محەمەد عەلی وەلی: پەیامی روون و ئامانجی گەورە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەك ئەوەی ئەو پەیامانەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی لە وڵاتەكەیانەوە بە گوێی كارەكتەرە سیاسییەكانی عێراقدا دەیاندا ئاوی دڵی نەدابن، دوای ھێرشەكەی سەرماڵی مستەفا كازمی لە ماڵەكەی بۆ تیرۆركردنی، عەمید ئیسماعیل قائانی خۆی گەیاندە بەغدای پایتەخت، بۆئەوەی بەڕوونی خاڵ لەسەر پیتەكانی پەیامی وڵاتەكەی و ئامانجە سەرەكییەكان دابنا.
قائانی لە دووتوێی قسەكانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، بەناڕاستەوخۆ ھەموو بانگەشەكانی بەرەی ناڕازی رەتكردۆتەوە، بۆ گرتنەبەری ئاراستەی جیاواز لە داننەنان بە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەكە و، بەسیناریۆ زانینی ھێرشەكەی سەر ماڵی كازمی، بگرە پێداگری كردووە لە رێزگرتن لە ئەنجامەكان و ھاوكاری و ھەماھەنگی یەكتركردن دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان، بۆ پێكێھنانی كابینەی حكومەتی ئایندە، لە جیاتی پەتەوازەیی و ئاڵۆزی دروستكردن و سەنگەر لە یەكتر گرتن، بە زمانێكی تریش ھۆشداری داوەتە ئەوانەی لە پشتی بشێوی نانەوەن و گڵۆپی سەوزیشی بۆ سزادانیان ھەڵكرد.
ئەوەی لای ئێرانییەكان گرنگە ئامانجە گەورە و سەرەكییەكانە، نەك كەس و گروپ و تەنانەت كابینەكان، ئەوەی لای ئەوان لە پێشینەیە، نابێت یەكڕیزی ماڵی شیعە تێكبچێت، ھیچ لایەن و پێكھاتەیەكی دەرەوەی شیعەش بۆی بۆی نییە، دەستبار و ھۆكاری پەرتكردنی ماڵی شیعە بێت، ئەمەشیان بە ھۆشداری و ھەڕەشەوە بەگوێی پێكھاتەكانی ترا داوە.
ئەوان یەكڕیزی ماڵی شیعە وەك زامنەكەری مانەوەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و ئەنجومەنی وەزیران لە دەستی پێكھاتەكەدا دەبینن، ئەوشیان بۆ مسۆگەركردنی سەقامگیری عێراقە، وەك بازاڕێكی زیندووی ساغكردنەوەی كاڵاكان و، دەروازەیەك بۆ قورتاربوون و گەیشتن بە دنیای دەرەوەی خۆیان، لەو سزایانەی بەسەریاندا سەپێنراوە.
كاتێك عەمید قائانی پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ گرتنەبەری ئاراستەی یاسایی لە پرسی ھەڵبژاردن دەربڕی و، پێداگری كرد لە گرتنەبەری رێوشوێنێ یاسایی لە پێشكەشكردنی تانەكانی سەر ئەنجامەكان، دواتریش دەبێت ھەموو لایەك رێز لە ئەنجامەكان بگرن، ئەو پەیامەی بەڕوونی لە كۆبونەوەكانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا دەخوێنرێتەوە، ئەوەیە كە ھەموو لایەن و گروپێك دەكرێنە قوربانیی ئامانجە گەورەكان، بە دیوەكەی تردا، بە گروپە ئێرانیزمەكانی وتووە، ئەوەی لە چوارچێوە گشتییەكە دەرچێت، نەك ھەر پاڵپشتی ناكرێ، بەڵكو دەچێتە خانەی پشتگوێخستن، بەمەش كاتێك فایەق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری عێراق رایگەیاند، تا ئێستا بە بەڵگەی یاسایی ساختەكاری لە ھەڵبژاردنەكانی 10- 10 نەسەلمێنراوە، دوایەمین بزمار لە تابووتی داواكارییەكانی بەرەی ناڕازی لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەكە درا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت