بەهرۆز جەعفەر: تەنانەت چاڵێك هەڵبکەنن، سامانی ئاو زۆرتر ئەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، دەیان هۆشداری مەترسیدار لەبارەی کەمبونەوەی ئاوی ژێر زەوی دراوە. چەندین جار گوێمان لەوە بووە کە (150 بۆ 200) مەتر بیری ئاو لێ ئەدرێت، کەچی ناگاتە “ئاو” و “ئاو” کەمبۆتەوە. سەدان جار گوێمان لە بابەتی “وشکە ساڵی” بووە. بە سەدان ملیار دینار بۆ ئەم بوارە تەرخان کراوە…
چارەسەرکردنی ئەم بابەتە ستراتیجییە- ژیارییە بەرپرسیارێتی هەموو لایەکە. چونکە بابەتەکە چەندە پەیوەندی بە تێکچوونی کەشوهەواو کەمی باران و پیسبونی ژینگەوە هەیە، دوو هێندەش پەیوەندی بە دەستوەردانی خراپی مرۆڤەوە هەیە لە سروشت. هەروەها چەندین هێندە پەیوەندی بە دەست نە گرتن بە ” ئاو” و خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانەوە هەیە:
ئەگەرچی زۆر لە مەدای تایبەتمەندی مندا نییە، بەڵام ماوەیەکە لە ڕێگەی فیکرەیەکی زۆر سادەم لە لا گەڵاڵە بوە، پرسیاری بەردەوام لەسەر سەلماندنی ئەو بیرۆکە ئێجگار سادەو سانایە لە پسپۆڕانی بواری جیۆلۆجی، کشتوکاڵ، جوگرافیا و تەنانەت زۆرێک لە جوتیارە بە ئەزموونەکانیش ئەکەم. تەنانەت خوداش فەرموویەتی “فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِن كُنتُمْ لَا تَعْلَمُونَ” پرسیار لە کەسانی تایبەتمەند بکەن ئەگەر زانیاریتان نەبوو.
بیرۆکەکە ئەوەیە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان دوو بەنداوی ناسراوی سەرەکییمان هەیە، کە هەردووکیان ئینگلیز دروستی کردوون “دووکان و دەربەندیخان”. خۆشحاڵانە ماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو حکومەتی هەرێم زیاتر لە (20) بەنداوی بە کەڵکی دروست کردووە، کە کاریگەرییان لەسەر گلدانەوەی ئاو، کشتوکاڵکردن، گەشتیاری، زیادکردنی ئاوی ژێر زەویش هەیە.
بیرۆکەکە ئەوەیە، جوتیارەکان ئەڵێن، زەوی “سەقای نەماوە و ڕەق بووە” حکومەتیش ئەڵێت ئاوی ژێر زەوی کەمبووە. ئەگەر لە ئێستادا کە بارانێکی زۆر ئەبارێت، بەفر ئەبارێت، ئاوی باراناو هەیە، بەنداویش نەبێت، لەسەر ئاستی دەستەجەمعی (2000) دوو هەزار چاڵ و گۆماوی گەورە دروست بکرێت لە شوێنە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان. هیچ تێچوویەکی داراییشی نییە. لە هەر شوێنێک کۆمپانیای نەوتی هەبوو، ئەوان بە پێی گرێبەستەکان ئەرکیانە خزمەتی ئەو ناوچەیەو دەوروبەری بکەن، بە شۆفڵ و چەند عارەبانە چەو و لمێک ئەتوانن هەفتانە سەدان چاڵ و گۆماوی گەورە دروست بکەن، تا ئەو ئاوە بچێتە ژێر زەوی و کاریگەریی لەسەر ناوچەکانی دەوروبەری دوور و نزیک دائەنات.
لە هەزاران گوندو ناوچە هەیە، خۆی شیو و دۆڵی لەبارە، تەنها بەر بە ئاوەکە بگیرێت ئیتر ژێر زەوی ئەو ناوچەیەو دەوروبەری ئەبوژێتەوە. زۆربەی پسپۆڕەکان و جوتیارەکان ئەڵێن، شەو ئەبینین بارانێکی زۆر باریوەو خوڕەی ئاوی چەم و دەشت و دەر دێت، بەڵام دوای (24) کاتژمێر ئەو “ئاو” ە دیار نامێنێت، چوونکە زەوی تینیویوتی، یان بە خووڕ بە رەو ناوچەکانی خوارووی عێراق ئەڕوات.
کەواتە، پێویستە، هەر حیزبێک، هەر ڕێكخراوێک، هەر موختاری گوندێک، هەر کۆمپانیایەک، هەر وەزارەتێک بیکات بە ئەرکی خۆی و هەر نەبێت “چاڵێک هەڵبکەنێت”. بۆ ئەوەی سامانی ئاوی ژێر زەوی و کانیاوەکانیش ببوژێتەوە. چوونکە کارەساتەکانی کەمبونەوەی ئاو لە ژێر زەوی و سەرزەوی یەک دووان نیین، ژیان پەک ئەخەن. ئاوی ژێرزەوی گونجاوترو شیاوترە بۆ دانیشتوان، بۆ دەرهێنانی بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازی. نەمانی ئاو لە ژێرزەوی و ڕەقبونی بەرگەکانی یەکەم و دووەمی زەوی هۆکاری سەرەکی وشکەساڵی و دروستبونی پەستانە لەسەر زەوی. مەوەستن یان بەنداوی ڕێكو پێکی زیاتر دروست بکەن، یاخود هەر نەبێت دوو شۆڤڵ خۆڵ و بەردو بخەنە بەردەم دۆڵ و کۆریان و شیوەکان تا زەوی تێر ئاو بێت. هەر نەبوو چاڵێک هەڵبکەنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت