ڕەووف محەمەد ئالانی: ترس و پڕۆگرامەکانی خوێندن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ترس، یان ترسان، هەستکردنە بە هۆی مەترسی، یان هەڕەشەیەکی هەستپێکراو کە لەسەر مرۆڤ ڕوودەدات، ئەمەش لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ئەرکەکانی لە ئەنجامیشدا گۆڕانکاری لە ڕەفتاردا دروست دەبێت، مرۆڤ تووشی دڵەڕاوکێ دەکات و بیرکردنەوەی ئاڵۆز دەکات.
ئەم ترسەش لەئەنجامی تووش بوون بەڕوداوویان بیستن و بینین، کاریگەری خراپ جێدەهێڵێت. مەبەست لەڕووداوئەو کارەساتە ناخۆش و خەمهێنانەیە، کە تووشی کەسێک، یان خێزانێک دێن، جارهەیە ڕووداوەکان گەورەترن بەسەر شاروووڵاتێکدا دێن، هەندێ لەڕووداوەکان سروشتین، وەک لافاو و بومەلەرزە و هەرەسی بەفر کەقوربانی لێدەکەوێتەوە. بەڵام هەندێ ڕووداو هەن دەستکردن و مرۆڤەکان بە هۆ، یان بێ هۆ دروستی دەکەن، ئەوانەی بێ هۆن و بەدەستی ئەنقەست نین جیاوازن لەوانەی کە بەبێ هۆدروست کراون.
نامەوێ پۆلێنی ڕووداوەکان بکەم، چونکە مەبەستەکەی من ئەوە نیە، بەڵکو خواستی من ئەوەیە هەرڕووداوێک کە هەیەو دیاریکراوە چ کاریگەریەک لەسەر دەروونی مناڵان جێدەهێڵێت؟
گەلی کورد بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی نیشتمانەکەی (کوردستان) لەهەموو کات و سەردەمەکانی مێژوودا، ڕووبەڕووی شەڕوناخۆشی و وێران بوون و کوشتنی بەکۆمەڵ لەلایەن دوژمنەکانی بۆتەوە، لەم ململانێ و شەڕو دوژمنکاریانەشدا، کارەسات و ڕووداووی ناخۆش هاتۆتە بەر دەم ئەم گەلە.
من لەگەڵ ئەوەدام مێژوو وەک خۆی بنوسرێتەوە، تا هەم وەک ئەرشیف بپارێزرێت و هەم بکرێتە وانەی مێژوو بۆ ژیان، بەڵام پێویستە بەشێوازی زانستی و پسپۆڕی ئەوکارە بکرێت، نەک وەک ئەوەی ئێستا هەرکەسەو بە گوێرەی بیری تایبەت و زۆرجاریش بەمەبەست هەندێ لەوانەی خۆیان بەسیاسەتوان دەزانن، مێژووی خۆیان و شۆڕش و گەلێک دەکەنە قوربانی تەنها بۆناوی خۆیان.
لەلایەکی ترەوە ئەوڕووداوانە شۆڕبونەوە بۆ ناو کۆمەڵگە، لەمیدیاکان و پڕۆگرامی خوێندن ڕەنگدەدەنەوە، من لەگەڵ ئەوەدام نەوەکانی ئێستا و داهاتوو بەئاگابن لەمێژووی پڕمەرگەساتی نەتەوەکەیان، بەڵام ئەوەش پێویستی بەپلانی وورد هەیە، کەی و چۆن و لە کام شوێن و بۆ چ تەمەنێک و بەکام شێواز ئاماژەیان پێبدرێت؟ پێویستە ئەمانە بەباشی لێکبدرێنەوە.
ڕوونترو ڕاشکاوانە تربڵێم، لەناوپڕۆگرامەکانی خوێندن بەشێوازی دوور لە ڕەچاوکردنی حاڵەتی دەروونی و تەمەن، ئەوڕووداوو کارەساتانە خزێنراونەتە ناو پڕۆگرامەکانی خوێندن کە دەبنە هۆکاری ترس و دڵەڕاوکێ لای مناڵان، لەوانەیە بڵێن ئەی چۆن باسی مێژووی نەتەوەکەمان نەکرێت؟ من ناڵێم باس نەکرێت و نەوەکان شارەزانەکرێن، بەڵام وەک لەسەرەوە ئاماژەم بۆکرد، چۆن و کەی و بە چ شێوازێک باسبکرێت، ئەوە گرنگە، پۆلێنکردنی بابەتەکان و چۆنێتی ناساندنی بۆ قۆناغەکانی خوێندن پێویستە هەڵوێستەی لەسەربکرێت ئینجا دابنرێن، ئەویش بەپێی تەمەن و توانای وەرگرتنی بابەتەکە و دروست نەکردنی کاریگری نەرێنی لەسەر دەروونی مناڵان، وابێت کە ترس و بیم و دڵەراوکێ جێنەهێڵێ لەسەرمناڵان، لەسەر ئەمە(سۆفۆکلێس) هونەرمەند و شانۆنامەنووس و نوسەر دەپرسێت و دەڵێ: (بۆچی مرۆڤ هەست بە ترس دەکات، بەڵکو بە ڕێکەوت و هیچی تر هەنگاوەکانی ڕێبەرایەتی نەکات؟) ئەمە ووڵامەکەی ئاسانە لەکاتێکدا ئاماژەی بە ڕیبەرایەتی نەکردنی هەنگاوەکان کردوە.
بێگوومان ترس وا دەکات نەتوانین هەنگاوبنێین، نیشاندان ودەرخستنی ئەو ڕووداوانەی ترس دروست دەکەن پێویستە بخرێنە ناو پڕۆگرامی پۆلەکانی سەرووبازنەی دوو، واتە لەپۆلەکانی حەوت بۆنۆو بەرەوسەرتر، ناکرێ لەپۆلی چوارەمی بنەڕەتی باسی ئەنفال و کیمیاباران بکرێت و مناڵان تووشی ترس وشۆک ببن، هەمیشە ترس خەون وخولیا لەناو دەبات و مرۆڤ ڕادەگرێت.
نوسەری گەورە وڕۆماننووس(پاولۆکۆیلۆ)دەڵێ: ( تەنها یەک شت هەیە کە خەون وخولیا مەحاڵ دەکات، ئەویش ترسە).
لەناو دنیای ڕۆشنبیری ئێمەشدا چەندین ڕاو و بیروبۆچوون هەن ئەوە دەسەلمێنن، ئێمەش لەڕەوتی تێگەیشتن و ناساندن ئاراستەکان لە نەتەوەکانی تر کەمترنین، نمونەشمان زۆرە، هەروەک نوسەری ناوداری کورد (عەبدول واحید نوری) لە نوسینی پەخشانێکدا دەڵێ: (خەریک بوو بنوسم ترس باشنیە، بەڵام باش بوو زوو دەستم گرتەوەوزانیم دەردی ئێمە نەترسانەو ترسان نیە).
خەون و ویست و خولیاکانمان بەمەبەستی ئەوەیە نەوەکانی داهاتوو بەباشی ئاراستە بکەین و لەڕێگەی دوورکەوتنەوە لەو فۆبیا ترسێنەرانەی مناڵان ئیرادەوتوانستەکانیان دەچەپێنرێن و ئامانج ناپێکن.
داواکارم لەوەزارەتی پەروەردە و لیژنەی تایبەت بە گۆڕین و پێداچوونەوە بەپڕۆگرامەکانی خوێندن، ئاوڕ لەو بابەتانە بدەنەوە کە دەبنە هۆکاری دروستکردنی ترس لەسەر دەروونی مناڵان و بیانبدەن و ڕەچاوی بارودۆخی ئیستای دنیای شارستانی بکەن، چونکە کارکردن لەسەر دروستکردنی کەسێتی تاک لە مناڵیەوە سەرچاوە دەگرێت، تا کۆمەڵگەیەکی بوێرو خاوەن ئیرادە و دوور لەترس بونیادبنرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت