هەڵۆ بەرزنجەیی: شەڕی مادەی هۆشبەر!. سووریا بە ملیارەها پارەی دەست دەکەوێ – بەشی یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆر جار لەسەر ئەم بابەتەم نووسیووە و بازرگانی ڕێوییەکەی دیمەشق و بنەماڵەکەی بە ناوی عروبە و شەڕی دژە زایۆنیزم و ئیمپریالیزمەوە، جیهانی عەرەبی و بەرەیەکی فراوانی تری چەپ و گێڕەوە دەخەڵەتێنێ؟!.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پێش چەند ڕۆژێک لە وڵاتی ئەردەن کە نزیکەی 370کم سنووری هەیە لەگەڵ سووریادا، دوو درۆنی خستۆتە خوارەوە کەوا پڕ بوون لە مادەی هۆشبەر و تەقەمەنی کە بەرەو سعودییە بەڕێوە بوون. کەواتە ئێستا بۆ قاچاغچێتی درۆنیش بەکار دێ و ئەمەش زیانی گەشەکردنی تەکنەلۆژیایە کە دەکەوێتە دەست ئەم جۆرە دەوڵەت و حکومەت و گرووپانەوە کە بۆ ئامانجی خراپی بەکار دێنن.
دیارە ئەمە جاری یەکەم و دواجار نییە و لەمێژە باسی ئەم قاچاغچێتییە کراوە و دەکرێ و دنیا لێی بە ئاگایە!. بەشاری ڕێوی ڕێگەی داوە بە ئاشکرا حەپی قەدەغەکراوی Captagon بەرهەم بهێنێرێ و گەورەترین بازرگانی پێوە بکات و بێتە باشترین سەرچاوەی داهات کە ساڵانە بە 50 ملیارد دەخەمڵێندرێت. وڵاتی سعودییەش کە قیبلەی موسڵمانانە گەورەترین بازاری ساخکردنەوەی ئەم مادە هۆشبەرەی مام ڕێوییە؟!
ئێستا سووریا دەیەوێ بەم کارەی ئامانجی سیاسی بەدەست بهێنێ..و هەڵوێستی خۆی بە ناوچەکە و جیهان بفرۆشێت!!!
حکومەتی سعوودی گوشارێکی زۆر لە ئەردەن دەکات تا ڕێگری لەم قاچاخچێتییە بگیرێ، بەڵام لە دوا هەڤپەیڤینی بەشاری ڕێوی لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی دەڵێ: ئەوە بۆچوونێکی نالۆژیکییە کەوا حکومەتی سووری بەم کارە تاوانبار بکرێ!. ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بەم کارەوە نییە.
بەم شێوەیە مام ڕێوی عروبە خۆی دەدزێتەوە لەو کارە!. بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا و عەرەبی باوەڕی پێناکەن. ئیمساڵ مانگی ئادار، ئەمەریکا و بەریتانیا سزای نوێیان سەپاند بەسەر سووریادا. ئەوەی زانراوە، ئەسەد و بنەماڵەکەیی و کەسانی دەوروبەری و هێزە چەکدار و گرووپە تیرۆریستەکان بەم کارە زۆر دەوڵەمەند بوون و دەبن.
ئەوەی سەیرە ئەردەن بە 11. ملیۆن دانیشتوانەوە کەوا زیانمەندی یەکەمی ئەم قاچاخچێتییە، یەکەم وڵاتی عەرەبییە داوای ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ سووریا دەکات؟ دەیەوێ لەم ڕێگەیەوە ئەو 600,000 هەزار پەنابەرە سوورییەی لە وڵاتەکەیدا بگێڕێتەوە بۆ سووریا و سەرلەنوێ دەست بە بازرگانی نێوانیان بکەنەوە.
هاتنەوەی سووریا دوای دابڕانی12 ساڵە بۆ نێو کۆڕی عەرەبی هەڵەیەکی گەورەیە! ئەمە قسەی شارەزایەکە. لەم کاتەشدا کەوا عەرەب باوەشی بۆ ئەسەد کردۆتەوە، ئەو واز لە قاچاخچێتی ناهێنێ و ئەردەن پێش ماوەیەک تاقیگەیەکی حەپی کاپتاگۆنی لە سووریا بۆمباران کرد. هەروەها Jesse Marks دەڵێ: هیچ سوودێک لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ سووریادا نییە.. پێش چەند هەفتەیەک 130,000 حەپی کاپتاگۆن کە لەناو سندوقی پەنیردا حەشار درا بوو، دەستی بەسەردا گیراوە. بەم شێوەیە رژێمی ئەسەد بۆتە” بەشێکی کێشەکان و بە تەوسیشەوە بەشێکی چارەسەر.
ئەمە مێژووی ئەم دەسەڵاتەیە کە تا ئێستا عروبە دادەدۆشێ و بە عەنتیکەیی براگەورەی هەندێ هێز و کەسایەتی کوردیشە!
نابێ ئەوەمان بەسەردا تێپەڕێ پۆتین و ئێران نەبوایە، لەمێژوو بوو ڕێویەکەی شام سەگ خواردبووی و چووبووە زبڵدانی مێژووە و دامودەزگا پۆلیسی و ستەمکارەکانی سووریای عەفلەقی هەموو بەسەریەکدا داڕووخا بوو.کورد لەو بەشەی نیشتماندا تەنیا بە ڕووخانی ئەسەد سودمەند دەبێت و ئاسۆیەکی نوێی بە ڕوودا دەکرێتەوە..
ئەوە چەندین دەیەیە سووریا لەگەڵ ئێراندا بوونەتە مەڵبەندی تیرۆریستانی جیهان و لێرەوە هەناردە دەکرێن و بە هەموو ئامڕاز و شێوازێک کار لەم بوارەدا دەکەن و داهێنانیشیان تێدا کردووە. هۆکارەکەشی ئەوەیە دەستەوتاقمی هەمەجۆریان هەیە لەناوچەکە و جیهاندا بەکاریان بهێنن بۆ ئامانجە سیاسییەکانیان. بۆیە ڕوخانی ئەسەد پێداویستییەکی گرنگە!…
——————-
تێبینی: هەندێ زانیاریم لە رۆژنامەی{ دێرتاگەسشپیگل } ئیمڕۆوە وەرگرتووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت