عەبدوڵا کەریم مەحمود: دەربار.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەردەمی شاخ و شۆڕش و رەنج و ماندووبوونی پێشمەرگایەتی، هاوکێشەکانی ژیان پڕبوو لە بەهای خۆشەویستی نیشتمان و مرۆڤ و مرۆڤایەتی، پربوو لەهەڵوێستی وەفاو ئەمەک و جوامێریی، قەڵەم و وشە لە سەنگەری بەرگری دابوون، نەرجسیەت و بەرژەوەندی تایبەتی هیچ نرخ و بەهاو مانایەکی نەبوو.
ئەو نووسەرانەی هەموو تەمەنیان رەنج و ماندوو بوونیان بێ سنوور بوو، باوک و دایک و خوشك و برایان، لەم بەندیخانەوە بۆ ئەو بەندیخانە، لەم شار بۆ ئەو شار زیندانی دە کران، کتیبخانە و ماڵیان تالان و هەراج کرا.
دوای راپەڕین، هاوکێشەی لاسەنگی عەقڵی زۆر لە سەرکردەکانی کورد، هەموو بوارەکانی ژیانیان لە بەردەم قەڵەمە خاوەن هەڵوێستەکاندا داخست. لە سیناریۆی جیاجیادا چەند رۆژنامەنوسێکیان تیرۆر کرد، هەموو میدیا زەبەلاحەکانیان خستە بەردەست قەڵەمە دەربارەکان، بۆشاباشی وشەو ماستاو،چەواشەکردنی مێژووی نوێ.
نووسەرە بە هەڵویستەکان، هەموو توانایان خستە گەڕ بۆ پاراستنی بەها جوانەکانی وشە و شکۆی خوینی شەهیدان و هەڵوێستی باڵای نیشتمان و پێشمەرگە و مرۆڤ و مرۆڤایەتی.
ئەوان نەبوون بە رۆژنامەنوس و نووسەری دەربارو نەبوون بە سێبەری باڵای سەرکردەکان، وشە بکەن، بە شاباشی مشتێ پارە، پەیژەی دەسەڵات.
لە ناو هاوکێشە ئاڵۆزو لاسەنگەکەی ئەم سی ساڵەدا، سەرکردەو حیزبەکان ویژدانی چەندان رۆژنامەنووس و قەڵەمیان کڕی و کردیان بە ئامێر.
ئەو نووسەرو رۆژنامە نوسانە، مەلەوانی گۆمی مەنگی ماستاوبوون، لەسەر مێزو سفرەی خۆبردنە پێشەوە، کران پێشەنگ و پێشرە و سەکردە.
لە سەرلاپەرەی رۆژنامەو گۆڤارو تۆڕی ئینتەرنیت و سایتەکانی دنیای جیهانگیری، ڤایرۆس ئاسا، دەگەیشتنە هەموو کون و کەلەبەریکی دنیا، لای ئەوان هەموو دنیا دەربارە، گۆمی مەنگی ماستاوە.
ئەوانە قوڕی سەناعە ئاسان، هەموو تەمەنیان درۆی سەوزو زەردوسوورو شین و نیلیە، ئامێر ئاسا هەموو یادەوەری و مێژوو ئاواژوو دەکەنەوە، پسپۆڕی درۆو پیاهەڵدانی سەرکردەکانن.
ئەو دەربارانە، نە خاوەنی دەنگ و رەنگ، نەخاوەنی کەسیتی خۆیان و نە خاوەنی راو بۆ چوونی خۆیانن، ئەوانە بە چاو و گوێی مەقاش، بەزمان و دەستی مەقاش، بە عەقڵی مەقاش، سیبەری سەرکردەکانن.
ئەوان بەدوای سیبەری سەرکردەکاندا رادەکەن، لەم حیزبەوە بۆ ئەو حیزب، لەم سەرکردەوە بۆ ئەوسەرکردە، سەرکردەکان بەدوای ئەم دەربارانەدا عەوداڵن،قورمیشیان دەکەن، بەردی گەورەو بچووک، رستەو راپۆرتی کورت و درێژ، وتارو مێژووی دەرباریان پێ دەهاوێژن.
ئەم ئامێرانە لە بەردەم باڵای هەڵوێستدا وەک شۆڕەبی دەلەرزن، باڵای کورتی خۆیان و کەلەی تەپیوی ئەوانەی قورمیشیان دەکەن دەناسن.
ئەوان بەدوای سێبەری سەرکردەکاندا رادەکەن، وەک مزراح بە چواردەوری سەرکردەکاندا دەخولێنەوە، چاو و گوێ و ملیان شۆڕە، کەلەیان رووەو زەوی نوشتاوەتەوە.
ئەو رۆژنامەنووس و نووسەرە دەربارانە، عەمبەروەرید ئاسا، کۆکتێلی سەوزو زەردو شین و سوور و نیلین.
ئەم دەربارانە لە چڕکەیەکدا هەموو یادەوەرییەکان ئاوەژوودەکەنەوە، بە عەقڵی قورمیشکراوی سەرکردەکان، رەش دەکەن بە سپی و سپیش بە رەش.
ئەم ئینشا نووسانە، لەبەر پێی هەر سەرکردەیەک دابن، دەبێ سێبەرو راوێژکاری سەرکردەیەکان بن.
ئەم دەربارانە، کە سەرکردەکان دەستیکیان بە پشتیاندا هێنا، هێڵێکی راست و چەپ بەسەر رەنج و ماندووبوونی ئەو قەڵەمانەدا دەهێنن، کە لە گەڵ تراژیدیای گەلەکەیاندا ژیاون.
ئەم مەقاشانە بۆ دەسکەوتی خەیاڵاویان، لاپەڕەی رۆژنامەوگۆڤارەکان رەش دەکەنەوە، لە سیناریۆکانیاندا هەررۆژەی لای سەرکردە یەک، لای حیزبێکن، دەرباری دەربارن.
ئەم رۆژنامە نووس و نووسەرو قەڵەمە دەربارانە، ئینتیهازی سەردەمی جیهانگیرین، خاوەنی ئەزمووونی درۆو فیڵ و سیناریۆن، سەرکردەکان دەیانکەن بە ئەندامی سەرکردایەتی، مەکتەبی سیاسی، ئەندام پەرلەمان، وەزیر، پاریزگا، بەڕێوەبەری گشتی، راویژکار، تەبێژ، لە هەرکوێ سیبەرو سەرکردە هەبێ، ئەوان لە وێ مەقاشی دەربارن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت