نەوزادى موهەندیس: چۆن بیربکەینەوە؟ ئەنارشیستى یان حیزبى یانیش کوردانە..!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فەیلەسوفى بەناوبانگى سویسرى جان جاک ڕۆسۆ دەڵێت: ئازادى تاک بریتى نیە لەوەى هەرچى ویستى ئەنجامى بدات، بەڵکو بریتیە لەوەى کە پێویستە لەسەرى ئەوە نەکات کە نایەوێت.
بۆیە بونى ئازادى مرۆڤ مەرجێکى گرنگى مرۆڤبون و مانەوەیەتى بە مرۆڤێتى و هیچ تاک و مرۆڤێک بەبێ بوونى ئازادیە تاکە کەسیەکانى مانایەکى نامێنێتەوە.بۆیە ئازادى و مرۆڤ وەکو ماسى و دەریا وان و بێ یەکترى ناژین و نامێنن.
مرۆڤى کورد لەم قۆناغەدا چۆن بیربکاتەوە؟وەک کەسێکى ئەنارشیزمى یان فەلسەفەى تاکگەرایى Individualism)‏، کە بۆ خۆى بریتیە لە هەڵوێستێکى ئەخلاقى،و فەلسەفەیەکى سیاسى و ئایدۆلۆژى یان تێڕوانینێکى کۆمەڵایەتى،کە جەختدەکاتەوە لەسەر بەهاى مەعنەوى تاک. کە داوا دەکات کە تاک هەستێت بە ئەنجامدانى ئامانج و خواستەکانى خۆى بۆ ئەوەى ببێتە بەها و پنتێکى سەربەخۆوپشتبەستوو بەتواناکانى خۆى.ئەم فەلسەفەى تاکگەراییە ڕایدەگەیەنێت کە پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندیەکانى تاک مەسەلەیەکى ڕەگداکوتراو و بنچینەییە و پێویستە بێتەدى لەسەروو هەموو ئیعتیبارە دەوڵەتى و کۆمەڵگاییەکانەوە.بەهەمان شێوە تاکگەرایى تاک دەکاتە چەق و پنتى سەرەکى گرنگیپێدانى لەسەر ئەو گریمانەیەى کە دەڵێت: تاکى مرۆیى کارەکتەرى بنچینەییە و یەکەمە و گرنگترینیشە لە خەبات لە پێناو ئازدى و سەربەخۆبوندا) و بزوتنەوە لیبڕاڵى و وجودى و نادەسەڵاتیەکان، نمونەى ئەو بزوتنەوانەن کە تاکیان بەلاوە بریتیە لەیەکەیەکى دابەشنەکراو،هەروەها تاکگەرایى بریتیە لە (( مافى تاک لە ئازادى و وەدیهێنانى خود).
هەروەها ماناى قبوڵکردنى فەلسەفەى تاکگەرایى بریتیە لەوەى کە هەموو پلان و بەرنامە و خواستەکانى بونیاتبنێت لەسەر کەسێتى تاک و بەهرە و تواناکانى و خواست و ویستە یاساییەکانى بەدوور لە سەرگەردانى و فەوزا و بێسەروبەرەیى و دوور لە بەها پیرۆزەکانى کۆمەڵگا.
یانیش وەکو کەسێکى حیزبى بیر تەسکى دۆگما و قەتیس بوو بیر بکاتەوە و تەنها تانوپۆى بیروڕاکانى لەچوارچێوەى بەرنامە و سیاسەتى حیزبەکەیدا بێت یان مەودا فراوان و سنورە دیاریکراوەکان و تابۆ حیزبیەکانى ببەزێنێت و هێندەى بۆ بەرژەوەندى و لە پێناو بەرژەوەندى گەورە و فروانى گەل و نیشتیمانەکەیدا بیربکاتەوە نیوهێندە بە قازانجى حیزبەکەى بیر نەکاتەوە.ئاخر مایەى دڵتەنگی و خەمە لەم کوردستانە بەتایبەتى و ڕۆژهەڵاتیش بەگشتى حیزبایەتى هێندە پیرۆزکراوە و سەرکردە سیاسیەکان هێندە موقەدەس کراون کە لەسەروو هەموو وەلائو وەفا وپشتیوانى و پشتگیریەکەوەن بۆ گەل و نیشتیمان.ئاخر حیزبایەتى هێندە بچوک و قەتیس و تەسککراوەتەوە کە ڕێگە نادات کادر و ئەندام و لایەنگرەکانى خۆشى تەنانەت لەناوخۆى حیزبەکەشدا بیروڕا ئازادەکانى دەرببڕێت و گەر بۆ هەندێک مەبەستیش چاویان لێپۆشى و بێدەنگ بوون ئەوا لەلایەکى ترەوە بەدەیان شێواز سزاى دەدەن.تەنها بۆ ئەوەى عەقڵ و بیرکردنەوە و ئازادیەکانى لەمەنگەنە بدەن و تەنها لەچوارچێوەى حیزبیدا بیر بکاتەوە. بەڵام ناپرسن کەوا حیزب و سەرکردە هەیە لەم وڵاتەدا دەیان جار خیانەتى زەق و شەرمەزاریان تۆمارکردوە لەگەل و نیشتیمان و بونەتە پێشقەوڵى دوژمنان و داگیرکاران.ئیدى چۆن دەبێت کادر و لایەنگرەکانیان هەر ئەشهەدوبیلاى ناڕاستیان بۆبکەن.
بەڕاى من هەر کادرێک یان ئەندام و لایەنگرێک ئازادانە بیر نەکاتەوە بۆ خزمەتى گەل و نیشتیمانەکە نەک حیزبەکەى و وەکو تاکێکى سەربەخۆ پێش ئەوەى حیزبى بێت هەرگیز نە بەخشندە دەبێت بۆ خۆى و نە بەخشندەش دەبێت بۆ حیزبەکەشى. چونکە ئاشکرایە گەل و نیشتیمان گەورەتر و فراوانتر و خۆشەویستترن بەلاى تاک و هاوڵاتیانەوە لە حیزب و سەرکردە سیاسیەکان چونکە حیزب و سەرکردە سیاسیەکان دەسەڵاتەکانیان تەنها و تەنها لە گەلەوە وەرگرتوە.حیزبى سیاسى دەبێت کادرى وشیار و بەئاگا و ئازاد پێبگەیەنێت نەک کادرى ترسنۆک و دەستەمۆ تەنها لەبەرئەوەى مووچەکەى یان ئۆتۆمبیلەکەى یان ئیمتیازاتەکانى ترى لێنەبڕن.بۆیە تا لەکوردستاندا تاک بەگشتى و کادرى حیزبیش بەتایبەتى ئازاد و ئازادانە بیرنەکاتەوە ئەوا هەر لە بازنەیەکى بۆشى بێناوەڕۆک و بێ ئامانجدا دەسوڕێینەوە.بەداخەوە کە زۆربەى سەرکردە و حیزبە سیاسیەکانیش ئەم جۆرەیان گەرەکە لەتاک و لەکادرەکانى خۆیان (بێ دەنگ ، بێ هەست ، بێ بیرکردنەوە، بێ ئیڕادە.
لەسەروو ئەمانەشەوە بەڕاى بەندە ئەوەى کە هەموان کۆدەکاتە لەم نیشتیمانەدا بەتاکى سادە و ئاسایى کۆمەڵگاوە لەگەڵ کادر و ئەندام و لایەنگرى حیزبە سیاسیەکانەوە،بیرۆکە و فەلسەفەى کوردایەتیەکى ڕاست و دروستە وەک بزوتنەوەیەکى سیاسى و دیموکراتى و پێشکەوتوخوازى سەردەمیانە و وەک بەشێک لە بزوتنەوە مرۆڤایەتیە ناوچەیى و جیهانیەکانیش.بۆیە گەرەکە کە هەموان تەنها بەبیرێکى کوردانەى ڕاستگۆیانە بیربکەینەوە نەک وەک تاکێکى بێ ئامانجى دوور لە ئازادیەکان و نەک وەک کادرێکى حیزبى عەقڵ دۆگما و قەتیسکراو.چونکە بیرى کوردایەتى مەودایەکى فراوانى مرۆڤدۆستانەى ئازادیخوازە کە هەموان بەدوایدا وێڵین و سەدان ساڵە خەباتى بۆ دەکەین و خوێن و فرمێسکى بۆ دەڕێژین و هەر ئەو بیر و هەستە کوردایەتیە بوە کە بۆتە مایەى مانەوە و هێشتنەوەى مرۆڤ و مێژووى کوردان بە زیندویەتى و بەگەشاوەیى نەک حیزب و سەرکردە سیاسیەکان،ئەوەتا مێژوو چەندین سەرکردە و حیزبى سیاسى خستۆتە لاپەڕەکانى مێژوو و بونەتە کارەکتەرێکى ڕابووردوو، بەڵام هێشتاش و بۆ ئایندەش کورد و کوردایەتى و کوردستانیش وەک نەتەوە و بیر و نیشتیمان هەر بە زیدویەتى ماونەتەوە.دوور لە نمونە قێوزەون و ناشیرینەکان کە بەدەستى سەرکردە لاواز و خائین و خۆفرۆش و وڵاتفرۆشەکان دروستکراوان لە پێناو بەرژەوەندى خۆیان و بنەماڵەکانیاندا.هەربۆیە بیرى کوردایەتى دەبێت ببێتە سەرمەشقى بیرکردنەوەى هەموان چونکە هەموان ئەو مافەیان هەیە وەکو تاکێکى کورد و کوردایەتیش قەتیس و تاپۆى هیچ حیزب و سەرکردەیەکى سیاسى نیە و چەندە تاکێکى ئاسایى مافى کوردایەتى هەیە هەر ئەوەندەش سەرکردەکان ئەو مافەیان هەیە،لەبەرئەوە کوردایەتى مەودا و تانوپۆیەکى فروان لەخۆدەگرێت و جێگەى هەموانى تیادا دەبێتەوە.
جا تا ئەوکاتەى هەموان بەو بیرە کوردایەتیە ڕەسەنە بیرنەکەینەوە مەحاڵە بگەینە دوا ئامانجى سەرکەوتن و بنیاتنانى دەوڵەتێکى نەتەوەیى کوردانەى دیموکراتى.کەواتە هێشتا درەنگ نیە و کاتیش زۆر ماوە بۆ ئەوەى هەڵەکانى ڕابووردوومان بە تاک و کادرى حیزبى و سەرکردەى سیاسیەوە ڕاستبکەینەوە و هەموان بگەڕێینەوە سەر شاڕێگەى کوردایەتیە ڕەسەن و ڕاستەقینەکە ،کە موتوربە کرابێت بە ئازادیەکى ساغڵەم و دروست لەچوارچێوەى یاسادا. هەربۆیە ئازادى تاک و مرۆڤەکان وەک ڕۆسۆ دەڵێت بریتى نیە لەوەى کە تاک هەرچیەکى ویست ئەنجامى بدات،بەڵکو بریتیە لەوەى کە ئەوەى نایەوێت نەیکات. بۆیە باهەموان ئەوەندە بوێر بین کە ئەوەى لەگەڵ بیروڕا و قەناعەتەکانى خۆماندا نەگونجا ئەنجامى نەدەین و هەموو پڕۆسە و کردار و فەرمانێکى سەپاوى ناڕاست و دروست ڕەتکەینەوە گەر لەسەر لەدەستدانى ئیمتیازات و پۆست و پلەکانیشمان بێت.ئەمەیە ماناى ئازادى تاک و مرۆڤەکان نەک ئەوەى کە ملکەچى ڕاست و ناڕاستى سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان بیت، چونکە بێدەنگى و بێهەوڵوێستى تاکڕەوى و قۆرخکارى و خۆسەپێنى دروست دەکات، بەداخەوە ئاشکراشە کە هەموانیان چۆن داشۆراون لە هەموو بیرکردنەوە و بەهایەکى جوانى کوردانەى ڕاستەقینە. و کوردایەتیان بەو گەورەیى و شکۆمەندیە کورتکردۆتەوە لە تەنا چەند پۆست و پلە و ئیمتیازاتێکى کاتى دونیاى و هێندەى هەوڵى خۆدەوڵەمەندکردن و کۆکردنەوەى سەرمایەى حەرام دەدەن نیوهێندە کوردایەتیەکى ڕاستەقینە ناکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت