڵاتیان لە ئیسلەنـدا و لە وڵاتـانی باکوری ئەوروپـادا پێشکەشیان کردون، بـۆ ئەو پەرتـوکـانەی کە بۆ منـداڵان نوسیویـن و چاپیکـردون، لەو خەڵاتـانـەش:
چەنـد جـارێک خـەڵاتی پەرتـوکی ساڵ بـۆ منـداڵانی تەمەن (6- 12) سـاڵان، لە لایـەن ئەنجومەنی فـێرکاری ریکیافـیکی لە ئیسلەنـدا پێشکەشیان کرد. هەر لە ئیسلەندا چەند جارێکیش خەڵاتی باشترین پەرتوکی ساڵ بۆ منداڵان پێشکەشیان کرد. خەڵاتی وڵاتـانی رۆژئـاوای باکوری ئەوروپـا بۆ ئـەدەبی منـداڵان پێشکەشکیان کـرد. خـەڵاتی نوسـینی باشترین سیناریۆی بۆ کورتە فیلمێک وەرگرت. لە لایەن پەرتوکخانەکانی قوتابخانەکانی وڵاتانی باکوری ئەوروپـاشەوە خـەڵاتی باشـترین پەرتـوکیان پێبەخـشی.
(*) بۆ نوسینی ئەم بابەتە سودم لە چەنـد سایتێکی ئینگـلیزی و نەرویـجی وەرگرتـوە.
(*) ئیـسلەنـدا یەکـێکە لە دەوڵەتـانی باکـوری ئەوروپـا. روبـەرەکەی ( 103 ) هـەزار کیلۆمەتـری دوجـایە. ژمارەی دانیشـتوانی ( 310 ) هـەزار کەسن. خـاوەنی کـۆنتـرین پەڕلـەمـانە لە جـیهـانـدا. بە گـڕکـان بەناوبانگە و کانیاوی کانـزایی ئـاوگەرمی زۆرە.
(*) پایتـەخـتی ئیسلەنـدا (ریکـیافـیک) ە. پـارەکەشی نـاوی (کـرۆنە).

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت