ڕەئوف محەمەد ئالانی: پەروەردە، زەنگیک لە یادی ڕاپەڕیندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمڕۆژانە، یادی ڕۆژە پڕشکۆکان و سەروەرییەکانی گەلەکەمانە، لەباشوری نیشتیمان. بیرەوەری خۆش، بۆهەستی پڕ جۆش و خرۆشی گەلەکەمان، کە بەگژ داگیرکاری و ستەمی زۆرداریدا وەستایەوە، ئەویش بە ڕاپەڕین و وەدەرنانی دوژمن، لەم پارچەیەی کوردستان، کۆتایی هات.
لەیادی ڕاپەڕیندا، هەموومان ئاگامان لەهەستە پڕ حەماسی و توڕەییەکانی خەڵکە، کە چۆن خەون و خواستەکانیان لەبار براوەو کەتونەتە دەریای بێ بنی بێ ئاگایی و خۆخوازیەتی چەند کەس و بنەماڵەیەک. کۆی پرۆسەی ژیان لەدوای ڕاپەڕین ئەوەندە بەئاقاری خراپدا براوە، خەریکە مرۆڤ دەگاتە ئاستی شەرمکردن، لەباسکردنی.
کۆی سێکتەر و بوارە جیاوازەکان، توشی شکست و پاشەکشە هاتوون، لەئابوری و کۆمەڵایەتی و زانستی و ژینگەیی و پەروەردەیی.
لەمجارەدا باس لەمەترسیەکانی پەروەردە دەکەم، دوای سی و دوو ساڵ لەتێپەڕبوون بە سەر ڕاپەڕیندا، ئەکرێ وەڵامی ئە وپرسیارە،وەربگرین کە خەڵک لەسەر پەروەردە هەیانە، دەڵێن: بۆچی ئاستی ئەو کەسانەی لەپێش ڕاپەڕین قوتابی و خوێندکاربوون، ئاستی زانستی و پەروەردەییان باشترە، لە نەوەی دوای ڕاپەڕین؟
هەموو مرۆڤێک لەخۆیەوە دەبێ لەوپرسیارە بنواڕێ، ووڵامەکە لای ئەوان بەرجەستە ترە، چونکە ڕوونە ئەوان چۆنن و ئەوانەی ئێستا بڕوانامەیان هەیە، ئاستیان چۆنە؟
وەڵامەکەی دیارە، کە ئەو کات ئاست باشتر بووە، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ، من بەرگری لە ڕژێمی بەعسی داگیرکار بکەم، بڕوات و ئەو لاتر چێ، مەبەست لەو خەمەیە کە من و سەدانی وەک من هەمانە، لەمەڕ خەمی نیشتیمان بۆنەوەکانی داهاتوو، زمان و مێژو کەلتوری نەتەوەکەمان، جاران خوێندن، ئەرک بوو تا لەڕێگەیەوە، زانین و فێربوون، ببنە شورای پاراستنی نیشتیمان، دەکرا لەو ڕێگەیەوە، خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و جوانیەکانی خاک و خەڵک ببینین.
ئەحمەد موختاربەگی جاف، زۆر بەجوانی و بەباشی، بەهەموو مناڵانی کوردی ئەوت:
بخوێنن، چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوژمنتان
هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە
ئەوشیعرە لەسەردەمێکدا وتراوە، کە شاعیر، لەبڕوابونی تەواوەتی خۆی بە خوێندن سەرچاوەی گرتوە، بۆهەموو ڕۆڵەکانی گەلی کورد ئاراستەکراوەو هانی نەوەکانی گەلی کورد ئەدات، بۆڕزگاری و شادبون بە سەربەخۆیی، تاکە ڕێگە هەرخوێندنە، چونکە دەبێتە قەڵغان و سوپەر، لەڕووی دوژمنان و ناحەزانی نەتەوەکەمان.
ئەگەرچاوێک بگێڕینەوە بۆ سەرەتاکانی ڕۆژانی ڕاپەڕین، جۆش و خرۆشی کوردایەتی و ڕوانین بۆ ئاسۆیەکی گەشتر، لەوەی کە ئەم گەلە لە ژێر جەورو ستەمی بەعسی دوژمندا، بیتە دەرو هەناسەیەکی ئازادی هەڵمژێ، خەڵک وەها سەرگەرمی خۆشنودی ببوو، چاوی لە هەموو خراپیەکانی شۆڕش داخست و خۆی لەگەڵ دۆخەکە، ڕاهێنا تا سێ دەیەی تێپەڕاند.
ڕاپەڕین و شۆڕش هەمیشە بۆ گۆڕانکاری و باشترکردنی ژیانە، بەڵام شۆڕش و ڕاپەڕین پێویستی بە فکروپلان و بەرنامەڕێژی زانستی هاوچەرخ هەیە، لەو بارەوە (ئیما گۆڵدمان) دەڵێت: (هیچ گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە بەبێ شۆڕش ڕوو نادات، شۆڕش تەنها بیرۆکەیەکە کە کراوە بە کردار).
بۆیە دەکرێ لەم وتەیەوە، گومان بخرێتە سەر ڕاپەڕین کە ئایا بیرۆکەکەی بۆ ئەم ئەنجامە بوو کە ئێستا هەیە؟
هەمووخەڵک و دنیاش ئەزانن ئەم ئەزموونەی دوای ڕاپەڕین، چ ئاراستەیەکی خراپی وەرگرتوە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە، مێش میوانی نیە و گوێ بەهیچ نادات.
سەبارەت بەپەروەردە، سەرەتاکانی بەخراپی دەستی پێکردو لە ڕێگە ڕاستەکە لایدا، بەوەی نەتوانرا دامەزراوەکانی پەروەردە بپارێزرێت، ئەوانیش وەک شوێنەکانی تر بەر شاڵاوی پەلاماردان و سوتان و وێرانبوون کەوتن، دوای ئەوە، زۆربەی قوتابخانەکان کرانە بارەگای حیزبەکان، ئەتوانم ئەوە بڵێم لەوکاتەوە، حیزب خۆی خزاندە ناو پەروەردەوەو تا ئەم چرکە ساتەی نوسینی ئەم وتارە، بۆتە گرفتێکی گەورەی پرۆسەی پەروەردە، بەڵام لەئێستادا زۆر بە چڕی و خراپترکاری تێدا دەکات.
لەو سەرو بەندانەدا، حیزبەکان هاتن ناوی قوتابخانەو خوێندنگەکانیان بەناوی شەهیدەکان و سەرکردەکان ناونا، دڵنیام لەوەی شەهیدان شایستەی ئەوەن ناویان بەبەرزی و ڕێز ڕابگیرێت و ئەوان باشترینەکانی ڕۆڵەدڵسۆزەکانی ئەم گەلەن، ئەکرێ زۆر بایەخیان پێبدرێ، بەوەی مۆزەخانەی تایبەت بەئەوان بکرێتەوەو وێنە و ژیاننامەیان بپارێزرێت و ژیانی شایستە بۆ کەسوکاریان دابینبکرێت، نەک ناوی قوتابخانە و خوێندنگەیان بەناوەوە بکرێت، پەروەردە پێویستە لەهەستی مناڵانەوە لێی بڕوانرێت، نمونەیەک باسدەکەم کە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، چ کاریگەریەکی دەروونی خراپ لای مناڵ جێدەهێڵێت، لەیەکێک لەو قوتابخانانەی بەناوی شەهیدێکەوە ناونراوە، مناڵەکە لە باوکی دەپرسێت: باوکە شەهید چیە؟ باوکەکە دەڵێ: ئەوکەسەیە خۆی بەکوشت دەدا بۆ گەل و نیشتیمانەکەی، مناڵەکە دەڵێ: کەواتە ئەوکەسە مردوە؟ باوکی دەڵێ بەڵێ وایە، باوکەکە، هەستی بە نامۆیی مناڵەکەی کردوە، هەر جارێک ناوی قوتابخانەکەی بهێنرایا، ترس و دڵەڕاوکێ، مناڵەکەی داگیردەکرد. لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، پەروەردە ناکرێت، تێکەڵ بە هیچ کایەیەکی تر بکرێت.
پەروەردە بۆئامانجی گەورەی پەروەردەیی، هیچ ئامانجێکی بەدی نەهێناوە، زۆرجار باسی دەستی حیزبەکان دەکرێت لەناو پەروەردەدا، لەئێستادا وەک سەراتاکانی ڕاپەڕین پەروەردە زۆر خراپتر ئاراستە دەکرێت.
لەهەموو پەروەردەکان و قوتابخانەو خوێندنگەکانی کوردستان ژمارە وەربگرین، زۆربەی بەڕێوەبەرەکان سەر بە حیزبە دەسەڵاتدارەکانن.
ئەوە دەرخەری ئەوەیە پەروەردە، لەسەر بنەماو بنچینەیەکی پتەو داڕێژراو دانەنراوە، لەماوەی ئەم سی و دوو ساڵەدا، پەروەردە لەدەستی حیزبەکاندا خراوەتە تونێلێکی تاریک، وەک توونی بابا و خەریکە ئومێدو هیواکان، دەخنکێنرێن.
وتارەکەم بە وتەیەکی(عەلی عیزەت بیکۆڤیچ) کۆتایی پێدەهێنم، کەدەڵێت: (شۆڕش لەگەڵ فیکردا بناغەکانی گۆڕانکاری پێکدەهێنێت، بەڵام سامان بەبێ هزر، وێرانکارییەکی دڵنیایە).

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت