شەماڵ بارەوانی: بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا/ بەشی بیست و پێنج.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەبەشی پێشوو ئاماژەم بە هەردووک چەمکی: ستایش و زەم کرد و گووتم: بەو مەلایەی هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتیم گووت: کە هەم زەم و هەم مەدحیشت تێدایە، لەو چەند بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا،کە تۆی تێدایت و زیاتر سەبارەت بە تۆیه.
حەزدەکەم لە یەک دوو بەشی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕادا تۆزەک لەسەر مەدح و زەم بوەستم، ئینجا لە بەشەکانی دوای ئەو بەشە، دێینەوە سەر بابەتی گۆرانی و شت.
هەڵبەت، لە مەدح و زەمدا، مەبەستم ئەوەبوو کە سیفەت و سال و خەت و هەڵسوکەوتەکانی سەردەمی حوجرەی ئەو فەقێیەی ئەوساو، مەلایەی ئێستا وەکو خۆیان باس بکەم. ئینجا لە کوێ بۆی بوو بە مەدح، وەک دەڵێن: ئەوە خێر عەلا خێر و، لە کوێیش بوو بە زەم، تاوانی منی تیا نییە و حەقیقەت و واقیعەکە وابوو و قورئانیش سەبارەت بە وتنی حەقیقەتەکان و ڕاستیەکان وتوویەتی: وَإِذَا قُلْتُمْ فَاعْدِلُوا وَلَوْ كَانَ ذَا قُرْبَىٰ (1). یان، كُونُوا قَوَّامِينَ بِالْقِسْطِ شُهَدَاءَ لِلَّهِ وَلَوْ عَلَىٰ أَنفُسِكُمْ أَوِ الْوَالِدَيْنِ وَالْأَقْرَبِينَ.. (2)و (قوَّام)کە، لێره سیغەی موبالەغەیه، واتا: دایمە سەبارەت بە هەموو شتێك زۆر ڕاست و دادپەروەربن لە هەموو قسەکانتانا و ئەگەر دژی دایک و باوک، یان خزم و کەس و کارەکانتان، یان تەنانەت لە دژی خۆیشتان بوو، لە حەق لامەدەن.
منیش له بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا دا، تەنانەت لە دەیان شوێن گێڕانەوەو بیرەوەریەکان دژی خۆم بووەوەو زەمی خۆمی تیا بووەو ڕەخنەم لە بیرکردنەوەو هەڵسوکەوتی خۆم گرتووە، بێ هیچ دەستکاری و گۆڕانکاری و ماکیاج و کەم و زیادکردن وخوێ و ترش پێداکردنێک و خۆ بە پاڵەوان کردنێک و جوانکردنێک، وەکو خۆی بەسەر هات و بیرەوەریەکانم گێڕاوەتەوە و باسم لە چیرۆک و ڕووداوەکان کردووە. وە هەر لەو سۆنگەی باوەڕیم بە ڕاستگۆیی و حەقیقەت و عەدالەت دا، لە نووسینەوەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا دا، هەوڵمداوە زۆر بە ڕاستگۆیی و وەکو خۆیان بیرەوەری و بەسەر هات و چیرۆکەکان بگێڕمەوە و دوور لە کاریگەری بیر و باوەڕ و بۆچوونی خۆم و گێڕانەوەیەکی بێ ویژدانانە، یان لە ژێر سێبەری ڕقێکی کۆن، یان دیدەنیگاو ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو بۆتەیەکی تاریك، بۆ مەبەستێکی دیارکراو، یان بۆ شکاندنەوەی ئەویتر، یان خوا نەخواستە ڕقێکی شەخسی و بۆ ئامانجێکی تایبەت بی نووسمەوە.
هەرلەو سۆنگەیەشەوە، لە کاتی نووسینەوەی هەربەشێکی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕادا، زۆرجار گەر بیرەوەریەک و بەسەرهاتێکم باش بیرنەمابێت، چ لە ڕێگای ماسنجەر و ڤایبەرەوە، یاخود له ڕێگای واتسئاپ و تەلەفۆنەوە پەیوەندیم بە و فەقێیانەوە کردووە، کە خۆیان بەشێک بوون لە بیرەوەری و بەسەرهاتەکە، یان ئاگاداری بوون، تا نەکەومە ناو هەڵەو بێ ویژدانییەوە و بتوانم بیرەوەریەکان وەکو خۆیان و بیرەوەری لە تەنها لە پێناو بیرەوەری و بە ئەمانەتەوە بگێڕمەوە.
ئینجا سەبارەت بە بیرەوەری، هەڵبەت” کتێبی بیرەوەری یەکێکە لەو ژانرانەی کە زۆر کەس پەنایان بۆبردووە، هەر لە کەسایەتیی سیاسی و هونەرمەندەوە تا ئەدیب و ڕۆژنامەنووس. بیرەوەری وەک دواوتە، دواهەناسەی مرۆڤ، کتێبی بیرەوەری کتێبی نەگوترواوەکان، ئەوەی کە نەگوتراوە، دەگوترێ.”(3) و وەکو لەتیف هەلمەت دەڵێت: هەندێک بیرەوەری جۆرێکن لە ڕۆمان”(4).
“ئەوەی بیرەوەری دەنووسێتەوە، چیرۆکی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە، بەڵام لە ڕێگەی ژیانی خۆیەوە ڕووداوە جۆراو جۆرەکانی سەردەمی خۆیشی باس دەکات. بەپێی کار و پێگەی ئەو کەسە، کەشی بیرەوەریەکە دەگۆڕێ کەشێکی ئەدەبی، یان سیاسی و یاخود کۆمەڵایەتی. خاڵێکی دیکە لە نووسینی بیرەوەریدا گرنگیی پێدراوە، ئاشکراکردنی کردەی سێکسی و چیرۆکی عەشق و ناوهێنانی بکوژ و ناپاک لە بیرەوەریدا زۆر هاتوون و گرنگیان پێدراوە. زۆرجار ئەمە لە ڕووی سایکۆلوژییەوە جۆرێکە لە خۆخواردنەوەی مرۆڤ. کەسایەتیی نووسەری بیرەوەری شتێک لە دڵیدایه و ساڵانێکی زۆر خۆی دەخواتەوە تا لە دوانووسینیدا دەری دەبڕێ. ئەمە، هەندێک جار بۆ تۆڵەسەندنەوە و هەندێک جاریش بۆ نیشاندانی واقیعە. هەندێک جاریش بۆ خۆپاککردنەوەیە لە ڕووداوە نەشیاوەکان. ” (5) بە تایبەتی ئەو بیرەوەریانەی مۆرکێکی سیاسیان بەسەردا زاڵە و باسی شۆڕش و شاخ و شەڕی نێو خۆیی دەکەن و زۆر چێرۆکی کوشتن و ناپاکی و ستەم و شتی تێدایه.
پاشان، نووسینەوەی بیرەوەری تەنها گێڕانەوەیەکی ڕووتی چیرۆک و بیرەوەریەکان نییە، بەڵکو ڕەخنە هەمیشە خاڵێکی سەرەکیەو پانتایەکی باش داگیردەکات لە کاتی گێڕانەوەی بیرەوەریەکاندا. وە من وەکو زۆرێک لە نووسەرانی تر کە بیرەوەری و یاداشتەکانیانمان خوێندووەتەوە، بە تایبەتی نووسەرە کوردەکان، هەست دەکەم ڕق و تۆڵە و ڕەخنەی زۆر بریندارکەر و توند و ئسلوبی بەرامبەر شکاندووەوە و بێ ویژدانی و بێ ئینسافی کردن و بەکارهێنانی دەیان وشەی زبر و قسەی نەشیاو لادان لە ڕێچکەی ئاکادیمی بوونی نووسین و مۆڕاڵی نووسەرێتی و تەنانەت بێ ڕێزی و تا ئاستی سوکایەتیشی تیایە به هەندێك لەو کەسانەی کە لە بیرەوەری و یاداشتەکانیاندا نووسیویانە. هەمووی هەر لەڕەخنە لە بەرامبەر دەگرێت و هەڵە و شکست و تاوانەکان دەخاتە ئۆباڵ و ئەستۆی بەرامبەر و دەیەوێت خۆی وەکو بەرزەکی بانان لێی دەربچێت و دایمە خۆی لە شێوەی پەپولە و بێتاوان پیشان بدات!
هەڵبەت گەر یەکەم بەشی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا تان و خوێندبێتەوەو سەرنج و دیقەتتان دابێت، من هەر لە سەرەتای نووسینەکەو یەکەم بەشی بیرەوەریەکە، بەر لە هەر کەسێک بە ڕەخنەگرتن لە خۆم دەستم پێکردووە.
ئینجا منیش مرۆڤم و مرۆڤیش قابیلی هەڵەیه، هیوادارم له نووسینەوەی هەموو بەشی” بیرەوەریەکانی فەقێیەی گوومڕا”دا دووربم لەو ئاکار و هەلسوکەوتەی ئەو جۆرە نوسەرو بیرەوەری و یاداشتانەو وە تابۆم کرابێت هەوڵمداوە بابەتیانەو بێ لایەنانە ڕەخنە بگرم و بە دوور بم لە وشەی نەشیاو ڕق و کاردانەوە و هەرشتێک کە شیاو نەبێت، نووسەر لە نووسین و بیرەوەریەکانیدا بئاخنێت و سەنگ و بەهای بیرەوەری و نووسینەکانیشی به هۆیەوە لەدەست بدات.
ڕەنگ بێت من هەندەك وشەی وەکوو: فێندەمێنتالیست، توندڕۆ، بناژۆخواز، کۆنزەرڤاتیزم(کۆنەخواز)، نەریتگەرا، خێڵگەرا و… تاد . م بەکاربردبێت کەسانێک وای لێ تێبگەن و لێکی بەنەوەو خوێندنەوەی بۆ بکەن، کە بە مەبەستی سوکایەتی وام نووسیبێت و ئەو وشانەم بەکارهێنابێت.
نەخێر، هەرگیز، ئەوە مەبەستی من نییە، بەڵام کەسێک دژی فەلسەفە و ئەقڵانیەت و مرۆڤ بوون بێت، لۆژیک بەهەر تەقە و کفر و زەندەقە دابنێت و دژایەتی مۆدێرنێتە و هەر تازەگەریەک بکات و کوشتەی دەستی بیری خوڕافەگەرێتی و، ڕابردوگەرێتی بێت و عەلمانیەت بە بێ ئەخلاقی و چەمکی یەکسانی جێندەری بە بەڕەڵایی پێناسه بکات و لە گۆشەنیگایەکی تەسک و چاڵێکی داخراو لە ڕوانگەیەکی ئیدەلۆژی و دیدێکی مەزهەبی و پەنجەرەی فیقهێکی کلاسیکیەوەو لە چەمەکەکان و شتەکان و مرۆڤایەنی و ژیان بڕوانێت و باوەڕی بە فرەیی نەبێت و پێکەوەژیان ڕەتبکاتەوە و بیەوێ بمانباتەوە دەرەوەی مێژوو و لێنەگەڕێین شان بەشانی شارستانیەت هەنگاو بنێین و داوای گەڕانەوە بۆ شێوە ژیانێکی سەرەتایی و بەدووانەی هەزار و چوارسەت ساڵ لەمەوبەری دوورگەی عەرەب بکات و قەناعەتی وابێت، فلان و فیساری ناو مێژووی عەرەب و سەدەی حەوتەم و هەشتەمی زاینیی هیچیان بۆ ئێمە نەهێشتووەتەوە و هەمو شتێکیان گووتووەو ئەوەی لەسەر ئێمەیە تەنها شوێنکەوتنێکی کوێرانەو دامارگیرانەو بێ لام و جیمانەی ئەو سەلەف و پێشینانە بین و ژیانی ئێستا و سەدەی بیست و یەک و سەردەمی شۆڕشی زانستی و شەڕی تەکنەلۆژی و داهێنانی ڕۆبۆت و چوونە سەرمانگ و چی و چی هەمووی دەبێت بکەین بە قوربانی و پاشکۆ و کۆپی فەتواو تێگەیشتنێکی کۆنینەو، مردووی ناو گۆڕ، تەحەکوم بە ژیانی زیندووەکانەوە بکەن و پێمان بڵێن چی بکەین و چۆن بڕۆینە تەوالێت و چی بخۆین و چی شێوازێک بخەوین و چی جلێک بپۆشین و چۆن سەلام بکەین و کەلام نەکەین!
ئێ تۆ ئینجا چاوەڕێ لە منی لیبڕاڵ و هیومانیست دەکەیت، بێم و بەشان و باڵی ئەو بیرکردنەوە ئێکسپایەربووەدا هەڵبڵێم و پەسنی ئەو جۆرە مینتاڵێنت و ئەقڵیەتە بدەم و بە ئیبنولتەیمیەی تیورسەنی هزری توندڕۆی و باوکی ڕۆحی تیرۆرستان بڵێم: سوقراتی سەردەم و سەید قوتبی ڕادیکاڵ بکەم بە ڤۆڵتێر و مارتن لۆتەر و ئیمامی شافیعی بکەم به گۆردانۆ برۆنۆی مێژووی عەرەب و گۆرانی بەشان و باڵی فیقه و مەزهەبە شۆڤێنی و دەمارگیریەکەی و بیرە عروبیەکەی دا هەڵبڵێم و شاباش بەسەر ڕادیکاڵێکی وەکو ئەحمەدی کوڕی حەنبەل و ئیسلامیست و ئیخوانیزمێکی لە شێوەی حەسەن بخوێنمەوە و به حەکیم و ڕووناکبیر و زاناو پاڵەوان و قارەمانی سەدەی بیستەمی بژمێرم؟! هەرگیز چاوەڕێی وەها شتێک لەمن نەکەن.
وە ئەو دەستەواژە و وشانەی کەئاماژەیشم پێدا، هەرگیز ناچنە خانەی جوێن، یان سوکایەتی و بێ ڕێزییەوە و لە دنیای نووسین و لای نووسەرانی ئاڕاستە لیڕاڵ و سیکۆلارست و دیموکراسیخواز، بەکارهێنانی ئەو جۆرە وشەو ڕەستەواژانە، لەبەرامبەر هێزە سەلەفیگەراکان و ئیسلامگەراکان، شتێکی زۆر نۆڕمەڵە.

1- سورەتی ئەنعام، ئایەتی 152.
2- هەمان سورەت و هەمان ئایەت.
3- مەحمود نەجمەدین، گۆڤاری (ڕۆڤار)، ژمارە85، لاپەڕە 53.
4- ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو، هەڤاڵ کوێستانی،چاپی پێنجەم،2021، لاپەڕه 6.
5- مەحمود نەجمەدین، گۆڤاری (ڕۆڤار)، ژمارە85، لاپەڕە لاپەڕە 54.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت