بەهرۆز جەعفەر: با چەمچەماڵ پێوەر بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمجارەیان وەک هاوڵاتییەک قسە ئەکەم: من لە چەمچەماڵ لەدایک بوم، لەوێش گەورە بوم، هەموو جەژنەکانیش هەر لەوێ بوم، نفوسەکەشم هەر ناوچەی قادرکەرەمی کۆنە ( واتە لە ناو/ لەسەر گەورەترین کێلگەی گازیی -کۆرمۆر- لە سنورەکەدایە). شارەکە نزیکەی 300 سێ سەت هەزار دانیشتوی هەیە، وێڵاشی کەرکوکە، شادەماریی ئەمنی و جوگرافی و ئابوریی و مرۆیی پارێزگای سولەیمانی یە. لە سەرەتای جەنگی جیهانی یەکەمەوە هەر بە ئاوەدانی هێناویەتی. هەمیشە خۆی بەرگریی لە خۆی کردوە، هێڵی پێشەوەی تەواوی جەنگەکانی سەت ساڵی ڕابردوو بوە، نزیکەی سەدەیەکە هەر قەزایە، نەوت و گازێکی بێشوماری هەیە. دەریاچەو ئاوی لەملاولاوە هەبوە…
لەسەردەمی نوێشدا حکومەتەکەی خۆمان “حکومەتی هەرێمی کوردستان” ناوی ناوە “شآری شەهیدان”. کەچی دوای 30 ساڵ لە حکومڕانی “یەکێتی نیشتیمانی کوردستان” نەیتوانتوە نەخۆشخانەیەک بۆ چەمچەماڵ دروست بکات!. چەند ژوورو هۆڵێکە خێرخوازێکی شارەکە دروستی کردوە و ناویان ناوە “فریاکەوتن”، ئیتر وەک گەراج نەخۆش لەوێوە بە ئیسعاف بارئەکەن – هەڵتەک- هەڵتەک بۆ سولەیمانی (ئەوەش سولەیمانی: دەیان نەخۆش لەناو مەمەڕەکانی نەخۆشخانەکەدا کەوتون!).
نزیکەی 16 ساڵ وەزیرو وەزارەتی تەندروستی لە حکومەتی هەرێم لەلای یەكێتی! نیشتیمانی! کوردستان! بووە. ئاخەر تۆ نەتوانیت دوای 30 ساڵ نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتوو – ستاندارد بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفال، وە بۆ 300.000 سێ سەت هەزار کەس دروست بکەیت، کە ئەبوو ئێستا هەموو عێراق لەو ڕێگەیەوە سەردانی چەمچەماڵیان بکردایەو، ئارەقەی زەردو سوریان بەرانبەر تاوانی ئەنفال بڕشتایە. من چۆن باوەڕ بە تۆ بکەم هەولێر گەمارۆی ئەم ناوچەیەی داوە؟ هاتوی حیکایەتی حیزبی و میدیایی ئەکەی! یانی پارتی 30 ساڵە ڕێگرە لەوەی ئێوە نەخۆشخانەیەک لە چەمچەماڵ دروست بکەن؟ 5 وەزیری تەندروستی یەکێتی بونە لەو حکومەتی هەرێمەدا- بە ملیارەها دۆلار گەندەڵی لەو کەرتەدا کراوە!. تەنانەت هەندێك شەو 300 سێ سەت هەزار هاوڵاتی چەمچەماڵ 1 یەک پزیشکی ئێشکگریشیان نەبوە!. ئەوەی هەیە جوامێری و کارامەیی و سینە-گەورەیی چەند کارمەندێکە لە چەمچەماڵ کە لە خزمەتتدان.
دوای 30 ساڵ نەتوانیت ئاو بۆ کەسوکاری ئەنفال دابین بکەیت تۆ خەریکی چی بویت؟ من ئەزانم خەڵکی چەمچەماڵیش کە “ئاو” ەکە دێتەوە چاکی بەفێرۆ ئەدەن تەنانەت کۆڵانەکەشی پێ ئەشۆن و ئینجا سەری سۆندەکەیان ئەخەنە زێرابەکەوە…! لێ خەڵک پارەی ئاو و کارەبا نادات، چونکە ئەزانێت ئەو باج و پارەیە ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و قاسەی حکومەت. نازانم لە زۆنەکانی تر چۆنە، بەڵام لەم زۆنە هاوڵاتییەک ئازاری “ددان” ئێستا بڕستی لێ بڕیوە، نەخۆشخانە پێی ئەڵێت ئەبێت سەرە بنوسیت دوای دوو مانگی تر بێیتەوە “، ئەمە بۆ ئەوەی بچێت لە بازاڕ ئیشەکەی بکات”. ئەمە کەی ئێوە لە زۆنی سلێمانی چەند فیرعەونێکی ترسنۆک و گەندەڵ لەبواری تەندروستی دا ئەتەزێنن، تا ئێمەش بڵێین ئەششەدوا وایە گەمارۆدراوین؟! شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و ململانێی حیزبیی هیچ لە ئازاری نەخۆشێک یان دەرچویەکی زانکۆ کەم ناکاتەوە! ئاخەر لەو چەمچەماڵە بە دەیان هەزار گەنج شوێنێکیان نییە تیادا دابنیشن، وەک پەروانە ئەسورێنەوە هەیەو نییو تەنها چاخانەیەکە لە ناوەڕاستی شاردا! چۆن کۆچ ناکەن! چۆن ماددەی هۆشبەر لەگەڵ نێرگەلە تێکەڵ ناکەن!
دیداری یەکێتی بەملیارەها دۆلارلە قوڕگی بەرپرسانی تەندروستی و دەست و گیرفان تێکەڵاوییان لەگەڵ نەخۆشخانە تایبەتەکان و تەلارە پزیشکییەکان دەرئەهێنێت؟..بێگومان نەخێر…
ئەمەی سەرەوە بۆ هەڵەبجەو گەرمیان و سولەیمانیش هەروایە، تەنانەت لە کەرکوکیش یەکێتی بازرگانەکانی تەندروستی و بکوژەکانی مرۆڤی کردۆتە پەرلەمانتار! چاوی ئێمە هەزاران-هەزار گەندەڵی و تاوانی گەورەی ئابوریی و یاسایی ئەبینێت لەم زۆنە، بەڵام با هەر چەمچەماڵ پێوەر بێت. حیکایەتی سیاسی و دەنگە-دەنگ شتێک لەدۆخی نیشتیمان و تاکەکانی ناگۆڕێت، واباشە هەوڵێکی گەورە لە ڕووی تەندروستی و ژینگەیی و پەروەردەییەوە بۆ چەمچەماڵ بدەن، هەروەها دۆخێک دروست بکەن تەواوی گەنجەکانی شآرەکە دەرفەتی کاریان هەبێت، بۆ ئەوەی ئێمەش ساڵێکی تر ئەم کاتە بیکەینە جێی باس و گرنگی پێدان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت