گۆران هەڵەبجەیی: مەسعود بارزانیش پێویستی بە چایچییەکە وەک ئەوەی شای ئێران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەگێڕنەوە و دەڵێن لەدەمی ڕاپەڕینەکانی گەلانی ئێراندا دژ بە ڕژێمی شای ئێران{1979}، بەردەوام داروودەستەی شا لە ئەفسەرە پلەدار و وەزیرو کاربەدەستە باڵاکانی دەوڵەت، دەهاتنە کن شا و دڵنیاییان پێ دەدا کە دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و تەنها هەندێک گێرەشێوێن لە شەقام ماون ئەوانیش سەرکووت دەکەین. ئەو کەسانەی ئەوجۆرە قسانەیان بۆ شا دەکرد درۆیان دەکرد، ئەوانە خەمی خۆیان و ئایندەی خۆیان بوو، بەوەی چارەنووسیان بەندبوو بە چارەنووسی شاوە، بەنەمانی ڕژێمی شایانی لەدەستدانی هەرچی دەسکەوت و ئیمتیازاتیانە تا دەگاتە لەدەستدانی ژیانیشیان. بەڵام واقیعی شەقام پێچەوانەی بۆچوون و گفتە درۆکانی ئەو پلەدارانەبوو، بەوەی دۆخەکە تادەهات بەرەو ئالۆزی و خراپی دەچوو، پۆلیس و سوپا بێ بەزەییانە خەڵکیان دەکووشت. بۆیە شا بەگوومان بوو لە قسەو بەڵێنەکانی ئەو کاربەدەستە باڵایانە.
جا بۆ ئەوەی ڕاستی دۆخەکە بزانێت پەنای بۆ چایچییە تایبەتیەکەی خۆی برد، ئەویش بێ جوانکردنی ڕەوشەکە وەک خۆی ڕوونکردنەوەیدا بە پاشا: گووتی گەورەم ڕەوشەکە زۆر مەترسیدارە و لە کۆنترۆڵ دەرچووە،کووشتار زۆربووە. شا لە مەسیجەکە تێگەیشت، سوپاسی چایچییەکەی کرد بۆ ڕاستگۆیی، بە قسەی چایچییەکەیدا بۆی دەرکەوت کە دەسەڵاتەکەی کۆتایی هاتوە، بۆیە پاش چەند ڕۆژێک بۆ هەتاهەتایە وڵاتی بەجێهێشت.
ئەوەی لە ئێران ڕوویدا دەمێکە لەهەرێم بە شێوازێکی تر دەگووزەرێت، ناڕەزایی خەڵک لەجووت حیزب گەیشتووەتە لووتکە، لە گەندەڵی و دزی و نادادپەروەری و بەرتەسک بوونەوەی پانتایی ئازادی و کەم بوونەوەو نەمانی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و نەدانی مووچە و بوونی دەستی حیزب بە ناشیرینی لە هەموو شوێنێکدا و زۆر شتی دیکە، ئەمانە سیمای دیاریی بەرهەمی دەسەڵاتی چووت حیزبن لەماوەی [ 32 ] ساڵی دەسەڵاتیاندا.
سەرجەم تاکەکانی هاوڵاتیانی هەرێم بە ڕوونی هەست بەوەدەکەن کە وڵاتیەکەیان دووچاری کۆمەڵێک قەیرانی قووڵ بووەتەوە کە دەربازبوون لێیان ئەستەمە. سەیر لەوەدایە تەنها دەسەڵاتە کە ئیعتراف بەم واقیعە مەترسیدارە ناکات، بەڵکو بەردەوام هەوڵدەدات شکستیەکان وەک دەسکەوت و سەرکەوتن هەژمار بکات.
ئەم دەسەڵاتە چەتەیە کۆمەڵێک مرۆڤی مشەخۆر و بەرژەوەندیخواز و درۆزن و بێ ڕەوشتی لەخۆی کۆکردوەتەوە،کاروپیشەیان پیاهەڵدانە بە سەرۆک و سەرکردەکانیاندا. ئەم کۆیلانە بۆ زیاتر خۆبردنە پێشەوە لە پیاهەڵدانی بێ مانا بە سەرۆک و کەسە دەستڕۆیشتوو و کاربەدەستەکان ناکەون.
جا ئەز وای بۆدەچم ئەم کەسانە هەواڵی هەڵەو نادرووست دەدەنە سەرەوەی خۆیان ،بەتایبەتی مەسعود بارزانی،کەئەویش بە پیاهەڵدان وستایش خەنی دەبێت.
حاڵەتەکە لە دوو بەدەرنیە،یا ئەوەتە مسعود بارزانی ئاگاداری ڕەوشەکەیەو گوێی پێنادات و خوازیارە چۆن هاتوە هەروا بڕوات، یا ئەوەتە وەک شای ئێران بەرژەوەندیخوازەکانی دەورووبەری هەواڵی ناڕاستی پێدەگەیەنن و ئەویش بڕوایان پێدەکات. جا گەر حاڵەتی دووەم ڕاستبێت کە خودی خۆم لەوە بەگومانم،ئەوە پێویستە کەسێکی پاک و بوێرو ڕاستگۆ لەوێنەی چایچییەکەی شای ئێران بچێتە لای مەسعود بارزانی و پێی بڵێت[گەورەم ڕەوشەکە زۆر خراپە، خەڵک زۆر ناڕازیە لێتان، هیواخوازن ئێوەیان لەکۆڵ ببێتەوە،گەورەم هێشتا کات بەدەستەوە ماوە بۆ ئاشتکردنەوەی خەڵک، بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانتان، دەنا بە پێچەوانەوە هیچ زەمانەتێک بۆ مانەوتان نەماوە.]
هەر دەسەڵاتێک گەر خۆی بە خەمخۆری خەڵک بزانێت، دەمێک دووچاری قەیران دەبێتەوە، هەوڵدەدات بە هاوکاری دڵسۆزان و پسپۆڕانی وڵاتەکەی چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە نەک پشتگوێ یا بێ نرخیان بکات.
تا ئێستا نەمدی، نەمبیست، نەمخوێندەوە لەماوەی [ 32 ] ساڵدا بۆتەنها جارێک بەرپرسێکی ئەم دەسەڵاتە دان بە هەڵەیەک شکستیەک کەماسیەکی حکومەتەکەیدا بنێت.
لە مێژە دەرکەوتووە کە ئەمانە شکستیان هێناوە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، ئەم نووخبەیە پیاوی دەوڵەتداری نین. ئاخر دەوڵەتداری جۆن بەکەسانێک دەکرێت شکست و دۆڕان و شەرمەزاری بەدەسکەوت و سەرکەوتن هەژمار بکەن؟
حکومڕانی سەغڵەم و پێشکەوتوو چۆن بە کەسانێک دەکرێت کە سوپایەک لە شانتەکێن، دووڕوو، بوودەڵە، ستایشکاری درۆزن،کۆیلە، بەرژەوەندیخواز دەورەدرابێت،کارو ئەرکیان تەنها شاردنەوەی کەماسیەکان، پاساو هێنانەوە بۆ شکستیەکانی جووت حیزب، جوانکردنی سیمای پۆخڵی دەسەڵات بێت. لەولاشەوە کەسانی دڵسۆز لە ڕووناکبیر، پسپۆڕ و شارەزا، پەرواوێزخرابن و پرسیان پێنەکرێت.
هەر وەک چۆن چایچیەکەی شا، بەشای ڕاگەیاند کە [دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە]، ئەز وای بۆدەچم کە ڕەوشی هەرێم بەو ئاراستیە هەنگاودەنێت کە لە کۆنترۆڵی ئەم چەتانە دەرچێت، درەنگ یا زوو ئەوە ڕوودەدات، بۆیە هیوادارم کەسانی دڵسۆز لەبری ئەوان جڵەوی دەسەڵات بگرنە دەست.
واقیع نیشانی داوە ئەمانە لەدزی و گەندەڵی بەولاوە چاکسازیان پێ ناکرێت، جا بۆئەوەی خەڵکی هەرێم لەوەزیاتر ئازار و مەینەتی و نەهامەتی نەچێژن پێویستە هەموو پێکڕا خەبات بکەن بۆ هاتنەدی سەردەمێکی نوێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت