زاهیر باهیر: لە مەزاتخانەی هەڵبژاردندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نوێنەرەکانی” میللەت ئەمجارەش داوامان لێدەکەن بیانخەینەوە سەر کورسی دەسەڵات، بیانبەینەوە بەر ناز و نیعمەت، بیانکەین بە توێژاڵێکی باڵادەستی سەرو خۆمان، بۆ دەستدرێژیکردنە سەرمان و خواردنی مافەکانمان، بۆ خواست و مەبەستی تایبەتی، نەک ئێمە، بەڵکو خۆیان.
ئەمڕۆ مەزاتخانەیەك لە عێراق و کوردستاندا دانراوە، بەڵتەچییەکان، ناشیرترین و فێڵبازترین کەسانی ” نیشتمان” لەو مەزاتخانەیەدا خۆیان هەڕاج دەکەن، بە نرخێکی گەلێك گران ، نەك هەرزان. نرخێکە کە تۆ ئومێد و توانا و ویژدان و خواستی خۆتی بۆ 4 ساڵ یاخود زیاتر پێدەفرۆشی، ویژدانی خۆت لەدەستدەدەیت، قسە و متمانەی خۆت لە بەین دەبەیت، دواتریش پەشیمانیت دادت نادات.
ئێمە لە بەرانبەر ئەزموونێكی تێشکاوی نەك هەر کوردستانیی یاخودی عێراقیی، بەڵکو جیهانی شکستخواردووداین، ئێمە لەبەردەم گەورەترین درۆی مێژووییداین، درۆیەك کە چەند سەدەیەکە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا چەندبارە دەبێتەوە، هاوکاتیش ئەم پرۆسەیە لە عەوێزەی گۆڕانکارییە لاوەکییەکانیشدا نەهاتووە. لە باری چاککردنی ژیانی خراپی خەڵکیدا نییە، گەندەڵیی، نەبوونی ئازادیی و دادوەری کۆمەڵایەتی و نایەکسانی بنەبڕ ناکات، کێشەی چینایەتی و پلەداریی [ هیرراشییەتی] نێو کۆمەڵ چارەسەرناکات، کێشەکانی وەکو بێ خانووبەرەیی، بەتاڵەیی، گرانی پێداویستییەکانی ژیان، زوڵم و زۆر، هەڵاواردن و جودایی نێوان نەتەوەکان، ڕەگەزەکان دەستکاری ناکات.
لەم پرۆسەیەدا ئێمە نوێنەرانی بزنس و سامانداران و هەڵدەبژێرین، خزمەتکاران و پارێزەرانی دەوڵەت و سیستەمەکە، هەڵدەبژێرین، ئەوانەی کە دەستنیشانیان دەکەین تەنها ئەوانەن کە بەجێهێنەری یاخود جێبەجێکاری فرمانەکانی هێزە ڕەش و تاریکەکانن، بەجێگەیاندنی ئەجەندە شاراوەکانی کۆمپانیا زەبەڵاحەکان و بانقەکان و هەرە ساماندارانی جیهانین، ” نوێنەر” ەکانی ئێمە تەنها فرمانە سەپێنراوەکانی ئەوان شەرعیەت پێدەدەن، بۆمان دەکەنە یاسا و یاساکەش دەئاڵێتە گەردنمان و سڕمان دەکات، توانامان دیاریدەکات، ڕوانگە و بیرکردنەوەمان نا کارا دەکات.
گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لەوێوە و بە هۆی ئەو ” نوێنەرانەمانەوە” ناکرێن گەر ئەوانە بکرانایە هەر دەمێك بوو هەڵبژاردن یاساخ کرابوو. ئاخر دەچێتە ئاوەزی کێوە کە خەڵکانی دەستڕۆیشتوو پرۆسەیەك بۆ تۆ ڕەواببینن، کە خۆیان زەرەرمەند بکات؟!!
لە ماوەی 4 ساڵ یازیاتر ئەوەی کە ئێمە هەڵیان دەبژێرین تەنها پەنجە هەڵبڕین و دەنگدانە بە هەندێك کێشە و پرسی لاوەکی ، هەموومان ئەوانەمان بینیوە. ئەوەی کە گرنگە و دێتە پێشەوە لەو ماوەیەدا کە ئەو ” نوێنەرانە” متمانەیان پێکراوە، هیچیێك لەو پرسە سەرکەییانە ناهێرێنە ناو دیوەخانەکە، لە پشتی ئەمانەوە قسەی لەسەر دەکرێت و دەرگای بۆ ئاوەڵا دەکرێت، یاخود هەر بە ئۆتۆماتیکی پرسەکان خۆیان بەڕێدەچن، زۆریان ڕەنگە لە تەمەنماناد هەر نەزانیین، چی کراوە و چی بووە.
سەرەڕای ئەوانەش ئەوەی کە دەسەڵاتی فیعلی هەیە پۆلیسێكە لەسەر شەقام، سەربازێکە ئەمنێکە لە خاڵی چاودێری و پشکنینا، بەڕیوەبەری قوتابخانە، خەستخانە دائیرەیەکە ، سەرۆکی کۆمپانیا یا بانقێکە، دادگایە، سەرۆکی پۆلیسە، ئەمنە، جێنڕاڵێکی نێو سوپایە، سەرۆکی خێزانێکە یا تیرەیەك یا هۆزێکە. هەرچی بێتە سەر تەختی فرمانداریی یا هەر کەس بە ” نوێنەرت” هەڵبژێریت ئەم دەسەڵاتانەی سەرەوە کە بەشێکی زۆر کەمن ناگۆڕێن و بگرە مەترسیدارتریش دەبن.

ئەی جێگرەوە [بەدیل] چییە؟
بەدیل دەنگنەدانە و گەیاندنی پەیامە بە دەسەڵاتداران کە کورد وتەنی” ئەو خورمایەی ئەوان خواردویانە، دەنکەکەی لە گیرفانی ئێمەدایە”. دەنگنەدان پلەی هۆشیاری سەرەتایی خەڵکە ، هەنگاوی گرنگی یەکەمە.
هەنگاوی دووهەم خۆڕێکخستنمانە لە شوێنی خۆێندن و سەرکار و گەڕەك و گوندە. تاوو توێکردنی ئەم ئەزموونە شکستخواردوەیە، دۆزینەوەی ڕێگای نوێیە لە بەرگریکردنی لە خۆمان و لە بەدەستهێنانی ویست و داواکاریەکانمانا، پشتکردنە پارتەکان و بازاڕکردن بۆ شتە ناپێویستییە زیادەکانە، بەگژاچوونەوەی نەریت و خویەکە کە ئێمە هەموومان پێی نەیارین، بەڵام ناچارکراوین، ئەو خوو نەریتانەی خەسڵەتی جیهانگیرییە . کردنی کۆبوونەوەی فراوان و قسەکردنە لەسەر کێشەکانمان و دانی بڕیارەکانە بە دەستەجەمعی لە ڕێگای دیمۆکراتی ڕاستەوخۆوە. کە هەموو کەس مافی دەنگدان و قسەکردن و لێدوانی لەسەر تەواوی پرسەکان و کێشەکان هەیە تا ئەو ڕادەیەی کە ڕای تاکە کەسێکیش کە گەنجێکی 14 یا 15 ساڵ بێت وێرای جیاوازی ڕاو بۆچونی دەکرێت، زۆر بە هەند وەرگیرێت. کردنی کاری هەرەوەزییە و کۆمەك و یارمەتی هەرەوەزیانە ، ژیانی هەروەزیانەیە. ژینگە دۆستی و پاراستنی و ژیانی هارمۆنیانە لەگەڵ سروشتدایە، کردنی کۆمەڵە بە کۆمەڵێکی ئیکۆلۆجیی.
ئەوەی کە گرنگە لەو کۆبوەنەوە گشتیانەدا ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە نوێنەرایەتییەکە، واتە ڕەتکردنەوەی بیرۆکراییەت. ئەوەی کە بەڕیوەدەبرێت و دەبێتە سیستەم لەوێدا بوونی ‘ نێردەرە’ یاخود ‘ ڕاسپێرەر’ واتە وەڤد یاخود مەندوب کە ئەرکی ئەمان لە ناردنیانا بۆ هەر شوێنێک تەنها گەیاندنی ڕاسپاردەکانە و هێنانەوەی وەڵامە بۆ کۆبوونەوەکانی خەڵکی، لەمە زیاتر هیچ مافێکیان نیە بە سازشکردن یا قەبوڵکردنی شتێك، یا خاڵێك لە دەرەوەی ئەوەی کە پێیان وتراوە یا ڕاسپێرراوە.
ئەمانە ڕێگا سەرەتاییەکانن، من دەڵیم راستەکانن لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانمانا. چارەسەری سەرەکی لەوێوە هەنگاو دەنرێت بە بڕیار و ڕازیبوونی هەموان لە کۆبونەوەکانا ، کە خۆیان باشتر لە خەڵکانی دەرەوەی خۆیان، دەیزانن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت