سەلاح حسێن ئەفەندی: بۆچی شۆڕشی پیشەسازی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕووینەدا؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم ماوەیەدا، کتێبێکی نایابم بەناوی (سەرکێشی یەکەمی عەقڵ لەنووسینی: فراس السواح) خوێندەوە. کتێبەکە دەربارەی ئەفسانەکانی شارستانییە کۆنەکانی میزۆپۆتامیایە، باسی سەرەتای چۆنیەتی دروستبوونی سروشت و ژیان و کۆمەڵگە دەکات. بەشی زۆری ئەم ئەفسانانە، ڕەنگە بنەمایەکی زانستیانەیان نەبێت، بەڵام زانیارێکی باشمان لەسەر سەرەتاکانی نیشتەجێبوون و بەرهەمهێنان و شارستانیە کۆنەکان پێدەدەن.
یەکێک لە بابەتەکانی کتێبەکە، کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام، ئەفسانەکانی (هابیل و قابیل) بوو، کە سۆمەرێکان بە (ئیمیش و ئینتین) ناویان بردوون. بەپێیی داستانەکە، ئەم دوانە کوڕی خواوەندێک بوون( لە ئاینە سەماوێکاندا بە کوڕی ئادەم و حەوا دەناسرێنن). بەپێیی ئەوان، ئەمانە دەبنە سەرەتای بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی. هابیل و نەوەکانی دەبنە ڕەوەند و بە ڕاگرتنی مەڕوماڵات و ژیانی کۆچەرییەوە خەریکدەبن، لە شوێنێکی تایبەتیدا نیشتەجێ نابن، شارستانی دروست ناکەن، بەمەبەستی مسۆگەرکردنی بژێوی خۆیان و ئاژەڵەکانیان، هەمیشە بەدوای لەوەڕگا و شوێنی نوێدا حەوداڵدەبن. قابیل و نەوەکانی، بە پێچەوانەی ئەوانەوە، لە ناوچەی تایبەتیدا نیشتەجێ دەبن و بە بەرهەمهێنانی بەروبومی کشتوکاڵ و کاری پیشەیی هەڵدەستن، شار و شارستانی بونیاد دەنێن.
ئەم زانیاری و داستانەیە زۆر دڵخۆشی کردم، چوونکە لەسەر مێژووی کۆنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سترەکتووری کۆمەڵگاکان تیایدا، بۆچونەکانمی پشتڕاست کردەوە، کە لەم باسەدا پێشکەشتانی دەکەم.
یەکێک لەو دەرئەنجامە گرنگانەی کە لە باسەکەمدا پێیی گەیشتووم، بابەتی بوونی دوو سستەمی جیاوازی سیاسی و ئابووریە، دوو جۆر خەڵکی جیاوازە، دوو شێوازی جیاوازی بەرهەمهێنان و موڵکایەتی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنانە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. یەکەمیان شارستانی و دەوڵەتە کۆنەکانی ناوچەکەیە هەتا کۆتایی سەردەمی ساسانییەکان، دووەمیان بوونی چەندین کۆمەڵگەی خێڵەکییە لە ناوچەکدا.
ئەم دوو سستەمە بەدرێژایی مێژووی کۆن، شانبەشانی یەک وجوودیان هەبووە، هەمیشە لە ناکۆکی و ململانێدا بوون. هەتا کۆتایی سەردەمی ساسانییەکان و سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی خولەفای ڕاشیدەین و فراوانبوونی، ژیانی خێڵەکی هەر بە بچووکی مابۆوە، بە درێژایی هەموو مێژوو گۆرانکاری ئەوتۆی بەسەردا نەهاتبوو. دواتر بە تێکەڵاوبوونی ئەم دوو سستەمە، سستەمێکی نوێ دروست بوو، کە بۆ ماوەی چەندین سەدە، دەستی بەسەر هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشا، کەلەم باسەدا ناوم لێناوە: سستەمی فیوداڵی خێڵەکی.
ئەم سسستەمە، ئەگەرچی لە کۆتایی شەڕی یەکەمی جیاندا بەتەواوەتی هەرەسی هێنا و لەناو چوو، بەڵام پاشماوە و خاسڵەتەکانی، بە هۆی چەندین فاکتەرەوە، هەتا ئێستا کاردانەووەیان لەسەر ژیانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەکە هەیە. ئەم پرۆسەیە، ڕێبازێکی تایبەتی گەشەکردنی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدا، کە هەوڵم داوە لەم باسەدا توێژینەوەی لەسەربکەم.

بۆ خوێندنەوەی هەموو باسەکە، کلیلی ئەم لینکە بکە: بۆچی شۆڕشی پیشەسازی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕووینەدا؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت