سەرکۆ یونس: لەکـــــام زانکۆ وکۆلــــێژە بخوێنم؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵانە لەڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوە زیاتر لە(100)هەزار قوتابی و خوێندکار، ڕەوانەی زانکۆ و پەیمانگاکانی سەربە وەزارەتی خوێندنی باڵا و کەرتی تایبەت دەکرێـــن.
چەند ساڵێکە بەهۆی کۆرۆناڤایرۆس و قەیرانەداراییەکانەوە، خوێندن نە لەکاتی خۆی دەستپێدەکات و نەپرۆگرام تەواو دەکرێت، هەر چۆنێک بێت دیزەبەدەرخۆنە دەکرێت و ڕێژەیەکی گەورەی خوێندکاران نمرەی بەرز بەدەستدەهێنن و داواکاری و حەزەکانیان بەهۆی سنورداری توانای زانکۆکانەوە نایەتەدی.
دوای کێشمەکێشێکی زۆر، وەزیری خوێندنی باڵا وەک خەمخۆرێکی نەتەوەیی و بەگشتی و بۆ خوێندکارانی کەمدەرامەت بەتایبەتی، کاری خۆی ئەنجام داو ڕەخنەو سەرنج کێشەکانی سیستەمی زانکۆلاین و وەزارەتەکەی خستەڕوو، تاڕادەیەک چارەسەری کێشەی زۆرێک لەخوێندکارانی کرد و سەنگ و پێگەی کەسێتی خۆی بەهێزتر کرد، کەجێگای دەستخۆشیە.
ئەوەی کەلێردەدا گرنگە قسەی لەسەر بکەین، ئایا کوڕو کچەکانمان، لەکام زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگای شارەکانی کوردستان درێژە بەخوێندن بدەن؟
هەرێمی کوردستان، لەئێستادا بەبارودۆخێکی نائاسایی ئابوری و هەندێجار سیاسی و نەبوونی هەلیکار لەهەردوو کەرتی گشتی و تایبەت و نائومێدی هاوڵاتیانی هەرێم و کۆچی بەردەوامی گەنجان و لاوان وخێزانەکان بۆ وڵاتانی ئەوروپی وچەندین کێشەی تری وەک گرانی نەوت و غازو پێداویستیەکانی تری ژیانی ڕۆژانەدا گوزەر دەکات.
پێمان وایە، بۆ هەموو ئەو خوێندکارانەی کە دایک و باوکیان سەرچاوەی داراییان کەمە یان لاوازە، جامووچەخۆری حکومی بن یان بەڕەنجی شانی خۆیان نان و بژێویی پەیدا بکەن، باشترە ئەم کوڕو کچانە، لەنزیکترین شوێن لەشارەکەی خۆیان یان نزیکترین زانکۆ لەشوێنی نیشتەجێبونیانەوە درێژە بەخوێندن بدەن، چونکە ئەزمونی دە ساڵی ڕابردوو ئەوەمان پێ دەڵێت کە دامەزراندن و دەستکەوتنی هەلیکار نی یە و نەماوە..
جا بۆ ئەوەی لەلایەک بڕوانامەکە بەدەستبهێنن و لەلایەکی تریشەوە نەبنە بارگرانی بەسەر داهاتی کەمی دایبابانەوە، ژیرترین بڕیار با ئەو بڕیارە بێت کەلەزانکۆ و پەیمانگای شارەکەی خۆی بخوێنێت.
لەلایەکی ترەوە، بۆ هەندێک لەخوێندکاران، لەبەرئەوەی هەمان بەش و کۆلێژ لەزانکۆی شارەکەی خۆی هەیە و هەمان بڕوانامەیە، باشتر وایە بارگرانی دارایی نەخەنە سەر دایکوباوکان، وەک خەرجی هاتوچۆ و مانەوە لەبەشی ناوخۆیی و خەرجییەکانی ڕۆژانەی تری خوێندکاران، کەڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەهەڵکشاندایە.
ناکرێت باوک بەکرێکاری و دایک بەنانکردن، داهاتێکی کەمیان دەست بکەوێت و جەنابیشت بەبیانوی خوێندنەوە مانگانە خەرجییەکی زۆر بخەیتە سەرشانیان، هەرچەندە دڵنیام باوک و دایکان لەپێناو دڵخۆشی کچ و کوڕەکانیان ئامادەی هەموو قوربانییەکن…
ئەوەشمان لەبیرنەچێت، خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە لەشارێکی ترو ناوچەیەکی تر، ئەزموون و کارامەیی بۆ فێرخوازان بەدەستدەهێنێت، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی ئابوری ودارایی و تاڕادەیەک تێکچونی بارودۆخی کۆمەڵایەتی واباشترە دوور نەکەونەوە، چونکە بەدەستهێنانی خودی بڕوانامەکە هەر بۆ لایەنی ئابورییە لەداهاتوودا.
بۆیە ڕووی دەممان لەو کوڕوکچانەیە کەهەستی بەرپرسیارییەتیان هەیە و نابنەبارگرانی بۆ سەرشانی دایکوباوک و بەخێوکەرەکانیان، چونکە کۆتایی تونێلەکەیان لێ دیارە، دوای تەواوکردن و بەدەستهێنانی بڕوانامەکانیان، بەداخەوە زۆربەیان بێکار دەبن و کاریان دەستناکەوێت و بازاڕی کار لەهەرێمدا لەگەڵ زۆربەی پسپۆڕییەکانی ئێستا یەکناگرنەوە، هەندێ بەش و کۆلێژ نەبێت کەسنوردارن.
ئەم پرۆسەیە، هەر بەردەوام دەبێت و نابێت بوەستێت هەربۆیە بەهیوای ئەوەی بازاڕی کاری هەرێم، لەئایندەدا توانای وەڵامدانەوەی خواستی دەستی کاریان هەبێت و کەرتەئابوریەکانمان ببوژێنەوە، چیتر کوڕان و کچانی خاوەن بڕوانامەکانمان لەماڵەوە بێکار دانەنیشن، چونکە بەڕاستی بێکاری دەردێکی ئابوری و کۆمەڵایەتی و هەندێجار سیاسی کوشندەیە، کەدەرئەنجامەکانی دەیان دەردو دیاردەی نەخوازراوی بێ چارەسەر، دێنێتە ناو کۆمەڵگاوە.

  • * ئابووریناس
ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت