دلێر محەمەد نوری: لەچکەکانتان مەسووتێنن، بینێرن بۆ باشور.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

من لە جیاتی ئیسلامیی و بانگخوازەکانی باشور بم، ڕۆژی سەدجار دەستی دیموکراسی ماچ ئەکەم. چونکە ئەوە دیموکراسییە، ئاوا ڕێگەی داون ئایین بکەن بە حزب و ببن بە دەنگ لە پارلەمان و دەست بخەنە ناو یاساکان و بەرگێکی ئایینی بە بەردا بدوورن.
من لە جیاتی ئیسلامیی و بانگخوازەکانی باشور بم، ڕۆژی هەزار نان ئەکەم بە خێر، بۆ پارلەمان و یاساکانی. چونکە ئەوە پارلەمانە، لە یاسا بنەڕەتیەکانیدا هاتووە، کە هیچ یاسایەک نابێت بڕیاری لێ بدرێت، ئەگەر بە دڵی شەرعی ئێوە نەبێت.
من لە جیاتی ئیسلامیی و بانگخوازەکانی باشور بم، ڕۆژی ملیۆنێک شوکرانەی خوا ئەکەم، بۆ بەخشینی حزبە (بە ناو عەلمانییە) گەندەڵەکانی کورد. چونکە گەر ئەوان گەندەڵ و خیانەتکار و بێ ڕوانین و کورت بین نەبوونایە، هەر لە ڕێگەی پەروەردەیەکی دروستەوە، نەوەیەکیان ئەخستەوە، کە ئەمڕۆ نۆبەرەی‌ 30 ساڵی تەمەنە، کە بە بیری ئازاد و مافی تاک و گیانی لە خۆبوورد و پتەو بە زانست و فەلسەفە، ژیان و ئاژەڵ و سروشت دۆست، کە ئاوها بە سانایی نەدەخزانە ناو تەڵە و داوی ئێوەوە.
من لە جیاتی ئیسلامیی و بانگخوازەکانی باشور بم، ڕۆژی 100 ملیۆن ڕەحمەت ئەنێرم بۆ موجاهیدەکانی داعش. چونکە ئەرزییەتێکی وایان ڕەخساندووە، لە شۆردنەوەی مێشکی لاوان، بە جۆرێ ئەوەی بە زەبروزەنگ، داعش پێی نەسەپێنرا، ئێوە بە خشکەیی، هەمان بیری داعش بڵاودەنەوە، بەڵام بە ئارامی.
من لە جیاتی ئیسلامیی و بانگخوازەکانی باشور بم، شەو و ڕۆژ مەمنوونی ژنە سفور و نووسەر و هونەرمەند و شاعیر و ئازادیخوازان و چالاکوان و عەلمانییەکان و مولحیدەکان و زەردەشتییەکان و مەسیحییەکان و ئیزدییەکان و کێ و کێی دیکەش ئەبم. چونکە بوون بە مادەیەکی خاوی بەردەوامی، بانگەواز و خوتبە و وەعزەکانتان. بە ڕاستی گەر ئەوانە نەبوونایە، ئێوە باسی چی هەبوو بیکەن؟
من لە جیاتی ئیسلامیی و بانگخوازەکانی باشور بم، هەمیشە قوربانی ئەو سەددان هەزار کوڕانە ئەبم، کە شەو و ڕۆژ بە دیار خوتبە و چیرۆکی هەڵبەستراو و وانەکانی ئێوەوە، لە مزگەوت و هۆڵەکان و به دیار بەرنامەی سەتەلایتەکانتانەوە، باوێشک لێ دەدەن و گوێ قوڵاغن. دواتریش شێلگیرانە لە تۆڕەکنی سۆشیال میدیا، بە (جزاك اللە خیرا) سوپاستان ئەکەن و بەوانی دیکەشا ئەڕشێنەوە.
من لە جیاتی ئیسلامیی و بانگخوازەکانی باشور بم، هەمیشە قوربانی ئەو سەددان هەزار کچانە ئەبم، کە پۆل پۆل و دەستە دەستە، لە فیستیڤاڵەکانی باڵا پۆشیدا، ئارەزوومەندانەی دوای شۆردنەوەی مێشک، تاجی حجاب، لە سەر مۆدیلی (ئامینە ئەردۆگان) دەنینە سەر.
هەر بۆیە جێی خۆیەتی داوا لە کچانی ڕۆژهەڵات بکەین، ئەو لەچکانەتان بە هەدەر مەسووتێنن، کە ئێوە بە زۆر کراوەتە سەرتان، بینرن بۆ خوشکانی باشورتان، ئەوان پۆچ پۆچ ئارەزوومەندانە لە سەری دەنێن. چونکە لێرە لە سەر لەچک سووتاندن خەریکن کچان ئەبەنە بەردەمی دادگاکان، ئەوەی ڕژێمێکی 43 ساڵەی کۆماری ئیسلامی، بە دیکتاتۆری بۆی ناچێتە سەر دەرهەق بە لەچک سووتاندن، لێرە لە سایەی گەندەڵخانی بە ناو عەلمانی و بە ناو ئازادی، ئیسلامییەکان چییان بوێ بە چەقەنەیەک، ئەیبەنە سەر. تکایە لەچکەکانتان مەسووتێنن، بیکەنە دیاری خوشکانی باشورتان.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت