کەمال بوزی: گورگە بۆرەکان، گەورەترین ڕێکخراوی رەگەزپەرستی توندرەو لە ئەڵمانیا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێرانی لە ئەڵمانییەوە بەدەستکارییەوە/ جەمیلە شێخ مەحمود
نزیکەی پێنج دەیە زیاترە بزووتنەوەیەکی نەتەوەپەرستی توندڕەو لە تورکیا بوونی هەیە. ئەم بزوتنەوەیە لە گەڵ چەندین یانە و رێکخراوی سێبەر، کە بە (گورگە بۆرەکان) ناسراون و هەندێجاریش بوونەتە هۆی گرژیی لەنێوان تورکەکاندا، باوەڕی ئەم بزووتنەوەیە دژی بنەماکانی ماف و کەرامەتی مرۆڤە کە لە یاسای بنەرەتیدا ئاماژەی پێکراوە- ئەوانە لەم ساڵانەی دواییدا چالاکییەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. خۆیان ناوناوە شوێنکەوتووانی ( Ülkücü) واتە میسالیەت، واتە پێیانوایە تورک رەچەڵەکێکی رەسەنن، سومبولیان گورگە بۆرەیە کە لە داستانێکی کۆنی تورکەوە وەرگیراوەو مانای هێزو شەڕەنگێزیی دەگەیەنێت. رەگەزپەرستیی نەتەوەیی بڵاودەکەنەوەو خەونیان بوژاندنەوەی تورانیزم و ئیمبراتۆرییەتی تورکیای گەورەیە، هەروەها کۆتایی ههێنان بە ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی لەو وڵاتە.
ئێمە باس لە بزوتنەوەیەکی نەتەوەپەرستی راستڕەوی تورکی دەکەین کە دەیان ساڵە لە ئەڵمانیا هەن، کە لە ژێر چەتری سەدان کۆمەڵەو رێکخراوی سێبەردا رێکخراون، بۆ نموونە فیدراسیۆنی تورک ( Türk Federasyon) و ( ATIBو ATB). زیادەرۆیی لە ناسیۆنالیزمی تورک دەکەن و لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لە بەهاکانی ئیسلامیزم دەکەن. هەروەها دژایەتیی چەپرەوە راستەقینەکان و هەموو کەسێکی ناتورک دەکەن، لەوانەش کورد و ئەرمەن هەرچەند هەڵگری رەگەزنامەی تورکیش بن. هەروەها پشتیوانیی و بەشداریی ململانیکانی وڵاتی تورکیا لە ئەڵمانیادا دەکەن. ژمارەی ئەندامانی رێکخراوی گورگە بۆرەکان لە ئەڵمانیا گەیشتۆتە 18000 کەس و بوون بە بەهێزترین رێکخراوی رەگەزپەرستی توندڕەو لە ئەڵمانیادا و سێ هیندەی پارتی (NPD)دەبن، کە پارتێکی رەگەزپەرستی توندرەوی ئەڵمانییە لە ئێستادا.

ئایدۆلۆژییەتی گورگە بۆرەکان
ئایدیۆلۆژییەت و رەگەزپەرستی و هەڵویستەکانی پارتە توندرەوەکانی تورک و گورگەبۆرەکان پشتی بە کۆمەڵێک گوتارو پایەی جیاواز بەستووە، وەکو جیاکاریی لەسەر بنەمای رەگەزو هۆمۆفۆبیاو دژایەتی جولەکە، هەروەها چەندین جۆری تری نایەکسانی و چوساندنەوە بنیات نراوە. کۆیلایەتیی و پەرستنی سەرکردە، رازی بوون بە توندوتیژی و چەندین بواری تر…. لێرەدا لەسەر ئەو رەگەزانە بەتایبەت وورد دەبینەوە:

نەتەوەپەرستی و میسالییەت (ve Ülkücülük Millyetcilik)
خاڵی سەرەتای ئایدیۆلۆژییەتی سیاسیی راسترەوی توندرەوی تورکی بریتییە لە “نەتەوەپارێزیی” کە نەتەوەپەرستی و رەگەزپەرستییە دژی هەموو ئەو نەتەوانەی بە رەگەز تورک نین.

نەژادپەرستی
هەرچەند وەک تاکتیک هەندی جار نەژادپەرستی رەت دەکەنەوە، بەڵام نەژاد پەرستیی بنەمای سەرەکی ئایدیۆلۆژییەتی (پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی، مەهەپە)یە. ئەوەش بە پلەی یەک دژی ئەرمەن و کورد و جوولەکە ئاراستە کراوە. نهال ئاتسیز رابەری گورگە بۆرەکان، نزیکەی 60 ساڵە هەیمەنەی تورکی بەم شێوەیە دارشتووە: تورک متمانەی بە مەزنیی نەژادی تورک هەیە، مێژووی ناسیۆنالیزمی لا بەنرخە، ئامادەیە قوربانی لە پێناو تورک بدات بەتایبەت دژی مۆسکو(یەکێتی سۆڤیەت و شیوعییەت لەو سەردەمەدا). نەژادپەرستی مەهەپە و گورگە بۆرەکان لەسەر هەڵوێستی دژایەتی خۆیان بۆ کورد دەربریوەو دەڵێن: ئەگەر کوردەکان بەردەوام بن لە قسەکردن بەو زمانە سەرەتاییە(….)، لەلایەن تورکەوە لەناو دەبرێن بەهەمان رێگا کە جۆرجییەکان و ئەرمەنەکان و یۆنانییەکانمان لە ڕیشەوە لەسەر (خاکی تورک) هەڵکەند.

باوەڕی نۆ رۆشنایی ( Isik 9 )
لەناخی سیاسەتی مەهەپە شتێک هەیە پێی دەڵێن (نۆ رۆشنایی)یەکەی ئەلبارسان تورکەش، کە نەتەوەپەرستی و ئیسلامیزمی ئاوێتەی یەک کردووە. ئەم نۆ پایەی ئایدیۆلۆژییەتەی مەهەپە بریتین لە: نەتەوەپەرستی، باڵایی نەژاد، هەستکردن بە شەرەف، زانست، یەکێتی، ئازادبوون، سەربەستی و سەربەخۆیی. لەگەڵ ئەوەشدا گرنگترین شت لە باوەڕی نۆ رۆشناییەکە ناوەرۆکەکەی نییە بەڵکو رەخساندن و پەرەپێدانی دەسەڵاتی ئەلبارسان تورکەشە کە هەمیشە ئەو بە ئیلهامبەخشی ئایدیۆلۆژیای گورگە بۆرەکان دانراوە.

پرەنسیپی سەرکردە ( Basbug)
ستراکتۆری چاودێریی و زۆرلێکردن، بێ چەندوچوون رۆڵێکی گرنگی بینی لەگەڵ گورگە بۆرەکان لە مەهەپەدا. ئەوەش بە پیرۆز راگرتنی دامەزرێنەری حزب ئەلبارسان تورکەش وەک ڕابەر لە پاش ماوەیەک لە مردنی و هەروەها هەڵواسینی وێنەکەی لە هەموو پێگیەکی گورگە بۆرەکان و دەرخستنی وێنەکەی لە رووداوە گەورەکاندا. هەروەها دانانی مێژووی ژیانی لەهەموو شوێن و پێگەیەکی بزووتنەوەو گوێرایەڵی بنەماکانی وەک فەرمانێک لە لایەن گورگە بۆرەکانەوە.

نەتەوەی ئیسلامی و پێکاتەی تورکی ئیسلام
بە درێژایی مێژووی مەهەپە، ئیسلامیان لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەشێوی جیاواز دەرخستوە، هەرچەندە نەژادپەرستیی تورکی کرۆکی ئایدیۆلۆژییەتی مەهەپە پێکدێنێت، بەڵام گرنگیی زیاتر بە ئیسلامیزم دەدەن. ئاماژەدان بە ئیسلام خزمەتی بە بزووتنەوەکە گەیاندووە، بەتایبەت لە میانەی وتاری کۆمەڵایەتیدا بۆ جەختکردنە سەر دژایەتی عەلمانییەت و لیبرالییەت و فرەیی، هەروەها دژی مافی کەمینەو یەکسانی بەکاری دێنن. بەو شێوەیە ، مەهەپە بەشدارییەکی کارای هەبووە لەو راستییەی پێی دەڵێن ” پێکهاتەی تورکی ئیسلامی” لەدیدی بیرمەندانی سیاسییەوە، ئەوە بە تێڕوانینی بنچینەیی یاسای نەتەوەی تورک دادەنرێت. بەشێوەیەکی گشتی واتە نابێت لە باسی مێژووی تورکدا، پێکهاتەی تورک و ئیسلام لێک جیا بکرێتەوە. لەهەمان کاتدا تەرکیز کردنی پارتی مەهەپە لەسەر ئیسلامگەرایی ئامانجی کاریگەریی خستنەسەر زۆرترین خەڵکی موسڵمانی ناوچەکەیەو دەیەوێت لە سنورێکی بەرفراواندا کار بکەن و لەژێر پەردەی ئیسلامدا بیانخەنە ژێر رکیفی بیرکردنەوەی نەژادپەرستی خۆیانەوە ، ئەم بۆچوونەش نەک هەر مەهەپە بەڵکو هەموو حزبە ناسیۆنالیزم و ئیسلامییە تورکەکان لە تورکیا دەگرێتەوە.

پێگەیاندنی تورکی ئەوروپی
(تورکەش) سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی ئەوکاتە، دەستەواژەی تورکی ئەوروپی (Avrupa Türklügü) داڕشت، ئەوەش وەک دەستەواژەیەکی گشتی بۆ ناسنامەی نەتەوەیی تورکی ئەڵمانیا بۆ پشتیوانی ئەوانەی دەرەوەی ئەلمَانیا، واتە وەک پشتیوان بۆ تورکیا، لەساڵی 1995 لە شاری هیسن لە ئەڵمانیاو لە کۆبوونەوەی گشتیی ساڵانەی (فیدراسیۆنی تورک)، تورکی ئەوروپی وەک (سنوری نیشتمانی) تورک پێناسە کرا. ئەوەش بانگەوازی ئەو تورکانە دەکات کە لە ئەوروپا دەژین، کە پێویستە لەسەریان ناسنامەی نەتەوایەتی تورکی بڵاو بکەنەوە، ئەوەش لەگەڵ مەنتقی ئەو دروشمە یەک دەگرێتەوە کە دەڵێت ( ئەڵمانی بە، بەڵام وەک تورک بمێنەوە). ئەوەش ئەوەیە کە هەموو حزبە ناسیۆنالیزمە تورکەکانی ئەڵمانیا بانگەشەی بۆ دەکەن و هەوڵیش دەدەن رەگەزنامەی ئەڵمانی وەربگرن، پاش ئەوە هەوڵ دەدەن بۆ بنیاتنانی بەهێزترین لۆبی تورک لە ئەڵمانیا. بۆ ئەم مەبەستە بەتایبەت هەوڵی ڕاکێشانی ئەو گەنجانەی لە نەوەی سێییەم و چوارەمی پەنابەرە تورکەکان دەدەن، کە بە زمانی تورکی قسە دەکەن، ئەوانەی لە ئەڵمانیا لەدایک بوون و گەورە بوون. کە زۆرجار ئەو گەنجانە گرنگیی بە ناسنامەی نەتەوەیی نادەن بۆیە پێویستە کۆبکرێنەوەو ئامادەو پەروەردە بکرێن لە چوارچێوەی رێکخراوەیی راسترەوی ناسیۆنالیزمی تورکیدا.

رێکخراوو چالاکی گورگە بۆرەکان لە ئەڵمانیا
لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکاندا و پاش کۆچی کرێکارانی تورک بۆ ئەڵمانیا، چەندین کۆمەڵەی ناسیۆنالیزمی تورکیان دامەزراند، لە ساڵی 1978 زۆربەیان لە یەک رێکخراوی گەورەدا یەکیانگرتەوە لەژێر ناوی ADÜTDF ( یەکێتی تورک بۆ کۆمەڵە نموونەییەکان لە ئەڵمانیا) کە ئێستا بە فیدراسیۆنی تورک ناسراون. ئەم فیدراسیۆنە کۆمەڵەیەکی مۆڵەت پێدراوە و بارەگاکەیان لە (فرانکفۆرت/ ماین)ەو لەڕووی یاساییەوە رێکخراوێکی سەربەخۆیە، بەڵام لەڕووی ناوەرۆک و ئایدیۆلۆژیەتەوە دەتوانین وا بیناسێنین کە بەشێکە لە مەهەپە.
لەشێوەی فیدراسیۆنی تورک چەندین رێکخراوی سێبەری مەهەپە لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا هەیە وەک ( بەلجیکا، دانیمارک، فەرەنسا، بەریتانیا، نەمسا و سویسرا) هەروەها لە ئوسترالیا و ئەمریکا.
لە میانەی ناکۆکی ناوخۆییدا، رێکخراوی (یەکگرتووی تورکی ئەوروپی ATB) و (یەکگرتووی ئیسلامی تورکی لە ئەوروپا ATIB) لە فیدراسیۆنی تورکی جیابونەتەوەو وەک باڵێکی ئاراستەی ئیسلامیی لە گورگەبۆرەکاندا خۆیان دەنوێنن. لەسەر ئاستی نیشتمانیش هەرسێکیان پێکەوە زیاتر لە 300 کۆمەڵەو لقی ناوچەییان هەیە.
(فیدراسیۆنی تورک) بەشێوەیەکی هەرەمی رێکخراوە، بە پێی سیستمی سیاسیی، ئەنجومەنی بەڕێوەبردن، ئەنجومەنی چاودێری و ئەنجوومەنی تەمێکردن. ئەنجومەنی تەمێکردن ئەو ئەندامانە سزا دەدات کە بنەماکانی کۆمەڵە پێشێل دەکەن. ئەم فیدراسیۆنە داواکاری قورس بەسەر ئەندامەکاندا دەسەپێنێت، وەک جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆمەڵە وەک خۆی، پێدانی برێکی دیاریکراو لە داهاتیان بە فیدراسیۆن، ئەو چالاکییانەی فیدراسیۆن قەدەغەی دەکات نابێت ئەندامەکان بیکەن.
وڵاتی ئەڵمانیایان بۆ 10 هەرێم دابەش کردووەو هەر هەێمێکیش یەک کۆمەڵە بەڕێوەی دەبات. هەندێ هەرێمی فیدراڵیش کە ژمارەی ئەندامەکانیان زۆرترن بۆ 3 کۆمەڵە دابەشی کردوون وەک (بافاریا، بادن فورتمبیرغ ، شمال رایان و یستفالیا).
هەندێ ناوی کۆمەڵەو گروپی تریش هەن کە لەسەر رێچکەی گورگە بۆرەکانن، بۆ نموونە، کۆمەڵەی نموونەیی تورکی. زۆرجاریش ناوەکان سیاسیی نین ، بەڵکو لە شێوەی کۆمەڵەی هونەری و کەلتوری و رۆشنبیریدا دەردەکەون، بۆ نموونە، بنکەی ۆشنبیری تورکی، رابیتەی کرێکارانی تورک، کۆمەڵەی هاوڕێیەتی تورکی ئەڵمانی.
هەرسێ رێکخراوی (فیدراسیۆنی تورک ، ATB،ATIB ) کاریگەرییان لەسەر چەندین کۆمەڵەی رۆشنبیری و جەماوەریی ، کۆمەڵەی بازگانی، کۆمەڵەی لاوان و یانەی فتبۆڵێن و مزگەوتەکانیش هەیە، هەروەها کاریگەرییان لەسەر ژیانی چەندین کەسایەتی بەرەگەز تورک لە ئەڵمانیا دروست کردووە. وێرای ئەوە زۆر چالاکن لە بواری بەرنامەی ئاوێتەبوون (الاندماج) لە کۆمەڵگای ئەڵمانیدا. هەندێ جاریش لە لیستی هاوپەیمانیی کۆمەڵ و گروپە ئیسلامییەکاندا دەردەکەون.
شوێنکەوتووانی گورگەبۆرەکان هەوڵ دەدەن خۆیان بخزێننە ناو حزبە ئەڵمانییەکانەوە وەک، CDU، CSU، SPD و پارتی سەوزی ئەڵمانی و چالاکی نواندن لەسەر ناوەرۆکی ئایدیۆلۆژی و سیاسیی ئەوان.
هەروەها لە لایەن فیدراسیۆنی تورکەوە زۆر چالاکانە بانگەشە بۆ تێگەشتەی ئەلبارسان تورکیش دەکەن سەبارەت بە تورکی ئەوروپی، دەڵێن ( ئێمە تێدەکۆشین لە پێناو پاراستنی بەهای نیشتمانیی و باڵادەستی نەژادی کۆمەڵگای تورک و گواستنەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو)، لە مارسی ساڵى 2009 لە کۆنگرەی ADÜTDF لە شاری هیسن لە ئەڵمانیا سەرۆکی ئەو کاتە Doğruyol وتی، هەتا ئەگەر رەگەزنامەی ئەڵمانیش وەربگرین، رەچەڵەکی تورکمان هەیەو ئەندامی بەشەرەفی نەتەوەی تورکی مەزنین. ئێمەی تورکی ئەوروپی بەشانازییەوە هەڵگری ناسنامەی تورکین. مەکتەبی پاراستنی دەستور لە باکوری رایان-ویستفالیان لەساڵی 2004 ئاماژەی بە گورگە بۆرەکان کرد کەوا بەشداری لە دەرکەوتنی کۆمەڵگای هاوتەریب Parallelgesellschaft دەکەن، واتە خۆبەکەنارگیرخستن و تێکەڵ نەبوون بە بواری کۆمەڵایەتی و کەلتوورو رۆشنبیریی ئەڵمانی، ئەوەش زیان بە ئاشتەوایی و پێکەوەژیان لە ئەڵمانیا دەگەیەنێت.
خۆپرچەککردن و بەهێزکردنەوەی ناوخۆیی تورکیا بووە هۆی دەرکەوتنەوەی گروپی گورگە بۆرەکان بەشێوەیەکی بەهێزتر لە ئەڵمانیا، بۆ نموونە، لە 31ی تەموزی 2016 لەپای داواکاریی ئەردۆگان و سیاسییەکانی پارتی دادوگەشەپێدان لە کۆڵن هەزاران تورک هاتنە سەرشەقامەکان و خۆپیشاندانیان کرد، کە زۆربەیان ملوانکەی سومبولی گورگەبۆرەکانی لەملدا بوو،. لەبەرلین و هامبۆرگ و شتوتگارت و گێلسنکێرش و شارەکانی تر، زۆربەتوندی هێرشیان کردە سەر چەندین دام و دەزگاو کۆمەڵەی فێرکردنی کوردی نزیک لە گولەن . هەروەها لە میونخ وەک پشتگیرییەک بۆ ئەردۆگان سوبولی گورگیان بەرزکردەوە. لەسەرەتای مانگی ئازاری 2017 لە میانەی وتاردانی وەزیری دەروەی تورکیا مەولود کافوش ئۆغلۆ لە بەردەم قونسولییەی تورکیا لە هامبۆرگ لایەنگرانی ئەردۆگان بەدەستی راست سڵاوی نیشانەی گورگیان بەرزکردەوە.
شایانی باسە، کاتێک بۆندستاغ برایارێکی سەبارەت بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە لایەن حوکومەتی تورکیاوە دەرکرد، لە لایەن نەتەوەپەرستانی تورکییەوە چەندین لایەنگری ئەم بریارە لە ئەڵمانیا رووبەڕووی هەرەشە بوونەوە و نزیکەی 12 ئەندامی بۆندستاغ لەلایەن پۆلیسەوە پارێزران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت