زاهیر باهیر: کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چارەسەری گرفتی ژینگە ناکەن/ بەشی نۆیەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەنجامگیریی
سێ: وڵاتانی پیشەسازی پێشکەوتوو کە هۆکاری ئەم کارەساتانەن ئامادە نین بە گوێرەی بەرنامەی’ قەرەبووکردنەوەی زیان و زەرەرکردن یاخود زیان و خەسارە/ وێرانکردن’ ، Loss and Damage، برۆن. واتە ئامادە بن کە قەرەبووی ئەو زیانانە بکەنەوە بۆ وڵاتانێکی هەژار کە بەشێکی زۆر کەمی دانەوەی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان بەردەکەوێت. لە مەش زیاتر بۆ ئەوەی بەربەستی ئەم کارەساتانە بکرێت پیویستە ساڵانە تا ساڵی 2030 دوو تریلۆن دۆلار بخرێتە لاوە بۆ هاوکاری و کۆمەكی ئەو وڵاتانە. بە بێ بوونی ئەم یارمەتی قەرەبووکردنەوەیە ئەو وڵاتانە ناچارن داوای قەرز لە صندوقی دراوی نێودەوڵەتی بکەن کە ئەو قەرزەش پابەندە بە مەرجی زۆر قورسەوە کە وڵاتەکە هەژارتر دەکات، کە لە بارێکی ئاواشدا دەبێت ئەوانیش بیر لە دانەوەی قەرزەکە بکەنەوە زیاتر لەوەی لە هەوڵی بەربەستکردنی کارەساتەکانی کە کەش و هەوای خراپ بۆیان دەهێنێت ببن.
پاش مشتومڕ و دەستشکانەوەی زۆر ڕۆژی هەینی، 17 ی مانگ، یەکێتی ئەوروپا ئامادەیی سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی وڵاتانی هەژاری لێقەوماو دەربڕی، بەڵام مەرجداری کردووە. دەشیانەوێت پشکنین و لێکۆڵینەوەیەکی زۆری ئەو وڵاتە لێقاومانە بکەن ئەمە ساڵێکی لانی کەم دەوێت، سندوقێک کە لە ماوەی دوو ساڵدا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها بژاردەی دامەزراندنی کۆمیسیۆنێک کە بزانێت ئایا دەتوانێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە داراییەکانی دیکەی ئێستا وەک بانکی نێودەوڵەتی کاربکات.
لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لە دانوستانکارانی G77 کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، سەرسام نەبوو بە پێشنیارەکەی یەکێتی ئەوروپا و وتی “ هەوڵێکی پێشبینیکراوی یەکێتی ئەوروپایە بۆ تێکدانی گروپی جی 77 لە گفتوگۆکاندا. بێگومان، ئەوە پێشکەوتنێک نییە. ئەوان تەنیا هەڵوێستی دانوستانکاری ڕەسەنی خۆیان دووبارە دەکەنەوە بۆ ئەوەی لای بەشداربووان وەک سازشێک دەربکەوێت لە کاتێکدا زۆر باش دەزانن کە سازش نییە. بە تەواوی ناڕاستگۆییە”
هەتا دواساتی تەواوبوونی کۆبونەوەکە کە شەمە شەوەکەی، 19ی مانگ، ئەمەریکا و چین ئامادە نەبوون پابەندی پێشنیارەکەی یەکێتی ئەوروپا بن کە لە کاتێکدا وەکو چۆن دوو دەوڵەتی سەرەکی پیشەسازی جیهانن، هەر ئاواش دوو وڵاتی سەرەکین لە پیسکردنی ژینگە و ژەهراویکردنیا. دوای بەردەوامیدانی دانیشتنەکە کە 40 سەعات لە وەختی خۆی زیاتری برد لە بەرەبەیانی یەکشەمەدا ئەوانیش بە جۆرێك لە جۆرەکان رازی بوون، بەڵام ئەوە دیار نییە کەی ئەو پارەیە دەدرێت و کێ دەیدات و بە کێ دەدرێت.
چوار..
درێژەی هەیە
………………………
* نوسینی ئەم وتارە بەرهەمی خوێندنەوەی زیاتر لە 20 وتار و توێژینەوەیە. بە پێویستم نەزانی لە دامێنی وتارەکەوە ئاماژەیان پێبکەم ، بەڵام هەر خوێنەرێك بە گومانە لە ئامار و بەڵگەکان دەتوانێت لە مێسنجەرەوە یاخود بە ئیمەیل ئاگەدارم بکاتەوە تاکو هەندێك لەو سەرچاوانەی بۆ بنێرم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت