سەردەشت محەمەد: چۆن قسەکانمان لەبارەی ئەنفالەوە بکەین بەکردار؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەندین ساڵە هەرچی نوسەر و ڕۆشنبیر و ڕاگەیاندکار و تەنانەت کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالیشە هەر لەبارەی ئەنفالەوە دەڵین و دەنوسین، بەدرێژایی سێ دەیەیە ئێمە پەنجە لەسەر کەم و کورتی و کەمتەرخەمییەکانی دەسەڵاتی کوردی بەرامبەر بەم تاوانە دادەنێین و هێشتا دەتوانین لەیەک یاددا بارتەقای سی ساڵی دیکە نیگەرانی و ناڕەزایەتی دەرببڕین و بینوسینەوە،کەچی ئەم هەموو نوسین و قسەو ناڕەزایەتیانە نەیانتوانی گۆڕانکارییەک لەبیرکردنەوە و تێڕوانی دەسەڵاتی کوردیدا دروست بکەین و فشار و ناڕەزایەتییەکانمان جێگەی خۆیان بگرن.
دەکرێت بۆ لەمەودوا لەپاڵ ئەم شێوازە لەناڕەزایەتی و نیگەرانیانە ڕێگای دیکە بگرینەبەر، ئەویش لەڕێگای دامەزراندن و دروستکردنی ڕێکخراو و دەستەو گروپی نوێیەوە کە دوربن لەو ڕێکخراو دەستانەی کە چەندین ساڵە بەناوی بەرگری کردن لەماف و دواکارییەکانی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالەوە خۆیان بەنوێنەری قوربانیانی ئەنفال دەزانن لەکاتێکدا لای هەمووان ئاشکرایە بەشێکی زۆریان نەک هەر نوێنەری ڕاستەقینەی کەسوکاری ئەنفالکراوان نین، بەڵکو بون بەسێبەری حیزب و ئەجینداو بەرنامەی حیزب جێ بەجێ دەکەن و کەیسی ئەنفالیان وەک مەبەستێک بەکارهێنا بۆ ئەوەی دەستیان بگات بەکورسی و پارە، بەشێک لەم ڕێکخراوانە نەک نەیانتوانیوە کەیسی ئەنفال بەرەوپێش بەرن، بەڵکو بون بەڕێگر لەبەردەم بەرەوپێشچونی دۆسییەی ئەنفالدا و بەشێکیشیان هێندەی دیکە بون بەمایەیی توڕەبون و زیادبونی ناڕەزایەتییەکانی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال.
دەکرێت بۆلەمەودوا ڕێکخراو گروپ و دەستەی نوێ و سەربەخۆ لە کەسوکاری ڕاستەقینەی قوربانیانی ئەنفال و ئەوانەی کە لەلایەن حیزب و حکومەتەوە پشتگوێخراون دروست بکرێن و ڕاستەوخۆ خۆیان ڕۆڵیان هەبێت لەگەیاندنی ناڕەزایەتی و داواکاری و پێشنیارەکانیان چی لەسەرئاستی ناوخۆ و چی لەسەر ئاستی دەرەوە، دەکرێت ئەمانە خۆیان نوێنەری ڕاستەقینەی خەمو ناڕەزایەتییەکانی خۆیانبن.
ڕێگری کردن لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بۆ ئەوەی لەدەرەوەی مەرام و مەبەستەکانی حیزب یەکدەنگ و ڕێکخراوبن هۆکارێکە بۆئەوەی تائێستاش کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال زۆر توڕەو نیگەرانبن لە بەشێک ڕێکخراوەکان و هیچ ئومێدێکیان پێیان نەبێت.
گرنگی هەبونی ڕێکخرا و دەستەی سەربەخۆ و بێلایەن پاڵنەرێکە سەرەکییە بۆئەوەی چی حیزب و چی حکومەتیش ملکەچی داواکاریەکانی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالکراوانبن و گوێ لەخەمو ناڕەزایەتیەکانیان بگرن، ئەگەرنا هەبونی ڕێکخراوی بەناو ئەنفال کە لەبنەڕەتدا سێبەر و جێبەجێکاری مەرامی شەخسی و حیزبی بێت نەک ناتوانێت کەیسی ئەنفال بەرەو پێشببات، بەڵکو هۆکاردەبێت بۆ ئەوەی ڕۆژلەدوایی ڕۆژ کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال توڕەو نیگەرانبن و یادەکانیش بایکۆت بکەن و پێیانوابێت ئەویادانە هیچ نین جگەلەوەی برینەکانیان دەکولێنێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت