بەهرۆز جەعفەر: لە بارەی ئاسایی بونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیلەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ساڵی 2016 ەوە چەند جارێکە تورکیا خوازیارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی کۆمارو وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەم پرسە ئەجوڵێنن. ڕۆژی 11ی مارسی 2021 لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، میدیاکان پرسیاریان لە بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد، ئایا لەمیانەی ڕێککەوتن لەگەڵ ووڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ئەم پەیوەندییە لەگەڵ تورکیاش ئاسایی ئەکەنەوە؟.
ناتانیاهو، ووتی؛ لەگەڵ تورکیاش قسە ئەکەین (نەیوت لەگەڵ تورکیا ڕێک ئەکەوین).
بە گوێرەی پەیوەندییەکانمان لە پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، لەگەڵ هەردوو ناوەندی ئۆرسامی نزیک لەئاکەپەو هەروەها بیگن- سادات سەنتەر کە تینک تانکێکی گەورەو باوەڕپێکراوی ئیسرائیلە، ئەڵێن:
پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا ئاسایی ئەکەینەوە بە مەرجێک تورکیا واز لە مامەڵەکردن لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس بهێنێت. هەروەها ئیسرائیلیەکان ئەڵێن هەرگیزاو هەرگیز پەیوەندییەکانمان لەگەڵ قوبرس و یۆنان ناکەین بە قوربانی تورکیا. ئیسرائیل پەیوەندیی سەربازیی و ئابوریی و مێژوویی و جوگرافی بەتینی لەگەڵ قوبرس و یۆنان هەیە. بەتایبەت بۆڕی گازی سروشتی ئیسرائیل و قوبرس پێکەوە بەیەک هێڵدا ئەچێتە یۆنان و لەوێوە بۆ وڵاتانی تر…
ئیمڕۆکە ئیسرائیل کارێکی ئەوتۆی بە تورکیا نەماوە تا گازی سروشتی بە خاکی تورکیادا بگاتە ئیسرائیل. بەڵکو ئەوە تورکیایە لە دەریای ناوەڕاست بەدوای هاوڕێیەکدا ئەگەڕێت و کەسی دەست ناکەوێت.
بە نیسبەت کوردەوە، بە بێ ئەملاولا: ئەگەر تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە لەدژی ئەزمونی ڕۆژئاوای کوردستان ئەوە ئەکات. بەگشتی هەموو پەیوەندییەکی بەهێزی نێوان تورکیاو ئیسرائیل لە دژی کوردی باکورو ڕۆژئاوایە.
تورکیا دەستی داوەتە مانۆڕێکی گەورەی دیبلۆماسیی و دووبارە-بیرکردنەوە لە قووڵایی ستراتیجی و جیۆپۆڵەتیکی خۆی، بۆ ئەو مەبەستەش زۆری مەبەستە لەگەڵ میسر و ئیسرائیل پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە لە دەریای ناوەڕاست. بۆ ئاسایی بونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر دوور نییە ئاکپارتی دەست لە پرۆژەی ئیخوانی بونی خۆی هەڵبگرێت، بۆ ئاسایی بونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دوور نییە دەست لە حەماس و کێشەی فەلەستین هەڵبگرێت، مانۆڕەکانی گازی سروشتی و پەیوەندیی بەهێزی گازی سروشتی نێوان قوبرس و ئیسرائیل و یۆنان و میسر پێکەوە چەند ساڵێکە بەتەواوی ئۆقرەی لە تورکیا بڕیوە. هەروەها لەگەڵ ئەمەشدا پەلەیەتی لەگەڵ سعودییە پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە.
لە 21 ی دیسەمبەری 2020 ڕاوێژکاری ئاسایش و کاروباری دەرەوە لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا پڕۆفیسۆر مەسعود چەشین Mesut Hakkı CAŞIN لەمیانەی دیداری لەگەڵ بەشی ئینگلیزی دەنگی ئەمریکا، ئەڵێت ئێمە ئامادەین بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل، ئەگەر ئیسرائیل یەک هەنگاو بنێت ئێمە دوو هەنگاو و زیاتر ئەنەین. چەشین بەڵێنی داوە ئەگەر ئیسرائیل پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە لەگەڵ تورکیا ئەوە ڕووداوی وەک ئەوەی کەشتی مافی مەڕمەڕە کە ساڵی 2021 ڕوویدا دوبارە نابێتەوە.
لە دیدارەکەی پڕۆفیسۆڕ چەشین (مامۆستام بو لە ساڵی 2015 لە قوبرسە تورکیەکە) دا، ئەڵێ ئەم پەیوەندییە ئەوەی باشە تورکیا ئەبێتە ڕێگەیەک بۆ گواستنەوەی گازی سروشتی ئیسرائیل بەرەو ئەوروپا. ئەم ئاخافتنەی چەشین جۆرێکە لە نوستالۆجیا( پەرۆشی بیرکردنی شتێک کە مەحاڵە بیبینیت) . چونکە ئەوە نزیکەی ساڵونیوێکە ئیسرائیل و قوبرس بە درێژایی ( 1900 ) کم بۆڕیی بەژێر ئاودا گازی سروشتی خۆیان ئەنێرن بەرەو قووڵایی ئەوروپا. هیچ پێویستیان بەوە نییە ئاسایشی هەرێمایەتی ناوچەکە تێک و پێک بدەن و تورکیا بخەنە ناو یانەکەی خۆیانەوە کە کەس نازانێ لە چی چرکەساتێکدا هەڵئەچن و خوانەکە بە جێ ئەهێڵن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت