لوقمان مستەفا: بۆچی بڕیاری دادگاکان لە دژی ھەرێمن.؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ھەڵبەتە وەک ئاگادارین پێشتر ھەرێمی کوردستان لەرێگەی بۆریەوە « نەوتی » ھەناردەی بازارەکانی جیھان کرد و سەربەخۆ نەوتەکەی فرۆشت.
لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق نارەزایی زۆری لێکەوتەوە. عێراق بۆ ڕێگریکردن لەم پرۆسەیە بێدەنگ نەبوو، دەستی کرد بە سکاڵا تۆمارکردن دژ بە سیاسەتی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم، بەردەوام لە پیلان گێریدابوو چی لە رێی ھەرەشەی ھێزەوەبوبێ یاخود رێگای یاسایی بۆ رێگریکردنی بەردەوام بوونی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم.
ھەروەک بینیمان لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگای دادگا نێو خۆیی و نێودەوڵەتیەکانەوە و وەلە چەند ڕێگایەکی دیکەوە ھەوڵی داوە دۆسێی نەوت لەژێر دەستی ھەرێمی کوردستان دەربھێنێت، ھەرێمیش بەردەوام لەسەنگەری بەرگرییدابوو دژ بەرەفتارەکانی حکومەتی بەغدا، چون ھەرێم بە مافی خۆی زانیوە خۆی نەوتەکەی لە بازارەکانی جیھان ساغ کاتەوە.
تا کار گەیشتە ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی 2022 دادگای فیدڕاڵی عێراق دانیشتنی خۆی لەبارەی دۆسییەی 59ی فیدڕاڵیی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ دەرەوەی وڵات بەبێ رەزامەندی حکومەتی فیدڕاڵی سازکرد. بڕیارێکی دژ بە ھەرێم دەرکرد و ڕایگەیاند یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان نادەستوورییە، ئەمەش گەورەترین و بەھێزترین ھەوڵی عێراق بوو لە چەند ساڵی ڕابردوو دژ بە یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان.
لەبەرئەوەی بڕیارەکەی دادگا فیدراڵی تانەی لێ نادرێت دەسەڵاتدارانی ھەرێمی ھەژان و کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە، لێدوانە توندەکانی دەسەڵاتدارانی ھەرێم وایکرد دادگای فیدراڵی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و پێداگریکردو ڕایگەیاند دادگاکەیان سوورە لەسەر بڕیاركەی لە بارەی نادەستووری بوونی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان.
پێشتریش لە دادگایەكی ئەمەریكا لەسەر سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق، بڕیارێكی هاوشێوە بەرامبەر هەرێم دراوە.
دادگای فیدراڵیی عێراق دەڵێت سکاڵای تۆمارکراو بە ژمارە (59/فیدراڵی/2012) و یەکلاییکردنەوەی لە (15/ 2/ 2022) کە تایبەت بووە بە نادەستووریبوونی یاسای نەوت و غازی کوردستان، لەسەر بنەمای مادەکانی (110، 111، 110، 115، 121 و 130)ی دەستووری عێراق بووە. لە ڕوونکردنەوەکەی دادگای فیدراڵیدا ھاتبوو، ئەو کاتەی دادگا ئەمەریکییەکە بڕیارەکەی دەرکرد، حکومەتی هەرێم تانەی لە بڕیارەکەی دادگاكەی ئەمەریکا داوە و دادگای ئەو وڵاتەش لە 21ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2015 تێهەڵچوونەوەی بۆ دۆسێکە کردووە، بە هەمان ناوەرۆکی پێشتر بڕیاری لە بەرژەوەندیی وەزارەتی نەوتی عێراق دەرکرد.
ئەوە بوو سەرۆکایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراقیان ڕەت کردەوە و بە پێشێلکردنی دەستوور ودژایەتی کردنی مافەکانی ھەرێمی کوردستان ناو زەند کرد.
کۆتا جار دادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس، ڕۆژی پێنج شەممە بەرواری 23 ئازاری 2023 لە بارەی سکاڵاکەی عێراق لەسەر تورکیا بۆ ھەناردەکردنی نەوتی هەریم سکاڵآکەی یەکلایی کردەوە و لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاریدا و بەوەش تورکیا ناچارە بەبێ رەزامەندی عێراق نەوتی هەریم نەگەیەنیتە بازاڕەکانی جیهان.
ئەوە بوو عێراق بە فەرمی لەلایەن تورکیاوە ئاگادارکرایەوە کە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی کوردستان لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاریداوه‌ کە تورکیا ڕایگەیاندووە، ڕێگە نادات ئەو بارانەی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هەڵدەگرن، بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا، بەندەری جەیهان بەجێبهێڵن. ئه‌وه‌ش به‌پێی ماڵپه‌ری (ئارگۆس)ی تایبەتمەند لە بواری بازاڕی وزە.
دۆسیەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس نزیکەی نۆ ساڵە بەردەوامە و له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ دژی توركیا تۆماركرابوو به‌ پاساوی پێشێلكردنی ڕێککەوتنی ساڵی 1973، بە ڕێگەدان بە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بەبێ ڕەزامەندی بەغدا.
ناکۆکییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەربەخۆ لە بەغدا کێڵگە نەوتییەکانی خۆی له‌ رێگه‌ی بۆرییه‌وه‌ له‌ دەروازەی سنووریی تورکیا لە بە هێڵی بۆری عێراق-تورکیا به‌سته‌وه‌. ئەو بۆرییە پێشتر نەوتی خاو لە کێڵگەی نەوتی کەرکوک لە باکوری عێراقەوە دەگەیانده‌ بەندەری جەیهانی تورکیا.
ھەر وەک زانراوە ‌ ھەرێمی کوردستان پشتی بە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی تورکیاوە دەبەستێت و بە بڕیارەکەی دادگای پاریس بەوەش زیاتر دەستی لە بیناقاقای ھەرێم توندتر دەکات و ھەرێم دووچاری زەللیلی دانوستان دەکات لەگەڵ بەغدا لەسەر چوارچێوەیەکی لاوازی بەچۆکا کەوتوو دەکات.
ئێستا حکومەتی بەغدا بەسەرجەم ئەو بریارە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیانەوە چەکدارە
بە لووت بەرزیەوە ھاوار دەکات کە فرۆشتنی نەوت لەلایەن ھەرێمەوە بە “نادەستووری”دەناسێنێ.
هەروەها پشت بەستن بەو بریارانە دادگای فیدراڵی گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت پووچەڵ کردەوە.
ھەرێمی کوردستانیش بە ھۆی ناشەفافی سیاسەتی نەوتیەوە لە ئێستادا یەک رێی لە بەردەدا ماوەتەوە،ئەویش وەک باسمانکرد بەداخەوە دانوستانێکی یاخود راستر وایە بڵێن سازشکردن بە ناچاری لەگەڵ حکومەتە بەناو فیدراڵەکەی عێراق و رێگا چارەیەک بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە تاقەت پروکێن و چارەنوس سازە کە بەردی بناغەی ھەردەوڵەتێک کە درووست دەبێت سەربەخۆیی ئابوریەکەیەتی کەدەبێت بە سەرجەم مەرجەکانی عێراق رازی بێت.!!
جا ئێوە بروانن حکومەتی عێراق بەو شەق و شریەی خۆیەوە کە بە دەیان کێشەی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنێ لەھەر کوێیەکی ئەم دونیایە ھەیە تەنانەت لە صۆماڵ و زیمبابۆی ھتد .. سکاڵا دژی ھەرێم تۆماربکات دەی باتەوە .!! پرسیارەکە لێرەدایە بۆ.!؟ چونکە حکومەتی عێراقیش ئەو فریشتەیە نیە، بە ناچاری دەبێ شفافبێ لە سیاسەتی نەوتی و کانزاکان لەبەر ئەوەی یەکێکە لە ئەندامەکانی ھەردوو رێکخراوی جیھانی ئۆپێک و ئەواپک کە ئەو رێکخراوانە یاساورێسای خۆیان ھەیە و لەژێر چاودێری وورد دان.
ئێستا لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی
حکومەتی عێراق سوارە و حکومەتی ھەرێمیش پیادە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت