عیماد عەلی: کوردستان چۆن پەند لەم بومەلەرزانە وەردەگرێت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ساڵی 1960 بومەلەرزەیەک بە گۆرٍی 9.5 پلە بە پێوەری ریختەر لە باشووری چیلی دا و کارەساتی قەوماند، ئیتر لەو رۆژەوە کەسێک لەوێ ئەو کارەساتەی نەخستە دەست قەدەر و بەخت و خوداوەند و ویست و کردەوەکانی، یان بیخەنە سەر رەفتاری خەڵکەکە و وباوەرٍەکەی و شتی خورٍافی و دوور لە راستیەکان، ئەوان زانستیانە و واقعیانە رووداوەکەیان خوێندەوە و هەنگاوی نزیک و دوورمەوداشیان دانا. سەرەرای نەداری و کەمی سەرچاوەی دارایی و هەژاری، چیلی لەو رۆژەوە قۆناغێکی دیکەی جیاوازی لە قۆناغەکانی پێشتری لەهەموو بوارەکاندا گرتەبەر. لە پێش هەموو شتێکەوە، پەروەردە و ئاوەدانکردنەوە و پلاندانان و توێژینەوەی زانستی و رۆشنبیری گشتی خەڵکەکە و زانیاری تایبەت بە بومەلەرزە و رێگەکانی خۆپاراستن لە ئەرکە سەرەکیەکانی حکومەتەکانی چیلی بوون. ئەوەی پەیوەندی بە ژێرخانی ئابووریەوە بێت لەسەر رێژەی هاتنەئارای ئەگەرەکان کاری خۆیان بەردەوامی پێدەدەن و تا ئێستا زۆر شتیان گۆرٍیوە و کەلی چیلیش ئەو شێمانەیەی لە بینا و تەلارەکان و تەنانەت لە پەروەردە و قسەکردن لەگەڵ منداڵاندا لەبەرچاو گرتووە.
بۆیە پێش روودانی ئەم کارەساتانە دەبێت دەسەلات و خەڵکی خەمخۆری کوردستانیش زۆر شت لەبەرچاو بگرن، تەنها بۆ ئێمە نا، بەڵکو بۆ نەوەکانی داهاتووش ئەوە بزانن کە ئێمەش لەسەر ئەو هێڵەین و دەبێت هەموو شتێک لەوبارەوە لەبەرچاو بگیرێت و رۆژکێ ئەمەش نەیەتە سەر هەموو نەهامەتیەکانی وەکو ئەنفال و کیمیاباران و قرکردنی کورد، ئەگەر تا ئێستا ئەم رووداوە بە مێشکماندا گوزەری نەکردووە با لەمەودوا لەبەرچاوی بگرین و ئەوەی پێویستە بۆ ئەگەرە دوورمەوداکانیش کاری لەسەربکەین. چۆن؟
* لە رووی پەروەردەوە، دەبێت لە منداڵیەوە تەنانەت لە باخچەی منداڵانەوە زانیاری بدرێتە منداڵان و چۆنێتی خۆپاراستن بخرێتە پرۆگرامەکانەوە و خەڵک لەسەر ئەو خۆپارێزیانە رابێن کە زیانەکان کەم دەکاتەوە.
* لە باری بیناو تەلارسازیەوە ئەو مەرجە زانستیانە لەبەرچاو بگیرێت و هیچ مۆڵەتێک بە وەبەرهێنەران نەدرێت ئەگەر سەرجەم مەرجەکان لە تەلارسازی و بیناکانیاندا لەبەرچاو نەگرن و سزای قورس بۆ سەرپێچیکار دابنرێت و بەم تەلارانەدا بچنەوە کە بەگەندەڵی و بە بێ موڵەتی زانستی راستەقینە بونیتانراون و ئَستا خەڵکی تێدا دەژێت و لەو بارەوە هیچ مەرجێکی سەلامەتی تێدا نیە.
* بۆ سودبینین لە وڵاتانی دیکە لەم بارەوە شاندی زانستی سەردانی جاپۆن و جیلی و وڵاتانی خاوەن زانیاری دیکە بکەن و راسپاردەی زانستی لەوێوە وەرگرن و لێرە سودی لێببنین.
* هەوڵبدرێت توێژینەوەی زانستی لە زانکۆکانمان لەم بارەوە زۆرتر بکرێت و باری تایبەتی کوردستان بخوێنرێتەوە و ئەگەرەکان و چارەسەرەکان دیاری بکرێن.
* لەم بارەوە گرنگی زیاتر بە زانستی جیۆلۆجی و ئەندزیاری بدرێت و روونکردنەوەی زانستیانە دەربارەی بومەلەرزە و هۆکارەکانی بدرێت و خەڵک ئاگادار بکرێتەوە لەو خورٍافاتانەی کە خەڵکانی نابەرپرس بۆ مەبەستی ئایینی و ئایدیۆلۆجی و سیاسی و حزبی پەنای بۆ دەبەن.
بۆیە خەڵکی عاقڵ پەند لەویتر وەردەگرێت پێش ئەوە ی هیچ رووداوێک بەسەر خۆیدا بێت. کوردستانیش نەهامەتی کەمی نەبینیوە، بۆیە خوێندنەوەی ئەگەرەکان و خستنەبەردەستی چارەی پێشوەختە رێگەی راستت پیشان دەدات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت