زاهیر باهیر: ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا، ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟- بەشی کۆتایی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەشت/ هەڵاواردن/ جیاوازی و پرسی ڕایسیزم و مامەڵەی ژنان لە لایەن کۆمپانیاکان و پۆلیسەوە:
بریتانیا بە گشتی و لەندن بە هۆی هەبوونی ئیتنیکئیەکی زۆری فرە نەتەوە کە لە زۆربەی وڵاتانەوە ڕویانکردۆتە بریتانیا، لەندەن بە شارێکی کۆسمۆپۆلێتی دادەنرێت. گەرچی خەڵکانی ڕەشپێست و کەمایەتییە نەتەوەییەکانی خۆیان توانیویانە جێگای خۆیان بکەنەوە و بەشداری بکەن لە بزنس و لە سپۆرت و لە بواری میدیا و کۆمیدی و پەروەردە و تەندروستی و بوارەکانی دیکەدا و کلتوری ئەم وڵاتە دەوڵەمەند بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازای و هەڵاواردنێکی زۆریان لەگەڵدا دەکرێت بە تایبەت بەرانبەر خەڵکانی ڕەشپیست و خەڵکانی ئاسێوی. جیاوازی و هەڵاواردن و بەکەمگرتنی ئەوانەی کە لە سەرەوە باسمکردن زۆربەی لایەنەکانی ژیانییانی گرتۆتەوە چ لە دەستکەوتنی کار و بەرزکردنەوەی پلەیان و چ لە دانی کرێ و موچەدا لەگەڵ خەڵکانی سپیپێست و خەڵکە ئەسڵییەکەدا جیاوازییان دەکرێت.
ئەم جوداکاری و جۆری مامەڵەیە کاردانەوەی گەورەی لەسەر ژیانی ڕەشپێستەکان و ئیتنیکییە جیاوازەکاندا هەبووە و هەیە تا ئەو ڕادەیەی کە ژمارەی بێ کاری و یاخود کاری خراپ لە ڕوی وەختی چوونە سەر کار و لە ڕوی شوێنی سەر کارەوە و نیشتەجێبوونیان لە شوێنی خراپ و خراپ مامەڵکردنیان لە لایەن خاوەنخانووەکانەوە هەروەها پۆلیسیشەوە، ئەمانەی هەموو گرتۆتەوە.
بەڵگەکان و ئامارەکان ئەوەندە زۆر و حاشا هەڵنەگرن کە تەنانەت خودی حکومەت و میدیا و پۆلیس- یش لەم دواییەدا نەیانتوانی نکوڵی لێبکەن و سەلماندیان.
مامەڵەی پۆلیس بەو ڕادەیە خراپە لەگەڵ ژنان و هاوڕەگەزخواز و ترانسەکان [ ئەوانەی کە ڕەگەزی خۆیان دەگۆڕن] و هەروەها خەڵکانی ڕەشپێست و ئیتنیکییەکان تا ڕادەی ئەوەی کە پۆلیس تاوانبار کراوە بەوەی کە دەزگایانە ڕایسستن و سێکسیستن ، واتە دامەزراوەی پۆلیس لە ڕوی دەستورییەوە ڕایسستن . تا ئەو ڕادەیەی تەنانەت هەندێك لە پەڵەمانتارەکان و پایەبەرزان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەزگەیە دەکەن و دروستکردنەوەی لە شێوەیەکی دیکەدا.
ڕاپۆرتیێکی نوێ کە لە مانگی مارتدا کە ماوەی چەند مانگێکە کاری لەسەر دەکرێت لەسەر داوای خودی حکومەت، نیشانی دەدات کە زیاتر لە 1500 پۆلیس تۆمەتبارن بە توندوتیژی دژی ژنان لە ماوەی تەنها شەش مانگدا. هەر ئەم ڕاپۆرتە بەدواچونی لە هەموو لایەنەکانی کاروباری پۆلیسەوە کردوە و دەڵێت ئەو کەیسانەی داخراون لە سەدا 70 کەیسەکانی خراپی مامەڵەی پۆلیس بوون کە 136 کەیس بوون داخراون. لە سەدا 91 کەیسەکانی سکاڵاو گلەیی بوون کە 290 کەیس بوون فڕێدراون، واتە لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە. سەبارەت بەم پێشێلکردنەی مافی خەڵك تەنها 13 پۆلیس بە هۆی نادروستی مامەڵەیانەوە، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە بەڵام کەسیان دەرنەکراون .
ڕاپۆرتەکە ئاماری وردی تر دەدات، ڕایگەیاندووە لە سەرانسەری ئەو 40 هێزی پۆلیسەی کە زانیارییەکانیان لەبەردەستدا بوو، 428,355 کەیس دەرئەنجامێکی تۆمارکراویان هەبوو، بە واتایەکی دیکە سکاڵاکان تۆمارکراون، ڕێژەی ئەو پۆلیسانەشی کە تۆمەتبارکراون هێزی پۆلیس تەنها بە ڕێژە لە سەدا 6 لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە . لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پۆلیس کێشەی لەگەڵ بەڵگەکاندا هەبووە، یاخود قوربانییەکان لەبەر هۆیەك لە دۆسیەکە کشاونەتەوە.
ڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەر توانی ئەم ئامارە بە ساڵی 2018 بەراورد بکات . لە بەراوردەکەدا ئاشکرای کرد کە لە ساڵی 2018ەوە نزیکەی 80 ئەفسەری پۆلیس لە 22 هێز لە ئینگلتەرا و وێڵس ڕووبەڕووی ڕێکاری دیسپلینیی بوونەتەوە بەهۆی پەیوەندی سێکسی نەشیاو یان بەرکەوتنی سێکسی لەگەڵ قوربانییەکان و شایەتحاڵان و گومانلێکراوەکاندا. بارو دۆخەکە بەو ڕادەیە خراپە کە لە ئێستادا هەفتانە دوو تا سێ پۆلیس ڕووبەڕووی دادگایکردن دەنبەوە.
ئەوە نەبێت پۆلیس هەر مامەڵەی ژنان و دانیشتوان ئاوا نادروست بکات، بەڵکو پۆلیس هاوەڵانی خۆشیان هەر ئاوا مامەڵە کردووە. لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا دەرکەوتووە کە نیوەی پۆلیسی ڕەشپێستی بەریتانیا بەدەست ڕووداوی مامەڵەی ناشیرین و ڕایسستییەوە لەلایەن هاوکارە پۆلیسەکانیانەوە دەناڵێنن. دەرکەوتووە کە لە سەدا 49% هەستیان بە دوورخستنەوە لە گفتوگۆ کۆمەڵایەتییەکان یان چالاکییەکان و کارەکانیانەوە کردووە بەهۆی ڕەگەز یان نەتەوەوە خراپ مامەڵە کراون. بەڵام بۆ ئەوانەی گلەیی و مامەڵە ناشیرینەکانیان ڕاپۆرت کردووە بۆ ڕێژەی بۆ لە سەدا 70 بازی داوە.
سەبارەت بە سیاسەت و مامەڵەی پۆلیس –یش دەربارەی خەڵکانی ڕەشپێست و ئیتنیکی لێرەدا هەر بە کورتی چەند ئامارێك و بەڵگەیەك دەخەمە بەرچاو.
بەگوێرەی راپۆرتێکی پشکنین و تاقیبکردن و توێژینەوەی مانگی مارتی ئەمساڵ کە 363 لاپەڕەیە پڕە لەو کارانەی کە بە وتەی تۆێژەرەوەی ڕاپۆرتەکە کە خودی پۆلیس بۆ پاراستنی ئاسایش و کەرامەتیان دانراون ، کەچی خۆیان بکەری ئەوانەن . لانی کەم لە سەدا یەك پۆلیس تاوانبارکراوە بە شکاندنی دووجاری ستاندەری پۆلیس، هەروەها گلەییەکان و سکاڵاکان 400 ڕۆژی خایاندووە بۆ لابەلاکردنەوەیان.
پۆلیس هەمیشە چاوی لەسەر گەنجانی ئاسێوی و ڕەشپێستەکانە و دەسەڵاتی ئەوەیان پێدراوە کە یاسای وەستان و پشکنین چۆنیان بوێت بیسەپێنن. لەم بارەدا پۆلیسیش درێخی نەکردوە لە مامەڵەی جوداخوازیی، کردەوەی ناشیرین و گوێنەدان بە سکاڵای کەسی وەستێنرا و یا پشکێنراو کە زۆر جار بە گرتنیان هەر لە ناو ڤانەکەدا کەسی گیراو گیانی لە دەستداوە، یاخود لە مەرکەزی پۆلیس بە بەستنەوەی و ڕاگرنتی لەسەر دەم، گیانی دەرچووە ، ئەمە جگە لەوەی کە گەلێك لە کەسانی گەنجی ڕەشپێستیان کوشتوە بە بیانوی ئەوەی چەکی پێییە دواتریش دەرکەوتووە کە بێ تاوان بووە.
وەستان و پشکنین کچانی گەنجی ڕەشپێستیشی گرتۆتەوە . بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێوە کە لە لایەن کۆمیساری منداڵانەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە کچانی ڕەشپێست سێ هێندە زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە کە لەلایەن پۆلیسیەوە ڕابگێرین ڕوتیان بکەنەوە و بیانپشکنن. لەم بارەدا سەدەها کەیس هەیە کە لێرەدا ناکرێت باسیان بکەم .
هەر بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2018، 110 منداڵ و گەنجانی مێینە تووشی ڕوتکردنەوە، واتە داماڵینی پۆشاك لە لایەن پۆلیسەوە بوونەتەوە کە زۆریان کچانی گەنجی رەشپێست و ئیتنیکییەکان بوون، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ڕێگەی داواکاری ئازادی زانیارییەوە بەدەست هاتوون و لەلایەن کۆمپانیای ئازادی لێکۆڵیەنەوە شیکراونەتەوە بە شێوەیەکی ناڕێژەیی، نزیکەی نیوەی (47%) ئەوانەی کە تووشی ئەم مامەڵە ناشیرینە بوونەتەوە ڕەشپێست بوون. لە نێوانی کچانی گەنجی تا تەمەن 19 ساڵ و سەروتر بە ڕێژەی لە سەدا 36 ڕووبەڕووی ئەو پشکنین و ڕووتبوونەوەیە بوونەتەوە .
دۆزینەوی ئەم بەڵگە و ئامارانە کە لە ڕاپۆرتێکی کۆمیساری منداڵاندا دەرکەوتووە منداڵانی ڕەشپێست 11 هێندە زیاترە لە هاوتەمەنە سپیپێستەکانیان کە لەلایەن پۆلیسەوە ڕادەگیرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت .
بێ متیمانەیی خەڵکی بە حکومەت و پۆلیس و دادگا بە ڕادەیەکە کە تەنها 20%ی دەنگدەران متمانەیان بە حکومەت هەیە بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی ڕووبەڕووی تاوانەکان ببێتەوە و کەمبکاتەوە، لەکاتێکدا 71% متمانەیان بە حکومەت نییە. تەنها 27% متمانەیان بە دادگا و سیستەمی دادوەری هەیە بۆ کەمکردنەوەی تاوان و تەنها 31% متمانەیان بە پۆلیس هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی تاوان.

نۆ/ ئازادیی و دیمۆکراتی لە بریتانیادا
گەر بە دیقەتەوە لەبەشەکانی پێشتری ئەم وتارە بڕاوانیت ڕەنگە دەرك بەوە بکەیت ئەو هەموو شتانەی کە ڕووی داوە و ڕوودەدات بناخەکەی نەبوونی ئازادیی و دیمۆکراتیەتە.
ئازادیی و دیمۆکراتییەت هەر ئەوە نیە کە لە 4 یا 5 ساڵدا جارێك بچیت زاڵمەکانی خۆت هەڵبژێریتەوە و زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی بیت لە کارەکەت. ئازادی و دیمۆکراتی لە سای سەروەری دەسەڵات و چینایەتی و کۆمەڵی هیرراشیدا هەر جۆرە دەسەڵاتێك بێت لە خێزانەوە تاکو دەوڵەت خەیاڵێکی خۆش و بابەتێکی تامەزرۆیە.
لەگەڵ ئەوەشی کە وتم هەندێك ئازادیی بە ڕەهایی هەیە لەوانە ئازادیی ئەوەی کەخۆت یەکەمیت و خەڵکی دیکە دووەم ، واتە خۆت گرنگیت و دەرەوەی خۆت لە پلەی دووهەمدا. ئازادیی هاندانی تاک سەبارەت بە ڕەهایی و خۆشی و باشی ئەم سسیتەمە گوایە ئەمە دوا قۆناخی بەشەرییەتە. هاندانی تاکی کۆمەڵە کە هۆگری شۆپینگ و بازارکردنی ڕۆژانە ببن، کە وەکو مادەی هۆشبەر وایە کە ئالودەی بوویت زۆر زەحمەتە لێی ڕزگارت بیت، بەمەش ببنە کۆیلەی خاوەنکار و بانقەکان و بەهۆی قەرزار بوونیانەوە. ئەم خووە بەردی بناغەیییە بۆ نەهامەتیەکانی کە بەسەر تاکدا دێت کاتێك کە دەکەوێتە بەر هێڕشی بێ رەحمانەی بەرردەوامی ڕێکلامەکان و کارایی بازاڕ و کێبڕكێ لەگەڵ هاوتەمەن و دراوسێ و خزم و کەسی خۆی کە ئەم نابێت لەوان کەمتر بێت.
وەکو لە سەرەوە وتم پرسی ئازادیی و دیمۆکراتی نە لەویوە دەستی پێکردوە و لەوێشدا کۆتایی دێت. بۆیە هەموو دامەزارەوەیەك لەم وڵاتەدا، هەموە شتێك هەموو بڕیارێك و هەموو یاسایەك جێگای هەڵوێستە و تێڕامان و پرسیارە.
من بە بەردەوامی لەسەر ئەم بابەتەم بە بەڵگە و بە ئاماریشەوە نوسیوە. بۆیە هەر لێرەدا تەنها هەندێك شت دەڵێم .
ئەم ولاتە لەسەر ئەساسی کۆڵۆنایزکردنی دەیەها وڵات و ملیۆنەها کۆیلە و زوڵم و زۆری پاشا و دام و دەزگەکەی بنیاتنراوە. ژمارەی هێنانی کۆیلە و بازرگانی کردن پێیانەوە لە نێوانی ساڵانی 1640 وە تا 1807 3.1 ملیۆن کۆیلە بووە کە دەسگیرکراون و هەندێکیا بۆ کۆڵۆنییەکانی دیکە گوازراونەتەوە کە لە مانە تەنها 2.7 ملیۆنیان ژیاون ئەوانی دیکەیان بە هۆی بارودۆخی نێو پاپۆڕ و ژینگەی نوێیان و خراپی مامەڵەی سەروەرانیان گیانیان لەدەستداوە .
ئەم وڵاتە دایکی پەڕلەمان و شۆڕشی پیشەسازی بووە. هۆکاری برسیکردن و قڕکردنی ملیۆنەها خەڵکی بووە. لەوانە لە وڵاتانی کاریبیا و ئەفریقا و دە ملیۆن لە پەنجاب و ملیۆنانی دیکەی ئیرلەندەییەکان و کوشتن و بڕینیێکی زۆر بووە . خاوەنی ئەزموونی گەورەی تاڵانی و شەڕ و دزینی سەرەوەت و سامانی نەتەوەکانی دیکە بووە. بە مشتێك خەڵكەوە بەڵام بە عەقڵێکی گەورەوە سەروەری ئەم دونیایە بوون و تایبەتمەندی خۆیان و زمان و خاکیان تا ئەم سەردەمەش هەر وایە و پاراستووە . پاش تێپەربوونی 3 چەرخ بەسەر کۆیلایەتی و بڕیاری قەدەخەکردنی لە سالی 1807 داو هەڵوەشاندنەوەی بازرگانی کۆیلایەتی لە ساڵی 1832 دا، هێشتا ئەم وڵاتە بە عەمەلی پۆزشیان بۆ وڵاتانی کۆڵۆنایزکراو نەهێناوەتەوە و ئامادە نین قەرەبووی ئەو وڵاتانە بکەنەوە گەرچی لەژێر فشارێکی گەورەی کەمپەین بە قەرەبووکردنەوە و دانی پارە بە نەوەکانی ئەو وڵاتانە کە “کاریکۆم” کە کورتەی کەمپەینی کاریبیان کۆمۆنیتییە بەم کارە هەڵساوە.
وڵاتێك ئەوە پاشخانەکەی بێت ئاسان نییە تەنانەت بە تێپەڕینی چەند چەرخێكیش پێشبینی تێپەڕکردنی تەواوی ئەوەی کە کۆن کردویەتی بیکات. لە ئێستاشدا دەزگەی سیخوڕی و هێزی پۆلیسی و عەقڵی سیاسی ڕۆڵی گەورەی لە بەڕیوەبردن و سەرکوتکردنی خەڵکان و زەوتکردنی ماف و ئازادییەکانیاندا هەیە.
لە ساڵی 1968 وە لانی کەم تاکو کۆتایی 2010 ، 139 پۆلیس وەکو سیخوڕ بە پلانی داڕێژراوی سەروی خۆیانەوە دزەیان کردۆتە ناو زیاتر لە 1000 گروپی چەپ و ژینگە و ئەنارکست و سۆشیالیست وەرکەر پارتیی و سەراپای کەمپەینە جۆراوجۆرەکانەوە. هەندێك لەمانە خۆیان ئەوەندە نزیک کردۆتەوە بونەتە برادەری نزیکی کچە گەنجەکانی ئەو گروپانە و باوکی منداڵیان و پاش ماوەیەك کە جاری واهەبوو چەند ساڵێکی خایاندووە و لەبەر چاو ونبوون. ئەمانە ئەوەندە چالاک بوون کە زۆر جار ئامادەکاری و دابینکردنی ڤان و پۆشاکی پێویست و کەرەسەی تریان کردوە بۆ چونە ناو خۆپیشاندان و پرۆتێست و یاخود کردنی چالاکیەیەك تا وای لێهاتوە ڕۆژانە متمانەی زیاتریان پەیدا کردووە .
ئەم سیخوڕانە تەنها ناوی یەکەمی خۆیان لای چالاکوانەکان ئاشکرا بووە ناوی دووانی و سیانییان گۆڕاوە کە زۆر جار ناوی منداڵانی مردوو بووە .
لە دوای ساڵی 2012 وە دەرکەوت کە چی ڕویداوە بەو هۆیەوە ئەو ژنانەی کە پەیوەندی جنسیان هەبوو لەگەڵ سیخوڕەکاندا و یا باوکی منداڵیان بوون کەمپەینێکی گەورەیان کرد بە هاوکاری هەموو چەپەکان و نقابییەکان و زۆرێك لە ئەکادیمییەکانیش دەوڵەتیان ناچار کرد کە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لەو بارەیەوە بکرێت. بۆ ئەمەش دادگا و لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد بۆ قۆناخی 1968 تا 1982. دواتریش لە ڕؤژی 21/04/2021 وە دەستی پێکردەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی ساڵانی دواتر. ئەگەرچی زۆرێك لە کەیسەکان برانەوە بەڵام چاوەڕوانی دوا بڕیار و تەواوبوونی ئەم لێکۆڵینەوەیە، دەکرێت تا ساڵی 2026 بخایەنێت.
سەبارەت بە ئازادییەکان بە بەردەوامی لە کەمبوونەوەدان. ئەمەش لۆژکانەیە کە لە کاتێکا ژیانی خەڵکی ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبیت و سەرەنجامیش ناڕەزایی و خۆپیشاندان و جار و باریش کاری توند و تیژ دەکرێت، دەوڵەت لە بری ڕادەستبوون بە داخوازییەکانی خەڵک لەڕێگای بەکارهێنانی یاساوە بەرگری دەکات لە خۆی و لەو چین و توێژەڵانەی کە نوێنەرایەتییان دەکات و دژ بە داخوازی خەڵکی دەوەستێتەوە. بۆیە یاساکانی دژ بە ئازادیی ساڵانە بڕگەی زیاتری دەخریتە سەر و گەر بۆشاییەکی تێدا بیت پڕدەکرێنەوە ، توند تۆڵ دەکرێنەوە.
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ بریتانییەکان لە پرسی ڕادەربڕین ڕووبەڕووی دەرگیرییەکی زۆر دەبنەوە. ئەو توێژینەوەیە بەریتانیا لە پلەی سێیەمی پێوەرەکانی جیهانی دەربڕینی ئازاددا داناوە کە زۆر نزیکە لە وڵاتانی وەکو ئیسرائیل، شیلی، جامایکا و بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو دەوڵەتەکانی دیکەی ڕۆژئاوای ئەوروپا، هەموویان لە پێش بەریتانیاوە بوون لەو پێوەرەدا کە لەلایەن گروپی داکۆکیکاری Index on Censorship کۆکراوەتەوە.
لەم وڵاتەدا پۆلیس دەسەڵاتی ڕەهای هەیە لە گرتن و ڕاوەستاندنی خەڵکی و گرتن و دەستبەسەرکردنی تاکەکانی کۆمەڵ کە پێویستی بە هیچ بیانویەك نییە. دەتوانێت بە پشتی بڕگەیەکی یاسایی گردبوونەوەیەکی چوار کەسی بڵاوەپێبکات و هەر ئاواش دەتوانێت بە بڕگەیەکی دیکە بە هۆی وێنەی کەسێکی وەکو گێڤارا کە لەسەر تی شێرتەکەتە بتگرێت و سوکایەتیت پێبکات. دەتوانێت ڕێگات پێبگرێت و نەهێڵێت بگەیت بە خۆپیشاندان و ناڕازاییەکاندا و دروشم و لافتە و مێگە فۆن و قەڵەم و کاغەز هەرچیت پێبە دەستی بەسەردا بگرێت.
ئەو کەسانەی کە دەگیرێن وەکو لەم دوایەدا ڕوویان دا ڕێگایان پێنادرێت کە بەرگری لە خۆیان بکەن و سزایان دەدرێت گەر قسە بکەن و چالانجی دادوەر بکەن، لەو بارەدا دادوەر دەتوانێت سزاکەی بۆ زیاد بکات. کەسە چالاکەکانی سەر شەقام و ناو نقابەکان و ناو کۆمۆنێتییەکان ناویان لە لیستی ڕەشدا هەیە و پۆلیس زۆر جار ئەم لیستە دەفرۆشێتەوە بە کۆمپانیاکان گەر یەكێك لەمانە داوای کاری کرد نایاندرێتی. ئەم لیستە بە لیستی ڕەش بەناوبانگە.
ئازادیی مانگرتنی کرێکارانی نقابەکان زۆر زیاتر لە سەردەمی مارگرێت تاچەر تەسكتر بووەتەوە. لە سەردەمی ئەودا کە یاسای دژە نقابە دانرا کرێکاران هاوپشتی هاوەڵە کرێکارەکانی کە ماندەگرن قەدەخە کرا، پێش دەستپێکردنی مانگرتن نقابە دەبوایە 2 هەفتە پێش ئەوە خاوەنکاری ئاگەدار بکردایەتەوە تاکو خۆی بکەوێت و کرێکار لە نوسینگەی تایبەتەوە بهێنێت بۆ شکاندنی مانگرتنەکە ، خاوەنکار بۆی هەبوو کە نقابە بەرێتە داداگە و مانگرتنەکەی پێ هەڵوەشێنێتەوە ، هەروەها حکومەت مافی گرتنی سەرانی نقابە و سڕکردنی دارایی نقابە لە بانقەکاندا کردە یاسا گەر پێویستی کرد . ئەمانەو زۆری تر لە بڕگەی یاسای دژە نقابەدا هاتووە.
یاسای دژە نقابە بەردەواومە لە ئێستاشدا لائیحەیەك لەبەردەستی ئەنجومەنی پیران و پەڕلەماندایە کە ئەوەندەی دیکە گرفتی بۆ مانگرتنی کرێکاران زیادکردووە. بە گوێرەی ئەو لائیحەیە کرێکارانی ئاگر کوژانەوە، مامۆستایان و بەشی هاتووچۆو خەستەخانەکان و پەساپۆرت و سەر سنورەکان و گەلێکی تر کە دەبیت لە کاتی مانگرتنیاندا ژمارەی تەواو لە کرێکارەکان لە ڕۆژانی مانگرتن دا دابین بکەن. سەرپێچیکردنیش لەمە لێپێچیەنەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت تا ڕادەی دەرکردن. ئەمە جگە لەوەی کە ڕێژەیەكی بەرز دانراوە کە ئەگەر ڕێژەی ئەوانەی کە دەنگ بە مانگرتنەکە دەدەن لەوە کەمتر بیێت ئەوە مانگرتنەکە یاسایی نییە و نابێت بکرێت.
ئەم یاسایە ئەوەندە توندوتیژە بەرانبەر بە کرێکاران تا ئەو ڕادەیەی کۆمەڵێک لە پارێزەرانی باڵای دامەزراوەکان ڕایانگەیاندووە، یاسا نوێەکەی ڕیشی سوناک دژی سەندیکاکان، بەریتانیا دەکاتە یەکێک لە سەختترین وڵاتەکانی جیهانی دیموکراسی کە تێیدا مانبگرێت و ڕەنگە پابەندبوونەکانی پەیماننامەکان پێشێل بکات.

دە/ پرسی ژینگە
باوەڕ ناکەم کەس نکوڵی ئەوە بکات کە ئێستا ژینگە باشتر و پاکژتر و کەم گرفتتر بێت لە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی رابوردوو. ئەو کارەساتە سروشتیانەی کە سروشتی نین بە بەردەوامی لەم وڵاتەدا دەیانبینین هەمووشی بە هۆی گۆڕینی کەش و هەواوەیە کە لەم چەند ساڵەی ڕابورددودا کاردانەوەیان زۆر بە ئاشکرا دەبینین. بوونی ئەم کارەساتانەش وایکردووە کە بزوتنەوەیەکی گەورەی ژینگە و ئیکۆلۆجی لەسەر ئاستی جیهان دروستکردووە کە بریتانیاش پشکی شێری خۆی بەرکەوتوە.
سەرەڕای گۆران لە کەش و هەوادا بە دروستکردنی کارەسات، کۆمپانیا زەبەلاحەکانیش درێغیان لە پیسکردنی ژینگە نەکردوە کەڵەکەکردنی پارەی زیاتر و زیاترکردنی پارەی پشکی پشکدەران ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە خراپبوونی ژینگەدا. هاوکاتیش ژمارەی فڕینی فڕۆکەکان و گەورەکردنی فڕۆکەخانەکان و خستنە ناو بازاڕی ژمارەیەکی زۆر لە سەیارەوە هەروەها دەستگرنتەوەی حکومەت لە فەندی ئامرازەکانی هاتووچۆی کەرتەکانی دەوڵەت هەر هەموو ئەمانە ئەوەندەی تر ژینگەیان پیس کردووە کە ساڵانە زیاتر لە 5 هەزار منداڵ و مێردمنداڵ بە نەخۆشی ڕەبووە گیان لەدەست دەدەن بەو ڕادەیەی کە خەڵکی ناچار بووە کەمپەینی گەورە بکات دژ بە سەیارە و دانانی یاسای ژینگە و خەڵك پارێزیی.
ئەوە ڕاستییە کە زۆر کات سیاسییەکان و کاربەدەستان و گەورە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکان قسە لەسەر چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخەی کە خۆیان هێناویانە بەسەر ژینگە و خەڵکیدا دەکەن و ساڵانە لوتکەی گردبوونەوەی گەورەی نێودەوڵەتیشی بۆ دەگرن بەڵام مەگەر هەنگاوی بچوك لەو بارەوە بە کردەوە نرابێت، دەنا شتێکی ئاوا نەکراوە. من لێرەدا بۆ بەڵگەی قسەکانم لینکی وتارێکیم کە لە مانگی نۆڤەمبەری پاردا لە ژێر ناوی” کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چارەسەری گرفتی ژینگە ناکەن” نوسیوە سەبارەت بە لوتکەی گردبوونەوەی پارساڵی ” ژینگە دۆستاندا” لە دامێنی ئەم وتارەو دایدەنێمەوە . هیوادارم گەر بە دوای ڕاستیدا بۆ ئەم بەشەی وتارەکەم دەگەڕێیت بە بەڵگەوە، بیخوێنیتەوە.

ئەنجامگیریی:
دیارە ئەوەی کە من نوسیومە لە سەرەوە کورتەیەکی هەر زۆر کورتی ئەوانەیە کە لەم وڵاتەدا، بریتانیا، ڕوویان داوە و ڕوودەدەن کە من بۆ ئەمە زیاتر لە 30 وتار و ڕاپۆرت و توێژینەوەم بۆ خوێندۆتەوە و بەرپرسم لە هەموو وشە و ئامارێك کە لەم وتارەدا هاتوون.
ئەوەی کە لێرەدا نوسراون تەنها ڕووداو و بارودۆخ و کەلێن کەلەبەرەکانی نێو کۆمەڵی بریتانییە تا 31/03/2023 . وەکو زانراوە مانگی نیسان مانگی سەرەتای ساڵی دارایی نوێیە، ساڵی 2023 ، کە سەر لەنوێ باج و خەراج و زیادکردنی نرخی تەلەفون و کارەبا و غازو باجی سەر خانوو کرێی خانوو و سەرکەوتنی نرخی بیتاقەی هاتووچۆ و سەفەر و زۆری تر لە کولفەی ژیانی خەڵکی بۆ جارێکی دیکە بەرزدەبێتەوە. بە واتایەکی دیکە ژیانی دانیشتوانی بریتانیا خراپتر دەبێت نەك باشتر.
گەشەی ئابوری بریتانیا ساڵی 2022 لە دامێنی گەشەی ئابووری زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا و یابان و چین و ئەمەریکا و هیندستانەوە بووە. بە گوێرەی راپۆرتی ئەم ڕۆژانەی صندوقی دراوی نێودەوڵەتیی، ئەمساڵ گەشەی ئابووری بریتانیا بە ڕێژەی لە سەدا 0.3 دەبێت. ئەم ڕێژەیەش لە دوای وڵاتانی وەکو ئەڵمانیا و فەرەنسا و سوید وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و سکەندناڤیاوەیە .
لەو باجانەی کە لەم مانگەوە زیادکراون باجێکە کە شارەوانییەکان لەسەر خانووەکان دایدەنێن، کە پێی دەڵێن کەنسڵ تەکس. ئامارە نوێیەکان و نامەکانی شارەوانی بۆ دانیشتوانی خانووەکان نیشانی دەدەن کە تێکڕای ئەو باجە ” کەنسڵ تەکس” لە یەکی مانگی نیسانەوە بە ڕێژەی 99 پاوەند زیاد دەکات و بۆ یەکەمجارە 2 هەزار پاوەندی تێپەڕاندووە.
هەر ئاواش لەم هەفتەیەدا دەرکەوت کە نرخی کەرەسەی مارکێتەکان لە بەریتانیا بەرزترین ئاستی تۆمارکراوی دیکەی تۆمارکردووە کە 17.5% بووە و تێکڕای پارەی ساڵانەی بازاڕیی ماڵان بە ڕێژەی 837 پاوەند بەرزکردووەتەوە بۆ 5617 پاوەند.
کڕیارانی برۆد باند و تەلەفونی دەستی [مۆبایل فۆن] ڕووبەڕووی زیادبوونی نرخ لە گرێبەستکانیاندا دەبنەوە کە لە زۆر حاڵەتدا لە نێوان 14% بۆ 17% – لە پارەی گرێبەستی مانگانەیان لە مانگی نیسانەوە بەرزدەبێتەوە.
توێژینەوەیەکی Centre for Economics and Business Research ، سەنتەری توێژینەوەی ئابووری و بازرگانی، پشکنینی لە مانگی ڕابوردوودا کردووە باسی ئەو تێچوونە زیادانەی کردووە کە ڕووبەڕووی سێ ماڵی ئاسایی دەبنەوە کە داهاتی ساڵانەیان لە ئاستی جیادایە : 12,570 پاوەند، 50,270 پاوەند و 125,140 پاوەندە. ئەو ڕاپۆرتەش ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە ژیانی خەڵکی لە ئەم مانگەوە گرانتر دەبێت .
ئەمە لە کاتێکدا ئاستی موچەی ژیانکردن بۆ کرێکارانی تەمەن 23 ساڵ و سەروتر لە 10 پاوەندەوە بۆ 10.42پاوەند بەرزدەبێتەوە ئەمە لە کاتێکدا کە بە گوێرەی پشکنین و تاقیبکردنی نقابەی مەرکەزیی تێچوی ژیانی خەڵکی 67 پاوەند لە مانگێکدا زیادی کردووە، ئەمە بێ لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە و باج و بیتاقەی هاتووچۆ و کرێی خانوو و سلفە عەقار و مەسرەفەکانی دیکە.
هەر ئاواش بە گوێرەی توێژینەوەکانی KPMG، کە کومپانیایەکی گەورەیە و خاوەن 22 ئۆفیسە لە بریتانیا و 14 هەزار کارمەند و کرێکار کاری بۆ دەکات لە تازەترین توێژینەوەدا دەڵێت نیوەی بەکاربەرانی بەریتانیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە بژاردەی [ ئیختیاری] خەرجییەکانیان کەمکردووەتەوە، نزیکەی دوو لەسەر سێیان ئەوەیان هەڵبژاردووە کە ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ خواردن لە دەرەوە خەرجی دەکەن کەمبکەنەوە، ئەمە لە کاتێکدا ماڵەکان لەگەڵ بەشێکی زۆری زیادبوونی تێچوی ژیان و بەرزبوونەوەی کرێ یا سلفەی عەقار و وزە دەجەنگن کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ڕاپرسییەکەی 3000 بەکاربەری گرتۆتەوە. هەروەها دەرکەوتووە کە لە 49%یان پلانیان کەمکردنەوەی خەرجییە لە شتە ناپێویستیەکان لە کاتێکدا کە ئەو هاوکارییەی کە حکومەت بۆ وزە دەیکرد لە سەرەتای مانگی تەموزدا کۆتایی دێت ئەمەش وایان لیدەکات کە لە 30% پاشەکەوتەکانیان بەکاردەهێنن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گرفتە.
هەر ئەو توێژینەوەیە دەریخستووە تا ئێستا ئەمساڵ 55%ی بەکاربەران خەرجییە ناپێویستەکانیان کەمکردووەتەوە، بەتایبەتی لە خواردنی دەرەوەدا. نزیکەی یەک لەسەر سێ (34%) وتوویانە کە ئەم مانگە پاشەکەوت بەکاردەهێنن بۆ یارمەتیدانی دابینکردنی تێچووی سەرەکییان.
پاش خستنەرووی ئەو هەموو ئامار و بەڵگانە لە هەموو لایەنەکانی ژیانی دانیشتوانی بریتانیاوە کە بار و گوزەرانیان نەك هەر ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبێت بەڵکو مانگ بە مانگ ئەمە ڕوودەدات لە سای دەوڵەتێکی پایەداری کۆنی وەکو بریتانیا و پەڕلەمانێنی چەند سەدەیەك بە تەمەن و لوتکەی ئابووری لیبراڵ و نیولیبراڵ، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا چی تر دەتوانرێت / دەکرێت کار لەسەر باشکردن و ڕیفۆرمکردنی ئەم سیستەمە بکەین تاکو ژیانمان باشتر بیت؟
هیوادارم وەکو چۆن من بە بەڵگە و ئامارەوە کە زیاتر لە 30 وتار و ڕاپۆرت و توێژنیەوەم بۆ خوێندۆتەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە و دواتریش بێ ئومێد بووم هەر ئاواش کەسانێک هەبن بە بەڵگەوە پێمان بسەلمێنن کە پێچەوانەکەی ڕاستە و کارکردن لە چاککردنی سیستەمەکەدا زەروورە و چارەسەرێکی دیکە نییە.

http://www.zaherbaher.com

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت