زەبەنگ بەهادین: بەرکەماڵ” کامل المواصفات”.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤە کەم دیدەکان لەسەر ئەم زەوییە لە هەر جێگایەک بێت دەیانەوێت هەموو شتەکانیان بەر کەماڵ ( کامل المواصفات) بێت، سروشتی مرۆڤی ژیرەکان جیاوازە لەم دید و بۆچونە، مرۆڤی ژیر بە چاوی پێویست سەیری هەموو بابەتەکان دەکات، ئەوەی لای ئەو گرنگە ئەو شتە یا ئەو بابەتە ئامانجەکەی خۆی بپێکێت.
ئەوەی کێشەی زەق و دیارە لە کاتێکدا مرۆڤی کەم دید داواکاریی بەرکەماڵی دەکات بۆ هەموو بابەتەکانی یان هەموو شتەکانی کەخۆی ماهیەتی ئەو بەرکەماڵیە نازانێ یان لە خۆیدا بەرجەستە نییە، یاخود بەرکەمالیەکە بە مەنزوری خۆی پێوانە دەکات، دەبینین ژن دەیەوێت پیاوەکەی بەو شێوەیە بەرکەماڵ بێت کە ویستی خۆی لەسەرە لە کاتێکدا خۆی هیچ ئامرازێک لە ئامرازەکانی بەرکەمالی تێدا نییە، وە هیچ رەنگدانەوەیەکی بەرکەماڵ لە ڕەفتار و گوفتاری خۆیدا نییە، بە هەمان شێوەش بۆ پیاو کە ویستی بەرکەماڵی بۆ ژنەکەی هەیە.
لە ساتی هەلبژاردنی پێویستیەکی ژیان کەم دیدەکان بە دوای بەرکەماڵتریندا دەگەڕێن بە بێ ئەوەی پێویستی ڕاستەقینەیان بەو جۆرە بێت رەنگە هەر نەزانن چۆن بەکاری بهێنن بەمەش دەبێتە زەرەرێکی زۆر بۆ خودی خۆی و بۆ کۆمەڵگەکەشی، بە نمونە کڕینی ئامێریکی پەیوەندی، واتە موبایلێک. دەبینین کەم دیدەکان بە دوای تازەترین جۆردا دەگەڕێن کە بەرکەمالترین بێت بە بێ ئەوەی پێویستی راستەقینەی ئەو ئەوە بێت، کاتێک ئایفۆنێکی دوازدە دەکرێت بە رێژەی لەسەدا شەست زیاتری بەرنامە و ئایکۆنەکان بەکار ناهێنێت بگرە بابەتەکەی یان بۆ خۆ قەبە کردنە یان بۆ پڕکردنەوەی گرێ دەرونیەکانیەتی، ئەمە لە کاتێکدایە هەنێک لەوانە خۆیان دەخەنە ژێر باری قەرزەوە و پارەی زۆر بە فیڕۆ دەڕوات لە بابەتێک کە سوودی ڕاستەقینە ناگەیەنەێتە دەست ئەم.
ئەم نمونەیە هەمان شتە بۆ ئۆتۆمبیل و بابەتەکانی دی ڕۆژانەی مرۆڤ، ئەنجامەکەی زەرەرێکی زۆر بۆ تاکەکە خۆی لە هەمان کات زەرەر لە ئابووری و ولاتەکەی، راستە ژیان بە نوێگەری یەوە جوانترە، بەلام دەبێت نوێگەری لەگەل ویست و خواستی تاکدا یەکبگرێتەوە. مرۆڤی ژیر هەلبژاردنی بۆ بابەتەکان یان پێویستیەکانی لەسەر بنەمای زەرورەتی خواستەکەیە بە جۆرێک یەکسانی دروست بکات لە نێوان ویست و خواست دا، کاتێک ئوتۆمبیلێک دەکرێت دەبێت بزانێت ئەم پێویستی بە چ جۆرە ئۆتۆمبیلێکە و خواست و حەزی لە چ جۆرێکی کەیە، دروستکردنی هاوسەنگی نێوان ئەم دوو لایەنە دەبێتە راگرتنی بالانسی گیرفان و مێشک بەمەش ئابووری تاک وکۆمەلگاش پەرە دەسێنێت و گەشە دەکات لە هەمان کات ئاستی رۆشنبیری تاکیش بەرزتر دەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت