سەردەشت محەمەد: پێوەری ئاو” لە یاساکانی حامورابیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموان تاڕادەیەک ئاشناین بەناوی حامورابی کە شەشەمین پادشای بابلییەکان بووە لەدەوروبەری ساڵانی 1793 بۆ 1750 پ.ز ئەو وەک یەکەمین پادشا کە توانی دەست بکات بەنوسین و دانانی ژمارەیەک یاسا لەمێژوودا ناوی بەزیندوێتی بمێنێتەوە.
حامورابی توانی لە ڕێگەی نوسینی بزماری و لەسەر ملێکی گەورە 300 ماددەی یاسایی بنوسێتەوە و لە ناوجەرگەی شاری بابلدا دایبنێت، بۆ ئەوەی هەموو کەسێک ماف و ئەرکەکانی خۆی بە باشی بزانێ، لەیەکێک لەیاساکانی حامورابیدا باس لەوەدەکات، ئەگەر هەر جوتیارێک بەنداوێک دروست بکات بۆ گلدانەوەی ئاو دواتر بەنداوەکەی بتەقێت و زیان بەجوتیارەکانی دیکە بگەیەنێت، ئەوا دەبێت قەرەبوی ئەو جوتیارانەبکاتەوە کەزیانیان پێگەیشتووە، واتە بە گوێرەی ئەم یاسایە جوتیار مافی ئەوەی هەیە کە بەنداو دروستبکات لەبەرامبەریشدا ئەگەر هاتوو بەنداوەکەی زیانی بە ئەوانی دیکە گەیاند ئەرکە لەسەرشانی کەدەبێت باجی ئەو زیانانە بدات، کەواتە لێرەدا ئەرک و ماف بە ڕێکی دەستنیشان کراوە.
بەتێڕوانین لەو یاسایەی حامورابی و ئەو سەردەمەی کە ئەویتێدا ژیاوە، بۆمان ڕون دەبێتەوە کە ئێمەی نەتەوەی کورد هێشتا لەساڵەکانی پێش زایندا دەژین و نەمانتوانیوە قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژوو تێپەڕێنین و وەک مرۆڤی سەردەم و ئەو ساڵانە بژین کەتیایدا دەژین، ئەمەش بەشێکی گەورەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاربەدەست و سەرکردانەی کە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمەیان گرتۆتە ئەستۆ، ئەگەرنا چۆن دەکرێت دوای تێپەڕینی نزیکەی 4 هەزار ساڵ، هێشتا ئێمە لەم جیهانەدا و لەم کرانەوە گەورەی گەلانی دونیا بەڕوییەکدیدا هێشتا درکمان بەوە نەکردبێت کە چۆن ئەرک دیاریدەکەین بەهەمانشێوەش مافیش دەستنیشان بکەین.
ئەوەتا لەم سەردەمەدا حکومەت بەبیانوی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی سامانی ئاو کەوەک سەروەتێکی نیشتیمانی لێی دەڕوانێت “پێوەری ئاوی” بۆ پاراستنی ئاوی ماڵان دیاری کردووە بەمەش ئەرکێکی گەورەی خستۆتەسەر هاوڵاتیان و بۆ هەر کەمتەرخەمییەک لە بەستنی ئەم پێوەرەدا، سزایەکی ماددی قورسی بۆ بەشداربوان دیاری کردووە ئەمە بەبێ ئەوەی هیچ مافێک بەبەشداربوان بدات لەکاتێکدا، ئەگەر هاتوو هەڵەیەک یاخود کەموکورتیەک لەم پێوەردا هەبێت و هاوڵاتیان بەهۆی ئەم پێوەرەوە زیانیان بەربکەوێت ئەوا نە کۆمپانیایەک نەدەزگایەکی حکومی بونی نییە کە هاوڵاتیان بتوانن لەڕێگەیەوە سکاڵاکانیان بگەیەنن و بتوانن مافەکانی خۆیان بەدەستبهێنن.
نیگەرانییەکانی هاوڵاتیان لەهەمبەر ئەم پێوەرە سەپێندراوەدا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە ئێستا هەڵمەتێکی سەرتاسەری لە سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان دەستپێبکات بۆ لێکردنەوەی ئەو پێوەرە ئەمە بەبێ ئەوەی لایەنێک ئامادەبێت قەرەبوی ئەو زیانانە بکاتەوە کە هاوڵاتیان بەهۆی ئەم پێوەرەوە پێیان گەیشتووە، کەواتە ئەم یاسایەی حکومەتی هەرێم تەنها ئەرکی دیارکردووە کەبەستنی پێوەری ئاوە بۆ هاوڵاتیان، بەڵام مافەکانی هاوڵاتیانی دیاری نەکردووە، لەکاتێکادا حامورابی بەر لە نزیکەی 4 هەزار ساڵ توانی ئەرک و مافیش دیاریبکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت