وتووێژ له‌گه‌ڵ نووسه‌ر وه‌رگێڕ (سیروان كاروانی) ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌بی منداڵان و كاریی وه‌رگێڕان بۆ منداڵان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیروان كاروانی- نووسه‌ر و وه‌رگێڕ، به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی داینه‌وه:

سازدانی: ڕۆسته‌م خامۆش. هه‌ولێر
پرسیار- له‌ كوردستاندا، تا چه‌ند گرینگی به ‌بابه‌تی ئه‌ده‌بی وه‌رگێڕدراوی منداڵان دراوه‌؟
وەڵام: هێندەی من بە دووربێنی غوربەتەوە لەو بووارەدا دەڕوانم و دەچمە جیهانە دڵگیرەکەی منداڵانەوە و دەچمەوە شوێنگەی یارییەکان و ماشێنە لەتێلدروستکراو و خواروخێچەکان دەبینم و خانۆچکە ڕووخاوەکانی بە نینۆک دروستکراوی سەردەمی زێڕینی منداڵی بەسەردەکەمەوە، بۆشاییەكی ئەو قۆناغەی ژیانی نیشتمانی جیهانی منداڵان خۆی بەدەردەخات، كە دەبێ بە چاندنی نەمامە گوڵی قاموسە باخچەی شێوەژیان و ڕوانینی نەتەوەكانی تر کە ئێجگار پڕ بەهان، لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە پڕ بكرێتەوە. ساڵی 2014 هونەرمەندی دەستڕەنگین (ڕێبوار سەعید) پڕۆژەیەکی بەچاپگەیاندنی پەنجا کتێبی وەرگێڕدراوی منداڵانی لە ڕێگەی وەزارەتی ڕۆشنبیریی کوردستانەوە بەدەست بوو و، پێنج لەو کتێبانە، من تەرجەمەم کرد و چاپ بوون و بەسەر خوێندنگەکاندا دابەش و بڵاوبوونەوە. هەڵبەتە ئەم هەنگاوە بەگوێره‌ی ئەندازەی خۆی خزمەتێکی کرد، بەڵام مانای ئەوە نییە هەموو پێویستییەکانی ئەو بووارە، ئەدەبیاتی منداڵانی دابین کردبێت. ساڵانێکی زۆرە کەشتیی چارەنووسی ژیانی ئێمە، لە بەندەری زەریای غەریبیی ئەم وڵاتە ئەورووپییانە، یاخود شوێنەکانی تری جیهاندا لەنگەری گرتووە و توانیومانە قووڵ لە کایەکانی ئەدەب و وەرگێڕاندا شۆڕ ببینەوە و ئەو بەرچاوڕۆشناییەمان ببێ، کە سەرەڕای دەوڵەمەندیی زمان و جۆرەها پڕۆژە و بوودجەی پێویست بۆ خزمەت ئەدەبەکەیان بە هەموو لقەکانییەوە، تا چ ئاستێک گرنگی بە ئەدەبی نەتەوەکانی تر دەدەن و لە ڕێگەی پاڵپشتیی وەرگێڕانەوە، گوڵ و چرۆ و خونچەی نەمامی تازە لە باخچەی ماڵی ئەدەبدا دەڕوێنن.
دیارە ئەو هەەموو ساڵە بەشێکی نیشتمانیان بە ئازادکراوی پێداین و لە مێژوودا یەکەمجارە، کورد سەودای نەوتفرۆشتن و هێنانوبردنی زێڕی سعوود و ئیمارات و وڵاتە دەوڵەمەندەکانی تر و مامەڵەی بازرگانی سەربەستانە دەکات. دەکرا بەشێکی بچووک بۆ پڕۆژەی پێشخستنی ئەدەب لە هەموو بووارەکاندا و بە کاری وەرگێڕانیشەوە و لەنێو هەمووشیاندا ئەدەبیاتی منداڵان، تەرخان بکرایە. کەچی دەبینین تەنانەت کەناڵە دەوڵەمەندەکانیش لە ڕووی ڕێنووس و زمانەوانییەوە، کارێک دەکەن مرۆڤ شەرم لە خوێندنەوەی دەکات. بۆیە لە ئاست وەرگێڕانی کتێبی منداڵاندا، ئێمە زۆر لە پاش نەتەوەکانی ترەوەین و کەمتەرخەمیمان شتێکی بەرچاوە.
پرسیار- چی بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر گرنگی به ‌بوواری وه‌رگێڕان بدرێ، له ‌بوواری ئه‌ده‌بی منداڵاندا؟
وەڵام: ئەگەر هێندێك بۆ ڕابووردووی مێژووی ئەدەبیات بە شێوەیەكی گشتی، لەنێو ئەدەبیاتی كوردیدا بگەڕێینەوە، دەردەكەوێ كە ئەدەبیاتی منداڵان لەلای ئێمە لەپاش لقەكانی تری ئەدەبە و مێژوویەكی كورتی ئەم ساڵانەی دوایی لێ دەربكەین، هێشتا لە سەرەتاداین. لەگەڵ ئەوەشدا، كەشێكی گەشەی ئەدەبیاتی منداڵان لەو ساڵانەی ڕابووردوو و ئێستاش هەبووە و هەیە ئەگەر گرنگیی پێ بدرایە. بێگومان ئێمە گەلێكی پەرش و بڵاو و دابەشبووی سەر نەتەوە و كولتوورە جیاوازەكانین و سەرەڕای ژیانی سەختی غوربەت، دەكرێ سوود لە كولتووری ئەو نەتەوانە ببینین و لە دونیای ئەدەبی ئەوانەوە، شتە جوانەكان بۆ خزمەت بە ئەدەبی خۆمان بگوێزینەوە و لەو ڕێگەیەشەوە خزمەتێكی بەرچاوی ئەدەبی منداڵانی پێ بكەین. لە سەردەمی ئێستادا، ئەدەبیاتی منداڵان لەنێو كۆمەڵگە ڕۆژئاواییەكاندا هێندە پڕبایەخ و پێشكەوتووە، كاریگەریی لەسەر گەورەساڵانیش داناوە. ئەو نووسەرە گەورانەی لە مێژووی پێشدا پێیان وابوو لە پاڵ نووسینی خۆیان، کارکردن لەسەر ئەدەبی منداڵان دیوێکی ناشیرینیان پێشان دەدات، ئێستا بە خۆشحاڵییەوە لەو بووارەدا، بەرهەمیان بە نێوی خۆیان هەیە و زۆر بابەتی جوانیان پێشکەش کردووە. ئەوەی ئەمڕۆ لە ئەدەبیاتی كولتووری ئەواندا بەرهەم دێ، شێوازێكی ئارامی بێ تۆقێنەر و دووركەوتنەوە لە خورافیاتەكانە، بۆیە لەم كاتەدا، دەبێ بە گرنگیی زیاترەوە لێی بڕوانین، بەڵام لەلای ئێمە ئەوەی ئێستا كاری بۆ دەكرێ بە بەراورد لەگەڵ ناوخۆی وڵات زیاتر لە ئاستی تاكە، بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، پێویست بە هاوكاریی هەمەلایەن هەیە، پێویست بە پڕۆژە و ڕێكخستنەوەی ڕێنووس و چرای زمانەوانییەكی گەش هەیە، پێویست بە لیژنەی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون هەیە.
پرسیار- به‌های بابه‌تی وه‌رگێڕدراو بۆ منداڵ چییه‌؟ له‌كاتێكدا كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌كان جیاوازه‌، كام جۆر به‌رهه‌م وه‌ربگێڕدرێت؟
وەڵام: بەرهەمی خۆماڵی لەم بووارەدا، کێش و گرنگی و بەهای خۆی هەیە بۆ ئەوەی فەرهەنگ و کولتووری ڕەسەن و سروشتی جوان و دڵفێنککەرەوەی کوردستان بۆ نەوەکانی داهاتوو پارێراو بن. لەم ڕووەوە منداڵ ئەگەر ئاشنایەتیی تەواوی لە بەرهەمە کولتوورییەکان و شێوازی وردبوونەوە لێیان نەبێت، ناتوانێت چێژ لە بەرهەمە بیانییەکان وەربگرێت. لێرەشەوە دێینە سەر ئەوەی بابەتی وەرگێڕان بە دڵنیاییەوە گەشەی زیاتر بە بەهرەکانی منداڵان دەدات و لەپاڵ بابەتی خۆماڵیدا، خۆری ڕووانین و ئاستی بیرکردنەوەیان ڕۆشنتر دەکات. هەروەک چۆن جیهانی منداڵان بەرینە، لەو قۆناغەی ژیانیشدا، پەروەردەیەکی تەندروست زۆر پێویستە، چونکە لەوێدا منداڵ لەنێو ئەزموونی ژیانێکی نوێیە و پێویستیی بە وشە و لێکدانەوە و شێواز و کار و کردار هەیە. هەر لە دەربڕینەوە تا دەگاتە ڕێنووس و زمانەوانی، داهاتووی منداڵ دیاری دەکەن. بابەتە وەرگێڕدراوەکان گوڕوتینێکی تر بە زەین و بیرکردنەوەی منداڵ دەدەن، چونکە بە شێوەیەکی گشتی پێشکەوتووترن و لە هێندێک شوێن لە قەوارە کلاسیکییەکە دەرچوون و لە هێندێک شوێن پەرەیان پێ داوە و لە هەردوو حاڵەتدا، خوێنەر درک بە تازەگەری دەکات. زۆر گرنگە ئەوەی کاری وەرگێڕان دەکات، شارەزاییەکی تەواوی لەسەر هەردووک زمانی دایک و بێگانە هەبێت بۆ ئەوەی لە ڕووی کارەکەیەوە سەرکەوتوو بێت و لەوەش کەوا چ بابەتێک هەڵدەبژێرێت بۆ وەرگێڕان بۆ ئەوەی لەگەڵ شێوە ئەدەبیاتی منداڵانی نەتەوەکەیدا بگونجێت. من کتێبێکی گەورەنووسەری منداڵان لە سوێد، (ئەسترید لیندگرێن)م، بە ناوی ئێمەی منداڵانی گوڕەدێ لە ساڵی 2004دا، تەرجەمەی سەر زمانی کوردی کرد. هەرچەندە ئەسترید لە چیرۆکەکانیدا زۆر وشەی کۆن و پەتی بەکاردەهێنێ، بەڵام بێجگە له‌ ناوی مرۆڤەکانی نێو کتێبەکە، کە لە کۆمەڵگەی سوێدیدا بەکاریان دەهێنن، سەرتاپای نووسینەکە وێنەیەک بە دەستەوە دەدات، کە دەشێ منداڵانی تێکڕای نەتەوەکانی تر سوودی لێ ببینن و وا هەست دەکەی کە لە خزمەتی تەواوی جیهانی منداڵاندا نووسراوە. ئەوەشمان بیر نەچێت، با ئێمە لەو شێوازە کلاسیکییەی هەبوو نەبوو، بێینە دەرەوە و شێوازێکی سەردەمییانە کە لەگەڵ ئەم قۆناغەدا بگونجێت، پەرە پێ بدەین بۆ ئەوەی لەوە زیاتر سەرنجی منداڵان بۆ خوێندنەوە و نووسین ڕابکێشین.
پرسیار- حكومه‌ت تا چه‌ند كه‌مته‌رخه‌مه‌ له‌م بوواره‌دا؟ پێشنیازتان چییه‌ بۆ داهاتووی ئە‌ده‌بی منداڵان؟
وەڵام: هه‌ست ده‌كه‌م كتێب و نامیلكه‌ و گۆڤاری منداڵان لەم دۆخەدا، سەررەڕای کەمی، كه‌متر بووه‌ته‌وه. بەداخەوە، سیاسەت دەستی بەسەر هەموو جوومگەکانی دەستەڵات و ئەدەب و هونەر و گشت بەها پیرۆزییەکاندا گرتووە. بە شێوەیەکی گشتی، ڕەوتی بەرەوپێشچوونی هونەر و ئەدەبی لەم وڵاتەدا لاوازە و هەموو ڕۆشنبیرێک درکی پێ دەکات و لەنێو ئەوانەشدا، بەتایبەت ئەدەبی منداڵان. لێرەدا گومانی تێدا نییە کە حکومەت و سیستەمی بەڕێوەبردن گوناهی تەواویان دەکەوێتە ئەستۆ لە نەبوونی بوودجەی تایبەت و پڕۆژەی پێویست بۆ پێشخستنی ئاستی ڕۆشنبیریی منداڵان، چونکە ئەدەبی منداڵان لەلایەکەوە خەرجیی زۆرتر دەوێت و لەلایەکی ترەوە دەبێت زۆر بە وردی کاری تێدا بکرێت.
پێشنیازم بۆ هەموو دڵسۆزێکی نیشتمانی ئەدەب هەیە و ئەوەی لە توانایدایە و لە سایکۆلۆجیای منداڵ شارەزایی تەواوی هەیە، لەو ڕووەوە درێغی نەکات. نووسین لە بوواری ئەدەبی منداڵاندا، هیچ نەنگییەکی تێدا نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە نووسەر دەکات بە دۆستی هەرەنزیکی منداڵان. بیرمان نەچێت، ئێمە ئەم ئەمانەتە مێژوویە بە نەوەکانی داهاتوو دەسپێرین. پێویستە لەسەر حکومەت و سیستەمی بەڕێوەبردنیش، کە ئاوڕێکی بەرچاوتر لەم لایەنە گرنگە بداتەوە و تەواوی قورسایی و بەرپرسیارییەتییەکانی ئێستا و داهاتوو، بە کردار بگرێتە خۆی.
پرسیار- باسی ئەزموونی خۆت بکە، کە چۆن بوو، یان هۆکار چی بوو لە بواری منداڵان کاری وەرگێڕانت کردووە، یاخود چیت پێ باشە لەم پرسیارە وەڵام بدەرەوە، یان چەند بەرهەمت بۆ منداڵان وەرگێڕاوە، ئەگەر ئاماژە بە ناوەکانیان بکەی؟
وەڵام: چل و دوو ساڵە، سەرەڕای هەموو ئێش و ئازارەكانی ژیان و هەموو هەڵەمووتە سەختەكانی ڕابووردووی ئەم پێناوەدا، بە بەلەمی خەیاڵ و بەنێو زەریا بەرینەكەی ئەدەب، بە ئارامی سەوڵی خۆشبەختیی نووسین و شیعر لێ دەدەم. لەو ماوەیەشدا، بێجگە لەو كاتانەی بە هۆی باری خراپی تەندروستیمەوە (كە هەر ئەوەش هۆیەكەی بوو، هەناسەی ژیانی غوربەت هەڵبژێرم)، هیچ وەخت ئەدەبی منداڵانم فەرامۆش نەكردووە. كتێبێك لە نووسینی خۆم (بنار، كچێك بوو لە بڵندایی دەترسا) بەچاپ گەیاند و، لە ماوەی ژیانی غوربەتیشدا، کە 27 کتێبی سوێدیم تەرجەمەی سەر زمانی کوردی کردووە، بۆم دەرکەوت کە لەنێو نەتەوەکانی تردا، تا چ ئاستێک ئەدەبیاتی منداڵان پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە. بۆیە بێجگە لە کتێبی گەورەساڵان، چەندین كتێبی هەڵبژێردراوی شیرینی سوێدیم بۆ تەرجەمەی كوردی كردوون و لە جێگەی شەكرۆكە و نەعنا پێشكەش بە منداڵان و ئەدەبیاتی كوردیم كردوون.

تێبینی:
شیعرێك بە ناوی منداڵی و ناوی ئەو كتێبانەتان بۆ دەنووسم، كە من لە بواری ئەدەبی منداڵاندا، كردوومن بە كوردی.
1/ شیعری منداڵی:
لە یوتووب، بە دەنگی خۆم:
https://www.youtube.com/watch?v=R8YqpxtW5Gk&t=2s

2/ کتێبێک، نووسینی خۆم (بنار، کچێک بوو زۆر حەزی لە ترێ دەکرد). نووسینەوەی بە پیتی لاتینی و کرمانجیی سەروو: سەبری سلێڤانی و مەهاباد کوردی.
نموونە (1):
بنار کچێکی خنجیلانە و تەمەنی دەساڵان بوو. ئەو خەڵکی دێی “ژیلەرە” بوو. دێیەکەیان کەوتبووە دامێنی شاخێکی بەرز کە خەڵکی دێیەکە پێیان دەگوت: “شاخەبەرز.”
Binar behî keçek dehsalî bû. Ji xelkê gundê Jîlere bû. Gund ketibû nişîv çiyayek bilind lew xelkê jê re digot: Çiyayê Bilind.

ڕۆژێكيان به‌ره‌به‌ری نيوه‌ڕۆ بوو، بنار له‌ ماڵ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ره‌ و پشت ماڵان ڕۆيی. له‌وێ تووشی شه‌نگه‌ی هاوڕێی بوو كه‌ به‌ ده‌م تۆڵه‌كه‌كردنه‌وه‌ ئه‌م گۆرانييه‌ی ده‌چرييه‌وه‌:
وڵاتمان ئێجگار شيرينه‌
خاكی به‌پيت و ڕه‌نگينه‌
جێگای ژوان و ئه‌ڤينه‌
وه‌ره‌ و به‌خـۆت بيبينه‌
كاتێك شه‌نگه‌ بناری بينی، بانگی لای خۆی كرد و گوتی:
– بنار! ته‌ماشاكه‌! تۆڵه‌‌كه‌ی خۆشم هه‌ڵكه‌ندووه‌، وه‌ره‌ هێندێك بخۆ.

Rojekê ji rojan, li danê nîvro, Binar ji mal derket û berev kolanê ve çû. Li wê derê çav bi hevala xwe Şengê dikeve ku giyayê tolkê diçine û di ber re vê stiranê distirîne:
Welatê me pirr şirîn e
Bi xêr û bêr û rengîn e
Cihê jivan û evîn e
Were tu bi xwe bibîne.
Wextê ku Şengê Binar dîtî, yekhew bangî wê kir û got :
– Binar, binêre! Min tolkek xweş çiniye, were hindekê bixwe.

3/ کتێبە وەرگێڕدراوە چاپکراوەکانم لە سوێدییەوە، بەشی منداڵان:
1.. ئێمەی منداڵانی گوڕەدێ، تێکست: ئەسترید لیندگرێن. (چاپ، ئێنگلاند 2004).
2.. دووربین، تێکست: ئینگڤێ بێریێر. (چاپ، ئێنگلاند 2002).
3.. بەلەمەکەی بۆنادێیا، تێکست: ئیرمێلین ساندمان لیلیوس. (چاپ، ئێنگلاند 2004).
4.. ئۆریان، ئەو هەڵۆیەی لە بڵندایی دەترسا. تێکست: لاش کلینتیگ. (چاپ، سوێد 2001، کوردستان-سلێمانی دەزگەی چاپ و پەخشی سەردەم 2005). نووسینەوەی بە کرمانجیی سەروو و پیتی لاتینی: خەلیل دوهۆکی.
5.. لیۆپۆلد. تێکست: لاش کلینتیگ. (چاپ، سوێد 2002). نووسینەوەی بە کرمانجیی سەروو و پیتی لاتینی: خەلیل دوهۆکی.
6.. ئەو دۆکتۆرەی هەموو شتێک دەزانێ. تێکست: ماتس ڕێهنمان. (چاپ، ئێنگلاند 2004). نووسینەوەی بە کرمانجیی سەروو و پیتی لاتینی: خەلیل دوهۆکی.
7.. ئاهەنگ ڕێکخەران، تێکست: ئاننیکا هۆلم. (چاپ، وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان / پڕۆژەی پەنجا کتێبیی هونەرمەندی شێوەکار ڕێبوار سەعید، سلێمانی 2004).
8.. سەگ ڕزگارکەران، تێکست: ئاننیکا هۆلم. (چاپ، وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان / پڕۆژەی پەنجا کتێبیی هونەرمەندی شێوەکار ڕێبوار سەعید، سلێمانی 2004).
9.. نەفەرە بەخۆڕاییەکە، تێکست: ئاننیکا هۆلم. (چاپ، وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان / پڕۆژەی پەنجا کتێبیی هونەرمەندی شێوەکار ڕێبوار سەعید، سلێمانی 2004).
10.. کێکە سەربەتوێژەکان، تێکست: ئاننیکا هۆلم. (چاپ، وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان / پڕۆژەی پەنجا کتێبیی هونەرمەندی شێوەکار ڕێبوار سەعید، سلێمانی 2004).
11.. ئارەزوومەندی لەسەر فیل. تێکست: سڤێن و ئینگیێرد زێتتەرلووند. (چاپ، سوێد 2001). نووسینەوەی بە کرمانجیی سەروو و پیتی لاتینی: خەلیل دوهۆکی.
12.. ئارەزوومەندی لەسەر زوڕافە. تێکست: سڤێن و ئینگیێرد زێتتەرلووند. (چاپ، سوێد 2002). نووسینەوەی بە کرمانجیی سەروو و پیتی لاتینی: خەلیل دوهۆکی.
13.. جنۆکە لە هەموو جیهانەوە، تێکست: مۆنیکا زاک. (چاپ، ئێنگلاند 2004).
14.. زمانی بنیادەمە خوێنمژەکە و چیرۆکی ترسناکی تر، تێکست: مۆنیکا زاک. (چاپ، ئێنگلاند 2005).
15.. کەللەسەرەمردووە ئاوازخوێنەکە، تێکست: مۆنیکا زاک. (چاپ، ئێنگلاند 2006).
16.. دڵی زێڕین، تێکست: ئولف ستارک. (چاپ، ئێنگلاند 2004).
17.. پومپێ دەچێتە نێو دارستان و پومپێ لەنێو جۆگەیەکدا مەلەوانێ دەکات، تێکست: باربرۆ لیندگرێرن. (چاپ، ئێنگلاند 2004).
18.. یادێک لە کوردستان، تێکست: مارییا زوون. (چاپ، سوێد، برومما 2007).
19.. کاتێ من سێزدە ساڵ بووم، بوومە سامی، تێکست: مۆنیکا زاک. (چاپ، ئێنگلاند 2007).
20.. با ورچە سپییەکان هەڵپەڕن، تێکست: ئولف ستارک. (چاپ، ئێنگلاند 2009).
21.. لیللی، باپیرە و تریفە باکوورییەکە، تێکست: ئێلین مارەکات. (چاپ، ئێنگلاند 20
……………………………………………………………

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت