شێرزاد شێخانی: کوفر بە کوردایەتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حیکایەتەکە دەڵێ: پیاوچاکێک لەبن دارێک پاڵی دابووە، لەودەمە حەزرەتی عیزرائیل بەلایەوە تێدەپەڕی و سەلامی لێدەکا. ئەویش دەیناسێتەوەو فەرمووی لێئەکا. دوای بەخێر هێنانو هەندێ قسە، کابرا بە عزرائیل دەڵێ: من لەوەتەی فامم کردووە لەتاعەتی خوا نەکەوتووم و هەمیشە فەرزەکانیشم جێبەجێ کردووە. لەپاداشتی ئەو تاعەتەم دەمەوێ داوایەکت لێبکەم. ئەویش دەڵێ: فەرموو؟. پێی دەڵێ: هەر کاتێک ئەمرت پێکرا رۆحم بکێشیت، پێشتر ئاگادارم بکەرەوە. ئەویش دەڵێ: وەی بەسەرچاو!.
زەمان دێت و دەڕوا، رۆژێک لەپڕ حەزررەتی عزرائیل لەسەر سەری ئەوەستێ بۆ رۆحکێشانی. کابرا ئەڵێ: ئەی جەناب منو تۆ ئیتفاقمان نەکردبوو پێش ئەوەی رۆحم بکێشی، خەبەرم بدەیتێ. ئەویش وتێ: بەڵی وابوو ، هەر بۆیەش من چەندینجار خەبەرم بۆ ناردی. کابرا ئەڵێ: کوا من هیچ شتێکم پێنەگەیشتووە؟. عزرائیل ئەفەرموێ: ئەی کابرا دوو مانگ پێش ئێستا نەتبینی دراوسێکەی لای راستت ئەمری خوای کرد. دوو حەفتە پێش ئێستا دراوسێکەی تری دەستە چەپیشت نەمرد. حەفتەی رابردووش ئامۆزایەکەت وەفاتی نەکرد. ئەوانە هەمووی پەیام بوون بۆ تۆ کە مردن لەتۆش نزیک بۆتەوە.
دەسەڵاتدارانی بەغدا لەماوەی یەک ساڵدا دەیان پەیامیان بۆ سەرکردایەتی هەرێم نارد. بڕیارە یەکلەدوای یەکەکانی دادگای فیدراڵی . راگرتنی 200 ملیارەکە. جوڵاندنی سکاڵاکەی پاریس لەسەر هەناردەی نەوت، ئەمەو بێجگە لە پەیامەکانی ئەمریکاو کونسڵخانەکانی ئەوروپا لەسەر مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە. ئێستا تێناگەم بۆچی دەسەڵاتی هەرێم قەڵس بووە لەسەر راپرسییەکەی کۆمپانیای شکارو بڵاوبوونەوەی لەرۆژنامەی ( الصباح ) ی بەغدایی؟!.
ئەم وڵاتە وێرانەی ناوی ( عیراق) ـە، لەوەتەی کودەتا سەربازییەکەی عەبدولکەریم قاسمەوە، هیچ خێرو خۆشیەکی بەخۆیەوە نەبینیوە. مەحاڵە کوردێکی بە شەڕەف دڵی بەوە خۆشبێ ببێتە بەشێک لەم وێرانەخاکەو خۆزگە بخوازێ بگەڕێتەوە باوەشی عیراق دوای ئەو دەریا خوێنەی میللەتەکەمان لەپێناوی ئازادیدا. بەڵام ئەم دەسەڵاتەی بەغدا سەرباری نەهجە شۆفینی و مەزهەبییەکەی و سەرباری ئەو هەموو گەندەڵییەی کە بە پێێ راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان قەبارەی لە 700 ملیار دۆلاری دزراو تێپەڕاندووە، ھیشتا بەشێکی بچووکیش بێت لەسامانی وڵاتەکە بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان سەرفکردووە.
بیتاقەی بایەعی بەردەوامە و خێزانە کەمدەرامەتەکان سوودێکی زۆری لێوەردەگرن. نرخی سووتەمەنی زۆر نزمەو دەوڵەت بۆ سوککردنی باری ژیانی هاوڵاتیان، تەنانەت گازی موەلیدەشی لەئەستۆ گرتووە بۆ هەرزانکردنی نرخی ئەمپێری کارەبا. هەموو بانکەکانی حکومەت دەیان جۆر سولفە دەدەنە فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ دابینکردنی پێداویستەکانیان. ساڵانە لەوەرزی زستاندا دوو بەرمیل نەوتی سپی ئەدەن بە ماڵەکان بەبێ دواکەوتن. مووچەی خانەنشینی و فەرمانبەران بەپێی گرانی بازاڕ زیاد دەکرێن. خۆپیشاندان ئازادەو ملیۆنان کەس دێنە سەرشەقامەکان و دەسەڵاتیش گوێ لەداخوازییەکانیان دەگرێ وهەوڵدەدات داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات.
بەراوورد بە وەزعی گوزەرانی خەڵکی هەرێمەکەمان لەگەڵ ناوچەکانیتری عیراق، فەرقێکی زۆر هەیە. لێرە چەند کۆمپانیایەک کە هەموویان سەر بەدەسەڵاتن بەکەیفی خۆیان قەیران دروست ئەکەن. حکومەت لەجیاتی ئەوەی نەوتی سپی بۆ ماڵان لەزستانە سەختەکانی کوردستان دابینبکات، رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت دفرۆشێتە دەرەوە. خۆی کارەبای پێ دابین ناکرێ، لەجیاتی ئەوەی وەکو بەغدا گازی پاڵپشتکراو بۆ موەلیدەکان دابینبکات، گازەکە دەفرۆشێتە دەرەوە. رەخنەگرتنی یاساغ کردووە، لەسەر کۆمینت نوسین خەڵک هەڕەشەی لێدەکرێ، لەسەر خۆپیشاندانیش چالاکوان زیندانی ئەکات، کونسڵێ کشتی ئەمریکاو ئەڵمانیاو فەرەنساو ئیتاڵیاو دەیان وڵاتانی تری دونیا هاواریان لێ هەڵساوە لەسەر ئازادییەکان و مافی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەگەری، کەچی دەسەڵاتی هەرێم گوێیان پێنادات!. خراپترین کەشی سیاسی هێناوەتە ناو هەڕیم و پەیوەندی لایەنەکانی دەسەڵات رۆژ بەرۆژ خراپتر دەبن، خەڵک هیچ ئومێدێکی بە چاکسازی درۆزن و دەسکەوتی وەهمی و درۆیەکانی دەسەڵات نەماوە.
بەغدا رۆژ بە رۆژ پەیامی تووند بۆ هەرێم ودەسەڵاتەکەی ئەنێرێ، کەچی برادەرانی ئـێرە دەیانەوێ بە وتارێکی قەڵەمە بەکرێگییراوەکانیان و لێدوانێکی وتەبێژی حکومەت و کۆمێنتی کۆێلەکانی فەیسبووکەوە بەرامبەر بەم شاڵاوەی حکومەتی عیراق بووەستنەوە.
ئەم دەسەڵاتەی هەرێم هەستی بینین و بیستنی لەدەستداوە، بە دزینو تاڵانبردن و خۆدەوڵەمەندکردنەوە مەست و حەیران بووە، ئەگینا مەعقوولە ئەو هیچ حیسابێک بۆ بایکۆتی 70% دەنگدەرانی کوردستان نەکات لەدوا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق؟!. مەعقولە ئەو هەموو راپۆرتە تەلەفزیۆنیانە نابینی لە کەناڵەکانی ناوخۆ چۆن ئەم خەڵکەوە هاواریان لێ هەڵساوە دژ بەحکومەتەکەی خۆیان؟. مەعقولە بەم هەموو دکتۆرایەی ئێستا لەدەوری خۆیانو حکومەتەکانیان کۆ کردۆتەوە هێشتا لەپەیامەکانی ئەمریکاو ئەوروپا سەبارەت بە فەراهەمکردنی ئازادییەکان تێنەگەیشتوون؟. ئەم هەموو بێباکییەی دەسەڵاتی هەرێم نەبوایە، بۆچی خەڵک کوفر بە کوردایەتی خۆی دەکاو خۆزگە دەخوازی جارێکیتر بچێتەوە ژیر چەپۆکی رەگەزپەرستەکانی بەغداوە. ژیانی بە کەڕامەت، ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانیە، بوونی ئاوو کارەباو خزمەتگوزارییە، پاراستنی ئازادیەکانە. رێزگرتنە لەمافەکانی مرۆڤ، ئەگەر دەسەڵات نەتوانێ ئەمانە فەراهەمبکات، بوون و نەبوونی وەکو یەکە. بۆیە بەر لەوەی خەڵک بە خائین و خۆفرۆش و خاکفرۆش ببینن، با خۆیان راستبکەنەوەو بێنەوە ریزی میللەتەکەیان ئەوسا خەڵک ئامادەیە گیان و خوێنی خۆی ببەخشێ بۆ پاراستنی قەوارەکەی. بەتەمای ئەمەش نەبن جارێکیدی گەنجولاوی میللەت گیانی خۆیان بکەنە قوربانی حەزوخۆشی خاوەن کۆمپانیاو فێللاو مەزرەعەکانەوە.. شوکر هوشیارە مەحوی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت