شێرزاد ڕۆژهەڵاتی: ڕیشەی دوشمنایەتی دێموکڕاتەکانی چوار پارچەی کوردستان بەرامبەر پ ک ک/ بەشی یەکەم.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پوختەی وتارەکە:
لە چوار پارچەی کوردستان دا دوو ڕێبازی جیاواز لە ململانیەکی توندی فکری، فەرهەنگی و سیاسی دان.
زۆرینەی حیزب و ڕێکخراوەکانی کورد لە یەکێک لە دوو بەرەی پ ک ک و دێموکڕاتەکان جێ دەگرن.
هەرچەند کە بەشێک لە هێزە کوردیەکان لە نێوان ئەم دوو جەمسەرە دا دەبیندرێن، بەڵام مەیلیان بە لای یەکێکیان دایە.
کۆمەڵگای کوردستان لە چین و توێژی جۆراوجۆر پێک هاتوە کە بیر و بەرژوەندی جیاواز و تەنانەت دژ بە یەکیان هەیە. حیزبە کوردیەکان نوێنەری ئەم چین و توێژانەن.
پ ک ک نوێنەری چینی ژێردەست و ڕووناکبیرانی چەپە و دێموکڕاتەکانی چوار پارچەی کوردستان نوێنەر و پارێزەری بەرژوەندی چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردین.
چینی سەردەست پێکهاتەیێکە لە کۆمەڵەتوێژێک کە 10٪ی جەماوەر پێک دێنن.
دێموکڕاتەکانی چوار پارچەی کوردستان “پ ک ک” بە خەتەرێکی گەورەتر لە دەوڵەتانی ناوچە بۆ سەر بەرژوەندی چینی سەردەستی کورد دەبینن.
شەڕی دێموکڕاتەکان بۆ دەسەڵاتە بە سەر کۆمەڵگای کورد دا. بەڵام ئامانجی پ ک ک گۆڕینی بنەڕەتی سیستمی ئابوری، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسیە.
لە دابەشکاری ڕێبازی سیاسی دا، دێموکڕاتەکان ڕاستی سوننەتی و پ ک ک چەپی سەردەم نوێنەرایەتی دەکەن.
خوێنەری بەڕێز، پێم خۆش بوو لە مەدحی برایەتی، یەکگرتویی و هاوخەباتی گشت حیزبە کوردیەکان لە پێناو ئازادی و ڕزگاری نەتەوەیی بنوسم. ئەمە خەونی من، تۆ و ملیۆنان کوردە. بەڵام واقەعیەتەکانی سەر زەوی جیاواز لە حەز و ئارزۆکانی ئێمەن. منیش ناچارم خەونەکەم بۆ خۆم ڕاگرم؛ و وتارەکەم بکەمە ئاوێنەی ڕاستیەکانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی بزوتنەوەی نەتەویی کورد تا ئێستا دوو بیر و باوەڕی دژ بە یەکی ڕاست و چەپ لە ململانێی ناوخۆیی دابوون:
کورتە مێژووی سەد ساڵەی ململانێی ڕاست و چەپ لە کوردستان(1921- 2021)

1- دەورەی حکومەتی شێخ مەحمود
ساڵی 1921 حکومەتی دووەمی شێخ مەحمود لە سلێمانی دروست دەبێت. لەم دەورەیە دا ئاغا و شێخ و مەلاکان، کە زۆربەیان دەست‌وپێوەندی شێخ مەحمودی بوون، دژایەتیی خوێندەوار و ڕووناکبیرەکانیان دەکرد.
بە وتەى مێژوونووس تۆفیق وەھبی، شێخ و مەلاکان لیستێکیان دروستکردبوو کە تۆفیق وەھبیشی تێدابووە، ناویان نابوون (فەرمەسۆن) یان بۆینباخ لەملەکان، وەک کەسانی بێدین سەیر دەکران. جەماڵ عیرفان، ڕووناکبیری دژە دەرەبەگی سلێمانی، یەکەم قوڕبانی بو کە ساڵی 1922 لە لە ماڵەکەی خۆی‌دا تیرۆر کرا.

2- کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد و کۆماری مەهاباد
ساڵی 1943 کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد لە لایەن ڕووناکبیران و کەسانی چینی مامناوەند و ژێردەستی مەهاباد و موکریان دامەزرا. بە پێی یاسای نێوخۆیی کۆمەڵە، سەرۆک عەشیرە، شێخ، ئاغاوات؛ و بە گشتی کەسانانی چینی سەردەست بە ئەندام قەبوڵ نەدەکران.
بە دروستی پێشبینیان کردبو ئەگەر ئەم چینە بێنە ناو ڕێکخراوەکەیان، ڕێبەری دەگرنە دەست خۆیان و کۆمەڵە لە ڕێباز و ئامانجی بناغەدانەران دوور دەکەنەوە.
هاوینی 1945 سێ ئەندامی سەرەکی کۆمەڵە بە ناوەکانی ڕەحمان زەبیحی، قاسم قادری و دڵشاد ڕەسوڵی، بە شێوەیێکی گوماناوی لە باڵانیشی ورمێ لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتی شا گیران.
لە غەیابی ئەمانەدا، قازی محەمەد بە ئەندامی کۆمەڵە وەرگیرا. بە دوای ئەو دا ڕێگا بۆ هاتنە ناوەوەی توێژی سەردەست کرایەوە. لە ژێر ڕێنوێنی باقرۆف سەرۆک کۆماری خودموختاری ئازەربایجان، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە سەر پاشماوەی کۆمەڵە ساز کرا. لە دووی ڕێبەندانی 194 کۆماری مەهاباد بە ڕێبەری قازی محەمەد دامەزرا.
سێ گیراوەکەی کۆمەڵەی ژ.ک دوای دامەزرانی کۆمار ئازاد بون و هاتنەوە مەهاباد. بەڵام لە گەڵ باقی دامەزرێنەرانی کۆمەڵە لە حکومەتی قازی محەمەد پەراوێز خران.
لە ناو کابینەی قازی دا تەنیا یەک نەفەر لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە پۆستی وەزارەتی پێدرا (سەدیق حەیدەری).
دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژ ک لە دەورەی یازدە مانگەی کۆمار دا سەرەڕای ناڕەزایەتی لە سیستمی حاکم، بە خاتری خزمەت بە خەونی گەورەی نەتەوایەتی، بە هەموو توانای خۆیان لە خزمەت کۆمار دا مانەوە. خۆشبەختانە لەم دەورەیە دا بێجگە لە ڕووناکبیری چەپ، غەفور مەحمودیان، هیچ کەس لە سەر جیابیری نەکوژرا.

3- شۆڕشی ئەیلول(1961- 1975)
سێهەم ململانێ لە دەیەی شەستی سەدەی بیست لە نێوان مەلامستەفا و مەکتەبی سیاسی پارتی دێموکڕات(هەمزە عەبدوڵا، ئیبڕاهیم ئەحمەد و مام جەلال) دەستی پێکرد.
مەلا مستەفا پارێزەری بیری ڕاستی سوننەتی و سیستمی خێڵەکی و دەرەبەگایەتی بوو.
مەکتەبی سیاسی بەرەیێکی تێکەڵاو لە چەپ، خوێندەوار، ڕووناکبیر تا دەگاتە کەسانی مامناوەند و تەنانەت بەشێک لە چینی سەردەستی کۆمەڵگای کورد بوو.
ململانەی ئەم دوو جەمسەرە تا ئێستاش بە شکڵ و شێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە. هەزاران کارەساتی خوڵقاندوە و و زیاتر لە دەهەزار قوڕبانی لێ کەوتۆتەوە.

4- باڵی ڕاست و چەپی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە دەیەی شەستی سەدەی بیست.
باڵی ڕاست بەڕێبەرایەتی عەبدوڵا ئیسحاقی(ئەحمەد تۆفیق) بە تەواوی لە خزمەت سیاسەتەکانی مەلا مستەفا دا بوو. مەلا‌مستەفاش لە خزمەت شای ئێران. (مێژوو دوپات بۆتەوە گوڵم!!! دێموکڕاتەکانی ئەوڕۆی ڕۆژهەڵات لە خزمەت کووڕ و نەوەکانی مەلا مستەفا دان؛ و ئەمانیش لە خزمەت تورکیا و …).
باڵی چەپ بە ڕێبەرایەتی سلێمان موعینی،سمایل شەریف‌زادە، مەلا ئاوارە، حەمەدەمینی سیڕاجی، کەریمی حیسامی و… کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکڕاتیان پێک‌هێنا.
باڵی چەپ کەوتنە بەر پەلاماری مەلا مستەفا. بە ناچاری بۆ پێشگیری لە کوژران و ڕادەست‌کرانەوە بە دەوڵەتی ئێران، لە ناوچەی دەسەڵاتی مەلا، هەڵاتن بۆ ڕۆژهەڵات و شۆڕشێکی چەکداری پێشوەختیان دەست پێکرد.
دەوڵەتی شای ئێران بە هاوکاری مەلا مستەفا، توانی لە ماوەی ساڵ و نیوێک دا زۆربەی ڕێبەرەکانیان بکوژێ و کۆتایی بەم شۆڕشە بێنێت.
مابەقی کادر و پێشمەرگەکان( 120کەس) لە ترسی مەلا‌ مستەفا پەنایان بردە مام جەلال لە بەکرەجۆی سڵێمانی. مام‌جەلالیش بەتالیۆنی قازی محەمەدی بۆ ساز کردن.
پێویستە خوێنەر بزانێ کە ساڵی 1966 مەلا مستەفا بە نەهێنی فەرمانی کوشتنی ئەندامانی دەفتەری سیاسی دابوو. ئەم پیلانە ئاشکرا دەبێ و مامجەلال و هەڤاڵانی هەڵدێن و بە ناچاری پەناهەندەی دەوڵەتی ئێراق دەبن. مەلا نێوی جاشی 66ی لە سەر دانابون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت