کاوسێن بابەکر: هیوادارم پارتی نەکەوێتە تەپکەی سەدریەکانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕێکەوتنی پارتی وmسەدر هی ئێستا نیەو بۆ ساڵی پار دەگەڕێتەوە کەبەغدایان کردبووە ڕێی سەراوێ و تا کۆتایی مانگی پێنج وەفدی مەکتەب سیاسی پارتی زیاتر لە 14 سەردانیان کرد! پوختەی ئەو کۆبونەوانە بەوە گەیشت کە پارتی لەنێو شیعە تەنها موقتەدا بەمەرجەع بزانێ و سەدریش لەکورد تەنها بارزانی. بێ ئەوەی هیچ ڕێکەوتنێکی نوسراویان لەبەیندابێ و پارتی قسە لەهیچ بەرنامەیەکی سیاسی بۆداهاتوی حکومەتی کوردستان و کێشە هەلواسراوەکانی هەولێر-بەغدا بکات. لەکاتێکدا سەدر بەردەوام پێ لەسەر بەرنامەیەکی ستراتیژی هەمەلایەن دەدەگرێ.
سەدر، بەرنامەیەکی ڕونی ستراتیژی هەیەو بەئاشکرا ڕایگەیاندوە کە بەکورتی بریتیە لە:
1- ڕژێمی حکوم مەرکەزی دەبێ و سەرانسەری عێراق دەگرێتەوە.
2- دەستەڵات بۆ زۆرینە دەبێ و باقی دەبن بەئۆپۆزسیۆن.
3- هیچ هێزیکی میلیشیایی نابێ بمێنێ، (دیارە پێشمەرگەش دەگرێتەوە). تەنها سوپا تاقە هێزی سەربازی عێراقەو لە هەموو ووڵات بەرپرسەو سنورەکان کۆنترۆڵ دەکات.
بۆ ئەم بەرنامەیەشی دەمێکە کاردەکات و سەردانی میسرو ئەردەن و سعودیەو ئیماراتیان لە ووڵاتە عەرەبیەکان کردووەو پشتیوانی خۆیان بۆ راگەیاندووە. تورکیاش ئاگادارو رازیەو ئێرانیش تائێستا هیچ دژایەتیەکی دەرنەبڕیوە. چونکە لەکۆتاییدا دەستەڵات هەر لەدەست شیعەدایەو ئەگەرچی وەلایان بۆ ئێران کەم و زۆری تێبکەوێ. ئەمریکاش چاودێری دۆخەکە دەکات و هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە. بۆیە پێدەچێ ئەگەر لایەنی دووەمی شیعەکان بە بەشداریەکی بچووک ڕازی بکات، هەموان لەکۆتاییدا کۆک بن. چونکە سوننەکانیش بەشی خۆیان پێ دەبڕێ و لەم مامەڵەیەدا ئەوەی زیان دەکات تەنها کوردە.
ڕاکردنی سەرکردایەتی کورد بەدوای قازانجی کەسی و حزبیداو بەربەرەکانیە یەکتری لەسەر شتە پوچەکان و نەبوونی یەکڕیزی و(شێری ناوخۆ و ڕێوی دەرەوە)،کوردی لەشەریکی بەهێزی ساڵی 2003 وە کردۆتە سواڵکەرێکی چروکی بەردەم شیعەکان.
هاتنە سەرکاری دەوڵەتیکی مەرکەزی شیعە بەسەرۆکایەتی سەدریەکان و موقتەدای وازی وازی و توندەتەبیات، دیارنیە دەستەڵات و قەوارەی کوردی وەک خۆی دەمێنێتەوە یان ئەو یاریەش وەک ڕیفڕاندۆمەکە مەقەسێکە لەخەریتەی خاکی هەرێم دەنرێ و هێندەی تر لینگانی پێ هەڵدەکێشێتەوە. هیوادارم سەرکردایەتی کورد بەتایبەت پارتی بەهۆش بێنەوەو تاکار لەکار نەترازاوە پێکەوە گرد ببنەوەو واز لە پۆست و پلە بێنن و هەر ئەوە بکەن کە بۆ نیشتمان و گەلەکەیان قازانجە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت