هاوژین زیبا: ئەمڕۆ تۆ، سبەی من تیرۆریستم!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەسەڵات، چ دەسەڵاتی خێزان بێت یان دەوڵەت یان کۆمەڵگا، هەر دەسەڵاتە. دەسەڵات چەندە بەهێز و زۆردارە هێندەش ترسنۆکە؛ هەر کە هەست بە سەرهەڵدانی فیکر و کردارێک دەکات کە نەیار و ناتەبایە لەگەڵی، دەستبەجێ لە ترسدا وەحشیگەرییەک دەنێتەوە. سەرەکیترین وەزیفەی دەسەڵات کۆنترۆڵکردنە، بۆیە ئەوەی پێی دەوترێت ئەخلاق و ویژدان و مرۆڤایەتی دەسەڵات لێی بێبەشە. وەکچۆن هەموو دەسەڵاتێک (چ دەسەڵاتی خێڵ و خێزان بێت یان دەسەڵاتی سیستەم و دەوڵەت) وەک یەکە، ناسنامە نەتەوەییەکەشی هەرچی بێت: چ دەسەڵاتی کورد بێت یان عەرەب، فارس بێت یان تورک، جیاوازی نییە سەرلەبەریان وەک یەک ستەمکارن.
ئەمرۆ بە ئاشکرا ئەم راستییە لە وڵاتی خۆماندا دەبینین: دەسەڵاتی کوردی رۆژنامەنوسان و چالاکەوانان، لەبەر داواکردنی یەکسانی و ئازادی، سزادەدات.
شیروان شیروانی، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم، هەریوان عیسا و گوهدار زیبار چیانکردبوو؟ دزی؟ کوشتن؟ وڵاتی خۆیان فرۆشتبوو…؟ چیبوو تاوانیان؟ ئەو مرۆڤانە لە کاری خۆیاندا داوای ئازادی، ئابووری و یەکسانیاین کردووە، حکومەتی پارتی لەبەر ئەمە تورەیە و دەترسێت چونکە لە سیستەمی حوکمی پارتیدا داوای ئازادی و یەکسانی واتای هەرەشە بۆ دەسەڵاتەکەی دەگەیەنێت. داواکردنی یەکسانی و ئازادی تیرۆرستییە کاتێک دەسەڵاتداری قبوڵنەکەیت وەک ئەوەی هاوڵاتیەکی نەرویجی یەکسانبێت لەگەڵ سەرۆک وەزیرانەکەیدا تۆش هەمان داوا بکەیت دەبیت بە تیرۆرست، راستی پارتی ئەمەیە!
پارتی وەک هەر دەسەڵاتدارێک بە بڕیاری زیندانیکردنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانان مافی مرۆڤی پێشێلکرد. کاتێک پارتی سیاسەت و ئابووری بە هەڵەدەکات یاخود خاکی خۆی پێشکەش بە داگیرکاران دەکات، مافی هەر مرۆڤێکە کە رەخنە بگرێت لەم دەسەڵاتە، ئەمە تیرۆرستی نییە بەڵکو مافی سەرەتایی هەرمرۆڤێکە ئەگەر تۆ ئەم مافە بە تیرۆرستی دەبینی جیاوازی تۆ لەگەڵ دەوڵەتی ئێران و تورکیا چییە؟
دەوڵەتی تورکیاش بەو شێوەیە لە ژێرناوی ئازادی، سەربەخۆی و نیشتیمان پەروەریدا هێرش بۆ ئۆپۆزسیۆنی خۆی دەکات و پێیان دەڵێت ئێوە تیرۆرستن. پارتی هەوڵدەدات زیندانەکانی خۆی وەک زیندانەکانی تورکیا بە رۆژنامەنوسان چالاکوانان پربکاتەوە، لە ئێستادا هەرچی مامۆستا، ئەکادمیست، کاسپکار، خوێندکار، پارێزەر و پەرلەمانتارە دەبێت باش بزانن ئەمرۆ ئەوان بەتیرۆریسست دەناسرێنرێن سبەی ئێوە تیرۆرستن ئەمە دەستپێکە، ئێستا هەڵوێست نەبێت و بە دەسەڵات نەڵێن تۆ هەڵەی سبەی ئێوە ببن بە تیرۆریست لەلای دەسەڵات کەس نابێت بڵێت راست نییە. ئێمە نابێت دانیشین وچاوەروانبین تاکو دەبین بەقوربانی، بڕیارێک هەڵەبێت لە سەرەتاوە هەوڵدان بۆ راستکردنەوەی پێویستە. لە هەموو وڵاتێکی داگیرکەردا ئەم شەتە وەهایە دەوڵەتی تورکیا کاتێک رۆژنامەنوسانی زیندانیکرد مامۆستایان بێدەنگ بوون، کاتێک مامۆستایانی زیندانی کرد پەرلەمانتاران بێدەنگ بوون، ئێستا زیدانەکانی تورکیا وەک کامپی رۆژنامەنووسان، مامۆستایان و پەرلەمانتارانە، پێویستە ئەو راستییە بزانین و هەڵوێستمان هەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت