عارف باوەجانی: لە پاش سەدو دووساڵ بە سەر پەیماننامەی سیڤەردا. کۆنفیدراڵی لە ئێستادا باشترین هەلە بۆ ڕزگاربوونی باشووری کوردستان لەو قەفەسەدا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم وتارە باس لەم خاڵانەی خوارەوە دەکرێت:
1. دەستپێک: مێژووی کورد لە پەیماننامەی سیڤەر و خۆرهەڵاتی ناڤین.
2. پێناسەی پەیماننامەی سیڤەر
3. ئاسانکارییەکانی سیڤەر بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
4. باشوری وڵات بەرەو کۆنفیدرالی ڕیگەی بۆ خۆشکراوە.
5. کورتەیەک لە سەر کۆنفیدراڵی یاخود کۆنفیدراسیۆن (Confederation )
6. نموونەی چەند یەکێتی و کۆنفیدراڵییەکی مێژوویی.

دەستپێک: ڕووداوەکانی مێژووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پێشهاتەکانی ئەو سەردەمە لە سەر ئەو سنوورانە، ساڵانە بۆنی نوێبوونەوەیان لێدەکرێت و لاپەڕەکان دووبارە هەڵدەدرێنەوە پێداچوونەوەیان پێدادەکرێت. لەم ئان و ساتەدا کە 102 ساڵ بە سەر ڕێکەوتننامەکەی سیڤەردا تێپەڕدەبێت، بینەرو بیسەری کۆمەڵێک ڕووداو گۆڕاونکاری ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناڤینین. کە بەرچاوترینیان، ئاشتی عەرەب ئیسرائیل، پەرەسەندنی کێشەی ناوخۆیی شیعە بە شیعە. لاوازبوونی پێگەی ئێرانی لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئاڵۆزی پەلامارەکانی ئەردووغانی تورکیا بۆ سەر کوردستان و کێشەی دێپڵۆماسییەکانی لە ئاست جیهاندا. لاوازی سووریا و مانەوەی بە نیوەچڵی، و دەبینین کە سوپای وڵاتانی زلهێز لە سەر خاکەکەی تارتارێنیتی.
گەلی غەدر لێکراوی ئێمەش کە یەکێکە لە نەتەوە ڕەسەنەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین، هەمیشە لە سەرەوەی لاپەڕەکانی ئەو مێژوویەدایە. لە ڕوی * جینەتیکییەوە * و لە ڕەگ و ڕێشەشدا، بە هیچ شێوەیەک لە ڕەگەزی فارس و تورک و عەرەب نزیک نین. نە کەمینەیەکی نادیارین لە گۆشەیەکی بچووکی جۆغرافیای خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ژیابین، تا لە مێژووی نەیارانماندا بە ئاسانی ونبکرێین.
هەر بۆیە ئاور لە هەر جۆرە ڕێکەوتننامە و پەیماننامەو گۆانکارییەکی مێژوویی لە خۆرهەڵاتی ناڤین بدەینەوە، کە لە سەدان ساڵ پێشەوە ڕوویدابێت، یا لە سەدان ساڵ پاشتریش ڕووبدات. گەلی ئێمە لەو مێژووانە بە زەقی دیارەو ڕۆڵی کاریگەریشی بووەو دەشبێت.
ڕێکەوتننامە( پەیماننامەی) سیڤەر، سەدو دوو ساڵ پێش واتە لە 10. 08. 1920 لە سەردەمێکی ئاڵۆزی ناکۆکییەکانی جەمسەرەکانی ناوچەکە. په‌یماننامەیەکی گرنگی مێژووی لە شاری سیڤەری فەرەنسا، کە ناسناوی پەیماننامە یا ڕێکەوتننامەی سیڤه‌ری لێنرا، له‌ نێوان چەند وڵاتێک و ئیمپراتۆرێکی ئەو سەردەمەدا واژۆ کرا. لەو هاوپەیمانییە کە ئەوەی مێژوو باسی لە هێندێک لە ناوی وڵاتەکان کردووە. ئاماژە بە ده‌وڵه‌ت و ئیمپراتۆرییەکەی خه‌لافه‌‌تی عوسمانی، و ده‌وڵه‌تانی دیکەی هاوپه‌یمانی لە نێوان به‌ریتانیاو فه‌ره‌نسا و چەند ده‌وڵه‌تێکی دیکەی ناو ئەو هاوپه‌یمانیە کراوە. ئەگەر دەچینە ناو وردەکاری ئەو هاوپەیمانییە و دابەشکردن و دیاریکردنی هێندێک سنوور بۆ وڵاتانێک کە ئێستا خۆیان بە زەبەلاح دەزانن، بۆمان ڕووندەبێتەوە کە نە پانتایی ئەرزیان، و نە سەرژمێر، و نە پیت و بەرەکەتی سەر خاکەکەیان، ناگات یەک بەشی داگیرکراوی کوردستان.
بەداخەوە! یا دەکرێت بڵێن لە کەمشانسی کورد لە ناو گڕێکوێرەکانی مێژوودا، لەو دابەشکردن و سنوور دیاریکردنەشدا، کورد هەر بە دەوڵەتی سەربەخۆ دیاری نەکرا. بەڵام لە چەند مادەیەکدا ناڕاستەوخۆ ڕێگە ئاسانی بۆ بەرەو سەربەخۆبوونی کوردستان کراوە.
بە شێوەی خوارەوە ئاماژە بە مادەکان وئاسانکارییەکان دەکەین:
لە سەر بڕیاری ئەو هاوپەیمانییە، بەندێک لە ژیر ناوی بەندی 62و بە سەرپەرەستی لێژنەیەکی دیاریکراوی پێوەندیدار بەو بەندەوە، پەسەندکرا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردەکان. کە نوێنەری 3 وڵاتی گرنگی وەک به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئیتاڵیا لەو لێژنەیە دەبن. ئەو سنوورانەی کە ئەو لێژنە لەو١٠٢ ساڵ پێشە ئاماژەیان پێکردووە، هەموو سنووری کوردستانی مەزنی تا سنووری ئەرمەنستان دەگرتەوە. دوای چەندین مانگ و چەندین دانیشتنی دیکە، کە کوردیش تێیدا بەشدار بووە، پەسەند کردن و زیادکردنی چەندین بەندی دیکەی، وەک بەندی 63 و 64 لێکەوتووەتەوە.
مخابن ئەو شانسە هەر بەر کورد نەکەوت و ئەو کارەش بە دەسیسەی عوسمانییەکان و تورکەکان، تێکچوو. هۆکارە بەرچاوەکەش کە تورکەکانی تەواو ترساندبوو، ئەویش لە بەندی 64 دا بوو، کە لەو بەندەدا ڕەزامەندی تێدادرابوو. واتە بەو شێوە ئەو خاڵە پەسەندکرابوو: کە ئەگەر زۆربه‌ی گه‌لی کورد لە چوارچێوەی ئەو سنووره‌ی، کە بە سنوورەکانی پەسەندکراوی بەندی 62 دا دیاریکرابوو. لە پاش ماوەیەکی دیاریکراو، کە هێندێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بە ماوەی ساڵێک و تا 2 ساڵ دەکەن. ئەگەر بیانەوێت و داوای سه‌ربه‌خۆیی له‌ کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان بکەن، و لە ژێر دەسەڵاتی تورکیا جیاببنەوە، ئەوا مافی خۆیانەو یاساییە و ڕێگەپێدراوە، کە دەوڵەتی خۆیان ڕاگەیەنن. هەر بۆیە تورکەکان چی وەک خەڵک و چی وەک دە‌وڵه‌ته‌کەش‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئەو مافەیان بۆ گەلی کورد پێ ئەزم نەدەکرا. تا سەرئەنجام هەوڵێکی زۆری لۆبیگەرییان لە ڕێگەی بەخشینی ئەرزو ئاو مادییەوە خستەگەڕ، ئەو پەیماننامەیان گۆڕی و په‌یماننامه‌ شوومەکەی لۆزان واتە لە ڕێکەوتی 24. 04. 1924 لە شۆێنی سیڤەر دامەزراند.
ئیتر لەو کاتەوە ڕێگەی یاسایی لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی ئاستەنگی تێکەوت، و داگیرکاری و ستەمی داگیرکەران بۆ سەر گەلی کورد لە هەموو بەشەکان پەرەی سەند.

باشوری وڵات بەرەو کۆنفیدرالی ڕیگەی بۆ خۆشکراوە.
وەک دەبینین کە تورکیا بە بیانووەکانیەوە بەرنامەی پەلاماردانی بەشی زۆری ڕۆژئاوای کوردستانی خستووەتە پڕۆژەی کارییەوە. ڕوونە کە مەترسی لە دەستدانی دەسکەوتەکانی ڕێکەوتنەکەی لۆزانی هەیە، دەیەوێت هەنگاوی زیارت بنێت، و لە حەدی سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی زیاتر زیادەڕەوی دەکات. تا وڵاتان ناچار بکات بە نیوەیش لەگەڵی ڕێکەون، بۆ ئەوەی زۆر لە سنوورەکانی دەسەڵاتی سەردەمانی لۆزانی لە دەست نەدات.
دۆخی ئێرانیش ڕوونە کە لە چی حاڵیکدایە، چۆن زۆرینەی نەتەوەکانی بندەست، بەرنامە ڕێزی بۆ وەدەرنانی فارسەکان دەکەن لە سەر سنوورەکانیان. یا چۆن لە ئاست ناوخۆ و دەرەوە ڕووبەڕووی داڕمانی سیاسی و ئابووری و دێپڵؤماسی بووەتەوە.
وەک دەبینین کە ئێراقی پاش2003 بەردەوام بەرەو نا ئارامی و داڕمانی سیاسی وئەمنی دەبێتەوە. ئەمەش باشترین بەڵگەیە کە باشووری وڵاتمان بتوانێت ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، یا وڵاتانی زلهێز و خاوەن باوەڕ لە ناوچەکە، بهێنێتەوە سەر ئەو باوەڕەی، کە گەرەنتی پێکەوە ژیان لە نێو ئەم ئێراقەدابۆ خوودی ئێراقییە عەرەبەکانیش نەماوە، تا بگات بە مافەکانی گەلی کوردستاندا. لەوەتی ئێراق لە سەردمانی کۆنی دەسەڵاتی خولەفاکانەوە تا سەردەمانی بە حکومەتکردنیان، بەردەوام لە نێو کێشەی ئاینی و ناوچەیی و تایفەیی بووەو دەبێت. کەوابێت ئێراقێکی یەکپارچەیی و دیمۆکرات سەرکەوتوو نەبووە، بگرە تەنیا چووەتە بواری خەیاڵ و خۆزگەوە. کردەوەکان و شەقامی ئێراقیش دەیسەلمێنن نە ئەم سەردەمە، بگرە و بۆ دەیانساڵی دیکەش چاوەڕوانکراو نییە.
ڕوونیشە کە ئاستەنگیەکانی سیاسی و نێودەوڵەتی لە ئێستادا بۆ هەنگاوی کۆتایی: کە سەربەخۆیی یەکجارییە هێشتا لەئارادایە. کەوابێت دەکرێت لایەن و دەزگاکانی باشووری وڵاتمان، لە دەوری یاساو پڕۆسەیەکی یەکگرتوویی و تەباییەکی سەرنجڕاکێشدا، دڵنیایی بە دۆستانمان بدات، کە کوردستان بەرەو پێشکەوتن و ئاشتی و ئاوەدانییەکی باش دەڕوات. بەو شێوەیە دەتوانن کار بکەن بۆ کەڵكوەرگرتن لە ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی باشووری وڵات بە شێوەی کۆنفیدراڵی. بۆ ئەوەی لە زۆربواردا دوورببنەوە لەو کێشەو نائارامییانەی کە پەیتا پەیتا لە بەغدا ڕوودەدات. ئەو کۆنفیدراڵیە دوای ماوەیەک بە کرداری یەکگرتووانە و پێشکەوتوانە و بۆژانەوە، بە ئاسانی ڕێگاکە خۆشدەکات بۆ هەنگاوی کۆتایی سەربەخۆیی گەلەکەمان. ئاکامی ڕێفراندۆمی 2017 بەڵگەیەکی سیاسی و خواستی گەلی باشووری وڵاتە، کە بە ویستی 93٪ نایانەوێت لە گەڵ ئەم وڵاتە پڕگێژاوە بمێنێتەوە.
گەلۆ: کاتێک مێژوو شایەتیمان بۆ دەدات کە سەدو دووساڵ پێش، لە ئاست وڵات و ئیمپراتۆرە گرنگەکانی ناوچەکە حسابی زۆرمان لە سەر کراوە، بۆ دەبێت دوای 102ساڵیش هەر بە گوومانەوە و سارد و سڕی وترسەوە باس لە مافی سەربەخۆیی گەلەکەمان بکەین. نەوەی دەیانساڵی دیکە بە تووندی بەر ڕەخنەمان دەگرن و لێمان دەپرسن، باشە ئەوانەی سەدو دوو ساڵ پێشووتر کە ئەگەر زۆر ئەزموون و شارەزاییان نەبوو، ئەی نەوە و تێکۆشەرانی داهاتوومان بۆ نەیانتوانی لەو هەموو گۆڕانکارییانە، هەلێک بقوۆزنەوە و ڕزگارمان بکەن. وا دیسانەوە لاوازی ئێراق هەڵێکی زۆر لە بوارە لە ئاست نێونەتەوەییشدا. دەسەلمێندرێت کە گەلی کورد نزیک بە 20 ساڵ چاوەڕوانی ئێراقی نۆییشی کرد ئەویش وڵامی نەدایەوە.
لە 25. 09. 2017 کە هەلێکی مێژوویی گرنگ لە باشووری کوردستان هاتە ئاراوە، وێرای ئەوەی کە 93% خەڵک بە خرۆشەوە بە دەنگ ئەو پرۆسە گرنگەوە هاتن، ئەویش جێبەجێکردنی پرۆسەی ڕێفراندۆم بۆ باشووری کوردستان بوو. کەچی ئەوەندەی لایەن و هێندێک بە ناو ڕووناکبیری کورد، تا ئێستاش لۆمەی ئەو ڕێفراندۆمە دەکەن، ئەوەندە لە داگیرکەرانی کوردستان نابیستین. هێندێک دەڵێن ئەو ڕێفراندۆمە وایکردووە، کە بووجە نەماو، وەک ئەوەی وابێت ئەو هەموو مێژووی خەباتەی کوردستان، تەنیا لە پێناو مووچەو پارە بووە کە داگیرکەران بۆمان بنێرن. یا ‌هێندێک دەڵێن ئەگەر ئەو ڕێفراندۆمە نەبایە، کەرکوک و ناوچەکانی دیکە لە دەست نەدەدران، لە حالێکدا ئەو ناوچانە تەنیا لە سەردەمانی هاتنی داعشدا دەس کورد کەوتبوونەوە. هەموو بەڵگەو لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێراقی شایەتی لەوە دەدەن، کە ڕێفراندۆم بکرایە یا نەکرایە، ئەوان لە پاش شەڕی داعش هێزەکانی خۆیان بە پشتیوانی تەواوی ئێران دەهێنایەوە بۆ ئەو شوێنانەو، و ئەو گێچەڵەیان هەر بە گەلی کورد و باشووری وڵاتمان دەکرد.
بەو هیوایە کە گەلەکەمان بەو هەموو ڕووداوانەی لە مێژوودا تووشی دەبن، لە ویستی سەربەخۆیی نەکشێنەوەو کۆڵنەدەن، و بگرە فشارە نێونەتەوەییەکان بۆ بە دەستهێنانەوەی ئەو مافە رەوایانە هەر لە سەر مادەکانی 62 و63 و64ی پەیماننامەی سیڤەری ساڵی 1920دووبارە بهێننەوە، ناو کۆڕ و کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە گرنگەکانی جیهان.
کورتەیەک لە سەر کۆنفیدراڵی یاخود کۆنفیدراسیۆن (بە ئینگلیزی: Confederation)
بۆ ھەرکام لەم چەمک و وشانە، مێژووییەک یا ھۆکارێک ھەبووە کە ھۆکاری سەرھەڵدانی بوون. وشەیەکی فەرانسییە و لە ناوەڕۆکدا مانای یەکێتی ویەکبوون و هاوبەشی دەدا.
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا چەمکی کۆنفیدراڵی لە وڵاتی سویسرا وەک چارەسەری گوونجاو بۆ هەرێمە جیاوازەکانی ئەو وڵات پێکهاتبوو. چوون لەو سەردەمانە واتە سویسرای کۆن، خاک و جۆغرافیای ئەو وڵاتە تایبەت بە یەک نەتەوەو زمان و ڕەگەز نەبوو. بەڵام چەند نەتەوەیەکی هاوسنوور بوون. دواتر کە هەموو نەتەوەکان خۆیان لەم ولاتەدا بە خاوەن خاک و ماف بینییەوە، لە سەر ویستی خۆیان لە کۆنفیدراڵییەوە گەڕانەوە بۆ سوسیرایەکی فیدراڵی.
کۆنفیدراڵی یا کۆنفیدراسێونی، واتای بوونی وڵات و کیانێکی سەربەخۆی تەواو، بەڵام وەک ئاڵیانسێک یا جۆرە ڕێکەوتنێک و هاوبەشییەک لە نێوان چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ھاوسنوور درووست دەبێت. واتە ئەو دەوڵەتانە بێجگە لە ڕاپەڕاندنی کاری خۆیان وەک دەولەتێکی تەواو سەربەخۆ، هاوکات پێکەوە لێژنەیەکی کاری هاوبەشیان دەبێت، بۆ هەبوونی هەماهەنگی لە سیاسەتەکانی هاوبەشیان. وەک نموونەی هێزی بەرگری هاوبەش بۆ پاراستنی سنووری ئەو وڵاتانە پێکەوە، وەک گۆڕینەوەی وزەی هاوبەش، وەک سیاسەتی هاوبەش لە ئاست نێونەتەوەییدا و زۆر خاڵی دیکەش کە لە نێو یەک ناوی هاوبەشدا. بەڵام ھەرکات ھەر کام لەو وڵاتانی ئەندام لەو کۆنفیدراسێونە بە دەنگدانی زۆرینەی پێکھاتەکان بیانەوە لەو هاوبەشییە جیا دەبنەوە. کەوابێت کوردستانیش بەو پێناسە دەتوانێت کۆنفیدراڵی ڕاگەیەنێت، ئەگەر باشی ئێراق وایکرد، کوردستان بگەڕێتەوە بۆ فیدراڵی، یا پێچەوانەکەی ئێراقی نا ئارام ناچاری بکات بۆ سەربەخۆیی یەکجاری.
لە مێژووە کۆنەکان زۆر سیستەمی کۆنفیداڵی ھەبوو، خوێنەر بە هەموویەوە ماندوو ناکەم، من لێرەدا تەنیا ئاماژە بە چەند نموونەیەکی گوونجاو ھاوشێوە دەکەم. کە چۆن دوای ماوەیەک پێکەوە کارکردن، لایەنی مەبەستدار بە ئاسانی یا گەڕاونەتەوە ناو وڵات یا بە تەواری لێی دابڕاون. نموونەی چەند یەکێتی و کۆنفیدراڵییەک.
1. کە باشترین نموونە هەر لە مێژووی ئێراقدا. درووستبوونی یەکێتی عەرەبی(یەکێتی ھاشمی) بوو لە نێوان ھەردوو دەسەڵاتی پاشایەتی عێراقی وئوردن، هاوشێوەی کۆنفیدرالی لەساڵی 1958. لە پاش پێنج مانگ بە هۆی شۆڕش یا کۆدیتای 58 لە ئێراقدا. کۆتایی بەو کۆنفیدراڵیە 2 پاشایەتییە هێنرا.
2. کۆماری عەرەبی یەکگرتوو، کە یەکێتیەکی کۆنفیدراڵی بوو لە نێوان میسر و سووریا و باکووری یەمەندا لە ساڵانی 1958- 1961دا. ئەوان کە یەک نەتەوەو یەکزمان و یەک کولتور و یەک ئایینیش بوون، بەڵام چوون پێکەوە نەسازان دوای 3 ساڵ کۆتاییان پێهێنا.
3. یەکێتی سۆڤیەت یا یەکێتی کۆمارە سۆشیالیستەکانی سۆڤیەت، بە شێوەی کۆنفتدراڵی پێکھێنەری (دەوڵەتێکی ھاوبەشی سۆشیالیستی زلھێز بوو لە نێوان ئاسیا و ئەورووپادا. کە لە ساڵی 1922دا دامەزرا، لە 26. 12. 1991 ھەڵوەشا و کۆتاییهات. ھۆکارەکەشی سەرھەڵدانی ھەژاری و لاوازبوونی دەسەڵاتی چەند وڵاتێکی ئەندام تێیدا.
4. نموونەی سڕبیا و چیای ڕەش، کە لە نێوان ساڵانی 1982 تا – 2006 بەڵام بە ھۆی سەرنەکەتوویی چەند وڵاتێک لەو کۆنفیدراڵیە، چوونە دەرەوە و کۆتایی پێھات.
5. کۆنفیدراڵیەتی سێنیگال و گامبیا، لە ئەفریقا لە ساڵانی 1982- 1989
6. یەکێتی نێوان شانشینی یەکگرتوویی سوید و نەرویج لە ئاکامی ڕێککەوتنی *مۆس* لە14ی ئابی 1814درووستبوو. دوای پەسەندکردنی یاسایەکی تایبەت بە سەربەخۆیی نەرویج کە لە 17مای 1814 ئامادەکرابوو. لەو ڕێکەوتەوە لە ڕووی یاساییەوە نەرویج پێگەی دەوڵەتی سەربەخۆیی هەبووە، لە1905بەڕێکەوتنێکی ئاشتیانەی دوولایەنە لەگەڵ سوید، وڵاتی نەرویج یەکلایی بوونەوەی خۆی وەک وڵاتێکی تەواو سەربەخۆ و جیا ڕاگەیاند.
7. یەکێتی یا کۆنفیدرالێ نێوان دەوڵەتانی ئەفریقا هەندێک جار پێی دەوترێت یەکێتی غانا-گینیا-مالی، لە ساڵی 1958 پێکهات. بەڵام لە ساڵی 1963 هەڵوەشایەوە.
8. کۆنفیدراڵی وڵاتانی یوگۆسلاڤیا لە 1992 تا 2003 زۆربەیان لێ جیابووەنەوە. لە نێوان 2003 تا 2006 مونتینیگرۆ و سربیا کە 2 وڵاتی پاشماوەبوون لەو کۆنفیدراڵیە گەورەیە مانەوە. بەڵام لە 2006 مونتینگیرۆش سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و کۆتایی بە تەمەنی ئەو مێژووەش ھات.
سەرچاوەکان:
1. کوردەکان نووسینی: حەسەن ئەرفەع.
2. کوردستان و کورد. نووسینی: د عەبدولڕەحمانی قاسملوو.
3. کتێبی کوردستان‌ و ستراتیژیی دەوڵەتان، لەنوسینی حسێن مەدەنی،
4. هەنگاوەکان بەرەو سەربەخۆیی: نووسینی عارف باوەجانی.
5. چەند سەرچاوەیەکی کتێبی و دیگیتاڵی مێژووی وڵاتانی کۆنفیدراڵی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت