سەردەشت محەمەد: سەرۆک کۆمار و گرفتەکانی داهاتوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆتایی هات، بەڵام ئەم کۆتایی هاتنە سەرەتای دەسپێکی قۆناغێکی نوێیە لە ململانێیەکی نوێی نێوان هێزە کوردییەکان و بەدیاریکراوی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار، یەکێتی و پارتی. چونکە پێداگرییەکانی پارتی لەسەر دووبارە بەربژێرنەکردنەوەی “بەرهەم ساڵەح” سەرۆک کۆماری پێشوی عێراق و ڕازی بوونی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دیاریکردنی “لەتیف ڕەشید”و ناساندنی وەک کاندیدێکی هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتی، لەکاتێکدا تاوەکو دواساتەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، سەرکردایەتی یەکێتی تەنها دکتۆر بەرهەم ساڵەح یان وەک بەربژێری خۆیان بە میدیاکان و خەڵکیش ناساند، کەچی دواتر چانسی دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری لێسەندرایەوە.
ئەم شکستەی “بەرهەم ساڵەح” بەتەنها ڕووداوێکی ئاسایی نییەو لێرەدا کۆتایی بەگرفتەکان نایەت، بەڵکو ئەمە دەرفەتی زیاتر بۆ باڵادەست بوونی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڕەخسێنێت کە لەداهاتوودا و بۆ هەڵبژاردنەکانی ناوخۆی هەرێم و هەروەها لە ئایندەشدا بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار کە یەکێتی وەک مافێکی خۆی سەیری دەکات، پارتی دەتوانێت جارێکی دیکە گرفت بۆ یەکێتی دروست بکاتەوە و هەر بەربژێرێک کە یەکێتی دیاریدەکات، پارتی بەپێی ئارەزووی خۆی دەتوانێت ڕەتی بکاتەوە وەک چۆن لەم قۆناغەدا بەچاوی خۆمان بینیمان کە سەرکردایەتی یەکێتی نەیتوانی سوربێت لەسەر ئەوەی کە دەبێت تەنها دکتۆر “بەرهەم” نوێنەریان بێت، ئەمە پێچەوانەی سەردەمی خوالێخۆشبوو “مام جەلال” کە پارتی بەبێئەوەی بتوانێت یاخود بیەوێت هیچ مەرجێک بۆ یەکێتی دیاریبکات ئەو پۆستەیە درا بە یەکێتی،
مەترسییەکە تەنها بەوە کۆتایی نایەت کە لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوودا جارێکی دیکە پارتی بەربەست لەبەردەم کاندیدەکانی یەکێتیدا دادەنێت، بەڵکو پێدەچێت بەهۆی قوڵبونەوەی ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و سوربونی پارتی لەسەر باڵادەستبونی خۆی بەسەر یەکێتیدا ببێت بەهۆکارێک بۆئەوەی لەداهاتوودا ئەم پۆستە لەکیس کورد بچێت، ئەگەرچی زۆرینەمان کۆکین لەسەرئەوەی کە پۆستی سەرۆک کۆمار جگە لەسودی تایبەتی بۆ خودی سەرۆک کۆمار و حیزبەکەی هیچ سودێکی ئەوتۆی نییە بۆ کورد، بەڵام دواجار قوڵبونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هێزە کوردییەکان لەسەرئاستی عێراق کاریگەری نەرێنی گەورەتری لەسەرئاستی ناوخۆدا بەدوای خۆیدا دێنێت و ئەوەشی باجی ناکۆکییە تایبەتیەکانی نێوان هێزەکان دەدات هەر ئەو جاماوەرەیە کە هیچ سودێکیان لە پۆستی سەرۆککۆماردا دەست ناکەوێت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت