عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی بیست و نۆ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سبەینێ 24و سێ سبەی 26ى نیسان یادی يادى چل و هەشتەمین ساڵەی بومباران کردنی قەڵادزێ و هەڵەبجەیە.
گەلی کورد بە زۆر ڕۆژگاری ناخۆشدا تێپەڕیوەو کەوتووەو هەستاوەتەوەو شۆڕشی هەڵایساندۆتەوە و قوربانیی زۆری داوە, بەڵام بە داخەوە پەندی وەرنەگرتووە و دوای دامرکاندنەوەی کەفوکوڵی شۆرشەکەی, ماوەیەک بێ دەنگ و کپ کراوە, ئینجا سەر لە نوێ تێ هەڵچۆتەوە. ڕەنگە ئەو نسکۆیانە زیاتر لە ئەنجامی باڵا دەستیی دوژمنەکانی و هەندێک بارودۆخی بابەتییانە بوو بێت, بەڵام خۆ کافر نابین ئەگەر بڵێێن جاروبار خۆشمان لە ئەنجامی ناتەبایی و خۆخۆیی و هانا بۆ دوژمن بردن بۆ لەناوبردنی لایەنە بەربەرەکانیکەرەکەمانەوە و یەک نەگرتن ئەو شکست و نسکۆیەمان بەسەر هاتووە. شۆرشی ئەیلوول لە هەموو ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی دیکە بەربڵاوتر بوو و زیاتر ماوەتەوە و هەموو هەرێمی کوردستانی گرتەوە زۆربەی چین و توێژەکانی گەلی کوردستان چوونە ژێر باڵی شۆرش. چینی ڕەنجدەر و زەحمەتکێش لەپال هەندێک چینی دەستڕۆیشتووى خاوەن موڵک و ماڵ و دەسەڵات, ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیر و پیتی بورجوازی, وەک سیاسییە لەمن زاناتر و هۆشیارترەکان دەڵێن و منیش لاسایی ئەوان دەکەمەوە. سەردەمێک وای لیهات ساواکی ئێران جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ شۆڕشدا پەیدا کرد نەک لەبەر خاتری چاوی ڕەشی ئێمە, بەڵکو شەڕی حکوومەتی عیراقی نەیاری خۆی پێ دەکردین. تەنانەت دواى دەست پێ کردنەوەی شەڕو پاش ئەوەى ئێمە چووینە دیوی ڕۆژهەڵات زۆرجار برادەرانی ئەوێ دەیانگوت ئەگەر شا فەرمان بکات ئیمەش شۆڕش دەکەین, ئێمە گاڵتەمان بەو قسەیە دەهات. بەڵام ئەوان دەیانزانی دەڵێن چی و لەبەرچیش وادەڵێن. چوار ساڵەکەی ڕێککەوتننامەی ئادار کۆتایی هات و دوای ئەوەی بەعس خۆی قایم کرد و لەگەڵ سۆڤیەت ڕێککەوتننامەی مۆرکرد, منەتی بە کورد نەما یەک لایەنە یاسای حوکمی زاتی بەپێی گەز و پێوانەی خۆی ڕاگەیاند و ئێمەش یان هەموو شتێک یان هیچ شتێک ڕەتمان کردەوە بێ ئەوەی هیچ نەرمییەک بنوێنین و بە دەست لەپشت دانی ئێران جارێکی دیکە شەڕ دەستی پێ کردەوە. لەو ماوەیەدا سەرکردایەتی شۆڕش ئەرکێکی زۆری کەوتە سەرشان لە حەواندنەوەی ئەو جەماوەرە زۆرەی پەیوەندییان بەشۆڕشەوە کرد. نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت کە ڕژێمى بەعس چەندان بەکرێگیراوی خۆی خزاندە نێو ڕیزەکانی شۆڕشەوە کە زۆربەیان دوای هەرەسهێنانی شۆڕش دەرکەوتن و لەنێو ڕیزەکانی بەعس دیماننەوە. بەعس دڕندانە هێرشی کردە سەرشارەکانی کوردستان و ئەوەبوو کە زانکۆی سلێمانی لە قەڵادزێ ڕاگەیەنرا, ڕۆژی 24. 4 فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێم شاری قەڵادزێیان بە بۆمبی ناپاڵم خەڵتانی خوێن کرد و لە خوێنیان وەردا و دەیان کەس شەهید بوون، بێجگە لەسەدان بریندار و وێرانکردنی بەشێکی ئەو شارە جوان و هەڵویست مەردانە و خۆڕاگرە. ئەو تاوانە یەکێکە لەتاوانەکانی نازیشێوەى هيتلەری کە هەرگیز لە بیر ناچێتەوە.
دوو ڕۆژ دوای ئەوە لە 26 . 4 شاری هەڵەبجەی مەڵبەندی ئەدیب و شاعیران و سەرچاوەی ڕۆشنبیریی بە هەمان شێوە بۆمباران کرد و کوشتارگە و گۆمێکی دیکەی خوێنی لەوێش دروست کرد. ڕژێم بێ باکانە و بە دڕندانەترین شێوە کەوتە بۆمباران کردنی شارو گوندی کوردستان. دوای یۆمباران کردنی ئەو دوو شارە, خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستان لەبەر مەترسیی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێم زۆربەیان بەڕؤژ بە دەشتەکانی دەوروپشتی ئەو شارانەدا بڵاو دەبوونەوە و کە تاریک دادەهات, ئینجا دەگەڕانەوە. پێنجوێنیش ئەگەری بۆمباران کردنی هەبوو, بۆیە خەڵکەکە پێش خۆرهەڵات شاریان جی دەهێشت بەرەو بلکیان و چوارباخ کە دوو سەیرانگەی خۆشی نزیک پێنجوێن بوون. بەڵام دار هێشتا نەپشکووتبوو. لەو ماوەیەدا منداڵەکان هەموویان هاتبوون و ژوورێکم بەکرێ گرت لە پیاوێک ناوی کاک ئەحمەد بوو. دوای بۆمباران کردنی هەڵەبجە, پێنجوێنیش کەوتە بەر مەترسیی بۆمباران کردن, کە ئەو ترسەی بۆمباران زیادی کرد, بە منداڵەکانم گوت بەیانی دەچین بۆ دەرەوەی شار. ماڵەوە گوتی من تواناى پێ هەڵگەڕانی ئەو شاخ و داخ هەوراز سەرکەوتنەم نییە, تۆ و کوڕەکان بڕۆن و من و کچەکان لەگەل ژنی خاوەن ماڵەکە لێرە دەمێنینەوە. ئەوەبوو ئێمە ڕۆیشتین. جارێ زۆر سارد بوو, کاک ئەحمەد گوتی ئێستا ئاگرێک دەکەمەوە ئاسمان گەرمی بێتەوەو چووین هەندێک چیلکەو دارمان کۆکردەوەو ئاگر مەشخەڵی بەرز بۆوە. لەو کاتەدا گڕەی فڕۆکە هات و لە ناو شار بوو بە تەقە بەرەو ئاسمان و بە هەموو جۆرە چەکێک تەقە دەکرا. هێرشی کوڕم کراسێکی سیرەی مۆری بریقەداری لەبەر بوو, گوتم بڕۆ ژێر ئەو کەندە نەدیوە, بەڵام مەشخەڵی ئاگرەکە نەدەشاردرایەوە. سەرم بەرز کردەوە فڕۆکەکەم بینی و دوای ئەوە گرمەیەک هات. دواتر بیستمان بۆمبای لە گوندی چەوتان بەرداوەتەوە و تەنیا مریشکێکی کوشتووە. خەڵکی ناو شار هەموو بەو هەورازەدا هەڵگەڕان و منداڵەکانی منیش لەگەل ئەوان. ژنەکەم لە ترسی گیانی خۆی وا بە ڕاکردن هاتبوو, پێم وایە تاژی نەیدەتوانیبێت بە قولەپێی بگات. جۆگە ئاوێک بەرەو خوار دەڕۆیشت و مندالەکان لەوبەر بوون. منیش ویستم کچەکان بپەڕێنمەوە, لە ناوەڕاستی ئاوەکە قاچم خستە سەر بەردێک, بەردەکە لووس بوو ئیدی قاچم خزی و لەناوەڕاستى جۆگاکە بۆخۆم دانیشتم و ئاو هەتا کەمەرم هات. پاڵتۆیەکم لەبەر بوو دەتگوت لێفەیە, ویستم هەستەمەوە، بەڵام لەبەر قورسیی پاڵتۆکە نەمدەتوانی هەستم. بەهەر حاڵێک بوو هەستام. پاڵتۆ قورسەکەم داکەند و لەبەر ئاگر دانیشتم, بەڵام سوودی نەبوو، چوکە جلەکانم زۆر تەڕ بوون و نەشدەکرا دایانکەنم و کەمێک بینگوشم. ئەو ڕۆژە هەتا ئێوارە لەبەر ئاگر دانیشتووم و هەر هەڵرەزیوم و گەرم نەبوومەتەوە. بڕواتان بێ دەتوانم بڵێم ئێستاش کە بیرم دەکەوێتەوە هەڵدەلەرزم. شۆڕشی کورد توانی لەو ساڵەدا لە سەرەتای ئاداری 1974 تا ئاداری 1975 دەسکەوتی بەرچاو بۆ کورد وەدەست بێنی و تاڕادەیەکی زۆر ڕژێمی بەعسی لاواز کرد و هەر وەکو صدام خۆی گوتی چەکمان هاتبووە کزی, بۆیە ئەو سەرشۆڕییەی لەبەرانبەر شا قبووڵ کرد, بەڵام پێی شەرم بوو بە مەردانە لەگەڵ بەشێکی گرنگی وڵاتەکەی خۆی کە کوردە بسازێ, کەچی بەرانبەر شاى ئێران هەموو سەرشۆڕییەکی قبووڵ کرد. ئەم جارەیان شۆرش ساڵێک دەوامی کرد تا ڕێککەوتنی خیانەتکارانەی جەزائیر و ئیدى ئەو ڕێککەوتنە هەرەسی بەدادا هات. ئەوسا ئەوەمان دەگوتەوە کە وەک شۆڕشی هەرێمی (بیافرا) ی مەسیحی نشینی ( نێجەر ) کە 13ساڵ دەوامی کرد ,ئەویش بە پێلانیکی نێونەتەوەیی کۆتایی پێ هێنرا . ڕژێم جارێکی دیکە ڕقی خۆى بە هەڵەبجەو قەڵادزێدا ڕشت , لە ١٩٨٨ بە کیمیاوی لە هەڵەبجەی دا و ساڵی 1989ش قەڵادزێی ڕاگواست شارەکەی وێران کرد و ئەو ناوچەیە و هەموو ناوچە ڕاگوێزراوەکانی دیکە بە ناوچەی موحەڕڕەمە ناونران. ئەم شیعرەم بۆ نسکۆی شۆڕش گوتووە.

(( حوانەمەرگ کردنی شۆڕشێک ))
دیسان قوڕپێوانی کورد و شایی و هەڵپەڕکێی دوژمنە
ئەم جارەشیان وەک گشت جارێ کورد کوشتن و قڕکردنە
تەم ئاسمانی کوردی داگرت , خۆشی باری کرد لە نێوا
کورد شادی لی بوو بە شیوەن , لە ڕۆژگاری پەست ە دزێوا
شؤڕشی کورد هەڕەسی هینا , سەرکردەش سەرى لی شێوا
هەرچی کوردی دنیا هەیە هەر هەمووی قوری دەپێوا
هەر کەسێکی تۆ دەتبینی هەر هەمووی بە کوڵ دەگریا
دەیگوت بریا مردبام و ئەو ڕۆژەم نەدیبا بریا
پێشمەرگە هەمووی سەرگەردان نەیدەزانی ڕوو لە کوێ کا
هەبوو دەیویست خۆی بکوژێ یا پەردەی دڵی توێ توێ کا
زەماوەندی دوژمنان بوو , صدامیان بۆ شا بە بووک برد
(بومیدیەن) بوو بە پێخەسوو بووکیان بۆ شا لە پەردە کرد
جەزائیری ملیۆن شەهید بوو بە ستەمکار لەکورد
بومیدیەنى بەربووک کوردی بە قوربانی عروبە کرد
مارەییەکەی خوێنی کورد بوو کرا بە شەربەت و شەکراو
لە شەشی سێ خورایەوە و لە خۆشیا هەڵپەڕین بەتاو
شۆڕشی چواردە ساڵەی کورد وەک لاوێکی چواردە ساڵان
بە پێلان جوانەمەرگیان کرد ماڵیشیان بردین بە تاڵان
لە ڕۆژهەڵات تا ڕۆژئاوا کۆک بوون لەسەر فەوتانی کورد
ئەو دوو نەیارەی یەکدیکە کۆک بوون لەسەر نەماتی کورد
تفەنگ هەر وەکو گیشەى دار هەمووی وەسەر یەک خرابوو
کوردی هیواو ئومێدبڕاو ماڵ و لانەی لی خرابوو
ئەوەی بە خوێن بنیاتی ناو قوربانیی لە پێناوی دا
بە پیلانی دوژمنانی بە داخەوە لەناوی دا

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت