زەبەنگ بەهادین: یەکێتی بۆچی رێککەوتنی لەگەل گۆران کرد؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رێککەوتنی دەباشان لە نێوان بزوتنەوەی گۆران و یەکێتی نیشتیمانی کوردوستان بە لاوازی لە دایک بوو بە بەهێزی مرد، هەرچەندە رێککەوتنەکە لە نێوانی دوو کەسایەتی رابەی هەردوو حیزبەکە کرا ، بەلام نارەزایەتی بەشێکی ناو یەکێتی نیشتیمانی و بەشێکی بزوتنەوەی گۆرانی لە هەناودا هەڵگرت، هەر ئەو کات رەحمەتی نەوشیروان مستەفا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ووتی عیبرەت لە جێبەجێکردنی رێکەوتنەکەیە، سەرەنجام رێکەوتنەکە مرد و هیچ بەندێکی جێبەجێنەکرا.
ئێستا مێژوو جارێکی دی خۆی دووبارە کردەوە و رێکەوتنێکی نوێ کراوە لە نێوان بزوتنەوەی گۆران و یەکێتی نیشتیمانی ئەمجارە سەرمەشقی رێکەوتنەکە کورانی بنەماڵەکانی یەکێتی و گۆرانن، ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدا کراوە کە بزوتنەوەی گۆران رێککەوتنی پێشوەختەی هەبووە لەگەل پارتی دیموکراتی کوردوستان، پرسیارەکە لێرەوە دەست پێدەکات، بۆ یەکێتی ئەم رێککەوتنەی کرد؟ بۆ پارتی، گۆرانی بۆ خۆی نەقۆستەوە و رێککەوتنی لەگەڵ نەکرد، لەگەل ئەوەی هەر یەک لە یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتیش دەزانن کە بزوتنەوەی گۆران سەنگ و پێگەی جارانی نەماوە سوودی نابێت بۆ زیادکردنی دەنگەکانیان.
سەرەتا پارتی باش دەزانێت کە گۆران دەنگی نییە لە ناوچەی زەرد، بۆیە رێککەوتن و رێکنەکەوتن هیچ لە دۆخی پارتی ناگۆرێت لە ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی خۆیدا. هەرچی ناوچەی سەوزیشە لە ژێر هەیمەنەی یەکێتیدایە بە واتای هەر دەستکاریکردنێکێ دەنگەکان لە هەڵبژاردن لە لایەن یەکێتییەوە، بزوتنەوەی گۆران هیچی پێناکرێت وەک لە پێشوتر بیمان، بەڵکو بگرە دەبێت ئەمجارە تەواو بێدەنگ بێت. بۆیە لەو کاتەدا پارتی هەرچەند کورسی بدات بە گۆران لە زۆنی خۆیدا زەرەریەتی لە هەمان کات دەزانێ گۆران لە ئێستادا دوژمنایەتی پارتی پێناکرێت لە بەر ئەوەی شەریکە لە دەسەلاتدا و سوود مەندە.

بۆ یەکێتی رێککەوتنی کرد لەگەل گۆراندا؟ ئەمە پرسیارە جەوهەیەکەیە.
بە چەند خاڵێک هۆکارەکانی رێککەوتنی یەکێتی لەگەل گۆران دەخەینە روو:
یەکەم/ یەکێتی باش دەزانێت کە بزوتنەوەی گۆران سەنگ و پێگەی جارانی نەماوە، بۆیە ترسی لە دۆرانی خۆی نییە بەرامبەر گۆران، بگرە سەنگی یەکێتی خۆی پێ بەرز دەکاتەوە. کاتێک دەلێت، دوا جار گۆرانمان هێنایەوە مالە گەورەکە، چونکە هەمووان باش دەزانن ئەم رازی بوونەی گۆران سواڵی کورسیە و چیتر، دەنا گۆران باش دەزانێت کە خۆی بە تەنها دوو کورسیشی بۆ نایەت.
دووەم/ یەکێتی بە رێکەوتنی لەگەل گۆران دا بە شێوەکی ستراتیجی گۆران دەخاتە قاڵبێکی بێدەنگ بوون و ملکەچ بوون بۆ خواستەکانی یەکێتی لە ناوچەی سەوز، بە نمونە هەر دەستکاریەکی ئەنجامی هەڵبژاردن بکرێت دەبێ گۆران بێدەنگ بێت، چەندێک زەوی تەخشان و پەخشان بکرێت چەندێک سامان و داهاتی ناوخۆو گومرگەکان لە زۆنی سەوز ببرێت دەبێت گۆران بێدەنگ بێت.
سێهەم/ کاتێک یەکێتی هاوپەیمانی گۆران بێت ئەوا بزوتنەوەکە دەکەوێتە دۆخێکی نەخوازراو لە لایەن پارتییەوە بە شێوەیەک رێککەوتنەکەی گۆران و پارتی وەک هەلوەشاوەی لێدێت تەنانەت لە پەرلەمانی کوردوستانیش ویست و خواستەکانی پارتی وەک جاران نایەتە دی کە دەنگەکانی گۆرانی مسۆگەر کردبوو، ئەمە شتێکی حەتمیە، چونکە گۆران خۆشی باش دەزانێت ناتوانێ لە هەردوو ئاخورەکە بخوات.
چوارەم/ یەکێتی بەم رێککەوتنەی بەشێکی زۆری گۆرانەکان دەباتەوە ناو خۆی یەکێتی، وەک چۆن پارتی بەشێکی باشی گۆرانی برد پاش رێککەوتنەکەی لەگەل گۆران یەکێتیش بە هەمان شێوە ئەو کات لایەنگر و ئەندامەکانی گۆران دەڵین کە ئەمان رێکبکەون لەسەر دزی و تاڵانی بۆ ئێمە بە دەستی دوو وەرگرین و با راستەوخۆ بچینەوە ناو یەکێتی و بێ باج سوود مەند بین.
پێنجەم/ گۆران چەندێک کشایە دواوە بە رێککەوتنی لەگەل پارتی بەم رێککەوتنەشی لەگەل یەکێتی هێندەی کە پاشە کشە دەکات و جەماوەری نامێنێت ئەمەش لە بەرژەوەندی یەکێتیە، چونکە هەر لە سەرەتای دروست بوونی بزوتنەوەی گۆرانەوە زیاتر سەر ئێشە بوو بۆ یەکێتی بووە، چونکە بنکەی سەرەکی گۆران لە زۆنی سەوزە، بۆیە نەمانی گۆران لەم زۆ نە و کاڵ بونەوەی تەواوی نیللیەکەیە و تۆخ بونی رەنگی سەوزە.
شەشەم/ لە دوای تەواو بوونی هەلبژاردن یەکێتی نزیکتر دەبێت لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار، چونکە رکابەرەکەی بە تەنها پارتی دەبێت کە ئاسانترە وەک لەوەی پارتی و گۆران و حیزبەکانی دی بن.
لێرەدا دەبینین بەرامبەر چەند کورسیەکی بەغداد کە گرنگیەکی ئەوتۆی نییە، یەکێتی گرەوێکی گەورەی بردۆتەوە لە بەرامبەریشدا هیچی نەدۆراندووە بۆیە ئەوەی سوودمەندە یەکێتی نیشتیمانیەو ئەوەشی زیاتر دەبێتە پاشکۆو لە نشوست نزیک دەبێتەوە بزوتنەوەی گۆرانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت