کەمال محەمەد: رۆشنبیر و بەرپرسیارێتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەلبێر کامۆ” وەک رۆشنبیر و بیرمەندێکی گەورەی خۆرئاوا جوانتر لە هەموومان وەسفی سروشتی رۆشنبیران دەکات، وەختێک سەبارەت بەخودی خۆی دەڵێت: (رۆڵی من ئەوە نییە جیهان یان مرۆڤایەتی بگۆڕم، چونکە نە هێندە چاکم و نە ئەو داناییەشم هەیە شیاوی ئەو کارەم بکات).
بۆیە فرۆشتنی رەنجی ھەر مرۆڤێک وەک فرۆشتنی خودی مرۆڤی خاوەن رەنجە، کە ئەمەش شتێک نییە لە بنەرەتدا بەسەرتدا سەپێندرابێت، کە ئەگەر خودی مرۆڤ نەیەوێت. بۆیە رۆشنبیر پێویستە ھێزی بیرکردنەوەو رەنجی تێکەڵ بە دەسەڵات نەکات و نابێت بە شێوەیەک پێناسەی بکرێت کە غولام و کرێکارێکی باش بێت بۆ دەسەڵات. ئەرکی رۆشنبیر ھەڵوێست وەرگرتنە لەدژی کۆیلایەتی، دوربون لە سێبەری دەسەڵاتێکی ستەمکار گەورەترین پاشایەتییە، چون نزیک بونەوە لەو سێبەرە بێ بەریبونێتی لە ئازادی بیرکردنەوەو ماتەوزەی بەھێزی بیرکردنەوەکانی.
ئەمرۆکە پارادایمێک ھەیە کە پێویستە پشتگیری و پشتیوانی بین کە کۆمەڵگای تەندروست و ئازاد و دیموکراتەو خودی مرۆڤ یاسایی بونی خۆی دابمەزرێنێت و پابەندی ئەو یاسایانە بێت کە کۆمەڵایەتی بون بپارێزێت. بەری رەنجی رۆشنبیران کاتێک بەرز ئەنرخێندرێت کە کەلە کەسایەتی و ھەڵوێستەکانی خۆیاندا نوێنەرایەتی گەلی تێدا ببینرێت لەم واتایەدا وەک کەسێکی شۆڕشگێر دەست بە بونیادنانی خۆی ھاوکات دەست بە بونیادنانی کۆمەڵایەتیش بکەن و ئەوە نیشانی ھەموان بدرێت کە ئەوەی لە کەسایەتی ئەوان جەستە ئەکرێت مرۆڤایەتی ئازادو کۆمەڵگای ئازادە، لێرەوەیە کاریگەری رۆشنبیر جێگە لەناو چالاکی و ھزر دەگرێت و کاریگەری تاک لە بونیادنانی کۆمەڵگادا بەدی دێنێت.
ئەرکی رۆشنبیرە مەودای نێوان خۆی و سیستەمێک کە لە خزمەتی گشتیدا نییە فراوان بکات، چون گەر بمانەوێت رۆشنبیرێک بناسین لە ھەڵوێست و نوسینەکانی ئەروانین کە راستترین رێگایە بۆ ناسینی، کە چۆن ھەمو ھەوڵ و تەقەلایەکیان بۆ ھۆشیارییە کە ھاوتەریب بێت بۆ بەردەوامی بەدوای ماف و ژیانکردنەوە نەوەک خۆشاردنەوە بێت لە کاتە ھەستیارەکاندا، لێرەوەیە بەرگریکردن لە ئازادی و بەرەی گشتی چەندە گەورەیە.
پشک کردنی زانیاری و ئاگایی و زیادکردنی خۆیەتی لە کەسانی تردا واتای خۆ زیادکردنە لەو کەسانەدا، بەھێزترین مرۆڤی رۆشنبیر ئەوەیە ھێزی واتاو بیرکردنەوەکانی ھێزی شەیدای ئازادی بێت و بە گەران بە دوای حەقیقەت و تێکۆشان لە دژی ناحەقی دەست پێ بکات، بەو پێیەی چینەکان راستیەکن، بەڵام ئەگەر شۆرش بدرێتە پاڵ چینەکان وەک یەک ئەوا ئەنجامێکی ئەرێنی بەردەست ناخەین.کاتێک دەڵێین شۆرش بێگومان یەکسەر شۆرشی فیکرو رۆشنگەریمان بیر دێتەوە، چون شۆرش و تێکۆشان بۆ ئازادی و دیموکراسی لە دوکەناڵەوە پێش ئەکەوێت:
یەکەم/ رۆشنبیری
دوەم/ کۆمەڵایەتی
بەدرێژایی مێژوش گەران بەدوای ھیواو رێپێوان لەم پێناوەدا ھەمیشە لەم دو رێگاوە سەری ھەڵھێناوە، ئەمرۆکە ھەمو شۆرشەکان شۆرشی گەلن، ئەگەر خواستی گەیشتن بە ئەنجامێک ھەبێت لە کۆمەڵگاو سەردەمی ئێمەش بەدیاریکردنی رێگایەک ھەنگاو بەرەو ئامانج لواو نابێت، بەڵام ئەرکە گرنگەکە شیمانەکردنی رێگاکەو بەرێوەچونێتی لە رێبازێکدا کە کورتترین و ئاسانترین رێگا بێت بۆ گەشتن بە ئامانج.
ئێستا دەکرێ لە رۆشنبیرانی ئەم سەردەمە بروانین کە کاریگەرییەکی سنورداریان ھەیە و زۆرینەیان ھەست بە یۆتۆپیاو خەونەکانی نێو ناخی چینەکانی ژێرەوە ناکەن و خاوەنداری لێ ناکەن و لەبەرامبەر ھەژاری و زوڵم و زەبر و سیستەمێک کە ئۆبژەی تاک رەوی و کۆیلایەتی لێ بەرھەم دەھێنێت بێ دەنگن و لە بری رەوایی لە حەق وتن و دژی چەوسانەوە و ھەنگاو بۆ بەدیھێنانی خەونەکانی خۆیان ئەنێن و چالاکی و نوسینەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کاڵابونیانە لەبەرامبەر ڕۆڵی فرۆشی خۆیانەوە، ئەمانە پتر نایانەوێت جیھانبیبی تاک بە واقیع بگۆرن و نایەوێت وەک ئارگۆمێنتسازێک دەسەڵات بۆ جەماوەر دەربخات، بەڵکو ئارەزوی دەسەڵات بۆ خۆی ئەکات. پرۆسەی بە رۆشنبیرکردن کاتێ دەست پێ ئەکات کە رۆڵ و رەنجی رۆشنبیرێک و سەربازێکی حیزبی ھەمان کار و پاداشت بێت، کە دواجار جێبەجێ کردنی فەرمانە بۆ ھەردوکیان نەوەک بیرکردنەوە بۆ رۆشنبیرێک! بۆیە زۆرینەی رۆشنبیرانی ئێمە زیاتر وەک ئەکتیڤیستێکی سیاسی حیزبی دەرەکەون و پشتیان لە ئەندێشەکان و گەلیش کردوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت