نەوزادى موهەندیس: گەردەلولەکان و داڕمان و ڕۆچونەکانى زەوى لەناوبەرە بێ ئامانەکەى شارستانێتی مرۆڤایەتى!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێناسە:
گەردەلوول: ڕوودەدات لە ناوچەیەکى پەستانی نزم لەگەڵ بوونى ڕەشەبایەکى لوولپێچى کە بەپێچەوانەى میلى کاتژمێرەوە دەسوڕێتەوە لە نیوەى باکورى گۆى زەوى و لەگەڵ میلى کاتژمێریشدا لە نیوەى باشوورى گۆى زەوى.

پێکهاتەى گەردەلوول:
گەردەلوول پێکدێت لە 2 ناوچە:
1. چەق یان چاوگ: کە سەرچاوەى گەردەلولە و ئارامە.
2. دیوارى گەردەلوول: کە بریتیە لە هەورێکى چڕ و ڕەشەبا و بە دەورى چاوگ یان چەقدا دەسوڕێتەوە و جووڵەى ڕەشەباکەى ستونى و توندە.

پێوانەى توندى گەردەلوول:
توندى گەردەلوول بە پلەى (( فۆجیتا))دەپێورێت لەسەر بنەماى خێرایى و کاولکارى و زیانەکانى:
1. گەردەلوولى سووک پلەکەى لە نێوان 64-83 پلەى یەکەم
2. گەردەلوولى مام ناوەنج پلەکەى لە نێوان 84-95 پلەى دووەم
3. گەردەلوولى بەهێز پلەکەى لە نێوان 96-110 پلەى سێهەم
4. گەردەلوولى زۆر بەهێز پلەکەى لە نێوان 111-135 پلەى چوارهەم
5. گەردەلوولى وێرانکەر پلەکەى لە نێوان زیاد لە 135پلەى پێنجەم

جۆرەکانى گەردەلوول
1. گەردەلوولى کەمەرەیى
2. گەردەلولى دەرەوەى کەمەرەیى
3. گەردەلوولى ناوەنجى لەشێوەى کەمەرەیى

زیانى گەردەلوولەکان:
1. زیان لە کشتوکاڵ و جوڵەى خانوە جوڵاوەکان و تێکدانى کەلوپەلى سەربانەکان دەدات کاتێک خێرایى با 118-133کم/کاتژمێر بێت.
2. دەرهێنانى درەختە سووک و بچوکەکان و درزبردنى درەختە گەورەکان و هەڵگێڕانەوەى ئۆتۆمبێل و هەڵگرتنى چادر و شکاندنى پەنجەرەى ماڵان کاتێک خێرایى با 118-180کم/کاتژمێر بێت.
3. شکاندنى درەختە گەورەکان و هەڵکێشان و هەڵکەندنى سەربانەکان کاتێک خێرایى با 181-210کم/کاتژمێر بێت.
4. وێرانکردنى سەربانى ماڵان و هەڵکەندنى درەخت و پچڕاندنى هێڵەکانى کارەبا و داخستنى ڕێگاوبانەکان کاتێک خێرایى با 210-250کم/کاتژمێر بێت.
5. ئەم جۆرەیان کە خێرایى با 251-330کم/کاتژمێرە زۆر توند و کاولکارە.
6. ئەم جۆرەیان خێرایى با زیاد لە 420 کم/کاتژمێرە و هێشتا ڕووینەداوە لەسەر زەوى.

گەردەلوولە بەناوبانگەکان:
1. گەردەلوولى نانسى ساڵى 1961 لە ڕۆژئاواى زەریاى هێمن.
2. گەردەلوولى بەنگلادیش و هندستان ساڵى 1970 ژمارەى قوربانى 300هەزار کەس.
3. گەردەلوولى تریسى ساڵى 1974 لە کەنارى ئوستوڕالیا.
4. گەردەلوولى فۆرست ساڵى 1983 لە باکورى ڕۆژهەڵاتى زەریاى هێمن.
5. گەردەلوولى گێلبەرت ساڵى 1988 لە مەکسیک.
6. گەردەلوولى ئاندرۆ ساڵى 1992 لە ئەمریکا زیانەکانى 250 بلیۆن دۆلار.
7. گەردەلوولى جۆن ساڵى 1994 لە ئوستوڕالیا ژمارەى قوربانى 8 هەزار کەس.
8. گەردەلوولى میتش ساڵى 1998 لە ئەمریکاى ناوەڕاست وێرانکەر بوە.
9. گەردەلوولى کاترینا و ساندى و ئێرین ساڵى 2011 زیانەکانى زۆر گەورەبوون.

داڕمانى بەفر و خاک
1. داڕمانى بەفر: بریتیە لە جوڵەى لەناکاوى بڕێک بەفر لەسەر لاپاڵە لارەکانى شاخەکان و ڕەنگە ببێتە هۆکارى زیانى گەورە ئەگەر لە لوتکەیەکى بەرزەوە بکەوێتە خوارەوە.
مەترسیدارترین پلەى لارى شاخ کە داڕمانى بەفرى تیادا ڕوودەدات بریتیە لە 28 پلە. جاهەرکاتێک توانرا بەفر لەسەر زەوى هەڵبگیرێت و بشگیرێت و لەهەمان کاتیشدا بەسەریدا بخلیسکێتیش ئەوا پێشبینى داڕمانێکى گەورەى لێدەکرێت.
2. داڕمانى خاک: بریتیە لە جوڵەى خاک، وەک کەوتنەخوارەوەى بەرد و داڕمانى لاپاڵەکان و ڕۆیشتنى خاک و ڕۆیشتنى پاشماوەى لیتەیى.
داڕمانى خاک لە ژینگەى جیاوازدا ڕوودەدات کە پلە و گۆشەى لارییان تیژە یان مام ناوەنجە،کە لەناو دۆڵى نێوان شاخەکان،یان تەنیشت کەنارەکان ڕوودەدات، تەنانەت لە ژێر ئاویشدا ڕوودەدات (لێرەدا پێیدەوترێت داڕمانى زەوى دەریایى).

هۆکارەکانى داڕمانى خاک:
هێزى کێشکردنى زەوى هۆکارى سەرەکیە بۆ داڕمانە زەمینیەکان، بەڵام هۆکارى تریش هەن وەک هۆکارە سروشتیەکان:
1. باران بارینى بەخوڕ و تێربوونى زەوى لاپاڵەکان بە ئاو یان تواندنەوەى بەفر.
2. بوومەلەرزە و لەرینەوەکانى.
3. یان بڕینى لارى بۆ دروستکردنى ڕێگاکان.
4. بەرزبونەوەى ئاستى ئاوى ژێر زەوى، یان بەرزبونەوەى فشارى بۆشایى ( بەهۆى پڕبونەوەى بۆشاییەکان بە باران).
5. زیادبوونى فشارى هایدرۆستاتیکى لە درزەکاندا.
6. داخورانى ڕووى لاپاڵەکان بەهۆى ئاوى ڕووبار یان شەپۆلە زەریاییەکانەوە.
7. کردارى دووبارەبونەوەى بەستن و خاوبونەوە یان چوونە ناوەوەى خوێ بۆ ناو ئاوى ژێر زەوى یان توانەوەى کانزاکان.
8. تەقینەوە گڕکانیەکان.

هۆکارە دەستکردەکانى مرۆڤ:
1. نەمان و بڕین و ئاگر تێبەردانى دارستانەکان و کشتوکاڵ و بیناکان.
2. لەرینەوە بەهۆى ئامێرەکان و جوڵەى هاتوچۆوە.
3. تەقینەوە و گەڕان بەدواى کانزاکاندا.
4. کارى هەڵکەندن.
5. لابردنى داپۆشەرى ڕوەکى قوڵ لە خاکدا.
6. چالاکیە کشتوکاڵیەکان( بڕینى درەختەکان).

جۆرەکانى داڕمانى زەوى:
1. ڕۆیشتن یان لافاوى پاشماوەى لیتەیى : کە لە ئەنجامى تێربوونى گڵەوە دروست دەبێت بە ئاو شێوە لافاوێکى قوڕى دروست دەکات و دەبێتە هۆى ڕاماڵینى هەرشتێک کە بێتە سەر ڕێگاى وەکو لافاوێکى ئاسایى دەبینرێت بەڵام جیاوازە.
2. ڕۆیشتنى جوڵەى زەوى : لە خاکێکدا ڕوودەدات کە دەنکۆڵەى ووردە و لەلاپاڵەکاندایە و خێراییەکەى جیاوازە و کەمترینى 1ملم/ساڵ تا زۆرترینى 20کم/کاتژمێرە. ئەم داڕمانە لەکاتى باران باریندا ڕوودەدات کاتێک خاک تێر ئاو دەبێت.
3. هەڵخلیسکانى پاشماوەیى: بریتیە لە جوڵەیەکى بێسەرووبەرەیى بەرد و خۆڵ و پاشماوەکان کە تێکەڵ بوون لەگەڵ ئاودا یان بەفر یان هەردووکیان، جا زیاتر ئەو لاپاڵانە تێر ئاو دەبن کە ڕووەکى چڕیان تیادایە، و بەوهۆیەوە تێکەڵەیەک دروست دەبێت لەدارى شکاو و ڕوەک و پاشماوەکان.داڕمانە پاشماوەییەکان جیاوازن لە هەڵخلیسکانە پاشماوەییەکان چونکە جوڵەکەى خێراترە.
بەم شێوەیە ئەم دیاردە سروشتیانە لە جیهاندا و لەناوچە جیاوازەکاندا بە بەردەوامى ڕوودەدەن و دەبنە هۆکارى کاولکارى و لەناوبردنى مرۆڤ و ڕووەک و ئاژەڵان و تەواوى دامەزراوەکان و هۆکارەکانى خزمەتگوزراى و ئاوارە و بێسەرووشوێنبونى کەسەکان و زیانگەیاندنیش بە ژینگەى سروشتى گۆى زەوى و گۆڕینى دیمۆگرافى خاک .بۆیە گرنگە کە پێش ئەنجامدان یان جێبەجێکردنى پڕۆژەکان پلانى پێشوەختە هەبێت بۆ بەرەنگارى و ڕێگرى یان خۆپارێزى لەو دیاردانە بەتایبەتى لەو وڵات و ناوچانەى کە نزیک دەریا و زەریاکانن یان ڕێژەى باران بارین تیایاندا زۆرە وەک ناوچە کەمەرەییەکانى زەوى.
خۆشبەختانە لە کوردستاندا گەردەلوولى کەم هەیە بەڵام ڕەشەباى بەهێز هەیە ئەویش نەگەیشتۆتە ئاستى کاولکارى گەورە ،بەهەمان شێوەش داڕمانى بەفر و خاکیش بونیان هەیە بەڵام هێشتاش جێگەى مەترسى زۆر گەورە نین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت