عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: دکتۆرى موقیم گەیشتە بەردەمى خەستەخانەکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هه‌ردوو دەرگا گەورەکە داخرابوون، عەشامەتێکى زۆر خڕببوونەوە ‏پەلەپەلى ‏چوونە ژوورەوەیان بوو. دوو پۆلیس لەم دیو دەرگاکەوە وەستابوون ‏ وتیان: چوونە ژوورەووە قەدەغەیە. ئەمرۆِ سەردان نییە.
یەکێک هاواری کردو وتی: رێگەم بدەن، منداڵەکەم حاڵى خراپە، خەریکە دەمرێت، خێرتان دەگات.
کەس بەکەس نەبوو. ‏لەبەر هەراو هۆریاى خۆیان.گوێیان لەدەنگى نەبوو.. ویستى دڕ بەعەشاماتەکە بدات.
تینى دایە ‏خۆى، بێ سوود بوو.
‏سەیرێکى مناڵەکەى کرد پەرێشان بوو. بەدەم خۆیەوە وتی: ناگاتە لاى دکتۆر، لەبەیانییەوە بەڕێگاوەم. لێرەش رێم نادەن بچمە ژوورێ. ئەم خەڵکە بۆ ‏ئەوەندە بێ ویژدانن).‏
هێزى بەپێوە وەستانى نەمابوو..
مناڵەکەى لەبەردەم خۆیدا دانا. بەبەردەوامى فرمێسک ‏بەچاوەکانیدا دەهاتە ‏خوارەوە. دەستەکانى بڵقیان کردبوو.‏
‏-‏ چنار.. چنار گیان هەر ئێستا دەچینە ژوورێ
ویستى وەڵامى بابە بداتەوە. لەگەل دەم ‏کردنەوەیدا. ‏قوڵپى ڕشانەوە، قسەکانى پێ بڕى.‏
ئەو ڕۆژە بوو لێى دەترسام. جارێکىتر چنار نابینمەوە. ئەگەر بزانن دەردەکەى چییە؟ ئەوە ‏هەر ‏خراپتر. نا پێیان ناڵێم. دەڵێم بەئاگر سووتاوە.‏
‏-‏ بەڵام ئەوان دکتۆرن، خۆیان دەزانن. ئەگەر ڕاستیان پێ نەڵێم چارەسەرى بۆ نادۆزنەوە. نا ‏هەر ‏ڕاستى دەڵێم. هەر چنار نەمرێت.
چنارى کردەوە باوەش. خۆى بەشیشەکانى سەر دیوارەکەدا هەڵواسى
پۆلیسه‌که‌ نەڕاندنى ‏بەسەریا.‏
‏-‏ ‏ بڕۆ خوارێ بێ عەقل. ئەو دەرگایە بۆچى دروستکراوە؟!‏
گوێى نەدایە پۆلیس.
خۆى هەڵدایە حەوشەى خەستەخانەکەوە.‏
پۆلیسێکیان توند دەستى گرت‏:
‏-‏ تاکەى نابن بەئینسان. پێم نەوتى لەو دیوارەوە ئاودیو مەبە.‏
بەحەیزەرانەکەى دەستى سێ چواردانەى بەسەروچاویدا کێشا.
خەڵکەکە پاڵیان بەدرەگاکەوە نا. کردیانەوە
‏پۆلیسەکە دەستى کرد بەداگرتنەوەى خەڵکەکە
ئەمیش هەلى قۆستەوە.. بەرەو هۆڵى ‏خەستەخانەکە کشا.
بەحەپەساوییەوە خۆى کرد بەژوورا، ژوورێکى بچکۆلە بوو .
هەموو کەلوپەلى ‏ژوورەکەو جلوبەرگى دکتۆر ‏ئاسا سپى دەچوونەوە، دکتۆر بەهێمنییەکەوە.‏
‏-‏ فەرموو وەرە پێشەوە. منداڵەکەت چی یەتى؟!‏
چاوەکانى بڕییە دکتۆر . بەگومانەوە لێى دەڕوانى.
دوو دڵ بوو لەوتنى.‏
بێدەنگى دایگرت. بەخێرایی بەسەروچاوى دکتۆردا ڕوانى سیماى پاکى لەچاوەکانیدا بەدى ‏دەکرد..
کوڕێکى ‏گەنج، چاوەکانى وەک چنار سەوزبوون.‏
‏دکتۆر فریاى کچەکەم نەکەویت دەمرێت. تاریک و لێڵى بەیانى بوو.
لەپڕ وەک گرمەى هەورە ‏‏بروسکە، چەخماخەى دەنگى هەشت فرۆکە،
باڵى بەسەر ناوچەکەدا گرت.
بەجوانى چاوم لێ بوو،
‏یەک لەدواى ‏یەک نزم دەبوونەوە. چەند شتێکیان بەسەر ئاواییدا بەردایەوە.
بۆ جارێکى تریش ‏گەڕانەوە هەمان شتیان ‏بەردایەوە.
دوکەڵێکى سپى وردە. وردە نزم دەبووەوە. بۆنى سیرى ‏لێدەهات.
کەوتمە گومانەوە. هەبێ و نەبێ ‏ئەمە کیمیاییە.!
سەرم گێژى دەخوارد، بەرەو دەرگاى ‏حەوشە رام کرد. چنار لەپال دیوارێکا کەوتبوو.
دکتۆر ‏بەتەواوى شڵەژا.. کەوتە گومانەوە
گەر ‏پەیڕەوى بڕیارەکانى خەستەخانە بکەم دەبێت بمرێت. دوو رێگام لەبەردەم ‏دایە. چۆن بتوانم ‏نهێنییەکە بشارمەوە. لەوانەیە پێى بزانن.‏
دکتۆر سەرێکى ڕاوەشاند:‏
‏-مەترسە بەهیچ جۆرێک نهێنى رووداوەکە نەدرکێنى. ئەگینا چارەنووسێکى خراپمان دەبێت.‏
ئەو هۆڵەى چناریان تیا خەواند. تەنیا ئەو قەرەوێڵەى چۆڵ بوو.کەوتبووە ئەو سەرەوە. هەر یەکەى ‏جۆرە ‏ئازارێک سوارى سەرى ببوو.
چنار لەباوەشى ئازارێکى بەسوێدا لێى کەوت.
باوکیشى بەکۆڵێ ‏خەمو ئازارەوە ‏لاى مایەوە.‏
لەراپۆرتەکەدا :
لەئەنجامى تەقینەوەى ئیستیوانەى غازدا. گەرمایی تینى بۆ چاوەکانى هێناوە، زۆر ‏جێگاى لەشى ‏سووتاوە. تەداوى بەردەوامى پێویستە.‏
چنار دەگریا. پڕ بەهۆڵەکە هاوارى دەکرد.
برینەکانى زیاتر ئازاریان دەدا.
هەناسەکانى ئاسایی ‏نەبوون. لێدانى ‏دڵى فشارى بۆ دەهێنا.‏
لەرز و تایەکى زۆر، سەراپا گیانى وەک کوورەى ئاگرى لی هاتبوو، ڕەش داگەڕا بوو.. خەوى لێ زڕا
‏لەوانەیە ‏کچەکەم بمرێت، ڕەنگە ئەو دەرمانانە دەردى دەرمان نەکەن. لەکوێ دەرمانى دژى کیمیایی ‏لەم خەستەخانەدا هەیە؟ ‏ئەگەر ڕاستى بڵێم چى دەبێ نا. ئەو دکتۆرە لەمن باشترى لێ دەزانێت.
‏ئێوارە بوو، لیژنەیەک بەسەر نەخۆشەکاندا ‏دەگەڕان.
هەر یەکێک لەنەخۆشەکان سکاڵایەکى پێشکەش ‏دەکردن.‏
‏ئەمانە بەرپرسیارى خەستەخانەن. ئەگەر لەگەل ئەو خەڵکەدا میهرەبان نەبن. چۆن رازو نیازى ‏دڵیان ‏هەڵدەڕێژن. منیش ڕاستییان پێ دەڵێم. ئاخر بۆچى کچەکەم بمرێت.‏
لیژنەکە هاتنە لاى قەرەوێڵەکە. یەکێکیان سەیرێکى ڕاپۆرتەکەى کرد. لاپەڕەکانى هەڵدایەوە.‏
‏-‏ ئەو دەرمانانەى بەکارى دێنێ. باشترى نەکردووە؟
‏-‏ ‏ قوربان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبیت!‏
‏ سەیرێکى نەخۆشەکەى کرد. چاوێکى بەدەرمانەکەدا گێڕایەوە.‏
‏-‏ چۆنیەتى ڕووداوەکە چۆن بوو؟‏
‏-‏ ‏ هەشت فڕۆکە بوو. لەچەند دەقیقەیەکدا ئەوەى کردیان، کردیان. هەموو بۆمباکان کیمیای ‏بوون!‏
لیژنەکە حەپەسا..
لێپرسراوەکەیان چاوێکى بەڕاپۆرتەکەدا گێڕا..‏
سەیرێکى کابراى کردەوەو وتی:
‏-‏ کیمیایى ،، کیمیایى
نیوە شەو بوو. دوو پیکاب لەبەردەمى خەستەخانەکەدا وەستان،
چەند چەکدارێک هاتنە ناو هۆڵى ‏خەستەخانەکەوە
‏بەبەردەم نەخۆشەکاندا تێپەڕین گەیشتنە گۆشەى ئەو سەرى هۆڵەکە.
سێ شتیان ‏لەگه‌ڵ خۆیاندا برد..‏
قەرەوێڵەیەک. نەخۆشێک. باوکى نەخۆشەکە.
بەبەرچاوى هەمویانەوە لە بێ دەنگىیەکى تەواودا ون ‏بوون.‏
کە دکتۆرەکە هاتە هۆڵەکەوە.
روانى قەرەوێڵەکەى لێ نەمابوو.‏
هەستى بەبێ دەنگى و ترسێکى زۆرى نەخۆشەکان کرد.
تێگەیشت چى رووىداوە. ‏
هەردوو دەستى گرمۆڵە کرد. کردییە ستونێک بۆ سەرى.
کەوتە گێژاوەوە.‏
کە بەیانى زەردە لە پەنجەرەکەوە خۆى هاویشتە هۆڵى نەخۆشەکانەوە.
دەنگى جریوە جریوەى ‏چۆلەکەکان ‏هۆڵەکەى هەژاند.
سەرلەنوێ بۆنى خۆشى گوڵەکان لەپەنجەرەکەوە رژایە دنیاى پر ‏لەهیواى نەخۆشەکان.
وەک ‏هەر رۆژێکى تر بەهیوا بوون دکتۆرێکى چاو سەوزى، قژ زەردى روخۆش، ‏خۆى بکات بەهۆڵەکەدا، دەستى ‏نەوازش بەسەریانا بهێنێت. بەڵام نەیان زانى هەر ئەو شەوە، دکتۆر ‏خەستەخانەکەى بەجێ هێشتبوو.‏‎ ‎

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت