ئۆلیگارشە رووسەکان و چارەنووسێکی تراژیدیایی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نووسین و وەرگێڕانی/ ھەڵۆ بەرزنجەیی
زۆر بە سەیروسەمەرەیی دوێنێ لە رۆژنامەی دێر تاگەسشپیگلدا، کەوتم بەسەر خوێندنەوەی ئەم بابەتی کوشتن و لەناوبردنەی ئۆلیگارشە رووسەکان بەتایبەت لەسەروەختی سەرھەڵدانی ھێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا ڕووی داوە.
ئەم ئۆلیگارشانە پلە و پۆست و بەرپرسیارێتی گەورە و ھەستیاری دەوڵەتیان بەدەستەوە بووە و زۆریان نێزیکی پۆتین و دەسەڵات بوون و تێشیاندایە ڕەخنەی لە دەسەڵات هەبووە لەسەر ھەڵگیرساندنی شەڕی ناوبراو، یان بۆ خۆی ئۆپۆزیسیۆن و نەیارێکی پۆتین بووە.
ئەوەی زۆر سەیرە و جێی گومانە شێوازی کوشتنەکان زۆر نێزیکە لەیەکتر. هەڵدانە خوارەوە لە پەنجەرە و بالکۆنەوە، کەوتنە خوارەوە لە یاخت و کوژران بە چەقۆ و لاشەی دۆزراوەوە بە کوژراوی لەماڵ و ڤیلاکاندا و… ھتد.
خۆش ئەوەیە دەسەڵات بیانوو بۆ ھەموو کوژراوەکان دێنێتەوە و ھەوڵ دەدات پەردەپۆشی ڕاستییەکان بکات. بۆ نموونە بە کوژراوەکان دەڵێ: خۆی کەوتە خوارەوە! خۆکوژی کردووە! جەڵدە لێی داوە! ، نەخۆش بووەو… تا دوایی.
لە ڕووسیا لینین شۆڕشی کرد، ستالین ڕۆڵەکانی شۆڕشی ھاڕی و ئێستاش پۆتین بەردەوامە لەسەر تیرۆرکردنی نەیار و دۆستەکانی و ھەموو ئەوانەی لێیان دەترسێ، لەناو ڕووسیادا تا دەگاتە ئەوپەڕی جیھان. ئەوەی پۆتین دەیکات لە رۆژھەڵاتی ناوین شتێکی نامۆ نییە، یاخود مێژو تژییە لەو ڕووداوانە. سەدام و ئەسەد و خومەینی و ئەردۆغان مامۆستای ئەم کارە بوون و دەوڵەتەکانیان هەر کردوویانەو دەیکەن.
ئێستا بۆ جیهان ئاشکرایە پۆتین دراکۆلایە و بەس خەریکی خوێن مژین و لەناوبردنی کەسانی تر و شەڕ ھەڵگیرساندن و ھەڕەشەکردنە لە جیھان. بە دیوێکی تردا ئەو وێنە و دیاردە قێزەونە ترسناکە، ئەوەمان پێ دەڵێ ئۆلیگارش و دز و گەندەڵەکان ھەر ئەوە نییە ریسوای بەردەم جەماوەر و ناو مێژوون، بەڵکوو کە گەیشتنە خاڵێک مەترسی بۆ یەکتر دروست بکەن، ئەوە دەکەونە چاڵ ھەڵکەنین بۆ یەکتر و بڕینەوەی گیانی برا و هاوڕێ و ئازیزان.. تەماحی دەسەڵات و پارە، زۆربەی جار بە رووداوی تراژیدیایی و کۆتایی دێ و گلانی بەدوادا دێت.. ئاخر گەر دەسەڵات گرتنە دەست بە شێوەی دیموکراسی نەبوو، لەسەر بنەمای زوڵم و فێڵ و گەمەی موخابەراتی و ناو دەوڵەتێکی پۆلیسی بوو، ھەر زاڵم و گەندەڵێک ھەوڵ دەدات بەس ژێر قوونی خۆی گەرم کاتەوە.. دەسەڵاتداران لە ھەر کەس و جوڵەیەک بە گومانن و دەترسن! بۆیە دەکەونە دروێنەی دەوروبەریان تا نۆرەی خۆیان دێت!…
لێرەدا بەسەرھاتی کۆمەڵێ ئۆلیگارشی رووسی دەخەینە بەرچاو، کە سەردەمانێک لەوپەڕی سەڵتەنەت و خۆشگوزەرانیدا بوون و دواتر کە کاتژمێری سفر لێی داوە، بەشێوەیەکی تەمومژاوی کۆتایی بە ژیانیان ھاتووە..
بەھیوام ئەم چمکە بەسەرھاتە بێتە پەند و وانەیەکی تر بۆ ھاوشێوەکانیان، کە زوو بە زوو دەستبەرداری ئەو بیرکردنەوە و لاسایی و رەفتاری قێزەون و نامرۆڤانە بن، خۆیان نەخەنە داوی چڵکنی ھەڵپەی خۆڕایی بۆ دەسەڵات و پارە کە قوڕیان کردووە بەسەری زۆر خەڵکی ئەم دنیایەدا.

Pawel Anton
مولتی ملیۆنێر و سیاسەتمەداری رووسی لە شاری Rayagad ڕایاگادی هندستان لە پشوو بووە لە پەنجەرە هوتێلەکەوە هەڵداوەتە خوارەوە بۆ قاتی سێ و مردووە.

Alexander Tyulakow
لە ٢٠٢٢ رۆژێ دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە گەڕاجێ لە سانپێتەرسبۆرگ بە کوژراوی دۆزراوەتەوە. ناوبراو بەڕێوەبەری گازپرۆم بوو..

Mikhall Watford
سێ رۆژ دوای شەڕ ئۆلیگارشی رووسی لە شاری Wentfordی ئینگلتەرا لە ڤیلاکەیدا بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە. ناوبراو لە بواری نەوتدا کاری دەکرد و ملیۆنێر بوو..

Wassili Melnikow
کۆتایی مانگی ئازار ملیۆنی ناوبراو و ژنەکەی و دوو کوڕی لە Nischni Datscha نزیکی Nischni Nowgorod بە کوژراوی دۆزراونەتەوە کە بە چەقۆ کوژراون.. ناوبراو شێفی پزیشکی کۆمپانیایMedstrom بووە.

Wladyslaw Awajew
لە ناوەڕاستی مانگی چواردا، راوێژکاری سەرۆک و جێگری سەرۆکی بانکی گازپرۆم لەماڵەکەی خۆی لە مۆسکۆ بەکوژراوی دەدۆزرێتەوە. ژن و کچکەشی بە کوژراوی دۆزراونەتەوە. گوایە لەبەر ئەوەی ئاگاداری زۆر شت بووە بۆیە کوژراوە.

Sergei Protosenya
ئەم مولتی میلیۆنەرە لاشەکەی لە حەوشەی ڤیلاکەیدا دۆزراوەتەوە لە Costa Brava ئیسپانیا. لاشەی بەدارێکدا هەڵواسراوە لە تەنیشتییەوە چەقۆ و تەور دۆزراوەتەوە ژن و کچەکەشی چەقۆیان لێ دراوە و کوژراون. ناوبراو جێگری شێڤی جارانی گەورە نەوتدەرهێنەری رووسیا Novatek بووە.

Alexander Subbotin
لە مانگی پێنج دا ئەندامی سەرۆکایەتی کۆمپانیای نەوتLukoil لە نزیک مۆسکۆ.

Andrej Krukowski
لە مانگی پێنج دا بەڕێوەبەرێکی تری گازپرۆم لە سۆچی لەکاتی هەڵگەڕان بە شاخدا کوژراوە..

Juri Woronow
سەرەتای مانگی شەش ئۆلیگارشی رووسی لە حەوزی خانووی پشوودانەکەیدا لە شوێنێکی نزیک سان پێتەرسبۆرگ بە کوژراوی دۆزراوەتەوە.. ناوبراو شێفی کۆمپانیای لۆگیستی Astra Shipping کە گرێدراوە بە گازپرۆمەوە..

Dan Rapoport
لە ناوەڕاستی مانگی هەشت دا، رەخنەگری دیار لە پۆتین لە واشنتۆن دی سی دەکوژرێ. ناوبراو دۆستی Alexej Nawannly ئۆپۆزسیۆنی سەرسەختی دژی پۆتین بوو.

Ravel Maganov
کۆتایی مانگی هەشت سەرۆکی کۆمپانیای نەوتLukoil لە پەنجەرەی قاتی شەشی نەخۆشخانەی سەرەکی مۆسکۆوە خۆی هەڵداوە/ فڕێدراوە و خوارێ و دەمرێ.

Wladimir Sungorkin
لە مانگی سێپتەمبەر شێڤ رێداکتۆر، / سەرنووسەری رۆژنامەی Komsomolskaja Prawda ..

Iwan Peschorin . ناوەڕاستی مانگی سێپتەمبەر لە فرۆکە تایبەتییەکەی دەکەوێتە و دوای دوو ڕۆژ تەرمەکەی دەدۆزنەوە.. باوەڕپێکراوی پۆتین بوو، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی گەشەپێدانی دەوڵەت بوو.

Anatoly Gerashchenko
ناوبراویش وەک بەرپرسیاری پیشەسازی فڕینی ئاسمانی مۆسکۆ لە پێپلیکانە دەکەوێتە خوارەوە
و دەمرێ… وەک دەولەت باسی لێوە دەکات. ئەمیش هەر لە مانگی سێپتەمبەردا بوو.

Pawel Pchelnikow
کۆتایی مانگی سێپتەمبەر بەڕێوەبەری کۆمەڵەی دەستەخوشکی هێڵی ئاسنینی رووسیا.. تەرمەکەی لەسەر بالکۆنی ژوورەکەی لە مۆسکۆ دۆزرایەوە.. گوایە نەیتوانیووە تۆڕی بونیادی کارەکەی لە هاکەرەکانی ئۆکراینایی بپارێزێ…

Kirill Stremoussow
کەمێک دوای ئەوەی لەشکری رووسیا لە مانگی نۆڤەمبەردا لە شاری Cherson کشایەوە،
بە کارەساتی ئۆتۆمبیل کوژراوە.

Wjatscheslaw Taran
ئەم ملیاردێرە رووسەش هەروەها هەلیکۆپتەرەکەی لەسەر Côte d,Azur لە فەرەنسا دەکەوێتە خوارەوە و دەمرێ…

Grigirij Kochenow
سەرەتای دێسەمبەر بەڕێوەبەری کۆمپانیای IT ناسراو بە Agima ی رووسی لە بالکۆنەکەی دەکەوێتە خوارەوە و دەمرێ…

Dmitrij Selenow
دوای ئەوەی چەند هاوڕێیەک لە GRASSE لە فەرەنسا سەردانی دەکەن، لە پێپلیکانە دێتە خوارێ و دەکەوێ و پاش تۆزی لە نەخۆشخانە دەمرێ.. وەک لێی دەگێڕنەوە ئێوارێ کاتی نانخوارد دۆخی باش نەبووە. ناوبرا سەرقاڵی کڕین و فرۆشنی خانووبەرە بووە و زۆر دەوڵەمەند بووە.

Pawel Antow
لە ئێورای پیرۆزی بلەدایکبوونی مەسیح دا مولتی ملیۆنێر و سیاسەتمەدار کۆچی دوایی دەکات لە شوێنی گەشتەکەی لە رۆژهەڵاتی هیندستان لە رایاگادا.کاتێ لە ژووری هوتێلەکەی لە نهۆمی شەشەوە بۆ نهۆمی سێ فڕێ دەدرێ. گوایە ئەمەش خۆکوژی کردووە..

Alexander Buzakowgg
لە هەمان رۆژدا بەڕێوەبەری کەشآتییە دەوڵەتییە ئەدمیڕالییەکانی کە هی دەوڵەتن، کە پسپۆری لە دروستکردنی بەلەمی جەنگییدا هەبوو مردنەکەی تراژیدییە و هۆکارەکەی رانەگەیەندراوە.

Alexei Maslow
لە 26. 12. 2022 دا سەرۆک و بەڕێوەبەری کۆمپانیای چەکداریی بە کتوپڕی لە نەخۆشخانەیەکی سەربازی مۆسکۆ دەمرێ.. گومانی زۆر لەسەر مردنەکەی هەیە.

+ ئەم 21 ناو و نموونەیە پێدەچێت مشتێ لەو خەرمانی تاوانانەی پۆتین و رژێمە دیکتاتۆر و پۆلیسییەکەی.. هێشتا گەلێ تاوانی تریش ماوە پەردەی لەسەر لادرێ و بۆ جیهان ئاشکرا بکرێ.. من هەر رەفتا و بەشێکی زۆری گوفتارەکانی پۆتین سەرۆک و بەرپرسانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانم دێننەوە یاد و بەرچاو.. ئاخر ئەمانە زۆرینەیان بەچکەی شەرعی ستالینین و لەوەوە فێر بوون.
هەر ئەم خاڵەشە وای کرووە،ئەوانەی دەرفەتیان هەبێ لە ڕووسیا هەڵدێن و ئەوی تریشی لە ترساندا دەستی بە کڵاوەکەی خۆیەوە گرتووە.
لەوەتەی پۆتین لەسەر حوکمە رووسیا دەیان شەڕی خوێناوی لە چیچان و جۆرجیا و کریم و ئۆکراینا کرووە و دەیان ئۆپۆزیسیۆنی لە پایتەخت و شارەکانی ئەوروپای رۆژئاوا تیرۆر کردووە و لە سووریا شەڕ دەکات و دۆستی گیانی بە گیانی سووریا و تورکیا و ئێرانە. لە ئێستادا بە یەکێ لە گەورەترین کۆسپەکانی بەردەم ئەو چانسانە دادەنرێ کە بۆ کورد ڕەخساوە..

سەرنج: زانیاری و داتاکانم لە رۆژنامەی تاگەسشپیگلی رۆژی 5. 1. 2023 وەرگرتووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت