جەمیلە شێخ مەحمود: کاتێ چەمکی مافی مرۆڤ تەنها گاڵتەیەکە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نزیکەی 13 ساڵ لە بواری مافی مرۆڤدا کارم کردووە، چەندین رووداوی سەیرو سەمەرە، ناعەدالەتی و گاڵتە کردن بە چەمکی مافی مرۆڤم بینیوە، هەروەها چەندین کەسی واشم بینیوە لە سنوری دەسەڵاتی خۆیدا پارێزەرێکی باشی مافی مرۆڤ بووە، بۆیە زۆر جار وەک عەرەبەکان ووتوومە (لیس دنیا بخیر).
رژێک بریارمدا بەرنامەو پەیرەوی ناوخۆی هەموو حزبەکانی کوردستان بخوێنمەوە، بەشێوەیەکی گشتی هەموویان بروایان بە ئازادیی بیروڕاو رەخنە گرتن هەبوو، هەموویان کار بۆ بەرجەستەکردنی مافە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگییەکانی هاوڵاتیانی کوردستان دەکەن، بەجدی کە دەمخوێندنەوە ، زۆر دڵخۆش دەبووم. واتە لەسەر دونیای لاپەرە کاغەزەکان شانازییم بە نەتەوەکەمەوە دەکرد.
لەساڵی 2008 بەیانییەک کە چوومە شوێن کارەکەم، گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ، هات بۆ لام، کراسێکی رەشی ڕەنگ دێزی لەبەردا بوو، کەلەبەر هەتاو رەنگەکەی تێک چووبوو، شەرواڵێک و جووتێ پێڵاوی تەپوتۆزاوی لەپێ بوو، ڕەنگی هەڵبزرکابوو. فەرمووم لێ کرد و وتم دانیشەو پەرداخێک ئاوم بۆ دانا، چونکە ماندووییم لە چاوەکانیدا دەبینی. پاش کەمێک وتی، من لە شارۆچکەی (پ) هاتووم، پێش 6 مانگ پەیوەندیم بە حزبێکەوە کرد، پاش ماوەیەک بێزار بووم، چونکە من حەماڵی دەکەم، مەجالی ئەو هەموو کۆبوونەوەو دەرس خوێندنەم نییە، دەبێت بەردەوام لەناو بازارەکەدا بم تا ئیشێکم دەست دەکەوێت. پێش هەفتەیەک بە نامەیەک داوای واز هێنانم کرد و هۆکارەکەشم بۆیان نوسیی بوو، بەڵام ئێستا ئەو کەسەی لێپرسراوم بوو، هەرەشەم لێ دەکات، دەڵێت نابێت واز بێنیت. بۆیە هاتوومەتە لای ئێوە، چونکە بە پێی مافی مرۆڤ من ئازادم کاری سیاسیی بکەم یان نا.
بەڕاستی ئەو گەنجە ترس رەنگورووی داپۆشیی بوو، بڕوام بە سکاڵاکەی کرد. منیش بە پێی دەسەڵاتم بۆم نەبوو بچمە لای ئەو حزبەو پەیرەوی حزبەکەیان بۆ ببەم و پێیان بڵێم، یان ئەو دروشمی ئازادی و دیموکراسییانە لە پەیرەوەکەتان لا ببەن یان واز لەم گەنجە بهێنن. بۆیە پێم وت برۆ لە بنکەیەکی پۆلیس شکات بکە، ئیتر نازانم چی بەسەر هات!!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت