بەهرۆز جەعفەر: بەریتانیا، ماڵئاوایی سۆپەر پاوەرێک!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئایا دوای کۆرۆنا ڤایرەس و بریکزیت بەریتانیا لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە بە بەهێزی ئەمێنێتەوە؟. تا دێت لە هەر سێ ڕووی؛ فەلسەفەی سیاسیی، سەربازیی، سیستەمی تەندروستیەوە بەریتانیا بەرەو داتەپین ئەچێت. لە ڕووی تەکنەلۆژیشەوە بەریتانیا ئەو هێزە یەکەمە بێ ڕکابەرە نییە لە جیهاندا.
تەنها ئەمڕۆ 6 ی جانیوەری 2021 لە بەریتانیا 1041 کەس بە کۆرۆنا مردون!. لەماوەی یانزە مانگدا 2.836.801 کەس تووشی کۆرۆنا بون و 77.500 کەس مردون. هەر لەو ماوە کورتەدا (300) سێ سەت ملیار پاوەن/ ی بۆ ڕووبەڕووبونەوە سەرف کردوە، بێجگە لەوەی بڕیاریان داوە تا شوباتی 2021 نزیکەی (14) ملیاری تر خەرج ئەکەن لە قەیرانەکەدا، کەچی لەم سەرەتای (2021) ەدا تازە دۆخەکە گەیشتوەتە ئاستێک نەک هەر قەدەخەی هاتووچۆ هەیە بەڵکو ئەگەر ماڵێک زۆر بێنە بەر دەرگا دراوسێکەیان تەلەفۆنی پۆلیس ئەکات و ئیجرائاتیان لەگەڵ ئەکرێت.!.
زیاتر لە (300) ساڵە بەریتانیای مەزن زلهێزو ئیمپریالیستێکی ئەوەندە گەورە بوە کە لە مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا وا باوە داگیرکاریی بەریتانیا لە هەموو کۆڵۆنیالیزمەکانی دی جیاوازە؟. عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەریتانیا دروستی کردوەو خۆی بە واریسی ئەزانێت، بەڵام ئەمڕۆکە نەک بەریتانیا بەڵکو هەموو ئەوروپا هێندەی ئێران کاریگەری و دەستەڵاتیان لە عێراقدا نییە. لە ئەدەبیاتی سەدەی بیستەمی خۆرهەڵاتیەکاندا ئەوە هەیە کە هیچ گوندێک نییە پیاوێکی «ئینگلیز» ی تیا نەبێت!.. خۆرئاوا لە پێش یەکەم جەنگی جیهانی بە دەوڵەتی عوسمانیان ئەووت پیاوە نەخۆشەکە، بە پێی تێڕوانینەکان بەریتانیا ئەمڕۆ « پیاوە پیر» ەکەیە، لە پڵنگێک ئەچێت ددانەکانی نەماوەو زمانی لە زبری و لێسانەوە کەوتوە…
ئەگەرچی بەریتانیا هێشتا شادەماری بازاڕە داراییەکانی جیهان و ئەوروپایە بەتایبەت، کەڵچەرێکی بەهێزو پاشخانێکی گەورەی هەیە، زیاتر لە حەفتا ساڵە خاوەنی چەکی ناوەکی و پێشکەوتوە. یەکێکە لە (5) ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان. بەڵام ئەوە هیچ لەو ڕاستییە بەرچاوە کەم ناکاتەوە کە بەریتانیا تەحەدداکانی بەردەمی زۆر زیاترن لە دەرفەتەکانی، یەکێک لەوانە لە دوای جیابونەوەی بەریتانیا لە ئەوروپا ڕەنگە سکۆتلەندییەکانیش ئەو مافە بە خۆیان بدەن کە داوای جیابونەوە لە بەریتانیا بکەن.
لەگەڵ پاشەکشەی زلهێزێکی وەک بەریتانیادا پرسیارەکان زۆرن، بەریتانیا ڕەنگڕێژی جوگرافیاو سیاسەتی سەت ساڵی تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێکی ئەفریکای کردوە. ئایا ناعەدالەتی مێژوویی ڕاست ئەکرێتەوە لەم ناوچەیە لە بەرژەوەندیی نەتەوە ژێر دەستەکان!؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت