محەمەد بەرزی: گەشە و گەشەسەندنی ئابووری.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەگشتی خەڵکی چەمکی گەشەی ئابووری و گەشەسەندنی ئابووری تێکەڵ دەکەن و لەیەکیان جیاناکەنەوە و جیاوازییەکانی نێوانیان نازانن، کە لە ڕاستیدا دوو دۆخی زۆر جیاوازن. دەستەواژەی گەشەی ئابووری بەندە بە پێشکەوتنی ئابووری وڵاتەوە، یەکێکە لەو پڕۆسە گرنگانەی، کە کۆمەڵگا و دەوڵەت بەدوایدا دەگەڕێن. بریتییە لە کۆمەڵێک کردار، کە یارمەتیدەر و بزوێنەری زیادکردنی داهاتن، لە ڕێگای سود وەرگرتن لەو سامانە سروشتییانەی لە ناوخۆی هەر وڵاتێکدا لەسەر زەوی و ژێر زەویدا بوونیان هەیە، وەک: بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، سەرچاوە ئاوییەکان، نەوت، گازی سروشتی و کانزاکان. لە پێناوی پێشکەوتنی ئابووری و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و زیادکردنی داهاتی نیشتمانی و بەدەستهێنانی بەرزترین ڕێژەی داهاتی تاک و کۆمپانییەکان. واتە بۆ ئەمجۆرە گەشەکردنە دەوڵەت سەرچاوە سروشتییەکانی ناوخۆ و هێزی مرۆیی و سەرمایەی خۆی بەکاردەهێنێ، لە پێناوی بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنان و زیادکردنی مووچە و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی خەڵکی و دابینکردنی خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگا، کە لە لایەن ئابوورییەکی دیاریکراوەوە بەرهەم دەهێنرێن، کە بریتییە لە سەرچاوە سروشتییەکان.
ئاشکراشە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای تازە و شێوازی زانستیی نوێ، ڕۆڵی گەورەیان لە گەشەی ئابووریدا هەیە، چونکە هۆکاری زیادکردنی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمەکانن. هەر بۆیە پێویستە دەوڵەت زۆر بە وریایی و ژیرانەوە سەرچاوەکانی بەردەستی بەکاربهێنێ، تا بۆ ماوەی دوور و درێژ، سوود و قازانجیان بۆ نەوەکانی ئەمڕۆ و داهاتوو بـەردەوامە. بە کورتیش لایەنە چاکەکانی گەشەی ئابووری بریتین لەم خاڵانە:
1. کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و هەژاری.
2. باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، چونکە گەشەی ئابووری هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی قازانجی کۆمپانیاکان. لەم ڕێگایەوە دەوڵەت زیاتر باج لە کۆمپانییەکان کۆدەکاتەوە و لە خزمەتگوزارییەکاندا خەرجی دەکاتەوە.
3. چەند ڕێژەی بەرهەمی ناوخۆیی بەرزببێتەوە، ئەوەندەش ڕێژەی قەرزەکانی سەر دەوڵەت کەمدەبێتەوە.
بێگومان چەند هۆکاریکیش لە پەرەپێدانی گەشەی ئابووریدا کاریگەرییان هەیە وەک:
1. سەرچاوە مرۆییەکانی وڵات: مرۆڤەکان چەند مەشق پێکراو و زیرەک و داهێنەر و لیهاتووبن، ئەوەندەش کاردانەوەی زۆر چاکییان لە جۆری بەرهەم و پێشکەوتن و گەشەی ئابووریدا دەبێ.
2. سەرچاوە سروشتییەکانی وڵات: سەرچاوە سروشتییەکانی سەرزەوی بریتیین لە; ڕووەک، سەرچاوە ئاوییەکان، سەیرانگا و دیمەنە سروشتییەکان. سەرچاوەکانی ژێرزەویش بریتیین لە: نەوتی خاو، گازی سروشتی، کانزاکان. بێگومان ئەم سەرچاوانەش بەندن بە بارودۆخ و ئاو و هەواو و ژینگە و پێکهاتەی خاکەوە. جا چەند بە شێوەی زانستییانە بەکاربێن ، ئەوەندەش زیاتر کاریگەرییان لە گەشەی ئابووریدا دەبێ. ئاشکرایە ئەو وڵاتانەی سەرچاوەی سروشتییان زۆرە، باشتر لەو وڵاتانە گەشە دەکەن، کە سەرچاوی سروشتییان کەمە.
3. چەند کرێی کرێکار و فەرمانبەران و ئاستی ژیانییان بەرزبێ، ئەوەندەش زیاتر ئاستی بەرهەمهێنان بەرزتر دەبێ و کاردانەوەی زۆر
باشی لە گەشەی ئابووریدا دەبێ.
4. تەکنەلۆژیای تازە، واتە بەکارهێنانی شێوازەکانی تازە لە بەرهەمهێناندا، کە یارمەتیدەری بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانە. هەر بۆیە ئەو وڵاتانەی پشت بە تەکنەلۆژیا و تەکنەلۆژیای گونجاو دەبەستن، لەو وڵاتانە پێشکەوتووترن، کە کەمتر تەکنەلۆژیا و تەکنەلۆژیای نەگونجاو بەکاردەهێنن. چونکە تەکنەلۆژیای گونجاو تێچووی بەرهەمهێنان کەمدەکاتەوە، بە پێچەوانەشەوە تەکنەلۆژیای نەگونجاو تێچووی بەرهەمهێنان بەرزدەکاتەوە.
5. هۆکارەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی: هۆکارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ڕۆڵی گەورەیان لە گەشەی ئابووری دەوڵەتدا هەیە. هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانیش بریتیین لە; داب و نەریت و بیروباوڕەکانی ناو کۆمەڵگا. هەر بۆیە ئەو کۆمەڵگایەی بیروباوەڕ و نەریتی کۆن و حیزبی سیاسی کرمۆڵ و گەندەڵ و خورافاتی تێدا بڵاوە و دژی تازەگەریین، مەحاڵە گەشەی ئابووری بەدەستبهێنێ و هەنگاوێک بەرەو پێش بڕوات.
ئەوەی شایانی باسە سەرباری سودە زۆرەکانی گەشەی ئابووری، نابێ زیانەکانیشی لەبەرچاو نەگرین وەک:
1. لە ئەنجامی بەکارهێنانی سامانە سروشتییەکاندا بە بەردەوامی و بێ بوونی پێڕەوێکی زانستی ڕاست و دروست، بە تایبەتی نەوتی خاو و گاز و کانزاکان، مەترسی کەمبوونەوە و نەمانیان لە ئارادایە.
2. دابەش نەکردنی داهات بە شیوەیەکی یەکسان بەسەر ئەندامانی کۆمەڵگادا، ڕێک وەک بارودۆخە خراپەکەی ئەمڕۆی هەرێمە. کەمینەیەکی دەوڵەمەندی لووت لە ئاسمان و زۆرینەیەکی هەژار و برسی و داماو.
3. کاتێک پڕۆسەی بەرهەمهێنان فراوان دەبێ و پێویستی بە ئامێر و ئامراز و شێوازی تازەیە، بازرگانی بچووک و جوتیاری ئاسایی و پڕۆژەکانییان تووشی زیان دەبن، چونکە لە توانای ئەواندا نییە ئەو جۆرە ئامرازانە بەکاربهێنن. بەڵام گەشەسەندنی ئابووری بریتییە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی داهاتی نیشتمانی و دابەشکردنی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر هاوڵاتیاندا، شان بە شانی دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکانی سەرزەوی و ژێر زەوی لە نەمان و پیسبوون، تا بۆ ماوەی درێژ لە خزمەتی نەوەکانی داهاتوودابن. یان ئەو پرۆسە گرنگەیە، کە لە لایەن کاربەدەست و سیاسییە سینە پاک و زیرەکەکانەوە، ئابورییەکی ئاسایی کەم داهات، بە شێوەیەکی ڕیشەیی دەگۆڕن بۆ ئابوورییەکی پێشکەوتووی هەمەچەشنەی فرە داهات، وەک گواستنەوە لە دۆخی ئابووری کشتوکاڵییەوە بۆ دۆخی پیشەسازی. لە فرۆشتنی کانزا و گاز و نەوتەوە بۆ پیشەسازیی کانزا و گاز و نەوت. ئەمڕۆ نەوتی خاو جگە لە بەرهەمەکانی: بەنزین، نەوت، گازئۆیل و نەوتی ڕەش، نزیکەی حەفتا بەرهەمی بەکەڵکی تری لێ دەردەهێنرێت. پاشان گواستنەوە لە ئابوورییەکی بازرگانییەوە بۆ ئابوورییەکی بازرگانی پشتبەستوو بە تەکنەلۆژیای تازە. واتە هەوڵی دەوڵەت بۆ ڕزگاربوون لە ئابوورییەکی تاکی وەک نەوت، بۆ ئابوورییەکی فرە چەشنە و دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنی بواری پەروەردە و تەندروستی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمی ناوخۆ و زیادکردنی توانا و پەرەسەندنی سەرچاوەکانی ئابووری و بێباکی لە مەترسی گۆرانکاریی نرخی سەرچاوە سروشتییەکان لە جیهاندا، بە تایبەتی نەوت و غاز. بێگومان ئەمانەش بەندن بە پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازییەوە، لە ڕێگای دامەزراندنی کارگە و پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، هەروەها دابینکردنی کەرەسەی خاو، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات. پاشان پەرەپێدانی کەرتی گرنگی کشتوکاڵ و شێوازەکانی گواستنەوە، لە ڕێگای دروستکردنی تۆڕەکانی ڕێگاوبانەوە، سەرباری پاڵپشتیکردنی کەرتەکانی بازرگانی و پیشەسازی، لە پێناوی چارەسەرکردنی لاوازی ئابوری ناوخۆدا. دیارە ئامانجەکانی گەشەسەندنی ئابوریش بریتیین لە:
1. وەبەرهێنانی سامانە سروشتییەکان، لە پێناوی بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا.
2. دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتووان و چارەسەرکردنی گەندەڵی لە رێگای یاساوە و کەمکردنەوەی بێکاری و جیاوازییەکانی نێوان چینەکانی کۆمەڵگا. بە کورتیش جیاوازی نێوان گەشەی ئابووری و گەشەسەندنی ئابووری لەوەدایە:

1. گەشەی ئابووری گوزارشت لە داهاتی ڕاستەقینەی نیشتمانیدا دەکات، بەڵام گەشەسەندنی ئابووری گوزارشت لە باشترکردنی ژیان و گوزەرانی دانیشتووانی وڵاتدا دەکات.
2. گەشەی ئابووری بریتییە لە زیادبوونی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بۆ تاکی کۆمەڵگا، بەڵام گەشەسەندنی ئابووری بریتییە لە بەرزبوونەوەی ڕادەی بەرهەمهێنان و دابینکردنی خۆشگوزەرانی و باشترکردنی لایەنی سیاسی و ئابوری دانیشتووانی وڵات.

3. گەشەی ئابووری کردارێکی خۆکارییە ( عملیە تلقائیە ). جا یان پێویستی بەوەیە دەوڵەت دەستێوەردانی تێدا بکات، یان نەیکات. بەڵام گەشەپیدانی ئابووری پێویستی بە دەستێوەردانی دەوڵەتە، چونکە هەموو پلان و سیاسەتەکانی لە لایەن دەوڵەتەوە دادەنرێت.

4. گەشەی ئابووری دابەشکردنی داهات ناگرێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە گەشەسەندنی ئابوری پابەندە بە دابەشکردنی داهاتەوە.
5. پێوانەی گەشەسەندنی ئابووری بە ندە بە زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەوە. بەڵام گەشەسەندنی ئابووری، بریتییە لە گۆڕینی ئەو وڵاتانەی داهاتیان کەمە و ئاستی ژیانییان نزمە، بۆ وڵاتێکی پێشکەوتوو، کە بە هۆیەوە بواری پەروردە و تەندروستی گشتی هاوڵاتییان باشتر دەکات و ژیانێکی شایستەی پڕ لە خۆشی و ئارامی بۆ هاوڵاتییەکانی دابین دەکات.
لە دواجاردا بە کورتی نیشانە و پێوەرەکانی گەشەسەندنی ئابووریش لە وڵاتێکدا بریتیین لە:

1. بەرزی بەهای دراوەکەی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوخۆیی.
2. کرانەوەی ئابووری بە ڕووی بازرگانی نێودەوڵەتیدا، نیشانەیە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی وەبەرهێنانی دەرەکی. ئەمش خۆی لە خۆیدا گەشەسەندنی ئابوورییە.
3. کەمبوونی ڕێژەی هەژاری و بەدخۆراکی و دابەزینی ڕێژەی تەمەنی مردن.
4. بە بەردەوامی دابینکردنی خزمەتگوزارییە گرنگەکانی وەک ئاوی پاک و کارەبا و تەندروستی بۆ هاوڵاتییان.

تێبینی: بۆ ئامادەکردنی ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی عەرەبی وەرگیراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت